پارتی چارەسەری؛ بەشداری كورد لەحكومەتی ئێراقدا بێ ستراتیجیەتێكی هاوبەش و بێ گەرەنتی ماف و داخوازیەكانی گەلی كورد هەڵەیەكی تری مێژوویی بوو
Thursday, 11/09/2014, 12:00
لەكاتێكدا گۆرانكاری گرنگ لەهەرێمەكەدا دروست دەبێت و گەلەكەمان لەسەرتاسەری كوردستاندا لەبەرخودانیەكی گرنگدایە بەتایبەتی بەرخودانی گەلەكەمان لەرۆژئاوای كوردستان و تێكشكاندنی هەموو هێرشەكانی هێزە تیرۆرستیەكانی داعش هێز و باوەڕیەكی گرنگی دایە هەموو گەلی كورد. لەباشوری كوردستاندا جارێكیتر گەلەكەمان روبەروی كۆمەڵكوژییەكی زۆر دژواربویەوە لەشەنگالدا كە خۆی لەخۆیدا جینۆسادیكی تر بوو لەدووبارەبوونەوەی ئەنفال و كیمیاباران لەسەرگەلەكەمان. بێگومان حكومەتی ئێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیاری یەكەمن لەتەدبیرنەگرتنیان لەپاراستنی گەل لەبەرامبەر هەرهێرشێك. دیسان نەبوونی هەڵوێستی كرداریانەی هەموو هێزە نێودەوڵەتیەكان هەتا ئەم ساتەش تاوانێكی ترە لەبەرامبەر مرۆڤایەتی. لەكاتێكدا كە كورد جارێكی تر تەنها بەیەكگرتنی هێزی خۆی و بەبەشداری هەموو هێزەكانی پاراستنی هەپەگە و یەپەگە توانرا لەشەنگال و مەخمور و كەركوك و جەلەولاو و دوزخورماتوو بەرخودانی پێشبخات، بەڵام ئەمجارەشیان كورد بەبێ گەرەنتی كردنی یەك خاڵی داخوازیەكانی فراكسیونی كوردستانی و زۆر بەپەرشووبڵاوی و بەكۆمەڵیك سازشەوە و بەبێ ستراتیجیەتێكی یەكگرتووانە بەشداری لەحكومەتی ئێراقدا كرد. سەرەرای زۆرترین ئەزموون لەگەڵ حكومەتی ئێراق و پەیمانە زارەكیەكانی ئەمریكا و هێزە نێودەوڵەتیەكان جارێكی تر كورد هەموو هێلكەكانی كردە یەك سەبەتەوە و پێشكەشی حكومەتی ئێراقی كرد. پێویست بوو وەفدی دانوستكاری كورد كۆمەڵیك خاڵی گرنگی وەك پەیمانامەیەك لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ئێراقدا واژۆ بكردایە هەتا تەواوی مەرجەكانی كورد بۆ بەشداریكردن لەحكومەتدا بەواژۆ و بەشێوەیكی شەفاف پەسەند نەكردایە كورد بەشداری لەحكومەتدا نەكردایە. بەتایبەتی مەرجی زۆرگرنگیش گۆرینی دەستوربوایە بەئاراستەیەك كەدان بەهێزی پێشەمەرگەدا بنرێـت وەك هێزی پاراستنی فەرمی هەرێمی كورد چۆن سوپای ئێراق بەفەرمی دەناسێت بەو شێوەش هێزی پێشمەرگە بناسێت. دیسان كێشەكانی نەوت و مووچە و مافە فیدراڵیەكایەكان بەتایبەت ماف و دەستەرۆیەكانی هەرێمی كورد و دیسان گەرانەوەی هەموو ئەوناوچانەی ئێستا لەلایەن هێزی كوردستانیەوە دەپارێزرێت و زۆرترین قوربانی بۆ درا لەئاستێكدا بكەوتایە گەرەنتیەوە وەك هەرێمی كوردی و بگەرێتەوە سەرهەرێمی كوردستان، بەڵام یەكێك لەم خاڵانە گۆرانكاری بەسەردا نەهاتووە.
ئەو ووتارە بریقەدارانەی ئەو هێز و لایەنانەی كە لەحكومەتی هەرێمی كوردستاندا بەشدارن بەردەوام وەك پیشەی هەمیشەییان رای گشتی خەڵكیان پێ هەڵدەخەڵەتاند و تەنها دروشمی هەڵبژاردن بوو و یەكێك لەودروشمانە لەكرداردا جێبەجێ نەكرا. ئەم شێوە بەشداریبوونەی كورد بەكۆمەڵێك زیانەوە بوو و زەربە لێدانێكی زۆر گەورە بوو لەهەموو ئەو دەسكەوتانەی كە گەلەكەمان بە بەرخودانیەكی بێ وێنەی گەریلا و پێشمەرگە بەدەستكەوتن بەتایبەتی لەو هەرێمانەی كە كێشەی لەسەرە. دیسان لەگەڵ ئەوەی كوتلەی سوننە كاریگەریەكی زۆریان لەسەر هێزە تیرۆرسیتەكانی داعش هەیە و حكومەتی ئێراق خاوەنی سوپایەكی گەورەیە، ئێستا بەهەزاران ژنی ئێزدی زیندانین و بازرگانیان پێوە دەكرێت لەدەستی هێزە تیرۆرستەكانی داعش و لەناوجەرگەی ئێراقدا. دەبوایە هەری كەم یەكێك لەمەرجەكانی بەشداری كورد لەحكومەتی ئێراقدا ئازادكردنی بەپەلەی ئەو ژنە دیلانە بوایە و مەرجی تەواویان لەگەڵ هەموو كوتلەكانی ئێراق ئەوە بوایە، بەڵام بێدەنگ بوونێكی زۆر مەترسیدار هەیە و بێدەنگیش لەسەر ئەو كۆمەڵكوژییە هەیە. ئەوەی دەردەكەوێت جارێكیتر هەرلایەنێكی كوردی بێگوێدانە داخوازیەكانی كورد وەك هەموو جارێكیتر راكردنە بەدوای پارە و پۆستە شكلیەكاندا. لەبەرامبەر ئەم تاوانانە كە بەهەموو شێوەیك سازش لەسەر مافەرەواكانی كورد كراوە، دڵی خۆیان بەكۆمەڵیك پەیمانی شەفەوی ئەمریكا خۆش دەكەن كە بەدرێژای مێژوو ئەمریكا و هێزە هاوپەیمانیەكانی یەكێك لەپەیمانە شەفەویەكانیان بۆ كورد جێبەجی َنەكردووە.
هەرپێنج لایەن (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆران، كۆمەڵ و یەكگرتوو)بەرپرسیارن هەرچەندە باس لەكۆبوونەوە دەكەن لەنێوان لایەنە سیاسیەكاندا، بەڵام ریكنەكەوتوون، هەریەك لەم هێزانە لایەنی تر تاوانبار دەكات. پارتی دیموكراتی كوردستان بەبێ گویدانە هیچ پرنسیپێكی سیاسی و هاوهەڵوێستی كورد ئەو هەموو دروشمە بریقەدارە هەڵخەڵەتینەرانەی كە تەنها لایەنی بەرامبەری هاندا بۆ قوڵكردنەوەی گرژی و ئاڵۆزیەكان وەك پیشەی هەمیشەی بێگویدانە بڕیاری گشتی گەلی كورد تاكلایەنە ئەوەی بۆی گرنگ بووە پۆستە گرنگەكان وەربگرێـت وەك حیزب. لایەنەكانی تریش بەهەموو شێوەیەك بێدەنگ دەكات كە ئەمە هەموو كەسێك دەزانێت. ئەمە یەك هەڵوێستی نیە؛ بەڵكوو خۆداسەپاندن و هەژموونگەرایی پارتی دیموكراتی كوردستانە بەسەر هەموو لایەنەكانی تردا. یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەگەڵ ئەوەی لەم هەڵبژاردنانەدا بەهاوكاری هێز و لایەنی نیشتیمانپەروەر و دیموكراتخواز و پێداچوونەوە بەسیاسەتی رابردوویدا، بووە خاوەن دەنگێكی باش و ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتار، دەیتوانی پێداگریەكی زۆر بكات لەگەرەنتی ماف و داخوازیەكانی كورد، بەڵام بەداخەوە هەڵویستەكانی زۆر لاواز بوو. تائاستێكی زۆریش بێدەنگی لەبەرامبەر پارتی دیموكراتی كوردستان و دووبارەكردنەوەی پراكتیكی رابردوو بوو.
ئێمە پێمان وایە ئەم جۆرە هەڵوێستانە زیان بەپێگەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەگەیەنێت، هیوادارین دەستبەرداری بێدەنگی بن و بەرژەوەندیەكانی كورد لەسەرو هەموو شتێكەوە بگرنە دەست. بزوتنەوەی گۆران ئەویش وەك هێزێك كە بەردەوام سیاسەتی كورد لەرابردودا رەخنە دەكرد، بەڵام بەداخەوە هەمان سیاسەت و هەڵوێستی لایەنەكانی تری پەیرەو دەكات و لەزۆر كات و بڕیارەكاندا پاراستنی سیاسەتی لایەنێكی زۆر هەژمونگەرایی كرد. بێدەنگبوونی لەبرامبەر ئەو هەموو ناعەدالەتی و نادیموكراتیەی كە هەیە لەپیناوی بەشداریكردن لەحكومەت و وەرگرتنی پۆستی زیاتری حكومی زۆر هەڵەبوو. كە لەزۆر رووەوە زیانی بەپێگەی خۆی سیاسی گەیاند. بزوتنەوەی گوڕان سەرەراِی بەشداربوونیان لەو حكومەتەدا و دوای روودانی ئەم هەموو رووداوە دەیانەوێت خۆیان وەك بێباك پیشانبدەن. ئەمەش زیان دەگەیەنێت بەسیاسەت و هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆران. پارتە ئیسلامیەكان بەهەموو شێوەیەك بێ هەڵوێست بوون لەبەرامبەر هێرشەكانی داعش و روداوەكانی ئەم دوایە. بەهەمان شێوە زۆر بێكاریگەربوون لەداكۆكی كردن لەداخوازیەكانی كورد لەپەرلەمانی ئێراقدا.
لەتەواوی ئەو تابلۆیانەی كە ئێستا لەباشوری كوردستان و ئێراقدا هەیە. تەنها خاڵیك كە گەلی كورد پێ دڵخۆشە پاراستنی باشوری كوردستانە لەچوارچێوەی پاراستنێكی نەتەوەیی هاوبەشدا. بەتایبەتی پاراستنی كوردستان بەهێزی گەریلا و پێشمەرگە شانبەشانی یەكتری. كە ئەم راستیەش زۆرجار لەڕای گشتی دەشاردرێتـەوە. ئێمە پێمانوایە ئەمەش پلانێكی مەترسیدارە.
ئاشكرایە كە بەرخودانی نەتەوەیی و یەكگرتن و پاڵپشتی هەموو هێزە كوردستانیەكان لەهەموو بەشەكانی كوردستان بۆ باشوری كوردستان بۆتە سەرچاوەی باوەڕی و مەعنەویاتی ئێمەی باشوری كوردستانە، بەڵام لەرێگەی راگەیاندەكانەوە شاردنەوە و چەواشە دەكرێن و هەواڵە راستیەكان لەهاوپەیمانیەكی هاوبەشدا تەنها نەیارانی گەلی كورد تێدا سودمەند دەبن. ئەمانە و چارەسەرنەكردنی كێشەی نەدانی مووچە و زیادبوونی هەژاری و چارەسەرنەكردنی كێشەی سوتەمەنی و چارەسەرنەكردنی كێشەی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و سلێمانی تەنگی بەهەموو خەڵك هەڵچنیوە.
دیاری نەكردنی پارێزگاری سلێمانی گەورەترین رەخنەیە بۆ هەردوولایەنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆران و گوزارەیە لەنەبوونی زهنیەتی دیموكراتی و یەكتر پەسەندكردن، رێزنەگرتن لەئێرادەی خەڵك، دابەشنەكردنی دەسەڵات لەپارێزگای هەولێردا و هەڵوێستی ناوەندگەرایی و دەسەڵاتخوازانەی پارتی دیموكراتی كوردستان و پەراویزكردنی لایەنەكانی تر. ئاشكرایە كێشەی ئەنجومەنی پاریزگاكان هەموو پێوانێكی یاسایی بەزاندووە بەتایبەتی هەڵنەبژاردنی پارێزگاری سلێمانی، بەهەموو پێوەرێكی یاسایی پێویستە لەماوەیەكی كورتدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دووبارە بێتەوە لەسلێمانیدا. پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەولێردا سەرەرای ئەو هەموو كێشانەی لەئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و بەرێوەبردندا هەیە وەك ئەوەی هیچ كێشە نییە بەردەوام باس لەكێشەی ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی دەكەن. ئەم سیاسەتانەش چەواشەكردنی خەڵكە و نەبوونی خوڵقكاری و نەبوونی زهنیەتی دیموكراتیە لەبەرێوەبردندا و خۆفەرزكردنی تاك لایەنانە و حساب نەكردنە بۆ لایەنكانی تر لەهەولێردا و لەهەمانكاتیشدا لەسلێمانیش داوای دیموكراتیەت دەكات. ئەم كێشە چارەسەرنەكراوانە دەسەڵات و حكومەت لێ بەرپرسیارن. تەواوی ئەو كێشانەی كە باسمانكرد گەورەترین قەیرانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی دروستكردووە. بەهەموو واتایەك كاریگەریەكی حكومەت نەماوە لەبەرێوەبردن و چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵكدا. حكومەتی هەرێم تائەم ساتە نەتوانیووە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كێشەكان چارەسەر بكات و نەشتوانی لەرێگەی رێكەوتن و فەرزكردنی داخوازیەكانی كورد لەسەرحكومەتی بەغدادا كێشە چارەسەر بكات.
وەكو پارتی چارەسەری لەبەرامبەر ئەم كێشانە هەمووی ئێمە بەهەموو شێوەیەك پشتگیری و پشتیوانی ناڕەزایەكانی خەڵك دەكەین و پێویستە ناڕەزایی و فشارەكانی گەل زیاتر بن بۆ ئەوەی هەموو ئەو لایەنانەی بەشدارن لەدەسەڵاتدا بەسیاسەتە هەڵەكانی خۆیاندا بچنەوە ئەگەر لەماوەیەكی كورتدا چارەسەری بۆ تەواوی كێشەكان پێشنەخرێت ئەوا باشوری كوردستان روبەروی چارەنوسێكی خراب دەبێتەوە ئەویش دزەكردنی هەموو هێزێكی نەیار و داگیركەر و تیرۆرستە بەتایبەتی هیزەكانی داعش.
ئێمە وەك پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان و پارتیەكی ئۆپۆزسیۆن خۆمان بەرپرسیار دەبینین و ئامادەین شانبەشانی گەل كار بكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، تەوای رەخنەكانیشمان رەخنەی دۆستانەن لەبەرامبەر هەموو لایەنەكان بۆ ئەوەی بەهەستیاریەوە مامەڵە لەگەڵ رەوشەكەدا بكەن. داواش لەهەموو لایەنە سیاسیە كوردستانیەكان دەكەین كە لەم هەلومەرجە هەستیارەدا پەلە بكەن لەئاواكردنی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی و ئەو لایەنانەی ئامادەنین بۆ یەكڕیزی و یەكێتی نەتەوەیی با لەجەماوەر و ڕای گشتی خەڵك نەشاردریـَتەوە و هەڵەوكەمووكورتیەكان لەپلاتفۆرمی ئازاد و دیموكرایتانەدا بەرێوەبچێت.
دەستەی كارگێڕی
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان.
11/9/2014
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست