کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خیانەت وەك پیشەی مەلایی و جەلالی

Saturday, 16/10/2021, 22:19


‎خیانەت بە لایڤ

‎لەشەستەكانەوە تا ئیمڕۆ و  لەپێشتریش، خیانەت و دووبەرەكی نێو خۆی كوردان، هۆكارێكی سەرەكی  بووە، بۆ  نەبوونی قەوارەیەكی سەربەخۆ.
‎ڕەنگە ١٦ی ئۆكتۆبەر تەنها ئەوەبێت كەزۆر تازەیەو خۆمان ڕاستەوخۆ لەتیڤیەكانەوە بینمان، چۆن سات بەسات هەردوو  سەركردەو چەكدارەكانی پدك و ینك، بێ بەرگری خاك وخەڵكیان جێ هێشت.
‎ئەگەر خیانەت و دەست تێكەڵكردن بێت لەگەڵ حەشدو حوكمەتی عێڕاق لەلایەن بەشێكی ینك و سەركردەكانی، ئێ خۆ زیاد لەنیوەی خاك و خەڵكی ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی پدك دا  بوو، بۆ ئەوان هاوشێوەی بەناو داستانی پردێ، لەوێ فیشەكێكیان نەتاقاند؟! خۆ لانی كەم ژمارەیەك لەهێزەكانی ینك، لەچەند قۆڵێكی كەركوك شەڕیان كردو دەیانیان لێ بونە قوربانی.
‎دووبز و مەخمور وشەنگال و زومار و دەشتی نەینەوا، بێ ئەوەی تەنها فیشەكێكی تێدا بتەقێ چۆڵكرا، لەكاتێكدا لەژێر حوكمی پدك دا بوو.
‎ كاتێك چەند چەكدارێكی داعش هاتن و بێ تەقە شەنگال و زومارو دەشتی نەینەوایان گرت، هەر پدك خۆی حاكمی یەكەمی ئەو ناوچانە بوو بۆ سی هەزار فیدایەكە ئامادەی شەڕ نەبوون!  برینی شنگال بۆ كورد زۆر لە خاك پیرۆزترە. تۆ بیهێنە بەرچاوت ژن و كچ و مێینەكان بەكۆیلەی سێكس بگرن و نێرینەكانیش وەك ئاژەڵ سەرببڕن، من چیم داوە لەخاك، بێ بونی كەرامەت و بەهای مرۆڤ. تۆ ڕەنگە ڕۆژێك خاك بەدەست بخەیتەوە، بەڵام بۆ هەمیشە ناتوانی كچێنی كچە هەرزەكارێكی خوار هەژدەساڵ و باوكی منداڵێكی پێ پەتی و دەستدرێژی  وەحشیانەی داعش بۆسەر زیاد لە پێنج هەزار كچ و ژن و منداڵی كوردی یەزیدی بگەڕێنیەوە. پدك و ینك دوو ڕووی یەك دراوی قەڵبن، ئەوەی خۆی نەبان نەكات، هەرگیز جیاواز نایان بینێت.
‎ئەگەر خاك بۆ تاكی كورد هێندە پیرۆزو مەزنە، بۆ ڕۆژانە دەیان كورد ئامادەن خۆیان بكەنە قوربانی نێو دەریاو  دووركەونەوە لە نیشتیمانی دایك؟ كام بەرپرس و سەركردەی كورد هەیە خاوەنی ڕەگەزنامەی ووڵاتێكی دەرەوە نەبێ؟  هەركاتێك سەركردە دەم گەرمەكانی سەر تەلەفیزیۆن و دیوەخانەكانی خێڵ، خۆیان و كوڕەكانیان ئامادەی بەرەی پێشەوەی جەنگ بن و وەك ئەوان بژین و بمرن، ئەوكات بڕوایان پێ بكەن كە مەردن و پیاو و ژنی دەوڵەتدارین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە