کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ قەزای مەخمور و قەتماغەی برینێک

Thursday, 01/12/2011, 12:00


من کەسێکی بەشدار لە خەباتی چەکداری کوردستان بووم، هەر بۆیە زۆر بابەت و باس هەیە لە سەر کوردستان، کاریگەری تەواوی هەیە لەسەر ویژدان و ئەمهەژێنن.هەر چەندە هەموو جارێک ئەڵێم من چیم داوە لەم سەریەشەیە، خۆ خەڵکی کوردستان خۆیان ووشیارن و ئەتوانن نەک ڕەش و سپی بەڵکو ڕەش وبۆریش لەیەک جیا بکەنەوە، ئەوەندەش زاکیرەیان لاواز نییە ڕووداوەکانی مێژووی نوێی خۆیان بیر نەبێت، یان هەر هیچ نەبێت سەرەتای ڕاپەڕین و سەردانی سەرکردەکانی کوردیان بۆ بەغداد و گرتنەوەی هەولێریان بیر چووبێتەوە) ئەڵێن لە باڵندەدا قەل و لە گیانەوەریشدا پشیلە زاکیرەیان زۆر لاوازە. هەر بۆیە قەل هەموو ئێوارەیەک ئەبێت خاوەنەکەی بیهێنیتەوە ماڵ ئەگینا نازانێت ونایەتەوە. پشیلەش بۆی بووە بە بەدبەختی و پێ ی ئەڵێن بێ سیفەتە و چاکەی کەسی لە بەر چاو نییە، بەڵام بۆ سەگ بووە بە خێر و بە نموونەی وەفا و بە بە سیفەتی بۆی تۆمارکراوە).
مانگ ئابی 1991 ئەڵین لەئابا خورما پێ ئەگات ، گەرما تینی بۆ زەوی هێنابوو، تەنیا و تەنیا ئەو پێشمەرگانەی گەرمیان کە بروا ناکەم لە جەهەنەمیش گەرمایان بێت توانای خۆگریان هەبوو لەنزیک قەرەتەپە و بەرزاییەکانی زەرداو وکوڵەجۆ. من و چەند برادەرێکیش کە خەڵکی گەرمیان نەبووین بۆ بەدبەختی ڕۆح و جەستەمان بۆ ماوەیەکی کەم لەوەردی گەرمی کوڵاو و ئاوی سوێری ئەو ناوچەیەدا گیرسابوینەوە بەهۆی سەرکردەی لەشکری یەکێتی شەهید جەبار فرمانەوە. ئەم سەرکردە گیان بازەش بە یاردە و پێ حسابی لەسەر خاکی کوردستان ئەکرد و داخی خانەقینی لەدەست چووی لەدڵا بوو، هەموو جارێ ئەیووت: من نازانم بۆ دەستم لەم ناوچەیە بەرنابێت، خۆ هەوای خانەقین لەکەلار و مەیدانەوە زۆرتر دێت. لەو کاتەدا بەڕێز مام جەلال لە بەغاگەڕابوەوە و سەفەری ئەوروپای کردبوو، بەڕێز کاک مەسعودیش لەوێ مابوو بۆ ڕێکخستنی ڕێککەوتن. مانەوەی درێژەی کێشا پێ ئەچوو دەرفەتی گەڕانەوەی کەم بووبێت بۆیە پارتی بێ سەرۆک مابوەوە و لەوێوە داوای لێ ئەکرا لە کوردستان چی و چۆن بکرێت و داوای لێکرابوو کە هێزی پێشمەرگە لە زینانە و زەرداو و کوڵەجۆ پاشەکشە پێ بکرێن وپاشان کفریش تەسلیمی هێزی سەربازی عێراقی بکرێت. هەر بۆیە چەندجارێک خوالێ خۆش بوو جەوهەر نامیق و د. ڕۆژ نوری شاوەیس چوونە لای کاک جەبار و فەرمانی سەرۆکیان پێ راگەیاند بەڵام ئەو ئەیووت: وامزانی مەسعود بارزانی ئەڵێت هێزت بۆ ئەنێرم قەرەتەپە ودیالە و خانەقینیش بگرە کەچی داوای چۆڵ کردنی کفریشم لێ ئەکات، نایکەم من مام جەلال سەرۆکمە وتەنیا فەرمانی ئەو جێ بە جێ ئەکەم.. هەر چۆنێ بوو زەرداو و کوڵەجۆ چۆڵکرا بەڵام هێز لە کفری قایم کرا وبڕیاری کۆتایی چۆڵ نەکردن درا وکاک جەبار فرمان بە پێشمەرگەکانی ووت: ئەگەر منیش داوام لێکردن کفری چۆڵ بکەن کەس بە قسەم نەکات.. بە ئەڵوەند و باوەشاسوار سوێندی دان کە (سیلاحیە) واتە کفری و دیالە تا کوتیش کوردستانە.
بەم جۆرە ئەو سنوورە چۆڵ نەکرا ومایەوە لەسەر خاکی کوردستان ونەکەوتە چاوراوی مادەی (140)ەوە و هەر ئەو کات حکومەتی عێراقیش ناچار بوو ئیدارەی قەزای کفری گواستەوە بۆ ناحیەی قەرەتەپە و ئەوێ کرایە قەزا و ئەو سنوورە بەرفراوانە ئێستا و ئەوسا بوو بە کوردستانی ئازاد. قەرەتەپەش بوو بە قەزا.
هەر مانگی ئاب، ئابی 1996 کاتێ سوپای عێراق بە پێشڕەوی پێشمەرگەکانی پارتی و لەسەر فرمانی سەرکردایەتی پارتی بە تانک و زرێپۆش وهێزێکی زەبەلاح هەولێری بۆ پارتی لەدەستی یەکێتی دەرهێنا و داگیری کرد، گەرچی من بەڕاستی هەموو مەرجەکانی حیزبی بەعس نازانم بەڵام دوو شت زۆر بەرچاو بوون، یەکەمیان نزیکەی ١٠٠ کەسی هێزەکەی ئەحمەد چەلەبی((I.N.C تەسلیم بە عێراق کران ئەویش هەموویانی کوشت ولەناوبرد، ناشزانم ئەوانە لەچی خانەیەکی شۆڕشگێڕیدا بوون بەڵام هەموویان دژی ڕژێمەکەی سەدام بوون (کەئەمە تاوانێکی گەورە بوو بەرامبەر مرۆڤایەتی(جگە لە گیران و بێ سەروشوێنکردنی ژمارەیەکی زۆری تریش کەبرانە موسڵ و هەندێکیشیان ئازاد کران کە ئەوان خۆیان ئەزانن چۆن?! 
تا ئابی ١٩٩٦ شارۆچکەی مەخمور و قەرات و دیبەگەو بەشێک لەکەندیناوە لەژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستانا بوو، زۆربەی خەڵکی ناوچەکەش کەیەکێتی ولایەنگرانی بوون درایە دەست حیزبی بەعس و نەشیان هێشت کەس وورتەی لێ بێت. ئەویش پاشان بەبڕیارێکی ئیداری خستیە سەر پاریزگای موسڵ و پارتی خۆی لەو سەریەشەیەش ڕزگار کرد تا ڕووخانی بەعس لە ٢٠٠٣.
ئەمەس هەروا ئاسان ناچێتە سەر وئێستا یەکێکە لەو قەزا گەورانەی نزیکەی ٤٥ کم لە هەولێرەوە دوورە بەڵام سەر بە موسڵەو کۆمەڵێ دێهاتیشی تەعریب کراوە ولەسەر حسابی بوودجەی کوردستانیش نەک ٣٤ ملیار و ٥٦ ملیاری تریشی تیا خەرج بکرێت هەر لە سنووری خۆتان ووتەنی ناوچەی) دوابڕاوە (ئیتر بە بڕیاری ئیداری یان هەر فۆرمێکی تر بێت بە دەستی خۆتان خستووتانە بەر چەقۆی قەساب.
خۆ هەر ئەوەندە نیە کوردە یەزیدیەکان کە تانزیک ئەنبار وسنووری سوریا ئەوانن بە کافر ئەزانن و لێ یان بوون بە خەلیفەی ئیسلام وکوردبوونەکەیانتان خستۆتە ژێر پرسیارەوە!!
گەر سوڵتانی ئەستەنبوڵ وەک میری ئەوسای سۆران وڕەواندز داواتان لێ بکات لە ماوەیەکی زەمەنی کەمدا تەفرو تونایان ئەکەن وەک بەعس قەراری عەگالی بۆ دان ، ئێوەش قەراری عەمامەی سوورتان بۆ ئەدان و ئەتانکردنە کوردی موسڵمان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە