کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


به‌شێک له‌ تاوانه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانییتان بۆ ده‌گێڕمه‌وه‌

Friday, 10/07/2009, 12:00


خوێنه‌ری به‌ڕێز... هاوڵاتیانی کورد، پاش ماوه‌یه‌کی زۆر، له‌ باسنه‌کردن و شاردنه‌وه‌ی تاوانه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی، که‌ من وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کی پارتیی ئاگاداری چه‌ند ڕووداوێکم، هه‌روه‌ها براده‌ر و هاوڕێکانیشم هه‌ندێکیان بۆ گێڕاومه‌ته‌وه‌، به‌ پێویستی ده‌زانم، له‌م کاته‌ ناسکه‌دا، هه‌ندێک له‌و تاوانه‌تان بۆ بگێڕمه‌وه‌، که‌ له‌ماوه‌ی 18 ساڵی ڕابردوودا له‌ نزیکه‌وه‌ دیومه‌، یان بۆیان گێڕاومه‌ته‌وه‌، هیوادارم که‌سانی خاوه‌ن ویژدان، وه‌کو من بێنه‌ ده‌ست و ئه‌وانیش چییان دیوه‌، بۆ مێژوو بیگێڕنه‌وه‌.
کێ له‌ کوشتن وتاڵانکردنی گوندی که‌له‌‌کێن به‌رپرسه‌؟
دوای ئه‌وه‌ی که‌ ته‌رمه‌که‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی له‌ ئیرانه‌وه‌ ده‌هێنرێته‌وه‌، زووربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان له‌ سه‌ر داوای به‌ره‌ی کوردستانی ئه‌وکاته‌ ده‌چنه‌ سه‌ر جاده‌کان بۆ پێشوازیی و به‌ڕێکردنی ته‌رمه‌که‌ی. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ حوسین ئاغای سوورچییش ده‌ڵێن تۆش وه‌ره‌، له‌ وه‌ڵامدا ئه‌ویش ده‌ڵێ من به‌ زیندوویی نه‌چوومه‌ته‌ لای‌، ئێستا به‌ مردووی هه‌رناچم.
ئه‌م قسه‌یه‌ ده‌م مه‌سعود بارزانیی ده‌که‌وێته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ قین له‌ حوسێن ئاغای سورچی هه‌ڵده‌گرێت، هه‌ندێ چه‌کداری گه‌رمیانی وناوچه‌کانی تر ده‌هێنێت، چونکه‌ چه‌کداره‌کانی تری پارتی سه‌ر به‌ ناوچه‌ی بارزان و باڵه‌کایه‌تی وبادینان له‌ به‌ر دوژمنایه‌تیی و حیسابی دواڕۆژ ئاماده‌ نابن ئه‌م کاره‌ بۆ بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود بکه‌ن.بۆیه‌ مه‌سعود فه‌رمان ده‌رده‌کات، که‌ به‌ناوی ئه‌وه‌وه‌ گوایه‌ حسێن اغا هاوکاری یه‌کیتی ده‌کات، له‌ ڕۆژی 17 6 1996 هیرش ده‌که‌نه‌ سه‌رگوندی که‌له‌کێین، حسێن ئاغا ده‌کوژن و گونده‌که‌ش له‌گه‌ڵ زه‌ویی ته‌خت ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت بناغه‌ی خانۆکانیشیان ده‌رده‌هێنن، دار و دره‌خت و سه‌وزایش له‌ ڕه‌گ و ڕێشه‌وه‌ هه‌ڵده‌کێشن، ئه‌م کاره‌ هه‌ر وه‌ک کاریی ئه‌نفالکردن و ڕه‌فتاربه‌عسیانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن. هه‌موو ئه‌م کاره‌ به‌ فه‌رمانی خوودی مه‌سعود ئه‌نجام ده‌درێت، تا ته‌واوبوونی کاره‌که‌، به‌رده‌وام به‌ لاسلکی په‌یوه‌ندییان پێوه‌داکات و هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو چییان ئه‌نجامداوه‌، ئاگاداری ده‌که‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌یان له‌کاتێکدا کرد، که‌ خۆیان ئه‌وهه‌موو ڕاگه‌یاندن و باسکردنه‌یان به‌رده‌وام له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ بوو، که‌ پارێزگاریی به‌ سه‌وزایی و ئاو و هه‌وای ناوچه‌ی بارزانه‌وه‌ ده‌که‌ن، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ دارو دره‌ختی شوێنه‌کانی تری کوردستان له‌ ره‌گ و ڕیشه‌وه‌ ده‌ردێنن. من وه‌کوو کۆنه‌ پارتییه‌ک که‌ هاوبه‌شی ئه‌و کاره‌ ناڕه‌وایه‌م کردووه‌، ئاماده‌م له‌ پاشه‌ڕۆژدا ئه‌گه‌ر دادگایی مه‌سعود کرا، من شایه‌تیی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌ده‌م، که‌ به‌ڵی وه‌ک کۆنه‌ پارتییه‌ک و شاهید حاڵێک دووباره‌ ده‌ڵێم ئه‌مه‌ هه‌مووی به‌ فه‌رمانی شه‌خسی مه‌سعوود بارزانی ئه‌نجام درا. به‌ فه‌رمانی مه‌سعود بارزانیی منداڵی ناو بێشکه‌، ژن، گه‌نج، لاو، کچ و گه‌وره‌ و بچووکی ئه‌و گونده‌ هه‌موویان قه‌ڵاچۆکران و کوژران.
ته‌حسین شاوه‌یس ماڵی حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمودی دایه‌ به‌رتۆپ باران
دیسان نهێنییه‌کی دیکه‌ش ئاشکراده‌که‌م، که‌ هه‌ر به‌ ئه‌مری مه‌سعود بارزانی، ته‌حسین شاوه‌یس ماڵی حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمودی دایه‌ به‌رتۆپ باران، سه‌ره‌نجام یه‌کێک له‌ قاره‌مانترین پیشمه‌رگه‌‌ی شاره‌زور به‌ ناوی مامه‌ والی شه‌هید کراو حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود خۆی ئه‌مه‌ باش ده‌زانێ . له‌ کاتێکدا که‌چی ئیستا حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود له‌ گه‌ڵ سێ حیزبه‌که‌ی تر خۆیان به‌م‌ ئاخیر و ئۆخره‌ به‌پاره‌یه‌کی زۆر به‌ مه‌سعود بارزانی فرۆشت، که‌ ده‌بوو ئه‌وه‌ی له‌ بیر نه‌چوایه‌.
پرسیارلێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌گه‌ر بوونی ئه‌مریکا و هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کانی تر له‌ عێراق وکوردستان نه‌بوایه‌، مه‌سعوود بارزانییه‌ک به‌و دڵه‌ ڕه‌قه‌ وکینه‌ له‌ دڵه‌یه‌وه‌ که‌ له‌ منداڵیه‌وه ‌په‌روه‌رده‌ کراوه و‌ له‌ ماڵی محموداغای زێباری باپیرییه‌وه‌ بۆی جێ ماوه‌ ، که‌ هه‌میشه‌ جاش بن، ئایا ئه‌مڕۆ گرده‌که‌ و جه‌ماعه‌تیی گۆڕان و هه‌موو میراوده‌لی به‌م ده‌رده‌ی گوندی که‌له‌کێن وئه‌وانی تر نه‌ده‌برد؟
بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی خه‌ڵکی شاره‌زوور وگه‌رمیان و هه‌موو تیره ‌و ئێله‌کانی جاف
له‌ 31 ی ئاب 1996 چوار که‌سی قاره‌مان به‌ ناوی (ئه‌حمد سۆیله‌ مێشی، مامۆستا ستار، ئه‌مجه‌دی حاجی غالی و فایه‌ق ڕابه)‌، به‌دیلی و به‌ پالپشتی حکومه‌تی به‌عس له‌ گوندی دێستوک ده‌که‌ونه‌‌ ده‌ست پارتی، دوایی به‌ که‌فاله‌ت ئازادیان ده‌که‌ن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی له‌و ڕۆژه‌دا دوو چه‌کداری بارزانی جامانه‌ سوور له‌ شه‌ڕی سه‌یران به‌ن ده‌کوژرێن، ئه‌م سه‌رۆکی حکومه‌ته‌ی ئێستا که‌ جه‌نابی نیچیرڤان و کچه‌ زاکه‌ی حه‌مه‌ی ئاوره‌حماناغایه‌، یه‌کسه‌ر ئه‌م 4 دیله‌ ئازادکراوه‌ جارێکی تر ده‌گرێته‌وه‌. زۆر که‌س ده‌چن بۆ لای ته‌کلیف و ‌رجا ده‌که‌ن، ئه‌ویش به‌ پاڵ ده‌ریان ده‌کاته‌ ده‌ره‌وه‌ و تکای که‌س وه‌رناگرێت، ده‌ڵێ ئه‌و چوار سۆرانییه‌، ده‌بێت له‌ جێگای ئه‌و دوو بارزانییه‌ بکوژرێت، پاشان ئه‌م 4 قاره‌مانه‌ به‌ زیندوویی له‌گه‌ڵ جه‌نازه‌ی دوو بارزانیه‌که‌، ده‌نێرێت بۆ بارزان بۆ که‌سوکاری بارزانییه‌ کوژراوه‌کان، پێیان ده‌ڵێن ئا ئه‌مانه‌ کوڕه‌کانتانیان کوشتووه،‌ ئه‌وانیش به‌ دارو به‌رد و داس زۆر له‌وه‌ی دوعا (کچه‌ یه‌زیدیه‌که‌ خه‌راپتر‌) ئه‌و 4  دیله‌ وه‌حشیی ئاسا شه‌هید ده‌که‌ن.
به‌فربارینه‌که‌ی 2006 ی هه‌ولێر و سه‌روه‌ری یاسا که‌ی مه‌سعود بارزانی
هه‌ولێر به‌ ده‌گمه‌ن به‌فری لێده‌بارێ، ئه‌وه‌بوو ساڵی 2006 به‌فرێکی باش له‌ هه‌ولێر ده‌بارێت، منداڵی گه‌ڕه‌که‌کان له‌ خۆشییاندا ده‌چنه‌ ده‌رێ و له‌ کۆڵان بۆ یاریکردن و خۆشیی ده‌که‌ونه‌ به‌فرگرتنه‌ یه‌کتر و تۆپه‌ڵه‌ به‌فر بۆ یه‌ك هاویشتن. له‌گه‌ڕه‌کی شۆرش، منداڵه‌کان گه‌مه‌ ده‌که‌ن له ‌گه‌رمه‌ی گه‌مه‌کردنی منداڵه‌کاندا سه‌یاره‌ی، که‌سێکی جامانه‌ سوور، به‌ناوی جه‌لیل جه‌بانی، که‌ ئه‌میش ده‌ڵاڵی نیهاد بارزانی داوینپیس ده‌بێت به‌وێدا تێده‌په‌ڕی و تۆپه‌ڵه‌ به‌فرێک به‌ر سه‌یاره‌که‌ی ئه‌و ده‌که‌وێ، ئه‌ویش له‌ سه‌یاره‌که‌ داده‌به‌زێت ده‌مانچه‌که‌ی ده‌ردێنێ و یه‌کێک له‌ منداڵه‌کان ده‌کوژێت‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌یاره‌که‌ هیچ زیانێکی لێکه‌وتبێت، دوای ئه‌وه‌ که‌سوکاری منداڵه‌که‌، که‌ خێزانێکی هه‌ژارده‌بن، هانا ده‌به‌نه‌ لای مه‌سعود بارزانی ئه‌ویش فه‌رمان ئه‌دا که‌ بیانکه‌نه‌ ده‌رێ و دووریان بخه‌نه‌وه‌. ئه‌و تاوانباره‌ی که‌ ناومان هێنا، تا ئیستا ئازاده‌ و که‌س لێپرسینه‌وه‌شی له‌گه‌ڵدا نه‌کردووه‌.
هه‌میشه‌ ده‌ڵاڵ و پیاوکوژه‌کانی ماڵی مه‌سعود بارزانی له‌ یاسا سه‌روه‌رتربوون .
کاتێ هه‌واڵی ده‌ست به‌سه‌رکردنی به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێرم به‌ر گوێ که‌وت، که‌ له‌لایه‌ن ده‌زگاکانی بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعوده‌وه‌، گرتوویانه‌، ته‌نها له‌ به‌رئه‌وه‌ی به‌پێی یاسا فه‌رمانی گرتنی تاوانبارێکی پیاوکوژی دابوو، تاوانباره‌که‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ لیوای تایبه‌تی  وه‌جیه بارزانی و المهیب الرکن منسور بارزانی بوو.
دیاره‌ ئه‌مه‌ یه‌که‌م جار نییه‌، که‌ ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ کاری وا ئه‌نجام بده‌ن و یاسا بخه‌نه‌ ژێرپێیان، من ده‌مه‌وی نموونه‌یه‌کی تری زیندوو به‌ڵگه‌ نه‌ویستی ترتان وه‌بیربهێنمه‌وه‌:
له مانگی 7 ی‌ساڵی 1996 غازی دۆڵه‌مه‌ری ناسراو به‌ غازی کۆسه‌، که‌ ده‌ڵاڵی وه‌جیه‌ بارزانی بوو ئافره‌تی بۆ ده‌برد.ئه‌م غازییه‌ پیشانگایه‌کی سه‌یاره‌ی هه‌بوو له‌ شه‌قڵاوه ‌(سه‌یاره‌ی دزراو که‌ له‌لایه‌ن باندی دزانه‌وه‌ له‌ مووسڵه‌وه‌ ده‌هێنرا دوای ئه‌وه‌ی خاوه‌نه‌کانیشیان‌ ده‌کوشتن). له‌و سه‌رو به‌نده‌دا چه‌کدارێکی پارتی ڕاده‌کات و سه‌یاره‌یه‌کی غازی کۆسه‌ ده‌بات بۆ ناوچه‌ی ڕانیه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و کاته‌ی یه‌کێتی. له‌ تۆڵه‌ی ئه‌مه‌دا برایه‌کی ئه‌و، که‌ پێشمه‌رگه‌ی پارتیی ده‌بێت، له‌ جیاتیی براکه‌ی ده‌کوژنه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ بۆنه‌یه‌کی تردا ئه‌م غازی دۆڵه‌مه‌رییه‌، که‌سێکی فه‌رمانده‌ی فه‌وجێکی خودی پارتی به‌ ناوی (عومه‌ر شاوری) ئه‌داته‌ به‌ر ده‌سترێژی گووله‌ی کلاشینکۆف، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا ڕووداوه‌که‌ ته‌نها یه‌ک کیلۆمه‌تر له‌ ماڵی مه‌سعوود بارزانییه‌وه‌ دووربوو، واته‌ مه‌سعود ئاگاداری ڕووداوه‌که‌ ده‌بێت و هیچ ده‌نگ ناکات. مه‌سعود بارزانی، که‌ بانگه‌شه‌ی سه‌روه‌ریی یاسا ده‌کات، که‌چی تا ئیستاش ئه‌م غازێی کۆسه‌یه‌ ته‌نها بۆ یه‌ک ڕۆژی سجن نه‌کرا، له‌به‌رئه‌وه‌ی پیاو و ده‌ڵاڵی القائد العامه‌ لقوات الپارتی السید وه‌جیه البارزانی بوو.
عومه‌ره ‌بچکۆلی کۆنه‌ موسته‌شار: له‌ دایکم ده‌پرسم بزانم من کوڕی بارزانیم؟
جه‌نابی مه‌سعود له‌ شه‌ڕی ناوخۆدا بۆ کورد کوشتن له‌ به‌رچاوی خۆم له‌ پشته‌وه‌ ده‌ستی ده‌دا له‌ شانی کۆنه‌ موسته‌شار و ئه‌نفالچیه‌کان، پێی ده‌گووتن: ئێوه‌ کوڕی ڕاسته‌قینه‌ی بارزانین. هه‌تا جارێکیان عومه‌ره ‌بچکۆلی کۆنه‌ موسته‌شار، ئه‌وه‌نده‌ گوێی له‌م قسه‌ و ستایشه‌ی مه‌سعود ده‌بێت، به‌ گاڵته‌وه‌ له‌ لای براده‌ره‌کانی ده‌ڵێ: ئه‌رێ به‌ ڕاست من شکم له‌ خۆمه، وا چاکتره‌‌ له‌ دایکم بپرسم بزانم من کوڕی بارزانیم، له‌گه‌ڵ ئه‌ودا نووستووه‌، یان من کوڕی باوکی خۆمم؟
 برازاکه‌ی مه‌سعود ده‌ستدرێژیی سێکسی له‌ مه‌هه‌ستان کرد، دوای ئه‌وه‌ کوشتیی
ڕووداوێکی دڵته‌زێنی تریش ده‌گێڕمه‌وه‌، که‌ ڕه‌نگه‌ زۆر که‌س بیزانێت، به‌ڵام به‌وه‌ ده‌ست پێده‌که‌م، که‌ له‌ مه‌سعود بارزانی بپرسم: ئه‌گه‌ر یاسا سه‌روه‌ر بوو بۆچی برازاکه‌ی خۆت محاسه‌به‌ نه‌کرد و نه‌ت دا به‌دادگا، کاتێک ده‌ستدرێژیی سێکسی له‌ مه‌هه‌ستان کرد، دوای ئه‌وه‌ی کوشتیشی، دایکه‌که‌ی که‌وته‌ هاوار، پێتان گووت: ئه‌گه‌ر ده‌نگ بکه‌ی تۆش وه‌کو کچه‌که‌ت ده‌کووژین
مه‌هه‌ستان ئه‌و کچه‌ بارزانییه‌ نازدار و جوانه‌ بوو، که‌ له‌ ئێران له‌ دایک بووبوو، گه‌رابوونه‌وه‌ کوردستان، مه‌هه‌ستان کچی شه‌هیدیک بوو، به‌ قه‌ولی خۆیان له‌ شه‌هیده‌کانی ڕێبازی بارزانی بوو.
جه‌نابی مه‌سعود بارزانیی، من هه‌رگیز داوای ته‌مه‌ندرێژیی و له‌ش ساغیت بۆ ناکه‌م، به‌ڕاستیی ئه‌وه‌نده‌ تاوانی تۆم دیوه‌، ئه‌وه‌نده‌م له‌ ده‌می براده‌ران و هاوڕێ پێشمه‌رگه‌کان بیستووه‌، یه‌ک تۆزقاڵ خۆشه‌ویستیم بۆ خۆت و بنه‌ماڵه‌که‌ت نه‌ماوه‌، ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌گه‌ڵتاندا بووم، له‌ ترساندا و له‌ ناچاریی چاوی خۆم له‌ هه‌موو تاوانه‌کان ده‌پۆشی، به‌ نووسینی ئه‌م چه‌ند ڕووداوه‌، که‌مێک ده‌مه‌وێت ویژدانی خۆم ئاسووده‌ بکه‌م، داوای لێبووردن له‌ میلله‌ته‌که‌م ده‌که‌م، ته‌نها داخی من ئه‌وه‌یه‌، که‌ کورد تا ئیستا هیچ سه‌رکرده‌یه‌کی نه‌بووه‌، به‌ڕاستیی له‌ خه‌می ئازادیی و ڕزگاریی بوونیدا بووبێت، جێگای سه‌رسوڕمان نییه‌، که‌ تا ئیستا ڕزگارمان نه‌بووه‌، چونکه‌ نمونه‌ی مه‌سعود و جه‌لالمان هه‌یه‌ و هه‌میشه‌ به‌شخوراو و ژێرده‌سته‌ بووین و ده‌بین، کورد ده‌بێت له‌ ده‌ست ئه‌مانه‌ ڕزگاری بێت، تا ئه‌وسا هه‌وڵی ڕزگاریی و ئازادی خۆی بدات، دوژمنی ئێمه‌  ئه‌م سه‌رکردانه‌ن، رزگاربوون له‌ ده‌ستی داگیرکه‌ر زۆر ئاسانتره‌، وه‌ک له‌ ده‌ستی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی.

کۆنه‌ پێشمه‌گه‌یه‌کی شایه‌تحاڵ‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە