کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شانۆگه‌ری گریان و چه‌پڵه‌ڕێزان له‌ کۆنگره‌کانی 10 و 11و 13 ی پارتی دا

Friday, 17/12/2010, 12:00


پارت و ده‌سه‌ڵاته‌ نادیموکراته‌کان له‌ مێژوی دروست بونیانه‌وه‌ له‌ هه‌ر سه‌رزه‌مینێکدا بوبن کۆمه‌ڵی تایبه‌تمه‌ندێتی هاوبه‌ش و هاوکۆییان هه‌بووه‌ که‌ بونه‌ته‌ جێگای پێکه‌نین و گاڵته‌جاری میلله‌ته‌که‌ی خۆیان و گه‌لان و سیاسه‌تمه‌دارانی دونیا.

پارته‌ فاشسی و نازیه‌کانی ئیتالیا و ئیسپانیا و ئه‌ڵمانیای پێش جه‌نگی جیهانی دوهه‌م و سه‌رده‌می جه‌نگ، پارته‌ کۆمۆنیسته‌کانی یه‌کێتی سۆڤێتی له‌یه‌ك هه‌ڵوه‌شاوه‌ و بلۆکی کۆمۆنیستی ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات و چینی کۆمۆنیستی و کوبا و کۆریای باکور و ده‌سه‌ڵاته‌ دکتاتۆریه‌کانی وڵاتانی جیهانی سێهه‌م و ئیسلامی و عه‌ره‌بی وه‌کو به‌عسی ئێراق و سوریا ...هتد سه‌رباری جیاوازیه‌ مێژویی و کولتوری و جوگرافی و ئایین و زمان له‌ پڕۆپاگه‌نده‌ی هه‌رزان وشانۆگه‌ری گاڵته‌جاری دا هاوبه‌ش بون و هاوبه‌شن، پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌کو پارتێکی ناڕه‌سه‌ن و هه‌ڵنه‌قوڵاو له‌ ناخی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ له‌هه‌ر یه‌کێك له‌ ئایدۆلۆژیا و میتۆده‌ دزێوه‌کان به‌شێكی لێ قوت داوه‌ و به‌خۆیدا هه‌ڵسواوه‌ و ڕۆژانه‌ پیاده‌ی ده‌کات.

ته‌واوی ئه‌و پارت و ده‌سه‌ڵاته‌ تۆتاڵیتێریانه‌ سه‌رباری گه‌نده‌ڵ بون و ڕسوا بونیان له‌ ناو جه‌ماوه‌ر و ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی خۆشیان هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان وه‌ك په‌سه‌ند کراو له‌ ناو خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ردا پێشان بده‌ن.

ته‌واوی سه‌رانی ئه‌و جۆره‌ پارت و ده‌سه‌ڵاتانه‌ له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنه‌ ڕوکه‌شیه‌کاندا که‌ جگه‌ له‌ به‌یعه‌یه‌کی جۆری دوا سوڵتانه‌ ئومه‌وی و عه‌باسی و مملوکه‌کان و عوسمانیه‌کان زیاتر شتێکی تر نیه. خۆیان وا پێشان ده‌ده‌ن که‌ له‌به‌ر ویست و داوای گه‌ل و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵک و پارته‌که‌یان دوباره‌ چه‌ند باره‌ خۆ کاندید ده‌که‌نه‌وه‌ و ئه‌و ئه‌رکه‌ له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاکانی نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌ و بیر و باوه‌ڕه‌که‌یان ده‌گرنه‌وه‌ ئه‌ستۆ، سه‌رباری شه‌یدایی شێتانه‌یان بۆ کورسی ده‌سه‌ڵات، نازی جامبازانه‌ به‌سه‌ر ئاماده‌ بواندا ده‌که‌ن. مه‌سینه‌هه‌ڵگر و هه‌ڵپه‌رسته‌ پوڵ په‌رست و گه‌ڵپه‌رسته‌کانیش ئه‌و ناز و نوك و در ۆ و ساخته‌گه‌ریه‌ وه‌کو هه‌لێکی زێڕین ده‌قۆزنه‌وه‌ بۆ خۆ بردنه‌ پێشه‌وه‌ و خوارنی پاشماوه‌ی سه‌رسینی و قاپی پاترۆنه‌کانیان.

له‌ ته‌واوی کۆنگره‌کان دا سه‌رۆکی‌ ته‌زویر پارتیش ئه‌و نه‌ریتی داواکاری ڕوکه‌شیانه‌ بۆ دانانی که‌سێکی تر له‌ بری خۆی و نازه‌ درۆی خۆ که‌ندیت نه‌کردن و به‌داخه‌وه‌ بونی بۆ ئه‌وه‌ی که‌سێکی تر ئاماده‌یی تیا نیه‌ ئه‌رکه‌کانی له‌سه‌ر شان سوك بکات و جێگه‌که‌ی بگرێته‌وه دوباره‌ و چه‌ند باره‌ ده‌کاته‌وه‌.‌ به‌ جۆرێك پسپۆڕ و باڵاده‌سته‌ له‌و ڕۆڵه‌دا‌ ده‌گمه‌ن دکتاتۆره‌کانی پێش خۆی و سه‌رده‌می خۆی شان له‌ شانی ده‌ده‌ن.

پاشان هه‌ڵبژارنی به‌ یه‌ك ده‌نگ و به‌ چه‌پڵه‌ڕێزان و چاوی پڕ له‌ فرمێسکه‌وه‌ په‌رده‌ی دوهه‌می شانۆ ناساز و دزێوه‌‌که‌یه‌تی. ئه‌و کۆمێدیه‌-تراژیدیه‌ خۆشبه‌ختانه‌له‌ لای ته‌واوی گه‌لان و که‌سه‌ شارستانیه‌کاندا مایه‌ی ئاره‌قه‌ی شه‌رم و ڕسواییه‌. ئه‌و سه‌رۆکه‌ به‌ جۆرێك پسپۆڕ و باڵاده‌سته‌ که‌ ده‌گمه‌ن دکتاتۆره‌کانی پێش خۆی و سه‌رده‌می خۆی شان له‌ شانی ده‌ده‌ن.

ده‌رهێنه‌رانی شانۆگه‌ریه‌که‌،‌ ئه‌کته‌ره‌کانی له‌ قوتابخانه‌یه‌کدا ڕاده‌هێنن که‌ به‌رده‌وام و ڕۆژانه‌ و له‌ هه‌ر کۆڕ و کۆبونه‌وه‌ و بۆنه‌یه‌کدا ‌زیاتر و زیاتر له‌ مرۆڤ بونیان که‌م ده‌که‌نه‌وه‌،. که‌مبونه‌وه و دابه‌زاندنێك که‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌ پڕ به‌هاکانی به‌ مرۆڤ بون دا ده‌ماڵرێن و که‌سایه‌تیان بۆ ئاستێك بچوك ده‌کرێته‌وه‌ که‌ جگه‌ له‌ شێوه‌ی ده‌ره‌کی و ئه‌کتیان بۆ پێویستی مانه‌وه‌ی فیزیکی وه‌کو خواردن وخواردنه‌وه‌ و نوستن و سێکس و ووتنه‌وه‌ی توتیانه‌ی ئه‌و ووشه‌ و ڕسته‌ و بابه‌تانه‌ی بۆیان دیاری کراوه‌ هیچ بونێکی تری مرۆڤ بونیان تیا نا‌مێنێت.

هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و جۆره که‌سانه‌ که‌ خۆیان ته‌سلیم به‌و پرۆسه‌یه‌ی داماڵینی که‌سایه‌تی ده‌که‌ن ‌به‌ ناوه‌رۆك له‌ مرۆڤی ئاسایی نزم تر ده‌بنه‌وه‌ و‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ و سێکس و هه‌ڵسوکه‌وتیشیان له‌ چۆنایه‌تی تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی مرۆڤ بون ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌.

ڕۆژنامه‌ ڕوزه‌رده‌که‌ی خه‌بات له‌ لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می دا به‌ به‌رجه‌سته‌ کردنی ئابڕوبه‌رانه‌ی وێنه‌ی باپیر و کوڕ و نه‌وه‌ و برازا که‌ ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌کانیان له‌ نێوخۆیاندا مۆنۆپۆڵ کردووه‌ ‌سوکایه‌تیه‌کی مه‌زن‌ به‌ دیموکراسیه‌ت و ویست و خواستی ئازادانه‌ی گه‌له‌که‌مان و خوێنی شه‌هیدانمان ده‌کات.

له‌ هه‌مان کاتدا ئاشبه‌تاڵێکی بێشه‌رمانه‌ی ئاشکرای بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌ له‌ ئه‌خلاق به‌ مانای پڕ به‌ پێستی ووشه‌که.‌ له‌ هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا له‌ ژێر پێڵاوه‌ بریقه‌داره‌کان و ده‌ستی خوێناوی و دڵی ڕه‌شیان دا ده‌نوسرێت:(دوای ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن د. پیرۆت ئه‌حمه‌د ده‌رگای خۆ پاڵاوتن بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی دیموکراتی کوردستان کرایه‌وه‌، به‌ دروشمی - پێشڕه‌وی کورد پارتیه‌ سه‌رۆکمان بارزانیه‌ - له‌ لایه‌ن نوێنه‌رانی پێشمه‌رگه‌ و خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی کوردستانه‌وه‌ داوا له‌ سه‌رۆك بارزانی کرا خۆی بۆ سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هه‌ڵبژێرێته‌وه‌. دواتر تێکڕای ئه‌ندامانی کۆنگره‌ کارتی به‌ڵێ- یان بۆ سه‌رۆك بارزانی به‌رزکرده‌وه‌. به‌مه‌ش جارێکی دیکه‌ (ده‌یان جاری دیکه‌- قادر که‌ریم) به‌ تێکڕایی ده‌نگ سه‌رۆك بارزانی به‌ سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌- خه‌بات، ژماره‌ 3648،15/11/2010 لا.1)

‌ئه‌م نه‌ریته‌ دزێوه‌ ی پارتی شتێکی نوێ نیه‌ ئه‌وانه‌ی ئاگاداری مێژوی ئه‌م پارته‌ن ده‌زانن چۆن ته‌واوی ورده‌کاریه‌کانی سیناریۆکان ئاماده‌کاری بۆ ده‌کرێت و پێشان ده‌درێن. گه‌رچی ڕه‌نگه‌ باس و دوباره‌ کردنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌ریته‌ی ناو پارتی هێنده‌ بدیهی و ئاسایی بێت وه‌ك ئه‌وه‌ وابێت بڵێین، دوێنی 24 کاتژمێر بووه‌ و ئه‌مڕۆش هه‌رواو سبه‌ینێش هه‌روا ده‌بێت. بۆیه‌ جێگه‌ی زه‌رده‌خه‌نه‌ی مرۆڤ بێت و شتێکی نوێ نه‌بێت. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆژانه‌ ئه‌و دیارده‌ به‌دیهیانه‌ی ناو پارتی سوکایه‌تی کردنه‌ به‌ گه‌له‌که‌مان و ئازارمان ده‌دات ناتوانین دوباره‌ و سه‌د باره‌ی نه‌که‌ینه‌وه‌ پشتگوێی بخه‌ین.

با له‌ ئه‌مڕۆی تاڵ و دزێو بگه‌ڕین و ئاوڕێک له‌ کۆنگره‌ی 10ی 1989 ی ئه‌و ده‌سته‌ مافیایه‌ بده‌ینه‌وه‌. فازیل ره‌ئووف ناسراو به‌ فازیلی مه‌لیح له‌ یاده‌کانیدا که‌ له‌ شێوه‌ی کتێبێکی پیاداهه‌ڵدان و پڕ له‌ خۆ بردنه‌ پێشه‌وه‌‌ نوسیویه‌تی سه‌باره‌ت به‌ کۆنگره‌ی 10ی پارتی ده‌ڵێت:(جه‌نابی سه‌رۆك چوه‌ سه‌ر بڵندگۆ له‌ پێش چاوی هه‌ڤاڵانی کۆنگره‌ ... له‌ هه‌مان کاتدا جه‌نابی ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند که‌ پێی باشه‌ که‌سێکی که‌ی دڵسۆز ئه‌رکی سه‌رۆکایه‌تی پارتی وه‌ربگرێ. له‌و کاته‌دا بوو به‌ پڕمه‌ی گریان و هه‌ستی توند و حه‌ماسه‌ت و له‌ ناکاو له‌ بیرمه‌ (به‌ڕێز کاك د. ڕۆژ نوری شاوه‌یس) هه‌ستایه‌ سه‌رپێ و ووتی قبوڵ ناکه‌ین که‌سی تر سه‌رۆك بێت هه‌ر جه‌نابت سه‌رۆکی و هاواری کرد (پێشڕه‌وی کورد پارتیه‌ و سه‌رۆکمان بارزانی یه‌) ئه‌وجا به‌ یه‌کجاری بوو به‌ چه‌پڵه‌ ڕێزان و هوتاف کێشان به‌سه‌ر جه‌نابی سه‌رۆکدا که‌ زیاتر له‌ نیو کاتژمێر خه‌ڵکه‌که‌ به‌ پێوه‌ بوون و هوتافیان ئه‌کێشا و چه‌پڵه‌یان لێ ئه‌دا.- فازیل ره‌ئووف،به‌ره‌و خۆر، لا.269)

ده‌سته‌کانم شکێ بۆداده‌ مه‌لیحی دایکی فازیل و باجی ناهیده‌ی قومارچی دایکی ڕۆژ، خۆزگه‌ به‌ خۆزگه‌ی ئه‌و خوایه‌ دو شایه‌ری باشی زوڕناژه‌ن و ده‌هۆڵ کوتی ده‌نگ خۆشتان گه‌وره‌ بکردایه‌ له‌ جیاتی ئه‌و دو توفڵه‌ مه‌زڵومه‌ سه‌ربه‌ژێر و سه‌رشۆڕه‌ و ڕه‌نجتان به‌ زایه‌ نه‌چوایه‌!!

له‌و ساڵانه‌دا که‌ گه‌له‌که‌مان که‌وتبووه‌ به‌ر گه‌رمه‌ی شاڵاوی ژرندانه‌ی ئه‌نفال و کیمیا باران، له‌ کاتێکدا دونیا له‌ ئاستی تاوانه‌کانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی و جینۆسایتی گه‌له‌که‌مان دا له‌ بێده‌نگیه‌کی ترسناکدا بوو. (سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌ پێی ڕێکه‌وتن نامه‌ی 1948ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان جێنۆسایت تاوانێکه‌ ته‌واوی ده‌وڵاتانی دونیا مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ دژی بوه‌ستنه‌وه‌ وپه‌یوه‌ندی به‌ سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تێکی دیاریکراوه‌وه‌ نییه‌) . سه‌رانی پارتی و کاسه‌ لێسه‌کانیان خه‌ریکی شانۆگه‌ری بون و سوکایه‌تیان به‌ چاره‌نوسی گه‌له‌که‌مان و شۆڕشه‌که‌ی ده‌کرد.

با چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌کی تر هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌ و بزانین له‌ کۆنگره‌ی 11ی ساڵی 1993 دا جیاوزی له‌گه‌ڵ پێش خۆی و پاش خۆی چی بووه‌.

(کۆنگره‌ 12 ڕۆژی خایاند ...دیموکراسی زۆری تێدا بوو. ڕۆژی (23)ی ئاب سه‌رۆك پێشنیاری ده‌سکێشانه‌وه‌ی کرد له‌ سه‌رۆکایه‌تی . به‌ڵام نه‌گه‌یشته‌ کۆتایی ووته‌که‌ی پێشنیاره‌که‌ی به‌ چه‌پڵه‌ لێدان و هۆتاف کێشان به‌سه‌ر به‌ڕێزیان له‌ لایه‌ن (2300) نوێنه‌ری پارتی ومیلله‌ت له‌ سه‌رتاسه‌ری کوردستان دا بۆ واز نه‌هێنان و دروشمی (پێشڕه‌وی کورد پارتیه‌ و سه‌رۆکمان بارزانی یه‌) تاکید و فه‌رز ئه‌کرایه‌وه‌ بۆ چاره‌که‌ سه‌عاتێك و به‌ زۆری به‌ڕێزیان له‌ ئه‌ندامانی کۆنگره‌ وه‌ستان له‌و حه‌ماسه‌ته‌ و دڵ پڕیه‌. ئینجا به‌ڕێزیان به‌ سوپاسی گه‌رم و پێزانینی جه‌ماوه‌ر بێ ده‌نگی لێ کرد.- هه‌مان سه‌رچاوه‌ ، لا.333).

ماڵی جه‌نابی حه‌کیمی ڕێزداری به‌ڕێزی سه‌رۆکی پارت و حکومه‌ت کاك مه‌سعود ئاوا بێت یه‌ك تۆزی تر‌ سور بوایه‌ له‌سه‌ر ده‌سکێشانه‌وه‌که‌ی و بێده‌نگی لێ نه‌کردایه‌ دڵی منیشی پغ ئه‌کردله‌ گریان!!

(ئه‌ی هاوار خه‌ریکه‌ مێشکم بته‌قێت له‌ داخی ڕه‌خنه‌ی نابه‌جێی ئه‌م خۆفرۆشانه‌ی که‌ ڕه‌خنه‌ی دوور له‌ڕاستی ده‌گرن له‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رکردایه‌تییه‌ سیاسییه‌که‌ی - وه‌رگرتنی له‌ جاش قه‌ڵه‌مێکی پارتیه‌وه‌ بۆیه‌ ناوی ناهێنم ئه‌زانم به‌ خراپه‌ش ناوی بهێنرێت خۆشحاڵ ده‌بێت تا بناسرێت و شتێك بکه‌ن به‌ گیرفانیا).

تێناگه‌م بۆچی نه‌یارانی دڵڕه‌شی پارتی ئه‌ڵێن له‌ پارتیدا دیموکراتیه‌ت نیه‌، ئه‌ی ئه‌وه‌ نیه‌ هه‌موو کۆنگره‌یه‌کی پارتی به‌ هوتاف کێشان سه‌رۆكی پارت و حکومه‌تیان بێده‌نگ کردووه‌ و ده‌یکه‌ن و ووتاری پێ ده‌بڕن و ئه‌ویش له‌ ترسی داوای ئه‌ندامان دیموکرات خوازانه‌ به‌ ووته‌ی برا هه‌ولێریه‌کانمان و به‌ مانای سلیمانی کڕ ده‌بێت.

ئه‌ی بۆ دوژمنانی بێویژدان ده‌ڵێن پارتی هیچ گۆڕانێکی به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌! ئه‌ی ئه‌وه‌ نیه‌ له‌ کۆنگره‌ی 10 دا ئه‌ندامان نیوکاتژمێر به‌سه‌ر پێوه‌ هوتافیان کێشاوه‌ و پاش ته‌نها 4 ساڵی ح.. ، ته‌نها چاره‌کێك چه‌پڵه‌ ڕێزانیان کردووه‌!!

با نوێنه‌رانی پارته‌ سیاسیه‌کانی وڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا و هند و ته‌واوی دونیای دیموکراسی بێن و فێری دیموکراسیه‌ت و گۆڕانکاری بن له‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌وه‌. و په‌ڕۆیه‌ك له‌ کراسه‌که‌یان دادڕن!!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە