ڕۆژنامەنووسان و دەستەی پێشەنگ سەر ڕۆژنامەنووسێک ئیدانە دەکەن
Monday, 09/07/2012, 12:00
لەدوو بەیاننامەی جیاوازدا ڕۆژنامەنووسان و دەستەی پێشەنگ ھێرش کردنە سەر پەیامنێری کەی ئێن ئێن ئیدانە دەکەن و داوا دەکەن یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی کاری پێبکرێت
دەستەی بەرگری رۆژنامەنوسانی بتوێن_پشدەر ئیدانەی رێگری کردن لەکەناڵەکانی راگەیاندن و پەلاماردانی رۆژنامەنوس ئامانج ئیسماعیل پەیامنێری کەناڵی کەی ئێن ئێن لەرانیە دەکات.
لەبەیاننامەیەکدا دەستەی بەرگری رۆژنامەنوسانی بتوێن_پشدەر رایدەگەیەنێت رۆژنامەنوس ئامانج ئیسماعیل پەیامنێری کەناڵی کەی ئێن ئێن لەرانیە لەلایەن ژمارەیەک پۆلیس لە بنکەی یەکی چوارقورنەپەلامار درا، رۆژی یەکشەممە ٨-٧-٢٠١٢لەکاتی روماڵکردنی مانگرتنی ژمارەیەک لە ھونەرمەندان لە بەرێوەبەرایەتی ناحیەی چوارقورنە .
پێیانوایە پەلاماردانی ئەم رۆژنامەنوسە پەلاماردانی سەرجەم رۆژنامەنوسانی ناوچەکەیەو دەستدرێژیە بۆ سەر ئازادی کاری رۆژنامەنوسی لە دەڤەرەکە، ئاماژەبەوەشدەکەن ھێرشکردنە سەر ئەم رۆژنامەنوسە دەلالەت لەوەدەکات تا ھەنوکە ھێزە ئەمنیەکان لە کاری رۆژنامەنوسیو یاساکەی نەگەیشتون و تەعامولێکی سەربازیانە لەگەڵ رۆژنامەنوسان دەکەن.
داوا دەکەن سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان ئیدانەی ئەو رووداوە بکاتو ھەڵوێستی جدی ھەبێت لەو بارەیەوە، داواش لەحکومەتی ھەرێم دەکەن ھێزە ئەمنیەکان بە یاسای کاری رۆژنامەگەری ئاشنا بکات لە پێناوی کەم کردنەوەی پێشێلکاریەکان.
پەیامێک لەدەستەی پێشەنگەوە....
بۆ:
پەرلەمانی کوردستان
حکومەتی ھەرێمی کوردستان
سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان
ڕای گشتی
وەکو ھەموومان دەزانین لەسەرجەم ناوچەکانی کوردستان چەندی بەربەست دەخرێتە بەردەم ڕۆژنامەنوسان و ڕێگرییەکی زۆر ھەیە لەڕوماڵ کردنی ڕووداو و پێشھاتەکان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە و ڕۆژنامەنوسانی دەڤەری بیتوێنیش لەم نێوەندەدا پشکێکی باشیان بەرکەوتووە لە ڕێگریکردن و تەگەرە خستنە بەردەمیان و تەنانەت لێدانیش لەکاتی ڕوماڵ کردنی ڕوداو و پێشھاتەکان ،
ئەمڕۆش ٢٠١٢/٧/٨ لەکاتی ڕووماڵ کردنی ناڕەزایەتی ژمارەیەک بەھرەمەندی ناحیەی چوارقوڕنە لەلایەن ژمارەیەک پۆلیسی چوارقوڕنە ھێرش کرایە سەر (ئامانج اسماعیل) پەیامنێری کەناڵی knn و ئازاری جەستەی ناوبراو درا.
بۆیە ئیمە داوادەکەین وەزارەتی ناوخۆ بەدواداچوون بۆ ئەم ڕوداوە بکات و بەزووترین کات ڕوونکردنەوەی پێویست لەوبارەیەوە بدات و سنورێک بۆ ئەو پیشێلکارییانەدابنێت کە بەردەوام بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان ئەنجام دەدرێت.
دەستەی پێشەنگ
٢٠١٢/٧/٨
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست