بابەهەستى مرۆیى یان نەتەوەیمان بەشداری كەمپینی كاروانی ئاشتی و دیموكراسی بین
Monday, 26/07/2010, 12:00
گەلی كورد لە باكووری كوردستان دەهان ساڵە داوای ئاشتی و دیموكراسی دەكات، تا ئێستا بزاڤی ئازادیخوازی گەلی كورد لە باكووری كوردستان 6 جار ئاگربڕی یەك لایەنەی ڕاگەیاندووە، بەڵام بەداخەوە لە هەر قۆناخێك كە پارتی كرێكارانی كوردستان ئاگربڕیان ڕاگەیاندوە بانگی گەل بۆ ئاشتی و دیموكراسی بەرز بووەتەوە، بە پێچەوانەوە دەوڵەتی توركیا هێرشی دڕندانەو نامرۆڤانەی ئەنجام داوە، كە واتە دژە ئاشتی و دیموكراسی گەیاندووەتە لووتكەو ڕیگەیى لەو قۆناغانەدا گرت، كۆشتن و سنووربەزاندن و بۆمباردۆمان پەرەی سەندووە.
ڕای گشتی جیهان ئاگادارە كە گەلی كورد لە هەر قۆناغێكدا داوای ئاشتی لەبەرێز عبدولڵا ئۆجەڵان و پەكەكە كردووە،بەرێز عبدولڵا ئۆجەلان و پارتەكەی بە سەربەرزیەوە وەڵامی پۆزەتیڤانەی ، بە داخوازی گەل داوەتەوە و ئۆپەراسیۆنەكانی خۆی ڕاوەستاندووە. بەڵام ئەم جارە لە باكووری كوردستان جەماوەری ئازادیخواز شەو رۆژ رژاونەتە سەر شەقامەكان و بانگی تۆڵەسەندنەوە دەكەن. ئەمەش ئەوە دەسەڵمێنێت كە ئیدی گەلی كورد سەبری تەواو بووە و ناتوانێت وەك مەڕ سەری خۆی بخاتە ژێر چەقۆ و لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنەكانی دڕندانەی دەوڵەتی توركیا بێ دەنگ بمێنێت.
بەرێز عبدولڵا ئۆجەڵان لە دیدار لەگەڵ پارێزەرەكانی دا پێشتر ڕایگەیاندبوو كە ئەگەر تا كۆتایی حۆزەیران چارەسەری ئاشتیانە دروست نەبێت، ئەوا لە پێواژۆ و قۆناغ خۆی دەكێشێتەوە و بەرپەرسیاری ناگرێتە ئەستۆ. كە واتە ئۆجەلان هەموو هەوڵدانی خۆی بۆ چارسەری پرسی كورد بە شێوازی ئاشتیانە خستووەتە گەڕ. بەڵام یەك لایەنە بووە كە بە یەك دەست چەپڵە لێ نادرێت. ئاشتی یەك لایەنە بەدی نایەت.
بۆیە ئێمە وەك كۆمەلێك گەنجی ئاشتیخواز و دیموكراسیخوازی باشووری كوردستان، بۆ سەقامگیربوونی ئاشتی و دیموكراسی لەناوچەكەو چارەسەری پرسی كورد. دەمانەوێت بەم كەمپین پشتیوانی نەتەوەیی و مرۆڤانەی خۆمان بۆ ئەو گەلی نیشتمان پەروەر و دڵسۆز دەرببڕیین. داوا لەبەرێزتان دەكەین بەبەرپرسیاریەوە لەبەرامبەر ئەم قۆناغی هەستیار هەڵسوكەوت بكەن. وەك گەنجانی باشووری كوردستان داوا لە دەوڵەتی توركیا دەكەین بۆ جارێكیش بووبێت لەناو وڵاتی خۆیدا ئاشتی ڕابگەیەنێت تا پێش خوێن ڕشتن و كارەساتێك كە رووی نەداوە بگیرێت.
بەم كەمپین داوا لەدەوڵەتی توركیا دەكەین:
1 ـ بەزووترین كات بانگی داخوازی ئاشتیانەی كۆماجڤاكێن كوردستان بداتەوە.
2 ـ بۆ دیالۆگ و گفتۆگۆ هەنگاو بەرەو پێش دابنێت.
3 ـ بۆ ئەوەی قۆناغی ئاشتی بكەوێتە ئاراوە، گیراوانی سیاسی دۆزی كەجەكە و منداڵان و گەنجانی كورد بێ قەید و مەرج ئازاد بكرێن.
4 ـ چاڵاكی لەشكری و سنوور بەزاندن لەزووترین كات بێنە راوەستاندن.
دەستپێشخەری گەنجانی باشووری كوردستان
26/7/2010
تێبینى .
بۆ تەواوى ئەم بەرێزانەیى كە ئەم كەمپینەمان پێداون بەرێزان لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا ئێمە لە كوردستان ئەركى هەرە قورسمان لەسەرە بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواكانمان. بۆیە ئێمەش وەكو كۆمەلێك گەنج لە باشورى كوردستان هەڵساوین بە دەستپێكردنى كەمپینیەكى لەم جۆرە، داوا لەبەرێزیشتان دەكەین كە هاوكارمان بن بۆ دانانى كەمپینەكەمان لە ماڵپەرەكەتان بۆ پشگیر كردن لە برایانمان لە باكورى وڵات
ئەمە هەم ئەركێكى مرۆییە و هەم نەتەوەیى، بۆیە بۆسەر خستنى ئەركى ئێمە گەنج سەرخستنى ئەركى خۆتانە بە بەرپرسیاریەوە، بۆ دانانى ئەم كەمپینە بۆ ماوەیەكى دیار لەماڵپەرەكانتان. لەگەڵ سوپاس سەركەوتن
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست