لەرابردوو فافۆن وشۆفڵ ئێستاش كۆمپانیاو تەندەر
Friday, 04/11/2011, 12:00
دەوڵەمەندبوونى كادیر و كاربەدەستانى پارتى ویەكێتى لەسەر بنەماى رازى بوونى كاركردن بووە لەو حزبە, هەروەها هەمیشە ئەو كادیرانە ویستویانە خەبات و ماندوبوونى خۆیان لەسەر رەنج وتێكۆشان و موڵكى گشتیدا هێزى خۆیان بەكاربهێنن وگیرفانیان پربكەن. بۆیە لەسەرەتاى ساڵى نەوەدەكان سەركردەو چەكدەرەكانیان بەشەوان دەكەوتنە برینى كێبڵو وایەرى كارەباى شارەكان و شارێكێان تاریكستان دەكرد بەرۆژش لەسەرسنورەكان بەبەكارهێنانى هێزى چەكدارى خەریكى ئەودیوكردنى شۆفڵ بوون , ئێستا ئەوان خاوەن پارە وسەروەت سامانى میللەتن و خەڵكیش بێكار و گەنجانمان كۆچ دەكەن و گیانى خۆیان دەخەن مەترسیوە لە پێناو ژەمێك نان بۆ ئەوەى لە مردن رزگاریان بێت . ئەوەى لە دوێنى سەركردەكانى یەكێتى وپارتى دەیانكرد لەهەر 20كیلۆ مەترێك بازگەیەكێان دانابوو بۆ وەرگرتنى شرینى وگومرگ كە هاووڵاتیان نەیاندەوێرا هاوردە وناردەنى بكەن لە كوردستان, برسێتى خەڵكى كوردستان وایلێهات كچان لەشی خۆیان بفرۆشن و منداڵ لە برسا بمرن و جیابونەوەى خێزان پەرەبسێنێ وكوشتن و دەركردن و تێكچونى شیرازەى خێزان گەشە بكات. ئەمرۆ ئاراستەى كاركردنیان جیاوازە لە جیاتى ناردنى فافۆن وشۆفڵ سەركردەكانى پارتى ویەكێتى سەدان كۆمپانیایان دامەزراندووە هەرچى پارەى ئەم میللەتە هەیە لەژێر دەستى ئەوانە هەزاران تەندەر لە كوردستان دەدەچێت بۆ ئەوەى پرۆژەى لەسەر بكرێت بەڵام ئەو تەندەرانە دەیان دەستاودەستى پێدەكرێت و بەرپرسەكان بەنزیكترین خزمى خۆیان دەفرۆشن وئەوانیش بەنرخێكى گران دەیفرۆشنەوە وپرۆژەكەش لە كاتى خۆیدا تەواو نابێت و كێشە دروست دەكات .
ئەگەر لەهەر كۆڵانێك یان شەقامێك برۆێت دەبینیت چەندین كۆمپانیا خانووى بەكرێ گرتووە هەر كۆمپانیایەك بەرپرس و سەركردەیەكى پارتى ویەكێتى لەپشتە بۆ ئەوەى شەراكەتى بكات وپشتگیرى لێدەكات , كوردستان لەماوەى بیست ساڵى رابردوو بەدەستى گرانى و نەبوونى خزمەتگوزارى و هەژارى دەناڵێنێت جگە لە بووجەى حكومەتى ناوەندى كە لە سەدا حەڤدیە گومرگ وباج و پارەى كارەبا وئاو زەریبە لەلایەن پارتى و یەكێتى دەستى بەسەردا دەگرن ,
پێویستە پەرلەمانى كوردستان یاسایەك دەربكات هەر كۆمپانیایەك پرۆژەیەكى بۆ دەرچوو نابێت بیفرۆشێتەوە پێویست بكات خۆى ئەنجامى بدات , هەر كۆمپانیایەك خرایە لیستى رەشەوە بەهیچ شێوەیەك جارێكى تر پرۆژەى پێنەدرێ و كۆمپانیایەكە دابخرێ و كە ئێستا سەرجەم پرۆژەكان بەناتەواوى دروست دەكرێن و كەسیش خۆى ناكات بە خاوەنى لێپرسینەوە نیە لەخاوەن كۆمپانیاكان . ئەوەى لە راگەیاندەكانى كوردستان بە سەركردەكانى پارتى ویەكێتى دەكرێت لەهەر ووڵاتێكى تربوایە ئێستا نامەى وازهێنانیان دەنوسیى بەڵام بێشەرمى و چاوبرسێتى و خۆ بە گەورە زانین و بەكارهێنانى هێز كاریكردۆتە سەر سەرجەم پێكهاتەكانى كۆمەڵگاى كوردى . یان لەبەر ئەوەى حزب وحكومەت هیچ جیاوازیەكیان لە كوردستان نیە بەرپرسى مەڵبەندو لقەكان بە ئارەزووى خۆیان بەرپرسەكان دادەنێن و یارى بە عەقڵیان دەكەن ئەوانیش ناتوانن لێپرسینەوە بكەن .یان ناتوانن هاوكارى بەرپرسەكان نەكەن , بۆیە كۆمەڵگاى كوردى وحكومەتەكەى بەیەكێك لە حكومەتە گەندەڵەكانى دونیا دادەنرێت .
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست