خەتاى حیزبەکانە، نەک هەولێرییەکان
Wednesday, 28/09/2016, 21:01
لەم چەند رۆژە کە خۆپیشاندان لە سلێمانى و شارەکانى گەرمیان و هەڵەبجە و راپەرین کرا هێرشى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ سەر خەڵکى هەولێر زیادى کرد زۆریان لەسنورى خۆیان دەرچوون .
قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە بە زمانە سیاسیەکەى هەرێمى کوردستان خوێندنەوەى جیاواز هەڵدەگرێت ، چونکە ململانێ سیاسیەکانى نێوان حزبەکان واى لێکردوە مرۆڤەکان بەرامبەر یەکتر بکەونە جنێو قسەى ناشیرین ،هەر ئەو حزبە سیاسیانە خاوەنى بزوێنەرى خەڵکن بۆ سەر شەقام و بۆ ماڵەکانى خۆیان.
هەولێریەکان خەڵکانێکى ترسنۆک و دەم داخستوو نین بەڵکو خۆپیشاندانەکانى ساڵانى هەشتاى قوتابیانى زانکۆ شاهیدى ئەوە دەدەن کە خەڵکى هەولێر چەند بە بوێرى بەرامبەر نایەرانى خۆیان هەڵساون ، بەڵام ئەوەى ئەمرۆ روو دەدات لە کوردستان حزبەکانن نەک خەڵکەکەى هەولێر.
ئەگەر پارتى دیموکراتى کوردستان رێگرى دەکات لە خۆپیشاندان و کۆنترۆڵى شەقامى کردوە بەوەى کە زۆرێنەیە ئەى حزبەکانى تر بۆ جوڵە ناکەن ل، لە کۆتا هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە هەولێر (754،234) حەوت سەدو پەنجاو چوار هەزار و دوو سەدو سى وچوار کەس بەشدارى دەنگدانیان کردوە لەکۆى ئەو ژمارە پارتى دیموکراتى کوردستان خاوەنى (372،607 )سێ سەد و حەفتاو دوو هەزار و شەست و حەوت دەنگە کە دەکاتە 12 کورسى پارێزگا ، واتە پارتى لە هەولێر بە دەنگ نیوەى خەڵکى هەولێرە نیوەکەى ترى حزبەکانى ترن کە یەکێتى خاوەنى (168،603) سەدو شەست و هەشت هەزار و شەست و سێ دەنگە کە دەکاتە 6 کورسى پارێزگا ،گۆران خاوەنى (108،117) سەدو هەشت هەزارو سەدو حەڤدە دەنگە کە دەکاتە 4 کورسى پارێزگا ،کۆمەڵ خاوەنى (57،907) پەنجاو حەوت هەزار و نۆسەدو حەوت دەنگە کە دەکاتە خاوەنى 2 کورسى پارێزگا، یەکگرتوو خاوەنى (27،713 ) بیست و حەوت هەزارو حەو سەدو ساینزە دەنگە کە دەکاتە خاوەنى 1 کورسى پارێزگا.
لەم هاوکێشەى هەڵبژاردنە بۆمان روون دەبێتەوە چوار حزبەکە لە هەولێر خاوەنى 13 کورسین لەبەرامبەر پارتى خاوەنى 12 کورسیە ئەمان پێکەوە دەتوانن لە هەولێر خۆپیشاندان رێک بخەن و داخوازى خەڵک بە حکومەت بگەیەنن، هۆکارى ئەنجام نەدانى دەگەرێتەوە بۆ ناکۆکى سیاسى نێوان لایەنەکان نەک خەڵکەکەى هەولێر ترسنۆک بن .چونکە ئەوە حزبە بزوێنەرى خەڵکە بۆ شەقام .
لە خۆپیشاندانەکەى ناو سلێمانى ژمارەى خۆپیشاندەران مەزەندە دەکرا بە حەوت هەزار کەس کە بەشێکى زۆرى مامۆستایان و فەرمانبەران بوون ، لەهەولێریش چوار حزبەکە خاوەنى مامۆستاو فەرمانبەرن خۆ دەکرێت چۆن لە سلێمانى دەستەى نارەزایى بەرەى خەڵک دروست کرا لە هەولێریش بەهەمان شێوە دروستى بکەن ، چونکە لە نێو دەستەکە خەڵکى چوار حزبەکەشى تێدابوو .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست