کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی- یه‌کێتی و میراتگری بیری تۆتاڵیتاری

Wednesday, 22/12/2010, 12:00


ده‌سه‌ڵاتی تۆتاڵیتاری له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌ت، سه‌رباری جیاوازی له‌ شوێن و کاتی سه‌رهه‌ڵدان و قه‌واره‌ی ده‌سه‌ڵاتیان له‌ ته‌واوی دونیادا جۆره‌ سیسته‌مێك پیاده‌ده‌که‌ن که‌ به‌ کۆمه‌ڵێ تایبه‌تمه‌ندی به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌.

له‌به‌رچاو ترین تایبه‌تمه‌ندی ده‌وڵه‌تی تۆتاڵیتێر ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ده‌ست بخه‌نه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانی ژیان و کاری خه‌ڵکی و ته‌واوی ئه‌و ده‌زگایانه‌ی که‌ له‌ سنوری ده‌سه‌ڵاتیان دان و بیان خه‌نه‌ ژێر کۆنترۆڵی خۆیانه‌وه‌. هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانی ژیانی گشتی و ته‌نانه‌ت زۆر لایه‌نی تایبه‌تیشدا دیاری که‌ر و بڕیار ده‌ربن.

له‌ سیسته‌می تۆتاڵیتێردا که‌سه‌کان وه‌کو تاك نرخی تایبه‌تی خۆیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن و له‌ که‌سایه‌تی داده‌ماڵڕێن و ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌دا بونیان هه‌یه‌ و پێویسته‌ هه‌میشه‌ وابه‌سته‌ی ڕا و بۆچون و بیرکردنه‌وه‌ی سه‌رانی ئه‌و سیسته‌مه‌ و به‌تایبه‌تی سه‌رۆكێکی دیاری کراودا بن. له‌ دونیای تۆتاڵیتێره‌کاندا تاك له‌ کۆمه‌ڵ جیاناکرێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر بێت و به‌ ئه‌ندازه‌یه‌کی ڕێپێنه‌دراو زیاتر له‌ بیرکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ری ده‌رباز بن و هێڵه‌ سوره‌کان ببه‌زێن له‌ بۆچونه‌کانیاندا به‌رامبه‌ر دیارده‌کان، ئه‌وا ئه‌گه‌ر وه‌ك نه‌یار و دوژمنیش تێیان نه‌ڕوانن به‌ نه‌خۆش و ناته‌واو له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێن نه‌ك که‌سێکی ئازاد.

له‌ مێژووی وڵاتانی تۆتاڵیتێردا هه‌میشه‌ سه‌رۆکێکی گوایه‌ به‌ هێز که‌له‌ لایه‌ن خوا یان هێزێکی شاراوه‌وه‌ به‌هره‌ی گه‌وره‌یی و هێزی پێ به‌خشراوه‌ پێشڕه‌وی جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵك ده‌کات و ڕزگارکه‌ر و ڕێ پیشانده‌ریانه‌ و گوایه‌ به‌ بێ سه‌رۆك جه‌ماوه‌ر توشی ئیفلیجی و شکان ده‌بێت.

زۆر جار وڵاتانی تۆتاڵیتێر خۆیان به‌ دیموکرات نیشان ده‌ده‌ن و هه‌ڵبژاردن له‌ پارت و ده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌کان دا پێك ده‌هێنن. به‌ڵام هه‌میشه‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ له‌ پێش ده‌سپێکردنیه‌وه‌، هه‌ڵبژاردنی که‌سانی‌ خاوه‌ن پله‌ و پایه‌ و ڕۆڵی تایبه‌تی له‌ خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاتداران دا دیاری کراون. ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ جگه‌ له‌ شانۆگه‌ریه‌ك بۆ چه‌واشه‌ی ناوخۆ یان هه‌ندێك جار بۆ ده‌ره‌وه‌ نه‌بێت شتێکی تر نین.

هه‌میشه‌ وڵاتانی تۆتاڵیتێر هه‌وڵ ده‌ده‌ن که‌ ده‌زگاکانی په‌روه‌رده‌ بخه‌نه‌ ژێر کۆنترۆڵ و نفوزی خۆیانه‌وه‌ و مرۆڤی ئاینده‌ به‌ شێوازێك دروست بکه‌ن که‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ و به‌ هه‌مان ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتداران بیر بکاته‌وه‌ و له‌ خزمه‌تی خۆیان و ئایدۆلۆژیه‌که‌یاندا بێت.

تایبه‌تمه‌ندییه‌کی تری هه‌ره‌ کاریگه‌ری وڵاتانی تۆتاڵیتێر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن به‌ گشتی یان به‌ زۆری له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی یان نفوزی ناڕاسته‌وخۆی ده‌سه‌ڵاتدایه‌ و پیشه‌یان پرۆپاگه‌نده‌ و چه‌واشه‌ کردنی رای گشتی ده‌ره‌وه‌ و ناوخۆیه‌.

خه‌ڵکی کوردستان له‌ سی ساڵی ده‌سه‌ڵاتی فاشیسته‌کانی به‌عسدا له‌ ڕوی ده‌رونی و فیزیکیه‌وه‌ قوربانی ئه‌و جۆره‌ سسته‌مه‌ بون . ئه‌گه‌رچی وا ڕاستتره‌ بڵێن قوربانی هه‌وڵی چه‌سپاندنی ئه‌و سیسته‌مه‌ بون، بۆیه‌ ده‌ڵێم هه‌وڵی چه‌سپاندنی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕژێمی به‌عس له‌ ته‌واوی ئه‌و سی ساڵه‌دا سه‌رکه‌وتو نه‌بو ئه‌و سیسته‌مه‌ به‌و شێوازه‌ی ده‌یویست و به‌و شێوازه‌ی له‌ ئه‌ڵمانیای نازی و فاشستی ئیتالیا و کۆمۆنیزمی سۆڤێت دا پیاده‌ کرا پیاده‌ی بکات . بۆیه‌ سیسته‌مه‌که‌یان گه‌رچی هێشتا له‌ قۆناغێکی مه‌ترسیداری دکتاتۆریدا بوو، گه‌رچی هێشتا نه‌یتوانیبو سه‌رکه‌وتو بێت له‌ پیاده‌کردنی ته‌واوی تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی تۆتاڵیتێردا، به‌ تایبه‌تی کۆیله‌کردنی ته‌وای خه‌ڵكی و نه‌ هێشتنی هیچ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ریان. به‌ڵام له‌ هه‌نگاونانی خێرادا بوو به‌ره‌و سیسته‌می تۆتاڵیتاری. خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و بواره‌ی پێنه‌درا و چونه‌ زبڵدانی مێژووه‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆته‌ برینێکی ساڕێژ نه‌بو به‌سه‌ر له‌شی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ میراتی ئه‌وه‌ی بۆ به‌جێهێشتوین که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا به‌ شێوازێك پێکهاتبن که‌ له‌ ژێر کاریگه‌ری بیری تۆتاڵیتێری ئه‌واندا، ئه‌مانیش به‌ پێی توانایان کۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی به‌ قه‌واره بچوك کراوه‌‌ وه‌ربگرن و له‌ سیاسه‌ت و مامه‌ڵه‌یاندا له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر و ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی پارته‌کانی خۆشیاندا پیاده‌ی بکه‌ن. یه‌کێك له‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌ دزێوانه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ بیرکردنه‌وه‌ و دوان و گوتاردا که‌سه‌کان ئه‌گه‌ر وه‌کو یه‌کتریش نه‌بن زۆر له‌یه‌کچوبن. هه‌وڵده‌ده‌ن تاکه‌کان ناچار بکه‌ن ئه‌و ووشه‌ و ده‌سته‌واژانه‌ به‌کار ب‌ێنن که‌ له‌ میدیاکانی ئه‌واندا به‌کار دێت. ئه‌مه‌ش به‌ جۆرێك پیاده‌ کراوه‌ که‌ زۆر له‌ تاك و بنکه‌ و ناوه‌ندی گرتۆته‌وه‌ و نا هۆشیارانه‌ په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن. به‌ جۆرێك‌ به‌کار ‌هێنانی به‌ ئاگا یان بێ ئاگای پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ووشه‌ و ده‌سته‌واژانه‌ به‌ دژ به‌ وویست و هه‌ستی جه‌ماوه‌ر له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. هه‌ر بۆیه‌ چاو له‌ به‌کار ‌هێنه‌رانی یان له‌ هه‌ندێ حاڵه‌تدا به‌کارنه‌هێنانی سوور ده‌که‌‌وه. یان ئامۆژگاری و ڕێنومایی بێ پێز ده‌به‌خشنه‌وه‌. شتێکی سه‌یر نیه و به‌ لایانه‌وه‌ ئاساییه‌ که‌ له‌ کاتی ناو هێنانی ناو یان پله‌ی که‌سێکی دیاری کراودا له‌ بابه‌تی که‌سێك دا به‌ ویستی خۆیان ووشه‌ی زیاده‌ی وه‌کو به‌ڕێز و ڕێزدار و هێژا بخه‌نه‌ پێش ناو یان پله‌ی ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌وان به‌ گه‌وره‌ و ڕابه‌ر و به‌رزی ده‌زانن. به‌ بێ له‌ به‌رچاو گرتنی ڕای خاوه‌ند بابه‌ته‌که‌.

تۆتاڵیتاریزم گه‌رچی سیسته‌مێکی سیاسی وڵاته‌ و بنه‌ما و لق و چڵی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی سه‌رخانی و ژێرخانی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ قه‌واره‌ی بچوك له‌ زۆر شوێن و ناوه‌ندا دێنه‌ به‌رچاوو به‌کار ده‌هێنرێت. له‌ کۆمه‌ڵگا دوا که‌وتووه‌کاندا له‌ گه‌لێك بواردا هه‌ستی پێده‌کرێت، به‌تایبه‌تی له‌ ناو خێزان دا گه‌لێك باوه‌ و هه‌ندێك جار یه‌کێکی خێزانه‌که‌ که‌ زۆر جار له‌ خێزانه‌ ڕۆژئاواییه‌کاندا باوك یان برای گه‌وره‌یه‌، ویست و ئاره‌زووه کانی له‌ ته‌واوی بواره‌کان دا به‌سه‌ر ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌یدا ده‌چه‌سپێنێت، تا ئه‌وه‌نده‌ی به‌ دڵی ئه‌و بدوێن و هه‌ڵس و که‌وت بکه‌ن ده‌بنه‌ جێگای ستایش، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و ته‌نانه‌ت ووشه‌یه‌کیش به‌ دڵی ئه‌و نه‌بێت، ئه‌گه‌ر سزایان نه‌دات ئه‌وا کاردانه‌وه‌یه‌کی وا ده‌نوێنێت که‌ ملکه‌چی ویست و ئاراسته‌کانی ببن،یان ده‌بێته‌ ڕێ نیشانده‌ر و ده‌مڕاستیان و و ووشه‌ و ده‌سته‌واژه‌کانیان بۆ ڕاست ده‌کاته‌وه‌ و ئارسته‌کانیان بۆ دیاری ده‌کات. ئه‌و تاك و ناوه‌ندانه‌ بیانه‌وێت یان نه‌یانه‌وێت هه‌ڵگری ئه‌و دونیا بینیه‌ن و پێویسته‌ لێیان په‌سه‌ند نه‌کرێت و به‌ قه‌واره‌ی شێواز و کرداری خۆیان و ڕێگیریان لێ بکرێت.

ئه‌مڕۆ که‌ پارته‌ کوردستانیه‌کانیش به‌ تایبه‌تی پارتی و یه‌کێتی وه‌کو حیزبی به‌عس هه‌مان شێوازی کار و هه‌مان سیسته‌م له‌ قه‌واره‌یه‌کی بچوك تردا پیاده‌ ده‌که‌ن. له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م و له‌سه‌رده‌می به‌ جیهانی بونی دیموکراتی و ئازادی تاك دا ده‌یانه‌وێت تاکه‌کان مه‌یمون ئاسا له‌سه‌ر ئاوازی ئه‌وان سه‌ما بکه‌ن. به‌ڵام ڕه‌وڕه‌وه‌ی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چونی بیری ئازادی گه‌لێك له‌وان به‌هێز تره‌و هیچ ده‌سه‌ڵاتێك ناتوانێت ڕێگیری بێت.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە