لێژنەی زمان وپەروەردەی رۆژهەڵاتی كوردستان داوا لە گەلی كورد دەكات، ماڵەكانیان بكەنە فێرگەی زمانی دایك
Friday, 24/09/2010, 12:00
لیژنەی زمان و پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لەسەر تواندنەوەی زمانی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لێدوانێكی نوسراوی بڵاو كردەوە. لیژنەكە بۆ پاراستنی و برەودانی زمانی كوردی، داوا لە كوردان دەكات ماڵەكانیان بكەنە فێرگەی زمانی كوردی و منداڵەكانیان لەفێربوونی زمانی كوری بێ بەری نەكەن. لێدوانەكەی لیژنەی زمان و پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە سەرەتادا، بە شیكردنەوەی چەمكی دەوڵەت نەتەوە دەستپێدەكات و ئەو چەمكە وەك بەرهەمێكی مۆدێرنیتەی كاپیتالیزم، بەناو دەكات. چەمكی دەوڵەت نەتەوە، وەك دژبەری فرەڕەنگی و زاڵبوونی زهنییەتی تاك نەتەوە كە هەموو كاتێك هەوڵ بۆ تواندنەوەی هەموو نرخەكانی گەلانی بندەست دەدات و بۆ ئەو ئامانجەش، هەموو ساختەكارییەك دەخاتە گەڕ و بەشێوەی هەرە دژوار هێرش دەكاتە سەر زمان، چاند و ناسنامەی گەلان.
لیژنەی زمان و پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە درێژەی لێدوانەكەدا هەڵسەنگاندنیكی بەو شێوەیە لە كۆماری ئیسلامی دەكات: كۆماری ئیسلامی وەك بەرهەمێكی چەمكی دەوڵەت نەتەوە، بە دەمامكێكی ئاینیانەوە رۆژ بەدوای ڕۆژ سیاسەتی تواندنەوەی كولتوری لەسەر گەلانی بندەستی ئێران، وەك بەلوچ، لوڕ، عەرەب، توركمان، ئازەری، گیلەك و لەسەری هەموویانەوە گەلی كورد پەیڕەو دەكات. لەكاتێكدا لە ئێران لە یەكی ڕەزبەر، قوتابخانەكان دەكرێنەوە كە بە ملیونان منداڵی بندەستی ئێران، مافی خوێندن بە زمانی دایكیان لێ زەوت كراوە. ئەمەش كاریگەری لەسەر كەسایەتی و بواری دەرونی منداڵان دادەنێ و لەمپەرێكە لەبەردەم پێشكەوتنی هزریی منداڵاندا. كۆماری ئیسلامی ئێران دەیهەوێ بەو سیاسەتەی، قەناعەت بە گەلانی ئێران بینێت كە خوێندن بە زمانی فارسی، قەدەرێكە و خوێندن بە زمانی دایك پێویست نابینێت.
لیژنەی زمان و پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، تیشك دەخاتە سەر زمانی كوردی و ڕادەگەیەنێت: زمانی كوردی بەهەموو زاراوەكانییەوە یەكێك لە زمانە پاڕاوو لەمێژییەنەكانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی. بیگومان ئەمڕۆ لە كەسایەتی تیكۆشان و خەباتی گەلەكەمان و قارەمانییەتی شەهیدانەوە، گەلی كورد بەو ئاستە لە هۆشیاری نەتەوەیی گەیشتووە كە لە نرخە نەتەوەییەكانی، بەتایبەت زمانەكەی خاوەندارییەتی بكات. بایكۆتی قوتابخانەكانی دەوڵەتی توركیا لە باكوری كوردستان نمونەی هەرە بەرچاویەتی.
لیژنەی زمان و پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە كۆتایی لێدوانەكەدا بانگەوازی لە گەلی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات و دەڵێت: بۆ پاراستن و برەودانی زمانی كوردی، بەهەموو زاراوەكانییەوە، واتا سۆرانی، كرمانجی، كەلهوری و هەورامی بكەونە هەوڵدان و ماڵەكانیان بكەنە فێرگەی زمانی كوردی و منداڵەكانیان لەفێربوونی زمانی كوری بێ بەری نەكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست