ناڕەزایەتییەكان بەرەو ناوەندەكانی خوێندن‌و فەرمانگە‌و ناوەندەكانی كار دەچێت

Sunday, 24/04/2011, 12:00


یەكێتی‌و پارتی شار‌و شارۆچكەكانی كوردستانیان كردۆتە سەربازگەیەكی گەورە‌و ژیانی ئاساییان تێدا نەهێشتوو تا لەو رێگایەوە كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان‌و بززوتنەوەی ناڕەزایەتی كوردستان بهێنن، بەڵام بەپێچەوانەی ویستی ئەوان ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییە رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو فراوانتر‌و بەهێزتر دەچێت‌و لەمەیدانی شارەكانەوە بەرەو ناوەندەكانی خوێندن‌و فەرمانگە‌و ناوەندەكانی كار دەچێت‌و ئەم جارە شوێنی ژیان‌و كار دەبێتە مەیدانەكانی ئازادی.
دوێنێ‌ خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی‌و بەشێك لە پەیمانگاكان‌و كارمەندانی زانكۆ سەرەتایەكی تریان لە خەباتی مەدەنی دەست پێكرد‌و ئەمڕۆ مامۆستایان‌و خوێندكارانی زانكۆی كۆیەو پەیمانگاكان‌و جەماوەری قەڵادزێ‌ بە مانگرتن‌و بایكۆتی خوێندن‌و بایكۆتی یادە رەسمییەكان دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرز كردەوە.
ئەمڕۆیش بە دیاریكراوی، مامۆستایانی كوردستان لە سلێمانی‌و رانیە‌و چوارقوڕنە‌و هەڵەبجە‌و بازیان‌و چەندان شوێنی تردا لەپێناو گێڕانەوەی ئاسایش‌و هێمنی بۆ ناو شارو شارۆچكەكانی كوردستان‌و چۆڵكردنی شارەكان لەو هێزە بَشومارە چەكدارەی كون‌و كەلەبەریان تەنیووە، نەچوونە ناو پۆلەكانی خوێندن‌و هاوكات ماوەیەكی 48 كاتژمێریان داناوە بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامەكانیان.
ئێمە سەرباری پشتگیری تەواوەتی لەو مانگرتن‌و خۆپیشاندانانە، داوا لە سەرجەم خوێندكاران‌و مامۆستایانی كوردستان دەكەین كە ریزی ناڕەزایەتییە فراوانتر بكەن‌و هاوكات داوا لە فەرمانبەران‌و كرێكارانی فەرمانگە‌و دامەزراوەو ناوەندەكانی كار دەكەین پەیوەست بن بەم مانگرتنە، چونكە ئەمە لە ئێستادا یەكێكە لەو رێگایانەی، كە دەتوانێت چۆك بە دەسەڵات دابدات‌و ناوەندەكانی شار‌و شارۆچكەكان لە سەركوت‌و شەڕێكی نەخوازراو دوور بحاتەوە‌و ناچاریان بكات مل بە ویست‌و ئیرادەی جەماوەری كوردستان بدەن.

سەركەوتووبێت بایكۆت‌و مانگرتنەكان
تۆڕی شۆڕشگێڕانی سەرای ئازادی
24/4/2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە