کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


‎پارلەمان ببەن بۆ كەركوك

Wednesday, 09/11/2016, 21:07


‎نەهەولێرو نەسلێمانی، بەڵكو كەركوك بكەن بەپایتەختی باشوری كوردستان. پارلەمان و وەزارەت و دامەزراوە فەرمیەكان، ببرێنە ئەوشارەی كورد، بەدرێژای مێژوو قوربانی بۆداوە.
‎ڕەنگە تاكە شاری كوردستانیش بێت، كەتا ئێستا شەڕی خۆخۆری و كوردكوژی تێدا نەكرابێت. لەماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردودا، حیزبە باڵادەست و شەڕكەرەكانی كورد، چیان لەدەست هاتبێ بۆسڕینەوەو ناشیرینكردنی یەكتری، بەرامبەر هاووڵاتیانی كوردستان ئەنجامیان داوە، بەتایبەت لەهەولێرو سلێمانی.
‎كەركوك بۆكوردو بەتایبەت باشور، خاڵی گرینگ و كێشە لەسەر بووە، لەنێوان دەسەڵاتی بەغداو خەڵكی كوردستان، بەبەئەنجامدانی كۆبونەوەی پارلەمان و جێگیر كردنی ئەو دامەزراوەیە لەوشارەدا، دوو كێشەی مەزن چارەسەر دەكرێت.
‎كێشەی یەكەم، كەبەحیزبی كردنی هەولێرو سلێمانی لێكەوتۆتەوە، هەریەكە لە ینك و پدك، ئەو دوو شارەیان وەك مۆڵگەو موڵكی حیزبەكانیان قۆرغ كردوە، تاڕادەیەك چارەسەر دەبێ. 
‎بەو مانایەی چیدیكە هێز و حیزبێك بە مۆبایل، وەزیرەكان ڕەوانەی ماڵەوە نەكات، لەولاوەش دەسەڵاتداری زۆرینە لەشارێكدا، بەهێزی چەكداری حیزب، دامەزراوەیەكی گرینگی وەك پارلەمان، زەلیل نەكات. 
‎كێشەی دووەم لەسەر ناسنامەی ئەوشارەیە، بەو مانایەی گرینگیەكی دیكەی جەوهەری كەركوك ئەوەیە، كەچەند نەتەوەیەكی جیاواز لەوشارەدا بوونی هەیە، هەریەكە لەعەرەب و توركمانەكانی ئەوشارەو نەتەوەكانی دیكەش بۆئەوەی شارەكەو خۆیان بەبەشێك لەهەرێم بزانن، نوێنەرانی خۆیان لەناو پارلەمان هەبێت. جگەلەوە
‎لەم ئان و ساتەدا، كە حوكمەتی ناوەندی بێ هێزو شڵەژاوە، باشترین دەرفەتە بۆ گەڕانەوەی یەكجارەكی ئەوشارە بۆسەر هەرێم و كردنە ئەمری واقیع بە بونی بەپایتەختی هەرێم.
‎جیا لەوەش بۆ كاڵ كردنەوەی سنوری دێگەڵە، پێویستە پارلەمان بار بكات بۆ كەركوك.
‎لێرەدا هیچ گومانێكی نەخوازراوخراپ، بەرامبەر خەڵك و دانیشتوانی هیچ شارێك شك نابەم، بەڵكو ئەوە كۆمەڵێك گروپ و چەند حیزبێكن وایان كردوە، بیرو تێڕوانینی خەڵك بۆ شارێك جیاوازبێت ، كەهەموو كون كەلەبەرێكی وەك دیوەخان و تاپۆی حیزبەكەی لێكردوە.
‎سیمای هەر ‎پایتەختێكی دیموكراسی، بەچالاكی و خۆپیشاندان و ڕەنگی جیاوازو بیرو تێڕوانینی دژ بەیەك دەناسرێتەوە، نەك كپ كردن و ڕودونانی نەیارەكانی حیزبێكی دیاری كراو.
‎تا ئەم ساتەش بەشێك لەهاووڵاتیانی هەرێم نەك هەرناتوانن بەئازادی دەنگی ناڕازای لەپایتەخت دەرببڕن، بەڵكو سەردانیكرندنی پایتەخت لەچەندین كوردی ناوەوەو دەرەوە قەدەغەیە، بەسەرۆكی پارلەمانیشەوە، بۆیە ئوگەر ئێمە ڕاستگۆ بین، ئیدی چی پێناسەك نامێنێتەوە بۆ پایتەختی هەرێم. 
‎لەوش گاڵتەجاڕی تر، چەند ساڵێك لەمەوبەر ڕێگا بەجێگری سەرۆكی هەرێم و جێگری حیزبێكی گەورە نەدرا لەبازگەیەكی حیزبەوە بچێتە پایتەخت.
‎كێشەیەكی دیكەی هەرێم، نەبوونی دام و دەزگای نیشتیمانی و نەتەوەی بێلایەنە. هەموو دامەزروەكان بەسەر دووسێ حیزبدا دابەشكراون.بۆ دانانەوەو ڕێكخستنی دامەزراوەكان، گرینگە لەكەركوكەوە بەسیستەمێكی نوێ و سەردەمیانە، بەگیانی فرە نەتەوەی و ڕەنگە جیاوازەكانەوە، پایتەخت پارلەمان بنیاد بندرێتەوە.
‎كەركوك چۆن بۆ كورد گرینگ بووە، لەڕابردوو و ئێستادا، وەهاش ناوو پێگەی تایبەتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەیە.
‎چۆن توركیای دراوسێ جیا لەوەی ئەنقەرە پایتەختی ووڵاتەكەیەتی، بەڵام هەمووكات ئیستەنبوڵ وەك ڕەمزو پێگەی گرینگی جیهانی ئەژمار دەكرێ، بۆیە زۆرێك لەدامەزراوەو سەفارەتی ووڵاتانی جیهان لەئیستەنبوڵدان.
‎بۆ كوردیش بەهەمان شێوە گرینگە قورسای سیاسی و نێودەوڵەتی ڕابكێشێ بو ناوكەركوك، بەتایبەت لەم كاتەدا كەلەژێركۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدایە.
‎لەسبەی زووترنیە بۆئەوەی پارلەمان جاڕی كۆبونەوەی خۆی بدا لەكەركوك، چونكە هیچ بیانویەك بۆ لایەنەكان نیە، لەسەر دوو ئیداری لەوشارەدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە