کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وەزیرى ئەوقاف، پیاوە فاشیلەكەى ناو حزب و حكومەت

Saturday, 07/07/2012, 12:00


كێشەى بزووتنەوەى ئیسلامى كە وەك حزبێكى سیاسى ئیسلامى جیهادى لەسەر گۆڕەپانى كوردستان بەڕێ كەوت هەر لەسەرەتاوە ئالوودەبوونى بووە بەدوو جۆر كەسى خاوەن پۆست لەهەرەمى باڵاى سەركردایەتى خۆیدا، كەسانێكى لێزان و سیاسى و موحەننەك و خاوەن موناوەرەى شەیتانى، هەروەها كەسانێكى نەزان و گەمژەو ساویلەكە كەسەرەڕاى ئەوەى هەر لەراگەیاندنى حزبەكەوە لەكاردابوون لەگەڵیدا بەڵام هێشتا هەر فێرى ئەزموونى سیاسەت و كارى حزبایەتى و هەنگاوى عەمەلى نەبوون و جێگادەستێكى باشیان بە بەبزووتنەوەى ئیسلامییەوە دیارنییە، بەپێچەوانەوە رانەپەڕاندنى ئەركەكانیان و بێ جورئەتیان لەچەندین قۆناغداو تا ئەم لەحزەیەش حزبەكەى بەرەو دواوە بردووەتەوە.
تاقمى یەكەمیان ئەوانەبوون كەلەحزبەكە جیابوونەوەو ئێستا بەهەمان ئالیەتى میكاڤیلى و شەیتانى سیاسەت دەكەن، بەڵام تاقمى دووەم هێشتا زۆربەیان لەناو قیادەى بزووتنەوەدان و حزبەكەیان چەند ساڵێكە تووشى چەقبەستوویى كردووە، یەكێك لەو كەسانەى كە تەمەنێكى دوورو درێژى لەناو سەركردایەتى بزووتنەوەى ئیسلامیدا بەڕێ كردووەو لەجۆرى دووەمى ئەو سەركردانەیە كەبزووتنەوەى بەناخى زەویدا بردووە كاك كامیلى حاجى عەلییە كە ئێستا وەزیرى ئەوقافى هەرێمى كوردستانەو ئەمەش یەكێكە لەهەڵە گەورەكانى قیادەى بزووتنەوە.
ئەم برا بەڕێزە لەسەرەتاى كارى حزبایەتى خۆیەوە مەكتەبى رێكخستنى وەرگرت و زیاتر لەحەوت ساڵ بەرپرسى ئەم مەكتەبەبوو، دواى ئەو هەموو ماوەیەو كاتێك لەدوا كۆنگرەى سەرئەشكەوتانى ناوچەى بتوێندا تەشكیلاتى حزبەكە گۆڕاو مەكتەبەكە بەكەسێكیتر درا، كاك حاجى كامیل تەنها كەسێكى نەبوو رێكى خستبێت و ئەوەى لاى بوو تەنها پێشمەرگە چەك لەشانەكانى بزووتنەوەبوو كە خۆیان بەبێ هیچ رێكخستنێك پێشتر بووبوونە ئەندامى بزووتنەوە، لەماوەى حەوت ساڵدا نەمانبیست پەیكەرى رێكخستن چۆنەو لەكوێوە دەست پێ دەكات و كۆتا پلەى چییە، ئەوەبوو دواتر مامۆستا عەلى باپیر كە لەتاقمى لێزانەكان بوو مەكتەبەكەى وەرگرت و بەهاوكارى و ئیستیغلالكردنى كارى هەندێ كەسى نیتەتپاكى ناو قیادەو قەواعیدى بزووتنەوە تەشكیلاتى خۆى بۆ پێكهێناو لەدەرەوەو ناوەوەى حزب خەڵكى تێدا رێكخست و پاشان مەكتەبەكەى خستە خزمەتى خەتەكەى خۆیەوەو وەك حزبێكى لێكرد لەناو حزبى بزووتنەوەدا(حزب داخل الحزب)، ئەم مەكتەبەشى كردە نەواتى سەرەكى جیابوونەوەكەى و كۆمەڵى لەسەر بینا كرد.
كاك كامیل عەلى یەكێك بوو لەنزیكەكانى مامۆستا مەلا عەلى كۆچكردوو(رەحمەتى خواى لێ بێت)، هەموو كاتێك دڵسۆزانى بزووتنەوە بەتایبەتى كاوادیرو خەڵكە هۆشیارەكەى ناو قەواعید كە هەستیان بەگرێ و كێشەو هەڵەیەكى ناو حزب و دەوروبەرى رابەرى كۆچكردوو دەكرد بۆلاى ئەو دەرۆیشتن و ئاگاداریان دەكردەوە لەدەرەنجامى خراپى ئەو حاڵەت و هەڵەو پەڵانەو پێشنیاریشیان بۆ چاككردن و چارەسەر پێ بوو، داوایان دەكرد لەكاك كامیل كە مامۆستا ئاگادار بكاتەوەو پێشنیازەكەیان بەمامۆستاى رابەر بگەیەنێت، بەڵام ئەم پیاوە بەرێزە هەمیشە شتەكانى بەهەند نەدەگرت و بێ بایەخانە مامەڵەى لەگەڵ پێشهات و رووداوە حەساسەكانى ناو حزبەكەدا دەكردو باوەڕى وابوو كە هەموو شتێك تەسلیم بەقەدەر بكرێت بۆ ئەوەى چاكى بكات، ئیتر بیرى لەوە نەدەكردەوە كە هەر ئەو قەدەرە ئەوى كردووەتە ئەندامى مەكتەبى سیاسى و دەستەى كارگیڕى بزووتنەوە بۆ ئەوەى كارەكانى بۆ چاك بكات!.
كاتێك كۆمەڵى ئیسلامى جیابوویەوەو بزووتنەوە سەرى لێ شێواو تووشى پاشاگەردانى هات، مامۆستاى رابەر بەكێشمەكێشەكانى لەگەڵ ئەو برایانەو شەرعیەت و ناشەرعیەتى جیابوونەوەكەیانەوە خەریك بوو، كاك كامیل عەلى بەرپرسى دەستەى كارگێڕى بوو، هەموو ئەندامان بۆ وەڵامى پرسیارەكانیان و دەستەبەرى پێویستییەكانیان و خستەرووى تەرح و پێشنیارەكانیان بۆ لاى ئەو دەگەڕانەوە، ئەویش بەدەستڕاوەشاندنە سەیرو باوەكانى بەڕێى دەكردن.
لەو چەند هەفتەو مانگەى دواى جیابوونەوەى كۆمەڵ ساحەى بەردەم مەكتەبى سیاسى بزووتنەوە لەئەندامان و پێشمەرگە جمەى دەهات و هەموو رۆژێك دەهاتنە ئەوێ و تا بانگى نێوەڕۆ خۆیان بەقسەو مشتومڕەوە خەریك دەكردو كەسێكى قیادە نەدەهات بەلایانەوە مەوقیفێكى حزبیان بۆ روون بكاتەوە یان رێنموونییەكیان بكات، لەو كاتەدا چەند كادیرێكى هۆشیارى بزووتنەوە رۆیشتنە لاى كاك كامیلى حاجى عەلى و پێیان وت بێت و قسە بۆ ئەو خەڵكە بكات كە هەموو رۆژێك لەو ساحەیەدا كۆدەبنەوەو نیوەڕۆ بەبێ ئومێدى دەگەڕێنەوە، داوایان لەكاك كامیل كرد وەزعى حزبیان بۆ روون بكاتەوەو پێیان بڵێ تواناو ئیمكانیاتى مادى و بوجەى حزبیمان لەقەیراندایەو برایان ئێوە بڕۆنەوەو خەم لەكارو كاسپییەك بخۆن تاخوا درووى خێرمان لێ دەكاتەوەو ئەگەر پێویستیمان پێتان هەبوو ئاگادارتان دەكەینەوە..، كاك كامیل گوێى بەقسەكانى ئەو كادیرانە نەداو پێى وتن من هیچ ناڵێم بەكەس و جوابیان ناكەم باخۆیان بێ تاقەت ببن ئیتر نایەنەوە، یەكێك لەو كادیرانە بە توورەییەوە وتى كاك كامیل ئەمە نەریتى حزبایەتى نییە و حزبایەتى بەو شێوەیە ناكرێت، تۆ ئەگەر خۆت روونكردنەوە بۆ ئەو خەڵكە بدەیت و پێیان بڵێى بڕۆنەوە، دەڕۆنەوەو سبەینێش وتت بێنەوە بەگوێت دەكەن و دێنەوە، بەڵام ئەگەر ئیهمالت كردن و بێ تاقەت بوون ئەو كاتە بەدوعاى شەرو جنێوەوە بەجێتان دەهێڵن و جارێكیتریش نایەنەوە ریشى خۆیان تەسلیم بەئێوە بكەن، كاك كامیل عەلى بەگوێى ئەو كادیرە ژیرانەى نەكردو وردە وردە خەڵكى ناو ساحەى بەردەم مەكتەب سیاسى تەنك بوون و دواجار هەمووى بەمەئیوسى گەڕانەوەو ئیتر نەهاتنەوە، تەنانە دواى چەند ساڵێكیش كە بزووتنەوە ئیمتیازى تەعین و خانەنشینیشى لەحوكمەتەوە پێدرا، ئەو خەڵكە متمانەیان نەبوو بەو قیادەیە تا ناوى خۆیان لایان تۆمار بكەن.
لەماوەى ئەم چەند ساڵەى رابردوودا كاك كامیل عەلى جگە لەكارى رۆتیناتى ناو مەقەڕە بێ كەسەكانى بزووتنەوە تواناى ئەوەى نەبوو هەنگاوێك كارى خۆى و حزبەكەى بەرێتە پێشەوە، هەمیشە بەو شێوەیەش لەخۆى روانیوە كە بزووتنەوە لەسەر دەستى ئەو دەروات و كێشەى تێدا نییە، چونكە ئەو چەمكى حزبایەتى بەو شێوەیە وەرگرتبوو كە كورسى و مێزێكى ناو ژوورى بارەگایەكەو لەدەرەوە لەوحەیەك هەڵواسرابێت و لێى نووسرابێت مەكتەبى سیاسى بزووتنەوە، ئیتر لەدەرەوە چوار هەواداریشت نەبێت گرنگ نییە!.
دواى گەڕانەوەى عیرفانى مامۆستا مەلا عەلى لەهەندەران و نیشتەجێبوونى لەهەولێر بزووتنەوە تا رادەیەكى باش قۆناغى چەقبەستوویى تێپەڕاندو ئەم كوڕەى مامۆستا توانى پەیوەندى بەزۆرێك لەئەندامان و كادیرە كۆنەكانى بزووتنەوەوە بكاتەوەو زۆربەیان لەدەورى بزووتنەوە كۆبكاتەوە، بەتایبەتى دواى ئەوەى مەكتەبى رێكخستنى پێدرا توانى لەزۆربەى شارو شارۆچكەكانى بزووتنەوەدا بارەگا بنیات بنێتەوەو ئاڵاى بزووتنەوە هەڵبكاتەوە، لەیەكەم هەڵبژاردنى دواى گەرانەوەى ئەویش بزووتنەوە توانى دوو ئەندام بەرێتە ناو پەرلەمانى كوردستانەوە، كە ئەمە حاڵەتێكى چاوەڕوان نەكراوبوو.
عیرفان عەلى عەبدولعەزیز توانى هەنگاوى باش بەبزووتنەوە هەڵبگرێت كە پێشتر وەك م.عەلى باپیر دەیوت بووبوویە خەبەرى كانە، بەڵام هەڵەى قیادەو ئیمزاى ئابرووبەرى چوونە ناو لیستى كوردستانى لەلایەن ئەحمەد وەرتى و چەند كەسێكیترى سەركردایەتییەوە حزبەكەى جارێكیتر بردەوە دواوەو ئەو شەرەفەى لێسەندەوە كە تا ئەو كاتە ئاوێتەى هیچ حزبێكى عەلمانى نەبووبوو.
لەسەر بنەماى سەركەوتنى پێشووى ناو هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى كوردستان كە بزووتنەوە وەك لیستى ئیسلامى بەشدارى كرد وەزیرێكى لەحكومەتى هەرێمى كوردستان پێ درا كە قیادە كاك كامیلى حاجى عەلییان بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان كرد، بەداخەوە ئەو قیادەیە لەمێژووى كارو ئەزموونى كاك كامیل شارەزابوون و دەشیانزانى پیاوێكى عەمەلى نییەو جورئەتى بنیانتنان و هەنگاوهەڵهێنانى چۆنە، بەڵام بۆ ئەوەى تۆزێ لەخۆیان دوورى بخەنەوەو بەوە خەریكى بكەن ئەو پۆستەیان پێدا، بیریان لەوە نەكردەوە كە بێ توانایى كاك كامیل لەو وەزارەتەدا بەخراپ لەسەر سومعەى بزووتنەوە دەكەوێت كە بێگومان ئێستا لەسەریان كەوتووە.
كاك كامیل عەلى بوویە وەزیرى ئەوقاف و زیاتر لەدوو ساڵە وەزیرە، تائێستاش تواناى گۆڕانكارییەكى بچووكى نییە لەژوورەكەى خۆشیدا نەك وەزارەتەكەى، سەرەتا مەریوان نەقشبەندى وەك وەزیر رەفتارى دەكردو بەردەوام بەناوى وەزارەتەوە قسەى دەكرد، سوكایەتى بەوەزیر و بێ گوێى ئەم كادیرەى پارتى گەیشتبووە ئاستێك رۆژێك حیمایەیەكى كاك كامیل ئەوەى پێ قبوڵ نەكرێت و پەلامارى مەریوان بدات، دواى ئەوەى كامێراكەى نانێرێت بۆ وێنەگرتنى میوانە بیانییەكانى وەزیر.
تا ماوەیەكى زۆر ئەم كەسە بەوتەو لێدوان و نووسینى ناو رۆژنامەكان لەكاك كامیلى وەزیرى دەخوێندو لەپەیجەكەى خۆى لەفەیسبوك گاڵتەى بەكارەكانى وەزیر دەكرد، وەزیر جورئەتى موحاسەبەیەكى نەبوو، ئەوەبوو دواجار پارتى خۆیان ئەویان گۆڕى و كادیرێكیتریان كردە وتەبێژى وەزارەت، ئێستاش مەریوان لەگاڵتەكردن بەوەزیر نەكەوتووەو هێشتا لەوەزارەتەكەى كاك كامیلیش دەوام دەكات.
بەشداریكردنى بزووتنەوە لەحكومەتەكەى یەكێتى و پارتیدا لەكاتێكدایە كە ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارەى كوردستان زۆر پێویستیان بەبەشدارى حزبەكانی تر هەیەو بۆ لاوازكردنى ئۆپۆزسیۆن ئامادەى بەخشینى هەموو هاوكارى و ئیمتیازێكن بەو حزبەى كەدێتە ناو حكومەتەكەیانەوە، بەڵام وەزیرە بێ كردەوەكەى بزووتنەوە نەیتوانیوە ئەم بارودۆخەش بقۆزێتەوەو هەندێ لەئەندامە رەش و رووتەكانى ناو حزبەكەى لەفەرمانگەو شوێنە حكومییەكاندا دابمەزرێنێت، تەنانەت ئەو چەند كەسەش لەگەڵ خۆیدا بردوونى بۆ نووسینگەكەى دواى دوو ساڵ و تائێستاش نەیتوانیوە وەك كارمەندى وەزارەت ئەمرى وەزارییان بۆ دەربكات و بێ ناونیشان و وەك تەنسیب لەوێ كار دەكەن، تەنها بزووتنەوەیەك دامەزرابێ لەو وەزارەتەدا خەریجێكە كە بەبێ ئەویش هەر دادەمزرا.
یەكێك لەقوربانییەكانى حاڵەتى بێ جورئەتى كاك كامیل حاجى عەلى پارێزەرێكى هەڵەبجەییە كە لەناو حزبیشدا لەحاجى كامیلەوە نزیك بوو، دواى ئەوەى بوو بەوەزیر ئەم برادەرەى بەناوى ئەوەى دەتكەمە راوێژكارى وەزیر بردە هەولێر، ئەویش لەهەڵەبجە باخ و خانووى فرۆشت و خێزانەكەى بردە پایتەخت، مانگ و دووان و دەو دوانزە تێپەڕین و ئەم راوێژكارە وەهمییە محەلى خۆى بۆ دەرنەكەوت لەو وەزارەوتەى كاك كامیلدا، هەر جارەش بەوەزیرى دەوت راوێژكارییەكەى چى بەسەرهات، وەزیر وەك عادەتى خۆى دەستى رادەوەشاندو خۆى مشەوەش دەركردو دەیوت(باشە باشە فڵان دەیكەم پەلە مەكە!!) دواجار ئەم هەژارە بەكۆڵێ خەمەوە وەزارەتى بەجێ هێشتوو لەجێگایەكیترى پایتەخت خۆى دامەزراندەوەو نەشگەڕایەوە بۆ هەڵەبجە.
پێشتر كاتێك كۆمەڵى ئیسلامى چوویە ناو حكومەتەوە یەكێتى و پارتى زۆر گرنگیان بەبەشدارى حزبەكانى تر نەدەدا لەحكومەتەكەیانداو ئیمتیازێكى واشیان پێ نەدەدان، بەڵام چونكە وەزیرەكەیان بەجورئەت و ئیشكەرو بەتوانا بوو سەدان كەسى حزبەكەى لەملاولا دامەزراندو لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا كادیرێكى حزبەكەى هێناو كردى بەوتەبێژى وەزارتەكەى بۆ ئەوەى كەسى دەرەوەى حزبەكەى خۆى بەناوى ئەوەوە قسە نەكات، زەوى بۆ مەڵبەندى هەولێرى كۆمەڵ و شارەكانیتریش وەرگرت و هەر لەحكومەت و یەكێتى و پارتییەوە پارەى بیناكردنەوەكەشى بۆ دابینكردن، لەو كاتەوە مەڵبەندى كۆمەڵى ئیسلامى و ئۆرگانەكانیان لەبیناى خۆیاندان، بەڵام مەكتەبى سیاسى بزووتنەوەى ئیسلامى و مەڵبەندەكەى و رادیۆو هەندێ مەكتەبیشى لەناو بینایەكى كرێدان و مانگانە 45 وەرەقە دۆلار كرێ دەدەن، بۆچى دەبێت بەختى كۆمەڵى ئیسلامى دارا محەمەد بێت و بەختى بزووتنەوەى ئیسلامیش كامیلى حاجى عەلى؟.
سەرەڕاى هەموو ئەمانەش وەزیرەكەى بزووتنەوە ئێستا ئەوەندە لەخۆى رازییە رێز لەئەندامانى حزبەكەشى ناگرێت كە بۆ ئیش و كارێك یان میوانى سەردانى دەكەن و بەچەند كادیرو پێشمەرگەیەكى وتووە: (ئەڵێى بۆ كەڕەجاڵ دێن خۆیان بەوەزارتدا دەكەن!)، باسى ئەوە ناكەم تا ئێستاش تواناى ئەوەى نییە میوانێكى ریگا دوورى حزبەكەى و شارەكەى بەرێتەوە ماڵەوە، چونكە كاتى خۆیشى لەهەڵەبجە كە سەركردایەتى بزووتنەوەى لێبوو ئەو هەموو كەسە روویان لەشارەكەى ئەو دەكرد نەیدەتوانى دوو كەس لە هاورێ قیادەكانى خۆى بەرێتەوە، چونكە لەماڵەوە ئیزنى ئەوەى نەبوو، كەسێكیش سەردانى ناچارى ئەوى دەكرد لەماڵەوە ئازادانە قسەى نەدەكرد.. چونكە كاك كامیل بەحەزەرەوە مامەڵەى دەكرد، تا ئێستاش نازانین بۆچى؟!.
موسیبەتە گەورەكەى بززوتنەوەى ئیسلامى لەئێستاشدا لەوەدایە دواى ئەو مێژووە دوورودرێژە لەفەشەل و بێ بەرهەمى و لاوازى ئەم پیاوە بەرێزەى ناو قیادەى بزووتنەوە، تازە باس لەوە دەكرێت كاك كامیل حاجى عەلى لەكۆنگرەى دەیەمى حزبدا خۆى بۆ رابەرایەتى بزووتنەوە كاندید دەكات!!، لەم بارەیەوە هیچمان پێ ناوترێت جگە لە(لاحول ولا قوە الا بالله).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە