کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هۆکاری ئاژاوە گێری ئەردۆغان لە جیهاندا

Tuesday, 06/10/2020, 22:49


بۆ ئەوەی بزانین تورکیا لە سایەیی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا بۆ بۆتە مایەی ئاژاوەو ناسەقامگیری بۆ ناوچەکە و بەردەوام پەلهاویشتنی لێرەو لەوێ دەبیندرێت ، دەبێ ئاورێك لە زانستی ئابوری بدەینەوەو هەندێ چەمکی ئابوری شیتەڵ بکەینەوە ، بەدەر لەم کارەش لە هاوکێشەی سیاسی ودەسەڵات گەرایی بگەین و تاوتێی بکەین .
سەرەتا هیچ دوانێ ناکۆک نابن لە بنەرەتدا کاتێ باس باسی سیاسەتی پاوەنخوازی وهەژمونی دەسەڵاتی مۆدێلی رەوتی ئەردۆئیسلامی بێت لە ئارادا . رەنگە زۆربەی زۆری ئەو بەئاگایانەی بەدواچوون بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆغان دەکەن بگەن بەو دەرئەنجامەی کە ، ئەم سەرۆکەی تۆرکیا کە لە هەوڵی فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆی و دواجاش تورکیایە بەسەر زۆرترین ناوچەو سەرزەمینی دەوروبەردا ،، هۆکاری سەرەکی گەرانەوەی خەونی دەوڵەتی عوسمانی پێشوو بێت . ئەم دەرئەنجامە لە سەرێکەوە راستە،، بەو پێ یەی کە بوونی سوپا یان سێبەری هێزی تورکیا لە چەندین ووڵات و شوێن دەبیندرێت ، لە هەر یەك لە عیراق و سوریاو لیبیا وقوبرس و ئەزەربایجان وقەتەر وسۆماڵ . بنکەی سەربازی فراوانی هەیە و سەروەختێکیش،، هەوڵی کردنەوەی بنکەیەکی سەربازی ئەدا ، لە دورگەی سەواکنی سودانی ، بەڵام زوو هەندێ ووڵات وەك سعودیاو میسر و ئیمارات هەوڵەکانیان پوچەڵ کردەوەو ، بەوەلانانی بەشیری خاوەن دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی لە سەر ترۆپکی ووڵات ، بەتەواوی ئەو هاوکێشەیەی بەسەر ئەردۆغاندا هەڵاوگێرکردەوە و کاروباری نۆژەنکردنەوەی دورگەکەش ،وەك خۆی ناچیت بە رێوە،کە درابوو بەچەند کۆمپانیایەکی تورکی ،هەر چەند ئەردۆغان پێداگیری لەسەر ئەو رێکەوتننامەیەی نێوان خۆی و عومەر البشیر دەکات کە بەئامادەیی قەتەر لە ساڵی ٢٠١٧ پێکەوە ئیمزانیان کردبوو ،شآیەنی باسە بە پێی ، یەکێ لە خاڵەکانی ئەو رێکەوین نامەیە مانەوەی تورکیا دەسەبەر دەکات بەو مەرجی راییکردنی کاروبارو کارگێری سەواکن بۆ ماوەی نەوەت و نۆ ساڵ لەدەستدا بێت . تورکیا شوێن پێێ لە ناو ووڵاتانی کەنداو کردۆتەوە و بۆتە بارێکی قورس بەسەر سعودیاو ئیماراتەوە کە ناکۆکی دیدگەی سیاسی و دنیابینی و هەژمونگەرایی و جەمسەرگەرایی ئاینی لە نێووانیاندا بوونی هەیە . بەڵام ئەگەر لە لایەکی ترەوە سێری ئەم هاوکێشەیە بکەین ، دەبینین چەندەی پەلهاویشتنی ئەردۆغان بۆ فروانکردنی دەسەڵاتی تورکیایە وەك نیو ووڵاتگری ،،نیو کۆلۆنی ،لەهەمان کاتدا ، مەبەستی سەرەکی باشکردنی ئابوری ناوخۆی تورکیایە . لێرەدا رەنگە زۆرکەس بە سەرسورمانەوە بپرسن و بڵێن ئاخۆ چ جیاوازی لە نێووان کۆلۆنیالیزمی پێشوو و ئەم نیو کۆلۆنیاییی ئەردۆغانیەدا هەیە ئەی مەگەر مەبەستی ووڵاتگری هەر ئەمە نی یە ؟ . لە راستی دا لە رووکەشدا جیاوازی نی یە ، بێجگە لەوەی ووڵاتانی ئیمپریالیزمی خاوەن ئابوریەکی تۆکمەو تەواوی پێداویستی بەردەوامی دەسەڵاتداری ودەزگاکانی حوکمرانین وبۆ بازار دەگەرێن ئینجا هەوڵی کۆلۆنی ئەدەن بەڵام تورکیا هەوڵی کۆلۆنی کردنی بە پێچەوانەوە یە ،، ئەوەی ئەگوزەرێ لە تورکیا لە دوای ساڵی ٢٠٠٢ وەوە ،، هەنگاونانێکی لەسەرخۆیە بۆ دارمانی دەوڵەت و دەزگاکانی بەتایبەتیش دوای ئەوەی وویستی تاکرەوی ودۆن کیشۆتی ئەردۆغآن وای لێکرد قانزاجی دژە کرداری کودەتاکەی ٢٠١٦ تەنها بۆ کەسایەتی خۆی بقۆزێتەوەو وەك هەلێك مامەڵەی لەگەڵ بکات تا سیستەمی تاکرەوی زیاتر دەسەبەر بکات ، دژەکانیشی بە ئارەزوی خۆی بێ سەرئێشە و کێشە لەسەر شانۆی سیاسی ودەسەڵات دورخاتەوە ،
لە دوای ئەم پێشەکی یە درێژ و ووشکەی باسمان کرد ئیستا کاتی رونکردنەوەی چەند چەمکێکی ئابوری یە کە راستەو خۆ پەیوەندی بە دەسەڵاتی دەوڵەت وشکستەکانی یەوە هەیە ،،
دوای هاتنی ئەردۆغآن بۆ سەر دەسەڵات ،هەوڵی باشكردنی گوزەرانی خەڵکی داو کردیە تاکە ئامانجی دەسەڵاتەکەی ، بەو نیازەی ئەگەر باری دەرامەت وگوزەرانی میلەت باش بوو هەم ئاژاوە کەم دەبێتەو و هەم ئارامی و خۆشگوزەرانی باڵ بەسەر تورکیادا دەکێشێ ، ئەو وڵاتەی کە بە چەندین قۆناغی کەمەر شكێن تێپەرببوو. بۆیە لە چەندین سەکتەرەوە دەست تێوەردانی کرد و بەوپەری نەزانی یەوە ، گۆرانکاری تیاکرد ،، ئەو شەپۆلە خۆشگوزەرانی یەی دنیای دەگرتەوە جار وبار،تورکیاشی دە گرتەوەو خەلکی کەوتبونە سەردەمێکی نوێ و گەشابونەوە ،، ئەردۆغان لەوکاتەدا بەنەزانی واتێگەیشت ئەم خۆش گوزەرانی یە دەرئەنجامی سیاسەتە رەشیدەکانی خۆیەتی و زیاتر برەوی بە دەست تێوەردان دا ،، لە راستیدا هەموو هۆکارێکی خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی جیهان لە ئارادابوو ،، پەرجویەک بوو ، لە ئاکامی شۆرشی تەکنەلۆجی وکارگەی نوێ وئیشکردنی بەردەوامی کرێکاران ، سەقامگیری بازاری دراو تا رادەیەک وزۆری شتومەك و کاڵاوە هاتبوەکایەوە . ئەم هەڵایەی کە نزیکەی پێنج بۆ شەش ساڵێکی خایاند ،لە رێی ماکینە میدیاییەکانی خۆیەوە وێنەیکی زۆر گەورەتریان دا پێ و خۆی لە پێشی هەموویانەوە باوەری پێكرد . لە هەوڵێك بۆ فریاکەوتنی بەهای تورکی کە بەرەو بێ بەهایی دەچوو لەبەر زۆری لە بازاردا ، ئەردۆغان لە ٢٠٠٥ بەیەكجار شەش سفری لەسەر لیرەی تورکی لابرد .چونکە هەم بەهای داشکابوو بەرامبەر دۆلار و هەم هەڵاوسانیش لە بازارەکاندا لە ئارادا بوو ، لە بیرمان نەچێت تا ٢٠١٦ تورکیا بێجگە لە باشوری کوردستان و قوبرس هێز و بنکەی سەربازی لە هیچ شوێنێکی دنیا نەبو تەنها یەك سەربازیشی لەدەرەوەی ووڵات نەبوو بەڵکو سیاسەتی سفر لەگەڵ هەمووی پەیرە دەکرد کە درێژەی کێشا، تا ئەردۆغآن حەزە تاکرەویەکانی بۆ دنیا بەگشتی و بۆ هاوەڵيکانی بەتایبەتی دەرنەکەوتبوو . 
 
تورکیا لەو سەردەمەدا بە چەدندین هەڵاوسانی توندا تێپەری . هەڵاوسان چی یەو کاریگەری چی یە لەسەر دەسەڵات ..
هەڵاوسان بەزمانێکی سادە بەوە پرۆسەیە دەوترێ ، کە بەهای پارە لە نرخی کاڵا کەمتر دەبێت ،، بەواتایەکی تر ئەو پارەیەی کە شتومەتێکی دیاری کراوت پێ دەکری بەهای کرینی هەمان شتومەكی نەمێنێت .ئەوەی راستی بێت لە پاڵ شەرو شۆر وبڵاوبونەوەی نەخۆشی ودرم و برسێتی ، یەکێ لە هەرە گەورەترین هەرەشە بۆسەر هەر دەوڵەتێ ،، هەڵاوسانی بازارەکانێتی . دوچاربونی تورکیا بە هەڵاوسان هۆکاری زۆری هەبوو ، بەڵام ئەتواندرێت لەهەر شوێنێکی دنیا بۆ هەڵاوسان سێ هۆکاری سەرەکی درك پێبکرێ .
یەکەم هۆکاری تێچوون ،، تێچوونی بەرز لە کاتێك رووئەدات کاتێ بەهای کرێ دەست یان نرخی پێکهاتە سەرەکییەکان یان نرخی خانوبەرەو کرێ خانوو بەرزبێتەوە بەوەش نرخ لەسەر کریار یان بەکار بەر بەرز دەبێتەوە .بەهای دراو کەمتر دەبێتەوە .
دووهەم هۆکار ، هۆکاری داواکاری ،، ئەم هۆکارەش لە کاتێك دەرئەکەوێ کاتێ داواکاری بازار زیاتر دەبێت لە دەستەبەرکەردن ،،یان بەرهەم هێنان . ئەم دیاردەیە لەو ووڵات وشوێنانە دەبیندرێت کە بە پەلە دەگەشێنەوە و فرەوان دەبن و دراوو بە لێشاوو دەستی خەڵك دەکەوێت .
سێ هەم هۆکار دەست تێوەردانی دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەتە لە کایە سەرەکی یەکانی ئابوری وبانکی و دراوی و کارگێریانەوە ، بۆ هەر مەبەستێك بێت وەك بۆ ئەوەی گوزەرانی خەڵکی باشتر بکات یان کەلێنێک بۆ گەندەڵی بکاتەوە ،باج بەگشتی و لە هەموو سەکتەرەکان کەم دەکاتەوە ،، بەوەش تاك پارەیەکی زیاتری بۆ دەمێنێتەوەو لەجیاتی کەرەسەی پێویست بیر لە کرینی زیاتردەکاتەوەو بەوەش هاوسەنگی بازار دیسان تێك ئەداتەوە .لەسەروو ئەم هۆکارانەش چاپکردنی دراوو بە بێ بەرامبەر خۆرەیەکە بۆ بازار وئابوری ووڵات دەخواتەوە. لە تورکیا تەواوی هۆکارەکانی هەڵآوسان بوونی هەبوو . ( ئەم ئەتمۆسفیرە لە هەرێمی کوردستانیش دەبیندرا بە جۆرێك لە جۆرەکان) ، بەدەر لەم هۆکارانە ، دەستێوەردانی بەردەوامی دەسەڵاتی سیاسی لە سەکتەرە سەرەکی یەکانی دەزگا جیاوازەکانی ئابوری ووڵات ، بەهای لیرەی لە داشکانێكەوە بۆ داشکانێکی تر دەبرد ،،میزانییەی تورکیا دەستی کرد بە کورت هێنانێکی بەرچاوو ،،دەزگای مۆدیز تورکیای ریز کرد لە لیستی ئەو ووڵاتانەی ئابوریان ناسەقام گیر و ناپارێزراوە ، زوو زوو جێگۆرکێی بە ئاماژەکانی بەردەم ناوەکەی دەکرد و لە پیتی ئەیەوە بۆ بی و دواجاش بی دوو پلوس ،، دەزگای مۆدیز دەزگایەکی سەربەخۆ و تایبەتە بە پۆلێن کردنی باوەرداری دارایی لە بانکەکان و سەنتراڵە داراییەکان . ئەو هێمایانەش کە بە کاری دێنن لە باشەوە بۆ خراپ ریزبەندی دەکرێ . ئەردۆغان بە بەرێارێك دەزگایەکی تورکی دروست کرد بۆ پۆلێنکردنی باوەرداری و رونیکردەوە کە دەزگای مۆدیز بە لایەنگیری ،پیلانی شکانی ئابوری تورکیای هەیە و بەدەستی ئەنقەست هەوڵی تۆڵە لە تورکیا ئەدات .
ئەو گۆرانکاریە بەردەوامانەی لە تورکیا روویان دەدا لە شێوازی ململانێ سیاسیەکان وهەڵسوکەوتی دەسەڵاتی ئەردۆغان بەرامبەریان بێ متمانەییەکی لای وەبەرهێنە بیانیەکان دورست کرد و زۆربەی زۆریان وەك مەلی لانە سوتاو هەڵفرین وتورکیاییان جێ هێشت ،، گرتنی بەردەوامی دژ و بەرهەڵستکار وناکۆكە سیاسیەکان لەدنیا دەنگی دایەوە، بەتایبەتی چەندین کەسایەتی وەك رۆژنامەوان وگەشتیار کە هەڵگری رەگەزنامەی بیانی بوون ورای جیاوزیان هەبوو بۆ دەسەڵاتی تورکیا بەرکەوتن و ئەمەش فیشەکی دواهەناسەی نا بە کەرتی گەشت وگوزار و ناچار بوون داوا لە مەلا وکەسایەتی یەکان بکەن تا ریکلامیان بۆ بکات و گەشتیاریان بۆ رەوانە بکات ،، لەبیرتان نەچێ عەلی قەرەداغی یەکێ بوو لەوانە ، ،لە لایەکی ترەوە خراپ مامەڵەکردن لە گەڵ دۆسێی ئابوری ، بە ئاستێکی نیمچە بنبەست گەیشت لە نێوان ئەردۆغان و بەنکی ناوەندی تورکیا ، چەندین کارمەندی خەوەن ئەزمونی فرەوانی ، گۆری بە کەسە نزیکەکانی خۆی لە ناوو ئەکەپە یان بەخزم و کەس وکار وجێ متمانەی خۆی ،، کورت بینیەکی لە هەڵسوکەوەتە داراییەکان لێ کەوتەوە و دۆخەکەی زیاتر بەرەو خراپی ئەبرد ،، ئەم هەنگاوانە گەیشت بەوەی زاواکەی بکات بە وەزیری ئابوری وتەواوی سیاسەتی بانیکی ودارایی ووڵات بەرەو هەڵدێر بەرێت .ئەم خاڵانە بوونە هۆی پاشەکشێ یەدەگی دراوە سەنگینەکان لە بانکەکانی تورکیا بەتایبەتی بانکی سەنتراڵ کە دەبوا رێژەیەکی بەرچاوی لێبوایە ،،کەم بونی دراوی بیانی بەتایبەتی دۆلار لە بانکی ناوەندی تورکیا هەندێ جار لە ٥٠ ملیار کەمتر دەبوەوە .کاری زەمینهەژێنێکی لەسەر ئابوری تورکیا هەبوو. بۆ ئەوەی ئەم پاڵەپەستۆیە کەم بکاتەوە چيند هەنگاوێکی نا وەك سواپ ئەگریمێنت لە نێوان تورکیا قەتەر یان تورکیا روسیا . سواپ ئەگریمێنت واتای ئەو رێككەتنە دێت کە لە رێیەوە پارەی نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ یەکتری بە پێی دۆخ زیادبکەن ،،دوای ئەوەش خەڵکی بۆ پاڵپشتی ئەردۆغان لەسەر شەقامەکان دۆلاریان سوتان ، ئەم هەنگاوە خەتەرناکترین هەنگاوە کە ئەمەریکا هەرگیز وهەرگیز چاوپۆشی لێناکات .ئەم ئەتمۆسفیرە گەیشت بەوەی تورکیا هەندێ لە نێردراو هاوردەی بە دۆلار نەبێت بەتایبەتی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی بەجۆرێك لە جۆرەکان پەیوەندی بازرگانی و رێکەتن نامەی سیاسی وعەسکەریان لە نێواندا هەیە ، کە ئەمە ئەمەریکا هەمان پێوەری بۆی هەیە کە باسمان کرد ، لەسەرەوە بگرە تووند تریش ، هەموومان دوو دەوڵەتی ناوچەکەمان دی کە بیریان لەو هەنگاوە کردەوەو ئاکامی بیرکردنەوەکەیشانمان بینی گەیشت بەچی مەبەستم سەدام و قەزافی یە . سایکۆلۆجیەتی نەخۆشی ئەردۆغان کە هەر جارە و سۆزە رەگزپەرستێکەی زاڵدەبوو بەسەریداو بە بۆنەو بێ بۆنە هەرەشەی لە دەوروو بەر دەکرد و چەندین جار باجی لەسەر دراوو دیپۆی وەبەر هێنە بیانیەکان زیاد دەکرد ، هاوردە تا دەهات زیادی دەکرد و نێردراووتا دەهات کەمی دەکرد . تا دەهات قەرزەکان لەسەر دەوڵەت زیادی دەکرد ، قەرزەکان و سوودەکانی ژمارەیەکن هەردەم لە هەڵکاشندان ،،سەروو هەموو ئەم کردەوانە ، تێکچونی بەردەوام و فرەوانبوونی ناکۆکی نێووان تورکیا بەلایەك و ئەمەریکا و ئەوروپای یەکگرتوو بەلایەکی تر ، دەرگای لەسەر چەندین سزای ئابوری جۆراوجۆر کردەوە و سەدان کارگە ووەبەر هێنی تورکی مایەپووچ بوون و دەرچون لە هاوکێشەی گەشەسەندنی ئابوری ووڵات و سوپایەکیش لە بێکارەکان رۆژانە زیادی دەکرد ، ئەوروپا ئەو یارمەتی یەی بۆ بەئەندام بوونی لە ئەوروپای یەککگرتوو بری ، سیاسەتی بەرامبەر بەکۆچکردنی پەنابەران و دەستدرێژی سەربازی و هەرشەی بەردەوامی بۆ سەر سنورەکانی یۆنان و کرینی سیستمی بەرگری موشەکی ئێس ٤٠٠ لە روسیاو هەڵسوکەوتی لە گەڵ هێزە ئیسلامی یە توندرەوەکان و شەرەبەردەوامەکانی لە سوریا و بەتایبەتی بەرامبەر بەکورد و کردنەوەی بەرەی شەر لە لیبیا لاوازی تورکیای گەیاندە سەرترۆپکی گشت سنورێك .ئەوەی راستی بێت لەدوای ئەوەی عەمباری نەوت وغازی زەبەلاحی حەوزی دەریای ناوراست ، لە رێی دەزگایەکی ئەمەریکی بەناوی ( یو ئێس جی ئێس )ە دەزگای روپێوی جیۆلۆجی ئەمەریکی لە ساڵی ٢٠١٠ دۆزرایەوە . کە مەزەنەی ژمارەی خەیاڵی وەك ١٢٢ تریلیۆن پێ لە غازی سروشتی و ملیارێك و ٧٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی کردبوو ، بێ گوێدان بە تەواوی عورف و یاسایەکی نێودەوڵەتی ،، خۆی گەیاندە لیبیا ، . بێ توانایی دەسەڵات لە چارەسەرکردنی هەڵاوسان و گرژبونەوە ،، بێ متمانەیی لای تاکی کۆمەڵگا دروست کرد وبەوەش گورزێکی گەورە بەر لیرە کەوت . خەڵکی بەلێشاوو پارەی بیانیان دەکردی و کانزایان پاشەکەوت دەکرد ،ئەوە وای کرد دۆلار لە بازار دواکاری لەسەر بێت و نرخی بەرز بێتەوە بەرامبەر بە لیرە ( نرخی ئەمرۆ یەك دۆلار بەرامبەر ٧،٧٧ لیرەی تورکی یە ) . پێویستی تورکیا بە کرینی نەوت وغاز کە زیاتر لە ٩٣٪ ی لەدەرەوە هاوردە دەکات بە دۆلار . هۆکاری پەلکێشی و کردنەوەی بەردەوامی بەرەی جەنگ روون دەکاتەوە ، ئەو تێچوە زەبەلاحانەی لەو پەلکێشی و یارمەتی و پاڵپشتیو ناردنی هاوکاری لۆجیکی و پرچەکردنە وکردنەوەی سەربازگایانە بە لیرە ئەبژێرێ و بەدۆلار وەری دەگرێتەوە تا نەوت وغآزی پێبکرێ ، لە لایەکی ترەوە ساڵانە ٤٠_٤٥ ملیار دەدات بەنەوت بەم بەڵێننامانەی لە ئیستادا لە نێوانی تورکیا و ووڵاتانی نێڕدەر دا هەیە ،، ئەم رێژەیە رەنگە دووقات سەرکەوێ لە ساڵانی داهاتووی نزیك کاتێ بەڵیننامەکان کۆتاییان دێت . لێرەدا گرنگی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دێتە پێشەوە ، ئەگەر گەندەڵی تیانەکرێ لە هەردوولا ، مەبەستم لایەنی تورکی و هەرێمە و بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەکار نەهێندرێت .
گەرانی بەردەوامی تورکیا لە ئیستادا بۆ سێ شتە لە جیهاندا
یەکەم . گەرانی بەردەوامی بەدوای نەوت وغاز ،بەتایبەتی لە دەریای ناوراست و دەریای رەش
دووهەم. بەرەی نوێی جەنگ تا خۆی بکات بە تەرەف وهۆکارێکی بەشداری بۆ بدۆزێتەوە ، هۆکاری ئیتنی مەزهەبی و دینی و هتد .
سێ هەم دۆزینەوەی ووڵاتێ یان دەوڵەمەندێ کە قەرزی درێژ خایەنی بداتێ و لەم کائۆسە رزگاری بکات .
هەرچەند بانکی فیدراڵی وقەتەر و چەندین کۆمپانیای ناوەو کەسایەتی ودەوڵەمەندی ناوخۆی تورکیا قەرزی زۆریان پێ داوە، کە رێژەکەی تەنها لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵ بیست بیست دەگاتە نزیکەی ١٨ ملیار دولار . بێ ئەوەی لە توانای دەوڵەت هەبێ بۆ دانەوەی ئەم قەرزانە .. ئەم سیاسەتە سەقەت ونا بەرپرسیارەی ئەردۆغان بێ شك تورکیا ،بەرو دارمانی ئابوری دەبات و دابەزینی لیرەش سەر ئەردۆغان ئەخوات ، ئەوەی باسمان کردوە زۆر بەکورتی دەستخستنە سەر هەندێ هۆکار و سیاسەتی ناکامڵی ئەردۆغانە کە بێ ئەوەی درك بە قولی سەکتەرەکانی دەوڵەت داری بکات خۆی تێهەڵ ئەقورتێنێ و دەخالەتی تێ ئەکات، (هەڵبەت زۆر خاڵی تر هەن دەکرا ریزی بکەین ولیستی تایبەتی بۆ بکەینەوە ) ، بەوەش دەوڵەت و دەزگاکانی بەرەو ئیفلیجی و کەوتن دەبات ، بێجگە لەوەی کە کۆڤید ١٩ کارێکی لەوانەی سەرەوە کەمتر نەکردوە بە ئابوری تورکیا ، وەلێ چونکە پرسێکی گشتی و داسەپاوە نەهاتومەتە سەری .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە