تەقینەوەیەك مەهابادی دەهەژێنێت و پەژاكیش شەرمەزاری دەكات
Friday, 24/09/2010, 12:00
كاتژمێر 11و 5 دەقیقەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری مەهاباد لە كاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی سەربازی هێزەكانی رژیمدا، بۆمبێك تەقیوەتەوە و بۆتە هۆی كوژرانی 11 كەس و برینداربوونی زیاتر لە 37 كەس.
سەرچاوەكانی هەواڵ ڕایانگەیاند كە، هێزەكانی ڕژێم ئەمڕۆ، بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەڕی ئێران و ئێراق، خەریكی نمایشكردنی هێز بوون لەناو شاری مەهاباددا، لەو كاتەدا بۆمبێك لەناو ئاپۆڕای جەماوەردا تەقیوەتەوەو بووتە هۆی كوژران و برینداربوونی دەیان كەس. تائێستا زانیاری تەواو لەبارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانەوە نییە، بەڵام هەندێك سەرچاوە دەڵێن كە 11 كەس كوژراوەو زیاتر لە 37 كەس برینداربوون.
دوابەدوای تەقینەوەكەی شاری مەهاباد، كۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان "پەژاك" دەستبەجێ بە لێدوانێك ئەو كردەوەیەی بە توندی مەحكووم كردو دەستنیشانی كرد كە ئەو هێرشە گێرەشێوێنییە و هێزەكانی ئەوان هیچ پەیوەندەیەكیان بەم تەقینەوەوە نییە. كۆردیناسیۆنی پەژاك، بە ئاماژەكردن بە كاتی ئەو هێرشە لە مەهاباد لە سەروبەندی كۆمەڵكوژیەكەی جۆلەمێرگ لە باكووری كوردستان، گەلی كوردی ووشیار كردەوە كە ئەو هێرشانە پەیوەندیان بە یەكەوە هەیەو، ئامانج گێرەشێوێنی و تاودانی شەڕە. پەژاك بانگی هەستیاریی لە بەرامبەر ئەو هێرشانە لە گەلی كورد كردو داوای كرد كە خۆیان بپارێزن. پژاك ڕادەگەیەنێت، هەر جۆرە هێرشێك كە خەڵكی مەدەنی دەكاتە ئاماج، بە توندی شەرمەزاری دەكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست