کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کۆنگره‌ی 13 ی پارتی نوێبونه‌وه‌ وه‌کو به‌هایه‌کی مرۆڤایه‌تی ناشرین ده‌کات

Monday, 13/12/2010, 12:00



له‌ ناوه‌ندی سه‌ده‌ی 19وه‌ که‌سایه‌تیه‌ کوردیه‌کانی وه‌کو عه‌بدوڵا جه‌وده‌ت به‌شداری بزوتنه‌وه‌ و گه‌شه‌ی بیری کرانه‌وه‌ و پێشکه‌وتن خوازی بون. ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ی که‌ له‌ ناوه‌ندی سه‌ده‌ی 18 وه‌ به‌ ناوی ته‌نزیماته‌وه‌ له‌ ئه‌وروپای سه‌رچاوه‌ی بیری ئازاد و پێشکه‌وتن خوازیه‌وه‌ هاتبووه‌ تورکیاوه‌.
بیری ئازادی و نوێبونه‌وه‌ و پێشکه‌وتن خوازی له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 20 وه‌ له‌ کوردستانی باشوردا که‌وته‌ گه‌شه‌ و به‌ره‌و پێش چون و له‌ لایه‌ن پێشڕه‌وانی بیری ئازادیخوازیه‌وه‌ که‌ به‌ منه‌وه‌ران ناسرابون هه‌وڵ ده‌درا بخرێته‌ بواره‌کانی ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کوردستانی باشوره‌وه‌. هه‌میشه‌ نوێنه‌ران و هه‌ڵگرانی بیری نوێبونه‌وه‌ و ئازادی و پێشکه‌وتن له‌ شه‌ڕی توند و سه‌ختا بون به‌رامبه‌ر کۆنه‌په‌رستان و محافه‌زه‌کاره‌کان و نوێنه‌رانی ده‌ره‌به‌گ و چینه‌ زۆردار و ده‌سه‌ڵاتداران.
شه‌ڕی نێوان کۆنه‌په‌رستی و پێشکه‌وتن خوازی، ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی کۆن و نوێ ،ململانێی ئازادی و کۆیله‌یه‌تی، وه‌که‌ دو چمکی دژ به‌یه‌ك نه‌شاردراوه‌ له‌ ڕوبه‌ڕو بونه‌وه‌ی بیر و هه‌ڵگرانی بیری یه‌کتیدا بون. ئه‌گه‌رچی توند و تیژی کۆنه‌په‌رستان و ده‌سه‌ڵاتداران له‌و په‌ڕی دڕنده‌یی دا بو به‌ڵام جێگای ستایشتن که‌ ڕاستگۆیانه‌ داکۆکیان له‌ کۆنه‌په‌رستی خۆیان ده‌کرد و ڕوی خۆیان به‌ ده‌مامکی سه‌رده‌م نه‌ده‌شارده‌وه‌. داکۆکیان له‌ بیری کۆنه‌په‌رستانه‌ی خۆیان ده‌کرد، داکۆکیان له‌ به‌ها کۆن و سواوه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌کرد و ئه‌وه‌ی نوێ و نوێکاری بوایه‌ نه‌فره‌ت و نه‌عوز و بیلایان لێ ده‌کرد.
پاش سه‌د ساڵ تێپه‌ڕین به‌سه‌ر دڕنده‌یی ئه‌و کۆنه‌په‌رستانه‌ له‌ جێی خۆیدایه‌ ئازادیخوازان ڕه‌حمه‌تیان بۆ بنێرن و ستایشیان بکه‌ن به‌رامبه‌ر به‌ شه‌ڕ و ململانێی کۆنه‌په‌رستانه‌ به‌ڵام هه‌ر هیچ نه‌بێت ڕاستگۆیانه‌یان.
ڕه‌نگه‌ که‌سانێك که‌ شاره‌زای مێژوی پارت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان نه‌بن ئه‌م ده‌ربڕینانه‌یان به‌لاوه‌ نامۆ بێت. به‌ڵام دڵنیام که‌ خه‌ڵکی کوردستان به‌لایانه‌وه‌ ئاسایییه‌ و ئه‌گه‌ر ئاواش بیر نه‌که‌نه‌وه‌ گاڵته‌ی پێ ناکه‌ن به‌تایبه‌تی له‌ کاتێکدا که‌ نوێنه‌رانی کۆنه‌په‌رستی و گه‌نده‌ڵی و دوژمنانی دیموکراتی و پێشکه‌وتن خوازی و مافه‌کانی مرۆڤ یه‌که‌م دروشمی کۆنگره‌که‌یان نوێبونه‌وه‌یه‌.
کۆنگره‌ی 13 ی پارتی به‌ دروشمی نوێبونه‌وه‌، دادپه‌روه‌ری، پێکه‌وه‌ژیان خراوه‌ته‌ گه‌ڕ،. ئه‌گه‌ر درۆ له‌گه‌ڵ خۆمان دا نه‌که‌ین نوێبونه‌وه‌ دروشمێکه‌ ناکرێت جگه‌ له‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ چونێکی ئیجابی شیکردنه‌وه‌ی تری بۆ بکرێت. بۆیه‌ یه‌که‌مین پرسیار که‌ ده‌کرێت ئاراسته‌ی سه‌رانی پارتی بکرێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایا نوێبونه‌وه‌ له‌ چی دا؟ له‌ پرۆگرام و په‌یڕه‌ودا؟ ماوه‌یه‌ك له‌وه‌ و به‌ر داوای په‌یڕه‌ و پرۆگرامی کۆنگره‌ی 12ی پارتیم له‌ کادرێکی پارتی کرد که‌ ‌ له‌ هاوینی 1999 له‌ شاری هه‌ولێر ساز درابو. ئه‌و کادیره‌ په‌یڕه‌وی کۆنگره‌ی 11ی 1993ی بۆ هێنام کاتێك که‌ پێم ڕاگه‌یاند ئه‌مه‌ ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ نیه‌ که‌ من داوام کردووه‌ به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ پێی وتم: کوڕه‌ ده‌ بیگره‌ وا ئه‌زانی کۆنگره‌ی 12 و 11 چیان جیاواز بووه‌!. له‌ ڕاستیدا ئه‌و براده‌ره‌ زۆر ڕاستگۆ بو له‌گه‌ڵما ، ئه‌گه‌ر به‌راوردێکی پرۆگرامی ئه‌و 2 کۆنگره‌یه‌ بکه‌ین سه‌رباری تێپه‌ڕبونی 6 ساڵی پڕ کاره‌سات به‌سه‌ر کوردستان و ناوچه‌که‌ و جیهاندا ئه‌گه‌ر بڵێین کۆپی کرنه‌وه‌ی یه‌کترین زیاده‌ڕۆییه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین ته‌نها هه‌ندێك ووشه‌ و ڕسته‌ جێگۆڕکێیان پێ کراوه‌ .
له‌ سه‌ره‌تای هه‌ردوکۆنگره‌که‌دا دروشمه‌ به‌ نرخه‌کانی دیموکرات و جه‌ماوه‌ری و پێشکه‌وتن خوازی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و مافی مرۆڤ و مافی دیاری کردنی چاره‌نوس له‌به‌ر چاوماندا قوت ده‌بنه‌وه‌وه‌. وه‌کو ده‌رکه‌وتنی لێره‌ و له‌وێی چه‌ند گوڵێکی گه‌ش له‌ که‌لاوه‌یه‌کی وێران دا. ئه‌و دروشمه‌ له‌ ناوه‌رۆكدا به‌نرخانه‌ به‌رده‌وام له‌ ناوه‌ند و کۆنتێکستێکی ناسازدا دێنه‌ به‌رچاومان که‌ توشی ڕق و توڕه‌ییمان ده‌کات. ئه‌و دروشمانه‌ی که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای چه‌رخی 14 و ڕینیسانسه‌وه‌ ملیۆنه‌ها که‌سی ئازادی خواز گیانی خۆیان له‌ پێناودا به‌خشیوه‌. ئه‌و به‌هایانه‌ی ته‌واوی گه‌لانی دونیا که‌م تا زۆر به‌شداری سه‌پاندنی بون و بۆته‌ سه‌رمایه‌یه‌کی جێی شانازی ته‌واوی گه‌لانی ئازادیخوازی دونیا. به‌ڵام ئه‌و به‌هایانه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رانی پارتیه‌وه‌ دابه‌زێنراوه‌ته‌ ئاستی کاڵایه‌کی بێ نرخی بازرگانی و که‌ره‌سته‌یه‌کی هه‌رزان بۆ چه‌واشه‌کردنی خه‌ڵکی کوردستان و دۆست و هه‌وادارانی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان.
نوێکاری له‌ چیدا ده‌که‌ن؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌ نوێبونه‌وه‌ له‌ په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی ناوخۆ دوباره‌ و چه‌ند باره‌ کۆپی کردنه‌وه‌ بێت ئه‌وا نه‌ك هه‌ر پرۆگرامه‌که‌ به‌ڵکو ئه‌و به‌ها به‌نرخه‌ مرۆڤایه‌تیانه‌ش که‌ به‌ ده‌ستی ئێوه‌ ده‌نوسرێته‌وه‌ و له‌ زمانی ئێوه‌وه‌ ده‌ربچێت نرخی مه‌ره‌که‌بی چاپی لاپه‌ڕه‌یه‌کی پرۆگرامه‌که‌ ی نامێنێت و خیانه‌ت کردنه‌ له‌و دروشمه‌ به‌رزه‌ مرۆڤایه‌تیانه‌ و جێگه‌ی نه‌فره‌ت و قێزی خه‌ڵکی کوردستان و گه‌لانی ئازادیخوازی دونیایه‌.
ده‌تانه‌وێت له کۆنگره‌ی 13ی ‌دا ڕویه‌کی نوێ بده‌نه‌ په‌یڕه‌ و پڕۆگرامی پارتی و گوایه‌ ده‌تانه‌‌وێت وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێویستیه‌کانی سه‌رده‌م بێت؟!. ده‌مه‌وێت به‌ ڕاشکاویه‌وه‌ بڵێم نه‌ك به‌ گۆڕینی چه‌ند ڕسته‌ و ڕوکه‌شیه‌ك به‌ڵکو ئه‌گه‌ر پرۆگرامه‌که‌تان به‌ شێوازێك بینوسنه‌وه‌ که‌ له‌ ته‌واوی دونیای کۆن و نوێ و ڕۆژئاواو ڕۆژهه‌ڵات دا هێنده‌ وشه‌ی ئازادی و دیموکراسی و پێشکه‌وتن خوازی و مافی مرۆڤ و دادپه‌روه‌ری و عیلمانیه‌تی به‌کارنه‌هێنرابێت به‌ جۆرێك ڕێکخراوه‌کانی هومان ڕایت ۆچ و ئه‌منستی ئینته‌رناسیوناڵ قه‌رزار بار بکات ، هێشتا به‌ دادتان نایه‌ت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌واوی خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان ده‌زانن که پێویسته‌ نوێبونه‌وه‌ به‌ کردار بێت نه‌ك به‌ نوسین و پڕۆگرام و دروشم و گوتار.
نوێبونه‌وه‌ له‌ چیدا ده‌که‌ن؟ له‌ کاتێکدا سه‌رانی پارته‌که‌ جگه‌ له‌ ده‌سته‌یه‌کی کۆنه‌په‌رستی دزو جه‌رده‌ و خۆفرۆش و نیشتیمان فرۆش و دوڕو زیاتر چی دیکه‌ نین و ڕوی کۆنه‌په‌رستانی نه‌ك کوردستان به‌ڵکو سه‌ده‌کانی ناوه‌ندتان سپی کردۆته‌وه‌.
نوێکردنه‌وه‌ له‌ شێوازی درۆ و چه‌واشه‌کاری دا ده‌که‌ن؟ کاتێك ڕێگر و جه‌رده‌یه‌ك دان به‌ ڕێگری و پیاوخراپی خۆیدا ده‌نێت و سوره‌ له‌سه‌ر به‌رده‌وام بون له‌سه‌ری زۆر له‌وانه‌ ڕێزی زیاتره‌ که‌ به‌ په‌یڕه‌و و پڕۆگرام و گوتار و ووتار به‌ها به‌رزه‌ مرۆڤایه‌تیه‌کان به‌رز ده‌که‌نه‌وه‌ و له‌ ناوه‌رۆکیش دا هه‌ر هه‌مان دز و جه‌رده‌ن که‌ کۆمه‌ڵگا لێیان ده‌سڵه‌مێته‌وه‌.
نوێکاری له‌ باری کۆمه‌ڵایه‌تی ئافره‌تاندا ده‌که‌ن؟ کاتێك کۆنه‌په‌رستانی سه‌ده‌ تاریکه‌کانی ئه‌وروپا ئافره‌تانی بێتاوانیان به‌به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه‌ و به‌ ئاشکرا به‌ ده‌ستتێکه‌ڵ کردن له‌گه‌ڵ شه‌یتان یان به‌ تاوانی داوێنپیسی ده‌سوتان، ڕوی ترسناکی خۆیان نه‌ده‌شارده‌وه‌. ئێوه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زۆر که‌سانی ناو پارته‌که‌تان به‌ ده‌ستی پیسی خۆیان هه‌مان ئه‌و تاوانانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ئافره‌تانی بنه‌ماڵه‌کانی خۆتان وه‌کو کۆیله‌ سه‌یرده‌که‌ن به هه‌مان ‌ تاوانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ند له‌ ناویان ده‌به‌ن و نه‌یده‌نه‌ به‌رفیشه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و یاسانه‌ی که‌ خۆشتان داتان ناوه‌ چاو پۆشی ده‌که‌ن له‌و تاوانانه‌ و تا ده‌توانن خۆتانی لێ گێل ده‌که‌ن.
نوێکاری له‌ چیدا ده‌که‌ن؟ نوێکاری له‌ کوشتنی نوسه‌ران دا ده‌که‌ن به‌وه‌ی که‌ بڵێن نوسه‌ر نه‌بووه‌ و قوتابی بووه‌؟. بۆ نوێکاریتان له‌وه‌دایه‌ که‌ خوێنی قوتابیان له‌سه‌ر نوسینێك حه‌ڵاڵ بکه‌ن؟!. نوێکاری له‌وه‌دا ده‌که‌ن که‌ بۆ تاوانه‌کانتان تاوانبار و هۆی تاوان و شوێنی تاوان خه‌لق بکه‌ن و خه‌ڵکی کوردستان و دونیا به‌ گێڵ و نه‌فام بزانن و ده‌ست و ده‌می خۆتان بسڕن؟ پاش نزیکه‌ی 100ساڵ به‌سه‌ر شه‌هید کردنی جه‌مال عیرفان دا هێشتا شێخ مه‌حمودی نه‌مر و ئیداره‌که‌ی به‌رپرسیاری ئه‌خلاقی ئه‌و تاوانه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا ئه‌و تاوانه‌ کراوه‌. که‌سێك که‌ له‌ ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ئێوه‌دا شه‌هید کرابێت گه‌ر چه‌نده‌ قایم کاربن و ده‌ستی خۆتان له‌ خوێنی ئه‌و سه‌هیده‌دا بشۆنه‌وه‌ هه‌ر ئێوه‌ تاوانبارن و به‌رپرسیاری ئه‌و تاوانه‌ن و خه‌ڵکی کوردستان لێتان خۆش نابێت.
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌سه‌ر چووه‌ که‌ خه‌ڵکی گوێ له‌ قسه‌ی بریقه‌دار بگرێت و له‌ پرۆگرامه‌که‌تانه‌وه‌ تێتان بڕوانێت به‌ڵکو له‌ کردار و هه‌ڵوێسته‌کانتان ده‌ڕوانن، له‌ مه‌سه‌له‌ سه‌رنویشتیه‌کان و کاریگه‌ریتان له‌سه‌ر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بردنی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵک و ده‌سپاکی و دڵسۆزی. نوسین و وتار هه‌موان پێی ده‌وێرین به‌ڵام کردار سه‌نگی مه‌حه‌کتانه‌.


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە