کێشانە بە پێنج !!
Saturday, 29/03/2014, 12:00
بیرەوەریەکی کاتی مناڵیم هاتەوە یاد ، ئەمجارەش بۆ چەند ساتێك خۆم لەگەڵ ئەو دەنگە نازدارە زووڵاڵەدا کە لای من زۆر لەو دەنگانە شەریف ترو پیرۆزتر بوو کە زۆرجار لە مینبەرو میدیاکانەوە وەک کاری هەموو ساتەیان و بۆ فرسەتی دزی وبڕین، حەیران ولاوك وقەتارئەڵاوەیسیمان بۆ ئەڵێن کە بەداخەوە ئەمانەشیان لەلا ناخۆشکردووین بە دەنگە نازووڵاڵەکەیانەوەوبانگەشەی هەڵبژاردن بەو دەنگە ناسازەیانەوە ئەکەن ... کابرایەکی پیر نوورانی بە تەرازوویەکی کۆنەوە دیارە بۆ بژێوی ژیانی خۆی و ماڵ و مناڵی و بۆ ئەوەی دەست لە نامەردان و کاربەدەستانی ئەوسای ڕژێم پان نەکاتەوە کۆڵان بەکۆڵان بەم تەرازوەوە ئەگەڕاو بەدەنگێکی نەرم هاواری ئەکرد . . کێشانە بە پێنج!! دیارە مەبەستم پێنچ فلسی ئەوکاتەبوو .. نازانم بۆ ئەو کاتە ئەوەندە سەرسام بووم بە تاقەتوو ماندوونەبوونی ئەو کابرا پیرە؟ خۆ ئەوکاتە پێنچ فلسەکە زۆرکەم بوو ، بەڵام زۆر بەنرخ و بەرەکەت بوو . من لەو باوەڕەدام ئەو کابرا یە ئەگەر تا ئێستا لەژیاندا بمایە هەمان سەروەت وسامانی دەبوو چونکە بە ئارەقی ناوچەوانی قووتی ڕۆژانەی پەیدا ئەکرد.. ئەو کەسێک بوو تەرازوەکەی هەرگیز سەنگی ناهەقی نەئەخوێنەوە لەگەڵ مرۆژەکاندا ڕاستگۆ بوو چونکە بەدەستی مرۆژێکی ڕەسەن بەکارەکەیەوە بوو.. ئای یادت بەخێر مامەی کێشانە ..خۆزگەم خۆت وتەرازووەکەت ئەهاتنەوەو ئەو کەسانەت بە دەزگا سادەکەت هەڵئەسنگاندو ڕاستی کێشی ئەو کەسانەت تاقی دەکردوە کە وا خۆیان بەزل وزەبەلاح دێتە بەرچاو و ڕۆژانە کار بۆ زیادکردنی کێشی خۆیان لەبەر چاوی ڕۆڵەکانی ئەم گەلە ستەمدیدەیەدا بە وورگ وگیرفانەوە ئەخەنەڕوو .. دڵنیادەبووم کەدەزگاکەت جگە لەوەی پێی شەرم دەبوو کێشانەی ئەو جۆرە کەسانە بکات ڕاستی ناوەرۆکی کەسیەتیەکانیشی ئاشکرا ئەکرد کەتا چەند لە سەر کۆڵی ئەم میللەتە بەئازار و ئەشکەنجەن... دەهاوارکە مامە پیرە ئەمجارەش بەودەنگە زووڵالە کێشانە بە پێنچ..کێشانە بۆ مرۆژی سەنگین...
ئومێد برایم ٢٧/٨/٢٠١٣ ئەڵمانیا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست