بیر و رامانی عەبدولله ئوجەلان ، ئەلتەرناتیفێك بۆ پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان
Tuesday, 30/04/2019, 22:28
ئەمەی سەرەوە ناونیشانی دوا کۆنفرانسی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان كنك بوو، لە شاری برۆکسڵی وولاتی بەلجیکا ، لە رۆژی شەمە بەرواری 20.04.2019 بەرێووەچوو .لەو کۆنفرانسەدا کە لەسێ پانێڵ پێکهاتبوو ، باس لە چەمکی جیاواز و چەندین لایەنەی فکر و بیر ورامانی عەبدولله ئۆجەلان کرا کە ، لە دوو توێی پێنج بەشی بەرگرینامەیی یە مێژوویەکەی نوسیوێتیەوە و بە مانیڤیستۆی شارستانێتی دیموکراتیك دەناسرێتەوە ، بابەتەکانی یەکێتی نەتەوەیی ، پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی کوردستان ، مێژوو ،ئاین،فەلسەفە ، لە پانێلی یەکەمدا باسکرا و لە پانێلی دووهەمدا ،،ناسیونالیزم و ئینتەرناسیونالیزم ، دەوڵەت نەتەوە ، کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیك ، نەتەوەی دیموکراتیك ، خۆسەری دیموکارتیك ، کۆنفیدرالیزمی رۆژهەڵاتی ناوراست ، باسکرا و لە پانێلی سێیەمدا باس لە ژنۆلۆژی و ئیرادە ورێکخستنی سەربەخۆی ژنان باسکرا ،،کە من حەز دەکەم لەسەر ئەم دوو باسەی پانێلی کۆتا، هەڵوەستە بکەم ،،
هەردوو باسەکەی دوا پانێل گرنگیەکی ئێجگار گەورەیان لە خۆ دەبینی بە بۆچونی من چونکە ، کرۆکی فەلسەفەی عەبدولله ئۆجەلان بۆ چارەسەری کێشەی کورد و کێشەی نەتەوەیی ودیموکراتیك و بگرە تەواوی کێشە فەلسەفی و کۆمەڵایتی و چینایەتی و پەروەردەییەکانی جیهان لەوێوە دەست پێدەکات و کۆتایی دێت ،
زاراوەی ژنۆلۆجی بەواتای زانستی ژن ناسی دێت ،،یان زانستی ژن دێت ،،پرۆسەیەکی ژیانکردن و تێفکرین ودووبارە دارشتنەوەی کۆمەڵگایە ، لەسەر بنچینەی دابەشكردنی ئەرک وجولە وبەرهەم هێنان وکایە سیاسی وئابوری و کۆمەڵایەتی یەکانە،، گەرانەوەی رۆلی راستەقینەی ژنە لە دۆزینەوەی چارەسەری و خوودناسی وهۆشیاری بە وەی خۆی هێز و توانای گۆرانکاری وگرتنە دەستی ئاڵوگۆری کۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەیی هەیەو ئەبێبێت ودەسەبەرکردنەوەی هێلکاری پێدانەوەی ئەرکە مێژویەکەی خۆی تی .
ئەگەر مارکس بنچینەی گۆرانکاریەکانی کۆمەڵگای لە هێز و توانای کرێکاردا بینیبێتەوەوبە خاڵی وەرچەرخانی مێژووی چینایەتی و ترۆپکی کۆتایی ململانێیی نێوەندی ئینسانەکانی ئەژمارکردبێ ،، ئەگەر مارکس لە دید و بۆچون و بیر و باوەریدا حەتمیەتی تاریخی لە چاوی گۆرانکاریەکانی بەهای ئابوری وزێد بەها و دیالکتیکی ماتریالیزمیدا بینیبێ و دۆزیبێتیەوە ،،
یان کرۆکی فەلسەفەی فرۆید بۆ شیکاری دەرونی وچارەسەری کێشە ئاڵۆزەکانی مرۆڤایەتی بەدەست نیشانکردنی سەرچاوەی مۆتیڤایەتی نەستی و پەیوەستی بە تێگەیشتنی سێکس و هاوکێشە ناوخویەکانی تاکەوە بوبێ ، یان ئەگەر کرۆکی فەلسەفەی هیگل کە فەلسەفەیەکی عەقڵانی ئایدیالیستی یە وبەرچاورنی بە غیابی رۆلی تاك و روداوە تاریخیەکان دابێ لە قانزاجی حەتمیەتی روداوەکان لە دیزاینکەرێکی باڵاتر و ئایدیالی یەوە ، یان ئەگەر هابەرماسیش بۆ لێکتێگەیشتن و پەیوەندی کردن و کۆمیناکەشن ،، هونەری لێكگەیشتن و خاڵی یەککگرتن و پەیوەندی دۆزینەوەی بەرکەوتبێ ، ئەوە ، عەبدولله ئۆجەلان کرۆکی فەلسەفەکەی بۆ چارەسەری دیمکراتی نەتەوەیی و گرفتی رامیاری وکۆمەڵایەتی و فەلسەفی هاوچەرخ ،، ژنۆلۆژی دەکاتە ژێر زوومی دیدەکانی و پێی وایە ژن بە دووبارە وەرگرتنەوەی ئەرکی مێژووی خۆی تەواوی کێشەکان چارەسەر دەکات و دەبێتە مەکۆی پەروەردەی نەوە جیاجیاکانی کۆمەڵگایەکی تەندورست و کەم کێشەو کەم ناکۆك و هاو تەریب لەگەڵ پیاو هەنگاو دەنێن بۆ پێشەوە چوونی ژیانێکی ئازاد و یەکسان و ئاسایی.
ژنۆلۆجی لەگەڵ ئەوەی بۆ خۆی پرۆسەو ژیانکردنێکی واقعیانەی سەردەمە ، ئەرکی رەخنەگرتنی زانستە کۆمەڵایەتیەکانیشی هەیە دیارە لەبەر ئەوەی ،،تا ئێستا لە هیچ زانکۆ و دەزگا فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و زانستیەکان و دانژگاکان، بەشێکی تایبەت بە ژنانیان نەبوە ، نەتوانراوە کار لەسەر ئەو هێزە گەورەیەی کۆمەڵگا بکرێ ،،وە ئەو لایەنەی کۆمەڵگا نادیا رو تاریك و ناروون ماوەتەوە جا بە مەبەست بووبێت یان نا ، ، بەوەش وەك ئەوە وایە بەشێك لە ژیان نادیار و نەناسراوو بێت .سیستەمە ئایدیالیستیەکان و ئاینزا و تەواوی دەسەڵاتی جەمەسەری پیاوسالاری ، لە دوای وەرگرتنی رۆلی بکەر و وەلا نانی قۆناغی دایکسالاری و فەرامۆشکردنی ژن لە ئاڵوگۆرە سیاسی وئابوری و کۆمەڵایەتیەکان وایان کرد کە مێژوو ، فەلسەفە ،زانست بۆنی پیاوی لێبێت و هەنگاو بەهەنگاو کێشەو ناکۆکییەکان رەنگێکی تر وەربگرن و لەسروشت دورکەونەوە ،،چونکە ژن و سروشت هەردووکیان یەکن و سەرتا و دەسپێکی ژیانن بەوەش لە وەکاتەوە تا ئێستا کێشەو ململانێکان زیاتر بۆ کوشتنی ژیان بوونە نەك بۆ ژیانکردن و ئازادی وخۆشبەختی . ژن واتای ژیانە و بێ ژنناسی ژیان ناتەواوی بەخۆوە دەبینێ ،،
لە سۆنگەی ئەوەی کە کۆمەڵگا ئازاد نابێت تا ژن تێیدا ئازاد نەبێت،، بیرێکی چر و بیرکردنەوەیەکی نوێ لە فەرهەنگی ئازادیخوازانەی نەتەوەیی لەلای عەبدولله ئۆجەلان هاتە کایەوەو ژنۆلۆجی پتر لە خەباتی فیمنیزمی لا پەسەند بوو بەوەی زیاتر ووڵامی پرسیارە فەلسەفی وبایۆلۆجی و سۆسیۆلۆجیەکان دەداتەوە ،، راستیەکی نزیك لە یەقینە کە هەم لە بواری جەستەی و هەم لە بواری توانای مانەوە ژن بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا پێكدەهێنێ و تا ژن نەناسراو بێت گەورەترین بەشی کۆمەڵگا بەتاریکی دەمێنێتەوە . رۆشن کردنەوەی سەرەتا ودۆخی ژن لە مێژوی بەستنەوە ووابەستەکردنیەوە تا داگیرکردن و تەحەکووم پێکردنیەوە لە بوارە ئابوری وسیاسی و چالاکی یە کۆمەڵایەتیەکانی تری کۆمەڵگادا ،،سودێکی زۆرمان پێدەگەیەنێ لە ئاشکراکردنی تەواوی مێژوی نسکۆ و شکستە کۆمەڵایەتیەکانی مرۆڤایەتی لە دوای دەسەڵاتدارێتی پیاوسالاری و کۆژانەوەی رۆلی ژن کە وەك خواوەندێك دەبینراو سەروشت ئاسا بە چاوی خولقێنەر و ماکینەی بەرهەم هێنان و بەردەوامی دابینکردنی ئامراز وپەرسەندنە ئابوریەکان چاوی لێدەکرا .
ئەوەی تا ئێستا لە جیهانی زانست و چالاکییە کۆمەڵآیەتیەکان رەوایەتی وەرگرتوە ، بەلابردنی تێگەیشتن بوە لە زانست ،بەبیرێکی پیاوسالاری وسەرمایەداری یەوە هەربۆیە ژن وەك کاڵایەك و وەك جەستە سێرکراوە لە باشترین حاڵەتیشدا وەك کارگەیەکی بەرهەمهێنانی مناڵ بەکار هێنراوەو دووریان خستۆتەوە لە رۆلە مێژوە راستەقینەکەی خۆی ،، ژنۆلۆجی بێ گومان رێخۆشکەر دەبێت بۆ دیراسەکردنێکی قول و وورد لەبارەی باڵا دەستی ئایدۆلۆژی و دەسەڵاتی هزری دژە ژن و دووبارە شیکردنەوەی بە تێگەیشتنێکی بێ لایەنگیری و راستەوە ، ئەمانەو زۆر لایەنی تری ژنۆلۆژی کە پاکێجێکی تەواوە بۆ چارسەری ناکۆکی و کێشەی دوالیزمی نێوان پیاو ژن و تاك و کۆمەڵگاو پەیرەکردنێکی دیموکراتیانەی مرۆڤایەتی وپەروەردەیەکی راستەقینەی سەردەمیانەیە بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا ،، ئەوەی راستی بێت ، هەر دوو خاتوون ژیلە سورچی ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و خاتوو فەزیڵە یڵدرم چالەکەوانی بزوتنەوەی ئازادی ژنانی کوردستان لەماوەیەکی کەمدا باسێکی تێری ئەم تێزەیان کرد لە روانگەی بیرو رامانی عەبدولله ئۆجەلاندا ئەوەی من دەمەوێ زیاتر ئاماژەی پێبکەم ، ئەوەیە کە گەشەسەندی فکر لە بەردەوامی خۆیدایەو بەردەوام تێز ودید وهزری نوێ دێتە پێشەوە بۆ چارەسەری کێشەو ناکۆکییەکانی کۆمەڵگاو مرۆڤایەتی ،، ئەم دیدی ژنۆلۆجی یە،، کە جینۆلۆجی ژن لە بوون و کۆمەڵگا دەستنیشاندەکات ، گۆرەپانێکی فیکری و سوسیۆلۆجی وسیاسی وسایکۆلۆجی گەورەیە و دەرگایەکی واڵاشە بۆ پەرپێدان و گەشەسەندن . جێی خۆیەتی قەڵەمە زیندوەکان ، پەرەی پێبدەن و بەرەو ئاستێکی بەرفرەوانتری بەرن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست