شنه‌بای دیموکراسی، ده‌واری دیکتاتۆره‌کان هه‌ڵتده‌تەکێنی

Monday, 14/02/2011, 12:00


له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستادا که‌ هوشییارییه‌کی گشتیر سه‌ریهه‌ڵداوەو شەپۆلێکە بەڕێوە،‌ لەمەڕ‌ ئا‌ریشە سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریه‌کان، له‌وپه‌ڕی وڵاتانی عه‌ره‌بی تا ئه‌مسه‌ری، ترس و دڵه‌راوکێی خستوه‌ته‌ نێو هزرو بیری سه‌رکرده‌ چەقیوەکانی سه‌ده‌ی رابوردو، ئەوانەی تا هه‌نوکه‌ش خۆیان به‌ فریادره‌سی میله‌تی چه‌وساوه‌و زۆرینە ده‌زانن، به‌ڵام نه‌وه‌ی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ جیاوازتره‌ له‌ بیری چه‌قبه‌ستوی ئه‌وانگەل، چونکه‌ وه‌ک چۆن پێکهاته‌ی سروشت و ژیانی مرۆڤ هه‌میشه‌ له‌ گۆراندایه‌ به‌ هه‌مان میتۆد کارو کرده‌ی سیسته‌م که‌ دروستکراوی بیری مرۆڤه‌ گۆرانکاری به‌سه‌ردا دێت، جا ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رده‌مێکی دیاریکراودا هه‌لێک بۆ که‌سانێک رێک هەڵکە‌وێت و ببنه‌ سوارچاکی مه‌یدان له‌و رۆژگاره‌دا به‌ پێی رەوتەکە مامه‌ڵه‌ نه‌که‌ن و بیر له‌ گۆڕان نه‌که‌نه‌وه،‌ ئه‌وا که‌سانێکی دی به‌ چەپلەو فیکه‌ ده‌یانگۆڕن.. ئه‌ڵبه‌ت نمونه‌ زۆره‌ له‌ مێژووی سیاسیدا وەلێ ناگه‌رێینه‌وه‌ بۆ دیرۆ‌ک به‌ڵکو به‌ کورتی پیاسه‌یه‌ک به‌ روداوه‌کانی ئه‌م دوایه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بیدا ده‌که‌ین .
زۆربه‌مان نه‌مانده‌زانی ژیان وگوزه‌رانی هاوڵاتیانی تونس چۆن ده‌گوزه‌رێت هێنده‌ داخراوبو له‌ هه‌مو رویه‌که‌وه‌ زۆر که‌س وایده‌زانی وه‌ک دیڵین شامی شه‌ریفه،‌ به‌ڵام وه‌ک بۆمبێک له‌ جێگه‌یه‌ک که‌ ناوی به‌هه‌شته‌که‌ به‌ئارامترین شوێن پێناسه‌ کراوه‌ بهه‌ژێنێت (محمد البوعه‌زیزی)به‌ خۆی عه‌ره‌با‌نه‌که‌یه‌وه‌ گڕ له‌ خۆی به‌رده‌دات و ده‌بێته‌ سومبولی شۆڕش و ده‌چێته‌ مێژوه‌وه،‌ گڕی جه‌سته‌ی ئه‌و لاوە‌ هێنده‌ به‌هێزه‌ نه‌ک هه‌ر خه‌زێنه‌که‌ی زین العبادین بن علی به‌ڵکو ئه‌و کورسیه‌ی که‌ 30 ساڵه‌ لکاوه‌ به‌ ژێری شه‌ریفی حسنی مباره‌کیشدا ده‌هارێت چاوه‌روان ده‌کرێت زۆر ده‌واری دیکه‌ی ئه‌و بنه‌ماڵه‌ هه‌لپه‌رستانه‌ هه‌لته‌کێنێ، هه‌ڵکردنی ئه‌م شنەی‌ شه‌مالی‌ دیموکراسیه جەماوەریە گشتگیرە‌ که‌ لە هەمانکاتدا ‌باهۆزێکی توندیشه‌ بۆ چه‌ند بنه‌ماڵیه‌ک که‌ ده‌واره‌کانیان له‌ ژێرەوە‌ هه‌ڵده‌ته‌کێنێت..
ئه‌وه‌ی به‌ گرنگی ده‌زانم ئاماژه‌ی پێ بکه‌م کاردانه‌وه‌ی لایه‌نه‌کانه‌ له‌ سه‌ر ئاستی روداوه‌کان، ئه‌وانه‌ی لە گەڵ شۆڕشه‌کاندان و ئه‌وانه‌ی دیکه‌ش شه‌رمنانه‌ داکۆکی لێ ده‌که‌ن وه‌ک ده‌ڵێن (دوشکه‌ له‌ خۆی به‌ شکه‌)وه‌ک چۆن حوسنی موبارەکی روخاو له‌ سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌ریەکانی میسر هاته‌ سه‌رخه‌تو وتی: بارودۆخی میسر جیاوازه‌ له‌ تونس. هه‌مان ده‌ ق هه‌مان رسته‌ به‌ڵام به‌ کوردی سه‌رکردایه‌تی پارتی و یه‌کیه‌تی دایانه‌وه‌ به‌ گوێی خه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌تی کوردستاندا. پرسیار لێره‌دا ئەوەیە، ئایا به‌راست تونس و میسر وکوردستان جیاوازن؟ ئۆتۆماتیکیه‌ن وه‌ڵام دێته‌ گۆ و پێمانده‌ڵێت: به‌ڵی له هه‌ندێک شت جیاوازن و له‌ زۆر شتیش له‌ یه‌ک ده‌چن، جیاوازن له‌وه‌ی ئه‌وان به‌ عه‌ره‌بی قسه‌ ده‌که‌ن و خه‌لکی کوردساتن به‌ کوردی، ئه‌وان خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و سیاده‌ن خه‌ڵکی کوردستان جگه‌ له‌ خۆیان که‌س دانی خێریان پێدا نانێت، تونس به‌ جیاوازی 3 سال میسر به‌ جیاوازی 10 ساڵ حوکمرانی وڵاتیان کرد، لێ ئەوەشمان بیر نه‌چێت ئه‌و 20 ساڵه‌ی که‌ پارتی و یه‌کێتی حوکمرانی کوردستانیان کرد تژیه‌ له‌ ناشیرینی و نابوتی خۆ ئەگه‌ر ریزبه‌ندی بۆ بکه‌ین ئەوا له‌ پێش تونس و میسره‌وه‌ین بۆ نەهامەتی کوێرەوەری ژیان ە گوزەران، لای ئه‌وان یه‌ک بنه‌ماڵه‌ ده‌ستی گرت بەسەر ‌داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تدا، له‌کوردستان دوو بنه‌ماڵه،‌ ئه‌مه‌ش بوه‌ هۆکاری دروستبونی شەڕی براکان و په‌رتکردنی خێزانه‌کان و کوشتنی ئینتیمای نه‌ته‌وەیی و زیندوکردنه‌وه‌ی پڕۆسەی ئه‌نفال که‌ تائێستاش به‌ ده‌یان خێزان له‌ چاوه‌روانی رۆڵه‌کانیان له‌ زیندانه‌کانی ئه‌و دوو حیزبه‌دا به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ وه ڵامێک وه‌ربگرن، ئه‌وان تا ئاستێک دامه‌زراندن به‌ ته‌زکیه‌ی حیزب نه‌بو به‌ڵام له‌ کوردستانی پارتی ویه‌کیه‌تیدا گه‌ر فه‌له‌کناس بیت له‌ هه‌ولێر گه‌ر وه‌ره‌قه‌یه‌کی زه‌ردت پێ نه‌بێت جوبرا‌ئیل تکات بۆ بکات داتنامه‌زرێنن له‌ سلێمانیش هه‌مان سیسته‌م به‌ڵام جۆری وه‌ره‌قه‌که‌ ده‌بێت سه‌وز بێت.. له‌ هه‌ڵبژاردندا گه‌ر بزانن ده‌نگت به‌ خۆیان نه‌داوه‌ گه‌ر به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ بێت دوای هه‌ڵبژاردن به‌ کارگوزار وه‌رتناگرنه‌وه‌. خاڵێک که‌ زۆر مه‌هزه‌له‌یه‌و جێگه‌ی پێکه‌نینه‌ مه‌ترسی ده‌رو دراوسێیه‌ بۆ سه‌ر ئه‌زمونکه‌مان که‌ گوایه‌ هه‌میشه‌ له‌ بۆسه‌دان ده‌ستبخه‌نه‌ کاروبارمانه‌وه،‌ لێره‌دا وه‌ک کوردێک روده‌که‌مه‌ ئه‌و براده‌رانه‌و زۆر به‌ سادەیی ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ کێبو سوپای قودس و پاسدارانی په‌لکێش ده‌کرد بۆ باشوری کوردستان ؟ ئەدی ئه‌وه‌ کێبو سوپای تورکیای هێنا کە تا ئێستاش ئاڵا چاو و برۆ ئه‌ستێره‌که‌یان له‌ ئاسمانی کوردستاندا ده‌شه‌کێته‌وه‌ ؟! وەکی دەرێ ئەدی ئەوەیان کێهانبو پۆستاڵی سوپای ئه‌نفالی هێنایه‌ سه‌ر په‌رله‌مان ؟.
له‌ تونس و میسر سوپا له‌ژێر فه‌رمانی ده‌وڵه‌ت بو به‌رگریکردن له‌ ده‌ستکه‌وته‌کان و پاراستنی سنورە، کەچی لێره‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سوپاو هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ژێر فه‌رمانی حیزبدایه‌، ئه‌و هێزه‌ی که‌ بڕیاره‌ به‌رگریکار بێت له‌ سنوورو پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کانی گه‌ل به‌ڵام به‌ ده‌یانجار له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌ هاوپه‌یمانه‌کانیانه‌وه‌ سنوره‌کانی کوردستانیان به‌زاندو تۆپبارانی به‌رده‌وامی ئه‌و ده‌وڵته ‌داگیرکه‌رانه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی خه‌ڵکی کوردستان دروستبوە، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان مێشێک میوانی نه‌بوە وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و روداوانه‌ له‌ مۆزه‌مبیق رویاندابێت، که‌چی هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی بێ چه‌ک پرۆژه‌یه‌ک پێشکه‌ش ده‌کات که‌ له‌ دونیای دیموکراسیدا بچوکترین مافه‌، کەچی ئه‌م هێزه‌ی که‌ ناوی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانه‌ ده‌خرێته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌ باشیه‌وەو‌ تانک وده‌بابه‌ ده‌هێنرێته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کانی شار، که‌سێک شاره‌زا نه‌بێت وا ده‌زانێت ئه‌و کۆشک و ته‌لاره‌ به‌رزانه‌ که‌ به‌پاره‌ی دزراوی میلله‌ت دروستکراون، چیا کانی سه‌ر سنوورن.. له‌ خزمه‌تگوزاریشدا که‌موزۆر له‌ یه‌کده‌چین ئه‌وان جاده‌ و رێگاو بانه‌کانیان به‌ پلان و به‌رنامه‌ دروستده‌که‌ن و تا ئاستێکی باش خزمه‌تیان کردوەو کاره‌بای به‌رده‌وامیان هه‌یه‌، لێ له‌ کوردستان پێچه‌وانه‌ی ئه‌مانه‌ هیچ شتێک به‌ پلان نیه،‌ ئه‌م ساڵ جاده‌یه‌ دروستده‌که‌ن دوای 6 مانگ که‌لکی رۆشتنی نه‌ماوه،‌ ئه‌وه‌ له‌ حاڵی کاره‌با هه‌ر مه‌پرسه‌ چون ده‌ڵێی ترافیکه‌ یه‌ک سه‌عات هه‌یه‌و 3 سه‌عات ئیسراحه‌ته،‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م رێبه‌رانه‌ی خۆمان زۆر شانازای پێوه‌ ده‌که‌ن مه‌سه‌له‌ی راگه‌یاندن و رۆژنامه‌گه‌ری ئازاده‌ که‌ گوایه‌ ئه‌وان بواری ته‌واویان ره‌خساندوه‌ بۆ رۆژنامه‌ی ئازاد به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ خۆیان بپرسن ئه‌وه‌ دکتۆر عبدلستار تاهیر شه‌ریف بۆ تیرۆر کرا؟ ئه‌ی ‌کاکه‌ سۆران مامە حەمەی جوانه‌ مه‌رگ بۆ شه‌هید کرا؟ ئەی سه‌رده‌شتی رۆژنامه‌نوس بۆ له‌ پایته‌ختی هه‌رێم به‌ رۆژی روناک رفێندراو گولەبارانکرا؟ ئه‌وه ‌له‌م ماوه‌یه‌ی رابوردودا کێبو ئه‌و ده‌عوا خه‌یاڵیانه‌ی تۆمارکرد له‌ سه‌ر نوسه‌ران و رۆژنامه‌نوسان؟ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م چه‌ند رۆژنامه‌ ئه‌هلی وئۆپۆزسیۆنه‌شدا سه‌دان که‌ناڵی ره‌سمی و سه‌دان رۆژنامه‌ی سێبه‌ریان دژیان کردوه‌ته‌وه ئەوەش‌ له‌ سه‌ر پاره‌ی دزراوی میله‌ت .
دکتۆر فاروق ره ‌فیق ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی ئه‌م جیاوازیانه‌ نه‌بینێت بیر ناکاته‌وه‌ جا ئیتر خه‌ڵک هه‌یه‌ به‌ مه‌به‌ست بیر ناکاته‌وه‌ خه‌ڵكیش هه‌یه ‌به‌رژه‌وه‌ندی له‌وه‌دایه‌ بیر نه‌کاته‌وه.‌ منیش وه‌ک تاکێکی ئه‌م کۆمه‌لگایه‌ روو ده‌که‌مه‌ به‌رپرسه‌کان و ده‌ڵێم: مه‌رۆنه‌ جێگایه‌ک هێنده‌ به‌رزبێت خه‌ڵک به‌ بچوک ببینن، دواجار له‌ بیرتان ىێت خه‌ڵکیش ئێوه‌ به‌بچوک ده‌بێنێت. باهۆزی گۆران سه‌رانسه‌ر ناوچه‌که‌ی گرتوه‌ته‌وه‌ باشتر وایه‌ خۆتان بگۆرێن ده‌نا میلله‌ت بۆ گۆڕان چاوه‌راون ناکات.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە