پەیامى شێتیك بۆ فەخامەتى سەروك
Wednesday, 17/03/2010, 12:00
لەوانەیە بەڕێزتان باش بزانن كە ئێمەى شێت هەندێ رێساو یاساى مرۆڤە ساغەكان بەنادرووست دەزانین و كاریان پێناكەین ، هەربەو هۆیەشەوە لە قسەكردن و هەڵس و كەوتى ڕۆژانەماندا زۆر گرنگى بە ڕازیكردنى بەرامبەرەكانمان نادەین و ئەوەى خۆمان بمانەوێ و پێمان خۆش بێت دەیڵێین و دەیكەین بێ ئەوەى مەبەستمان بریندار كردن یان ڕازى كردنیان بێت ، دەیلێین چونكە چاومان لەپارووە نانى كەس نیەو ، دەیكەین چونكە چاوشۆڕى كەس نین و چاوەڕێى چاكەو پیاوەتیش لەكەس ناكەین . بۆیە پێت ناڵیین بمانبوورە كە سەرەتا سڵاومان لێنەكردیت چونكە خۆمان چۆنمان پێخۆشە ئاوا دێینە ئاخافتن لەگەڵت .
هەر بۆیە ئێستا لەوانەیە پیاوانى كۆیلەو لارەملتان تەواو خۆیان گیڤ كردبێتەوەو ئامادەباشیان وەرگرتبێت بزانن ئێمەى شێت چۆن شەكرێك دەشكێنین و فەخامەتى بەڕێزتان دەدەینە بەر لێزمەى ووشەى ناشیرین و خۆیان ئاسا بۆ وەدەست هێنانى ئافەرینێك یان پاروویەكى چەور هەموو ڕابوردووى خۆمان و عەشیرەتى شێتان لكەدار دەكەین .بۆیە ڕاشكاوانەو بێپەردە پێیان دەلێین سەرتان داى لەزیخ و تاشەبەردەكانى وڵاتى شێتان . ئەو خەونەتان نایەتەدى و نایەڵین ببینە پردى پەڕینەوەتان بۆ گەیشتن بەئاواتەكانتان .هەر لە ڕوانگەى باوەڕ بەخۆ بوونمان و پشت بەستن بەو هەموو بەڵگە زۆرو زەوەندە سەلمێنراوەى لەبەر دەستمان كۆبۆتەوە ئەمجارەش پشتگیرى خێڵى شێتان بۆ بە ڕێزتان ڕادەگەیەنین و پێش هەموو كەس پێتان دەڵێین سەرۆك كۆماریتان پیرۆزبێت ئەى ئەو كەسەى شیاوترین مرۆڤى بۆ ئەو بۆستە ،هەر لێرەشەوە بە ناحەزان و پیاوانى پەرژوەندى خوازى ووڵاتەكەشت دەڵێین ئێوە دۆڕاون و خۆشتان دەزانن گەر كەسێك دۆڕا و نەڵێت (بەگونمەوە ) ئەوا شێت دەبێت و دلنیاش بن ئێمەى شێتیش تەنها شیتى سرووشتى لاى خۆمان وەردەگرین و جێگاى كەسانێك لاى خۆمان ناكەینەوە كە سەر بە چین و توێژێك بن و بیانەوێت بەزۆر بیرو بۆچوونى خۆیان بەسەر لایەنى بەرامبەریاندا
بسەپێنن لە گەڵ ئەوەشدا خۆیان هۆكارى پێكهێنان و بەرجە ستە بوونى چینى خۆیان بوون و سەردەمانێك وێڵى پەیداكرنى زبانى زیاتر بوون بۆ ئەوەى نزاى زۆرترتان بۆ بكەن ، شەیداى دەست و لاقى زۆرتر بوون بۆ ئەوەى زیاترو باشتر سەماتان بۆ بكەن ، بەڕاستى سەرۆك ئێمەتێناگەین لەم دەڤەرە چى دەگوزەرێت لەوە دەچێت ئەوان لە ڕێگاى ڕاست لایان دابَیت و باوەڕیان بەمافى كەمینە نەمابێت و بیانەوێت ئەوانى زۆرینەى هەژاروو ستەملێكراو دەست بخەنە كارى ئێوەى كەمینەى دەوڵە مەندو خوا پێداو و یاساى سروشت پێشێل بكەن كە پاراستنى مافى كەمینەیە لەلایەن زۆرینەوە ، هیژاو پاڵەوانى سەردەم جەنابى سەرۆك سەیرەو زۆر سەیر!! ئەوانێك بەوە نەزانن ئەو هەموو دەست كەوت و خۆشگوزەرانیەت بۆ فەراهەم كردوون هەر لە باڵەخانەى جوان كە باڵایان زۆرى نەماوە بگاتە هەور تا دەگاتە ئەو هەموو مۆل و سیتییانەى مرۆڤ گەر برسیش بێت بە تەماشا كردنیان تێر دەخوات ، ئاخر لێیان مەگرە ئەمانە فەیلەسوف و سۆفیان وەك یەكەو تووشى نەخۆشى بیر كولى بوون و لەبیریان چووە كە فە خامەت و بەڕێزتان هەموو ڕۆژ پێیان دەڵێیت كوڕینە من پیروو نەخۆشم و ئەوان دەڵێن لاوو لەش ساخیت ، تۆ دەفەرموویت كەسانى تر زۆرن ، ئەوانیش دەڵێن بێ تۆ ژیان دەوەستێت ، تۆ دەڵێیت با لەوە زیاتر نەدۆڕێین ، ئەوانیش دەڵێن باهیچ نەبێت بێینەوە مایە ، تۆ دەڵێیت بەرەو كرمۆڵى دەڕۆم ، ئەوانیش دەڵێن نەخێر داربەڕووى مازوو ى قەزوانى پڕ لەسێبەروو سایەى . بۆیە ئێمەش تكامان وایە ئەم داوایەیان قبوڵ بكەیت بەڵكو زۆرینەیان هەر بەزۆرینەیى بمێنێتەوەو كەمینەى ئێوەش لە خۆبوردانە درێژە بەژیانتان بدەن ..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست