بۆ نازانن كێ گەندەلە؟
Friday, 15/01/2010, 12:00
ماوەیەك پێش ئێستا لە یەكێك لە سایتەكان هەوالێكم بەرچاوكەوت كە دەڵێت (حكومەتی هەرێم پاداشتی ئەوكەسە دەكات كە گەندەلی ئاشكرا دەكات).
لەگەل رێزم بۆ هەموو بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە،بەرێزان پێویست ناكات خۆ ماندوو بكەن وپارە سەرف بكەن ،ئەگەر بەراستی مەبەستان كۆتایی هێنانە بەگەندەلی ئەوە پێویستە لەگەل خۆتان دابنیشن و سەیری خۆتان بكەن و بیرى خۆتان بهێننەوە كە ئەو هەموو سەروەت وسامانەتان چۆن كۆكردۆتەوە وچۆن ولە چ رێگایەك سەرفی دەكەن.بەلام ئەگەر مەبەست و دزیەكی ترە لە بەشە پارەی میللەت لەو رێگایەوە ئەوە شتێكی ترە و قسەى لە سەر ناكەین.وەئەگەر مەبەستان دۆزینەوەى گەندەلەكانە بەراستی. ئەوە بەرێزان ئێمەى جەماوەر و هەژاری ئەم وولاتە زۆر بەئاسانی دەزانین كێ گەندەل و دزە و كێ دلسۆز و پاكە. وەئەگەر ئێوەش بتانەوێت زۆر بەئاسانی بۆتان روون دەبێتەوە.بەلام بەمەرجێك مەبەستان بێت و وەكو ئێمە سەیر بكەن. كە ئێوە هەر بەرپرسێك لە شوێنێك دادەنێن وە بێگومان مووچەو نەسریەكەشی دیارە و پاش ماوەیەكی كورت ئەو كەسە دەبێتە خاوەن چەند خانویەك و سەیارەی دوا مۆدیل و پشكی لە چەند كۆمپانیایەك دەبێت و رۆژانەش تەنها خوا دەزانێت خێزانەكەی چەند سەرف دەكات،ئەوە زۆر بە ئاسانی و بەبێ خۆ ماندوو كردن و سەرف كردنی پارە گەندەل ئاشكرا دەبێت .وەئەگەر ئەمەش ناكەن و دەرهەقی ئەو هەموو بەرپرسە بالا گەندەلە نایەن. لەمەو دوا هەركەسێك دەوری بەرپرسیارەتی دەدەنێ با سەروەت و سامانی خۆی ئاشكرا بكات و چاودێریش بكرێت چونكە ئەمانە فێل لە شەیتان دەكەن ئەمەش ئەگەر مەبەستان بێت و پەیرەوى ئەو پەندە بكەن(پالو لە دەو بەربێتەوە بكەوێتە كۆشەوە هەرقازانجە) . وە منیش هیچ پاداشتم ناوێت بۆ ئەو روون كردنەوەیە...
1/1/2.1.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست