ئایا بنچینەی کێشەی فەلەستین ئاینییە یان سیاسی!؟
Wednesday, 01/11/2023, 10:01
سەدان ساڵە ئەم کێشە یە هەیە و تا ئیستا کەم کەس دەستی بۆ بنچینەی راستی کێشەکە بردوە . کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل لەسەدەی رابردوەوە دەستی پێ نەکردوە ، وەك هەندێ دەیگێرێتەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ناوچەکە لە ساڵی ١٩٤٨ . وە ناشگەرێتەوە بۆ بەڵێنی بلفۆرکە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئارسەر بلفۆر پێش کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم ،بە نوێنەرایەتی خاوەن شکۆی بەریتانیا ، پێشکەشی رۆتشێلدی کردبوو . بنچینەی ئەم کێشەیە ،زۆر لەوە دێرینترەو دەگەرێتەوە بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئیستا . لەو کاتەوە دەستی پێکردوە ،کە وەك لە پەرتوکە ئاینییەکان هاتوە ،گوایە ئەو زەویە دراوە بە ئیبراهیم ونەوەکانی کە دەکاتە ئیسحاق و ئیسماعیل . لە تەوراتا هاتوە ، پەرتوکی دروست بوون بەشی دەیەم ، خودا لەو رۆژەدا پەیمانێك لەگەڵ ئیبراهیم دەبەستێ و دەڵێ ( ئەم زەویە بە نەوەکانت دەبەخشم ، لە روباری نیلەوە تا روباری فورات ) . رەنگە واتێبگەن ئەم زەویەی خودا بە ئیبراهیمی بەخشیوە ، زەویەکی چۆڵ بوەو کەسی لێ نەژیاوە . لە راستیدا ئەو زەویە دەیان میلەتی لەسەر دەژیاو چەندین نەتەوە بە زەوی وزار و زێدی باوباپیرانیان دەزانی ، میلەتانی وەك قەینیەکان و قەیزیەکان و هیتیەکان و ئاموریرکان و کەنعانیەکان و گرگاشیەکان .. هتد لێدەژیا لە تەوراتدا ناوی دە نەتەوە هاتوە کە لە سەر ئەو خاکانە دەژیان.بە پێی لێکۆڵینەوە زانستیەکان و هەڵکۆڵینە ئارکیۆلۆژییەکان لە خاکی ئیستای ئیسرائیل ، کەنعانیەکان ژیاون . کەواتە ئەو خاکەی کە خودا بەخشیوێتی بە ئیبراهیم و نەوەکانی خاكی کەنعانییەکان بوە . ئەمە بێجگە لەوەی کە خودا جارێکی تر ئەم زەویە دەداتەوە بە موسا وەك لە پەرتوکی دەرچوون هاتوە لە تەورات ( پاشان یەزدان فەرمووی: «چونکە من لە میسردا ناخۆشی گەلەکەمم بینی و گوێم لە هاواریان بوو بەهۆی ستەمکارەکانیانەوە. ئازارەکانیان دەزانم، من هاتمە خوارەوە بۆ ئەوەی لە دەستی میسرییەکان ڕزگاریان بکەم و لەو خاکە دەریانبهێنم بۆ خاکێکی باش و فراوان، بۆ خاکێک کە شیر و هەنگوین لێ دەڕژێت، لە شوێنی کەنعانییەکان،... هیتییەکان و ئەمۆرییەکان و فەریزییەکان و حیڤییەکان و یەبوسییەکان) دیسان خاکی خەڵكی تری پێبەخشین نەك خاكێك کە چۆڵ هۆڵ بێت و کەسی لێنەژێابێت . بەڵام وەك دەرئەکەوێ لە هەردوو جارەکەدا ، ئەگەر هیتیەکان بە باوباپیری کورد دابنرێ ئەوە خودا خاکی کوردیشی پێبەخشیوون .لە پەنای خاكی میلەتانی تردا. بەڵام لە جاری دووهەم خودا فەرمانی کوشتن بۆ جێنیشینە کۆنەکان دەرئەکات و بە موساش دەڵێت کە دەبێ جێبەچێی بکات . هەر بۆیە لەسەر داخوازی خودا موسا کەنعانیەکان قات وقر دەکات وزۆریان لێدەکۆژێ . لەهەمان ئەو کاتەدا ، ناوی فەلەستینیەکانیش دەرئەکەوێ ، بە بروای من ناوی فەلەستین بە پێی پێکهاتەی ناوەکەی دەبێ لەسەر دەمی رۆمای یە خۆرهەڵەتیەکان بە دەستی خستبێ ، هەر وەك بیزەنتین ، کوستەنتین ، بەڵام بە پێی پەرتوکە مێژویەکان فەلەستین لەوە کۆنترە و لە زۆر پەرتوکی مێژووی ناوی هاتوە ، دیارە فەلەستین هیچ پەیوەندی بە عەرەبەوە نیەو ئەم فەلەستینەی ئیستا زۆر جیاوازە وەك لە خوارەوە دێینە سەری . لەگەڵ ئەوەشدا هەر وەك چۆن لە تەورتا هاتوە کە ئەو زەویە بەخشراوە بە ئیبراهیم و نەوەکانی و دواجاش دووپاتی دەکاتەوەو دەیدات بە موساو گەلی ئیسرائیل ، قورئانیش ئەوە دووپات دەکاتەوە ، کە خودا ئەو خاکەی بەخشیوە بە موسا هەر وەك چۆن لە سورەتی مائیدە هاتوە ( (٢٠) ئەی گەلەکەم، بچنە ئەو خاکە پیرۆزەی کە خودا بۆی دیاری کردوون و لەسەر مەگەڕێنەوە دواوە، نەک هەڵگرێنەوە بە دۆراوی ، (٢١) گوتیان: «ئەی موسا، بەڕاستی گەلێکی بەهێزی تێدایە ، و ئێمە ناچینە ناوی تا ئەوان لێی دەرنەچن، ئەگەر لێی دەربچن، ئەوا ئێمە دەچینە ژوورەوە ) ،هەر وەها لە چەندین سورەتی تر هاتوە وەك اعراف و ایسراء .لێرەش خودا زەوی خەڵکی دابەش دەکات و فەرمان دەکات کە لەناویان بەرن . بەڵام ناوی فەلەستین لە هیچ پەرتوکێکی سەرتایی ئیسلام نەهاتوە بەڵکو بە ووڵاتی داود و بیت المقدس ...هتد ناوی هاتوە . دوای هاتنی ئیسلام بۆ فەلەستینی ئیستا خەڵکەکەی تێكەڵ بە کلتوری عەرەب دەبن و دواجاش وەك زۆربەی ووڵاتە عەرەبییەکانی ئیستا دەبن بە بەشێك لەو جەستەیە. ئەوەی راستی بێت لە دەرەوەی مێژونوسانی ئیسلامی و ئەدەبیاتیان تاکو سەد ساڵێ لە بڵاو بونەوەی ئیسلام کەم جار ناوی ئیسلام هاتوە ، بەڵکو پێیانیان دەوت هاجەریەکان ، یان نەوەی ئیسماعیل یان سەراسینەکان . (من بۆ خۆم زۆرم لا سەیر بوو کاتێ لە یۆنان لەگەڵ یۆنانییەک قسەم دەکرد ، بە ئیسلامی ئەوت محەمەدیانەکان ) ، بە پێی پاتریشا کرۆنە و مایکل الان کۆك لە سەردەمی عبدالملك بن مەروان ناوی ئیسلام بەکار هێندراوە ، بەتایبەتیش لە نەخشی مزگەتی قبة الصخرة . هەر وەها لە چەند سەرچاوەیەکی تریشەوە وەك ( ئیسلام لە روانگەی ئەوانی ترەوە نوسینی رۆبێرت هۆیلاند ) ، ( دەستنوسی دێر زوقنی یە لە ساڵی ٧٧٥ ز ) دەتوانین بزانین کە ناوی هاجەریەکان یان ئیسماعیلیەکان پێشتر هەبوە نەوەك ئیسلام و موسڵمان ، هەر بۆیە دەگەرێینەوە بۆ بابەتەکە و دەڵێین لەسەردەمی عەرەبە هاجەریەکان نەوەی ئیسماعیل لە هاجەرەوە و یەهودە ناسریەکان نەوەی ئیسحاق لە ساراوە ، هاوپەیمانییەکی پتەو هەبوو بۆ رزگارکردنی ماڵی پیرۆز بیت المقدس یان ئۆرشالیم لەدەستی بیزەنتینییەکان و فارسەکان بەجیا . هەردووك بەرەی یەك بەرە بابن و ئامۆزای یەکن هەر بۆیە ئەو هاوپەیمانێتیە وایکرد چەندین جار ئەو ناوچانە ئازاد بکرێن . بەڵام لە دوای هاتنی عبد الملك بن مروان ، ناسنامەیەکی تر دەدرێ بە عەرەبە هاجەریەکان و ناوی ئیسلام دەرئەکەوێ و جیایان دەکاتەوە لە یەهودە ناسریەکان . لەو کاتەوە تا ئیستا ئەم دوو گروپە ململانێی ئەوەیانە کێ نەوەی کورە قوربانییەکەی ئیبراهیمە ، ئاخۆ ئیسماعیلە یان ئیسحاق . لاتان سەیر نەبێ لەسەردەمی یەکەمی ئیسلام زۆرترین تاوتێکەرەنی قورئان وەك تەبەری وقورتوبی و چەندین هاوەڵی پەیامبەر محمد قوربانیەکە ئیسحاقە نەك ئیسماعیل، بەڵام دوایی بە هۆی سیاسییەوە گۆردراوە بە ئیسماعیل هەر بۆیە کێشەکە لێرە بەدواوە دەبێت بە کێشەیەکی سیاسی تێکەڵ بە کێشەی ئاینی هەر لەو روانگەیەوە ئەو کێشەیە هیچ کات کۆتایی نایات تا لایەنێك هەبێت مافی ئەو خاکە بۆخۆی بگەرێنێتەوە و بە بەخشینێکی خواوەندی بزانێت . نە عەرەبەکان ئاشتی دەبینن بەو پێ یەی نەوەی ئیسماعیلن و مافی مڵکیەتی ئەو خاکەیان هەیە لە لایەن خوداوە ،نە یەهودییەکان ئاشتی دەبینین تا واتێبگەن ئەو خاکە مافی خۆیانە بە سپۆنسەری دەقی خودایی پێیان بەخشراوە . لە راستیدا هەردوو نەتەوەکە دەتوانن پێکەوە بەئاشتی بژێن لە ژێر فەلەسەفەی کۆنفیدرالیزمی نەتەوی دیموکرات کە فەیلەسوفێکی کوردی زیندانی ، مانیڤیستۆی کردوەو پێشکەشی مرۆڤایەتی کردوە نەك هەر ئەوان بگرە تەواوی مرۆڤایەتی دەتوانێ هەناسەی ئازادی و ئاشتی و پێکەوە ژیان بدات لە ژێر پیادەکردنی ئەو فەلسەفەیە . بەڵام بەو پێی یە ئەو رێگە چارەیە، دژی خواست وپلانی فرەوان خوازی دەوڵەتانی سەرمایەدار و نیۆلیبرالیزمە، ئەوە بە شۆرشی گەلان نەبێ نایەتە دی . گەلان دەبێ هۆشیارانە، درکیان بگات بەئاستی کۆمەڵگای دیموکراتی و پێکەوە ژیان ، دوور لە خواستی دەوڵەت و ناوەندەکانی دژبە مافی ئازادی گەلان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست