پەشێوی شاعیر و پەشێوی مەلا و میللەتی چەپڵە
Friday, 18/05/2012, 12:00
ئەحداسەکانی حەفتەیەکی مەملەکەت
مەلا سەماحەتی موقتەدا سەدر خوابیپارێزێت ، بە سواری تەیارەیەکی خسوسی بێ ڕەقم ، لە تارانەوە بەیاوەری رەئیسی حکومەت ئەمیر نێچیرڤانی کوڕی ئیدریسی هەمیشە زیندوو ، خوا بیپارێزێت ، تەشریفی هێنا بۆلای جەنابی بابوعالی معەزەم سەرۆکی کوردستان سوڵتان مەسعودی کوڕی مەلامستەفای باوکی ڕۆحی نەتەوەی کورد ،خوا بیپارێزێت ..ئەم تەشریف هێنانەی سەماحەتی حوجەت ئیسلام سەید موقتەدا بۆ ئەوەبوو کە نامەی شاهی شاهان ، ئەمیری سەفەوەییەکان بگەیەنێتە خزمەت بابوعالی معەزم سوڵتان مەسعود بارزانی ..هەرچەن تاران و ئەنکەرە نەبێت هیچ عەبدێکی ئەم میللەتە ئەسڕار و ئەفکاری نازانن چیە ، ئەمما بە قیلوقالی گازێتە چیەکان ، لە ناو حەریمەکانی حەرمسەرای سەری ڕەشەوە دزە بە ئەسرارەکانی مەملەکەت کراوە ،گوایە سەماحەتی موقتەدا هەڕەشەی سوڵتانی سەفەوی لەتارانەوە هێناوە ، چونکە مودەتێکە بابوعالی خۆی گیڤ ئەکاتەوە ، بە یەک جوملەی موفید پێیان فەرمووە پێ بەقەد بەڕەکەی خۆت ڕاکێشە ئەگینا بەڕە و پێت بەیەکەوە ئەبڕین .وەڵاهوئەعلەم
بەچکە موسڵمانێک لە مەملەکەتی ڕۆمەوە دووسێ ساڵ لەمەوبەر ئەستەغفیرڵا هەنێ شتی بە رەبولعالەمین وتووە ،بۆ ئەوەی ڕۆمستان لوتفی پێ بکەن و لجوئی بەنێ ، ئەمما تازە جەنابی عولەماکانی ئیسلامی ویلایەتی هەولێر خۆیان عەسەبی کردووە ، ئومەتی ئیسلام لە رۆژی زیکرای سەردەشت عوسماندا لەبۆ جیهادی ئەعزەم تەحریز و تەشیع ئەکەن ئەمما بۆ حقوقی ئیرهاب کردنی سەردەشت نا ، بەڵکو لەبۆ زەبتی ئەنفاسی رەعیەت نەبادا ئەستەغفیروڵا لە حزوری باوبوعالی سوڵتاندا قسەیەکی بەرزونزم لە زاریان دەرچێت ، چونکی لە ناو ڕەعیەتدا وا بەحسی ئەکەن شورتیەکانی سوڵتان سەردەشیان ئیرهاب کردبێ و خوا پێمان نەگرێ
لە ڕیواقی قازی پێشەوا ، شاعیرێکی سەرسپی پەشێو ، لە مەعبەینی دوو سورەتی بە هەیکەلی سوڵتان و باوکە ڕۆحیەکەی ئومەتی کورددا لای دەستی ڕاست بارزانی کوڕو لای دەستی چەپیەوە بارزانی باوک ، خۆی سەغڵەت و پەشۆکاندبوو ، عەشاماتێکی یەکجار زۆریش بە چەپڵە و هوتافەوە ئیستقبالیان کرد ، بە قسەی بەعزێ کەس ئەو شاعیرە پەشێوە معەلەقاتەکانی بەدیواری کەعبەی کوردستاندا نەبێ هەڵناواسێ کەچی فەرمووی من موشیکیلەم لەگەڵ ئەشخاسدا نیە و دوایش معەلەقاتەکانی ئەغڵەبی لەسەر ئەشخاس بوو ، لەوە عەجایەب تر ، ئەو عەشاماتەی لە خزمەتی شاعیری عەزیمی قەومی کوردابوون هەر چەپڵەیان ئەکوتی، هوتافیان ئەکێشا ، بە قەولی بەعزێ کەسیش شیعری سەردەشتەکەی لە ئەسڵوئەساسەوە بۆ سەردەشت نەبوو ، ئەمما لەبەر قسەی قادرنادر شەوەکەی ناوی گوڕی بۆ سەردەشت ، تا مەسرور و مەنسوری دڵی خەڵک بداتەوە ، رەعیەتیش عەلال ئەکسەری چەپڵە و هوتافیان بۆ معەلەقاتە مزەوەرەکەی لێدا
ئەمە موهیمترین ئەحداسی ئەم حەفتەیەی مەملەکەت بوو ، تا حەفتەکەی تر بمێنن بۆ چەپڵە لێدان و هوتاف کێشان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست