کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


 رۆشەنبیر وەك کەسێکی بەرپرسیار

Monday, 07/08/2023, 22:32


لە سەردەمی نەوەتەکانی سەدەی رابردوو ، هاورێ یەکم هەبوو دەرچووی کۆلێژی یاسابوو لەگەڵ ئەوەش زۆر جار لە بازنە رۆشنبیریەکان ئامادەیی هەبوو ، زۆرجاریش ، لە زۆربەی بوارە جیاجیاکان خاوەن رای خۆی ودیدگای خۆی بوو .وا رێکەوت ئەم هاورێیەمان بوو بە ئاسایش لە یەکێ لە پارێزگاکانی هەرێم ، بە هۆی ئەوەی دەرچووی زانکۆ بوو ، دوای ماوەیەکی کەم کرابوو بە ئەفسەر . من ئەم هەنگاوەیم زۆر پێناخۆش بوو ، بە نامەیەكدا گلەییم بۆناردو لە دووتۆی نامەکەش کەمێك سەرزەنیشتم کردبوو . ئەم کێشمەکێشە گەیشتە هاورێیەکی هاوبەشمان و لە دەرفەتێکدا ، لێی پرسیم تۆ بۆ رەخنە لە وویستی ئەم هاورێیەمان دەگری . من ووتم دەزگای ئاسایش دەزگایەکە بۆ کپکردن و دابڵۆسین و زەبر و زەنگ و تۆقاندن ، هەر کەسێ خۆی بە کەسێکی هۆشیار بزانێ دەبێ دژی بێت نەك ببێتە یەكێ لە کەرەسەکانی . ئەویش ووڵامی دامەوە بە نمونەیەك . پێی گووتم هاورێ ، ئەگەر رۆژێ تۆ لەسەر هەڵوێستێك یان رایەکی جیاواز زیندانی بکرێی ، پێت باشە ئەو ئەفسەرەی کە لێکۆڵینەوەت لەگەڵ دەکات کەسێکی هۆشیار و خوێندەوار بێت یان کەسێکی نەخوێندەوار و ناهۆشیار . نمونەیەکی لۆژیکی بوو ، گەر چی ئەوەی ببێتە کەرەسەی ئەو ماشێنە دەق دەگرێ بە کردەوەکانیان و وەك ئەوان رەفتار دەکات و تەنانەت ئەو هۆشیاری یەی کەهەشیەتی ، دەیخاتە خزمەتی ئەو سیستەمەوە . بەڵام لەگەڵ ئەوەش ،ئەو نمونەیەی هاورێکەم ، بوو بە بناغەی تێروانینێکی نوێ لەمندا . من ئەم سەرگورشتەیەم  بۆیە باسکرد، چونکە تێگەیشتم،  یەکێ لە سەرەکیترین رۆڵی رۆشەنبیر ئەوەنی یە خۆی دورە پەرێز بگرێ و جێ چۆڵ بکات بۆ کەسانی نەشارەزاوو نەخوێندەوار و خێڵەكی بەڵکو ئەرکی رۆشەنبیر ئەوەیە ، لە پێناو ئەوەی کە رێگر بێت ئەوکەسانە نەگەنە شوێنە هەستیارەکان و رۆژێ لە رۆژان بریاری چارەنوس ساز لەبری من وتۆ بدەن ، ململانێ و کۆشەشی بەردەوام بکەن  . بەڵام بەداخەوە ئەوەی ، رویدا پێچەوانەی هەموو گونجێکی ئەم دنیایە بوو . ئەوانەی کە هۆشیار بوون ، جێ یەکانی خۆیان بۆ کەسانی ناهۆشیار چۆڵ کرد ، کاتێ بینیان ئەوەی دەگوزەرێ ، دورە لەو دادپەروەرییەی کە دەیان ساڵە تێکۆشانیان بۆی دەکرد . کەسە دەست پاك و دڵسۆز و بەرژەەند نەویستەکان ، هەموو دورکەوتنەوەو جێیان بۆ نادڵسۆز و گەندەڵ وبەرژەوەندخواز جۆڵکرد  .  ئەو جێ چۆڵکردنە هێندە کاریگەری هەبووە کە تا دووسێ نەوەی تر ، پاشەرۆژی ئەم هەرێمۆکەیە بکەوێتە دەستی کەسە هەرە نا شایستەکان ، کەسە هەرە هەلپەرستەکان و کەسە هەرە خێڵەکی و نەخوێندەوارەکان . ئاخۆ ئەگەر کەسی رۆشەنبیر ،  ئەوەی بە خۆی دەڵێ هۆشیار خۆی نەکێشایەتەوە لە گۆرەپانەکاندا و بونی خۆی بەسەلماندایە ،ئەمرۆمان هێندە تاریك دەبوو .؟ بەداخەوە لەسەردەمێکدا  ئەوەی سەرمەشقی رۆشنفکری بوو لە هەرێم بە یەکێ لە خراپترین خراپەکانی ئەو دەسەڵاتە سەقەتەی ووت . با جارێ تاقیبکەینەوە ئەوسا بریاری لەسەر دەدەین . ئاخۆ ئەو کەسانەی ئەوە بیر باوەریان بووبێت بە رۆڵی خۆیان لەبەریگریکردن و هۆشیارکردنەوە ، هەڵساوون  ؟ . ئەوەی رەوشی ئیستای باشوری کوردستان جیادەکاتەوە لە کاتەکانی تر . ئەوەیە بەتەواوەتی سەرجەم کایەکانی کۆمەڵگا و بارودۆخەکانی پەیوەستی ، گەیشتونەتە بن بەست. ئەوەی راستی بێت لە دوای بەهاری 1991 وە  بەردەوام ئەو بارودۆخە بۆشایەکی گەورەی رامیاری و ئابوری و کۆمەڵایەتی .. هتد بە خۆوە بینیوە . هەر کاتێكیش بۆشایی هەبێ ، هەر شتێ ئامادە بێت ئەتوانێ بۆشاییەکە پرکاتەوە . هەر وەك چۆن چاڵی گەورە ئاو پری  دەکاتەوە ،. ئیتر ئەو ئاوە ئاوی سازگاری باران و کانی بێت یان ئاوەرۆی پیس و گەناو بێت . بەڵام بەداخەوە بۆشایی و چاڵە سیاسیەکانی باشوری کوردستان ، لە نەبوونی وویستێکی جدی چاکسازی وکاری دەستەجەمعی ، تەنها بە سیاناوو ئاوەرۆ پڕ دەبێتەوە . دیارە من مەبەستم نییە بڵێم ، ئاسایی یە رۆشنبیر بچیتە ژێر باڵی  ئەو حزبە سەقەت و مشەخۆرانەی هەرێمەوە. بەڵکو ئەو سوپا گەورەیەی رۆشنبیران دەتوانن دەیان ئەلتەرناتیڤ و سەدان رێگەی خەبات بدۆزنەوەو کۆمەڵگای کوردی لە چنگی پارتی بنەماڵەو دەسەڵاتی بۆ ماوە دەربهێنن . ئاسۆ روونە وەلێ تەنها چاوێکی ئەوێ تێی بروانێ و هەنگاوی پتەوی دەوێ  ئاراستەی  گزنگەکانی هەڵاتنی خۆری ئازادی بکرێ . 
 نەهرۆ ئیبراهیم  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە