کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ساتى نائومێدى شێتان

Tuesday, 06/04/2010, 12:00


بەكورتى و بەكوردى ئێمە كەسیكێكى تەقلیدى و كۆنە پارێزین و هەمیشە پێمان خۆشە لە دۆخێكى جێگیردا بژین و هیچ خۆشیمان بە پێشكەوتن و نوێبونەوە و گۆڕان و هاوتاكانیان نیەو پێتان سەیروو سەمەرە نە بێت ئا بەو شێوەیە و ڕاستگۆیانە باس لە هەڵوێستى خۆمان دەكەین چونكە ناوى خۆمان بە خۆمانەوەیەو شەم شەمە كوێرە ئاسا حەزمان لە تاریكییەو گاڵتەمان بە ئەقڵى مۆم دێت كە دەیسوتێنن لەپێناوى خۆیاندا و دواتریش ناوى دەنێن شەهیدى ڕووناكى
پێشم باشە ئەمجارەش بێنمەوە یادتان كەئێمەى شێت بڕوامان بەئێوەى هۆشمەندوو ژیر زۆر لاوازەو هەندێ جاریش هەرنیمانە .تەنها شتێكیش كە بەباشى بزانین لە خۆماندا ئەوەیە نایەڵین مێشكى پووچمان بە كاریگەریەكانى ئێوەبارگاوى ببێت و ئێمەش وەك خۆتان تووشى پەتاى خۆشباوەڕى و بەڵێن و ووتەى جوان و بریقە دار بكەن و دواتریش پاش ماوەیەك بمانكەنە قوربانى هەوەس و ئارەزوەكانتان و بەو شێتیەى خۆمانەوە بە سەگان خورانیشمان بدەن و دواتر فرمێسكى تیمساح ئاسامان بۆ بڕێژن و زۆریشى پێنەجێت ببنە هاوڕێیەكى بە ئەمەك و دڵسۆزى منداڵ و خێزانەكانمان و وەك وەفایەك بۆ ئێمەى گیان فیداتان هەموو ڕۆژ لە باوەشیان بگرن .
ئەوەش بزانن ئێمەى شَتیش مرۆڤین و لەناو خۆماندا زۆر جار گفتو گۆو ڕاگۆڕینەوە ڕوو دەدات و لێشتان ناشارینەوە زۆر جار شێتەلاوەكانمان بەبیرى زۆر زانى ئێوە شاگەشكەدەبن و گەر فریایان نەكەوین لە ڕاستە ڕێى خۆیان لا دەدەن و گیرۆدەى داوى زوڵفى سیحراوى ئێوە دەبن و بۆهەتا هەتایى چێژوو تامى ژیان لایان بار دەكات .هەر بۆیەش ماوەیەك لەمەو بەر خەریك بوو بە ئاوازوو هەڵبەستێكى نوێ زورنا بژەنن و سەرچۆپى شاییەك بگرن كە زۆر لێى بە گومان بووین و بگرە بە درێژە پێدەرى هەمان سەماو ئاوازەكانى پێشوومان دەزانى بە ڵام بە شێوازێكى نوێ .
هەر بەو هۆیەشەوە بۆ ئەوەى تووشى نەخۆشى لێك دابڕان و لێك ترازان نەبین شێوازى نەرمى خۆمان گرتەبەر بۆ ڕازى كردنیان بە بەش و قەدەرى خۆمان و پێمان دەووتن لیتان (نەگۆڕێت) ئەوانەى ئەمڕۆ بانگەشە بۆ بەدى هێنانى بەهەشتى سەر زەمین دەكەن و خۆیان وەك فریشتەى داد پەروەرى و نەمانى كەندەڵى نیشان دەدەن هەر لە سەر ڕەگ و ریشەى تۆوەكەى پار شین بوونەوە ، پێمان دەووتن زمانى شیرین و ئاوازى دڵڕفێن لە بۆسەتان نەنێو بەو ڕادەیەش خۆش باوەڕمەبن .
پێمان دەووتن ئەوەى سمێڵى زەرد بوو هەمزاغا نیەو دەنگى دەهۆڵیش لەدوور خۆشەو ئەوەى ناو نرا كانى مەرج نیە ئاوى سازگار بدات .پێمان دەووتن هەموو شمشاڵى شوانێك وەك ئاوازو دەنگى شمشاڵەكەى قالە مەڕە ڕەسەن نیەو مێگەلە مەڕى پێ ناحەوێتەوە ، پێمان دەووتن بەڵێ ئێمە بەرى باغى تەمەنمان داویە لەكورتى و بینین و بیستنمان ڕوو لە نشێوە و نەمانە ، بەڵام خۆ پەندەكەى خۆتانە دەڵێت گیا لەسەر بنجى خۆى دەڕوێتەوە و زۆر ستەم و نەشیاوە دڕك بڕوێنى و چاوەڕێى نێرگس و شەوبۆو ڕێحانەى بۆندارى لێبكەیت .
بۆیە هەنووكە شێتانى لەمەڕ ئێمە شڵەژاون و تووشى تێڕامان هاتوون كەبە چاوو گوێى سەریان دەبینن و دەبیستن لەبرى گەنمى بە پێزو خاوێنى قەندەهار دڕك و داڵى پڕ لە مرۆر بەرهەم هاتووە و وەك ئەوان بۆى دەچوون و خوێندنەوەیان بۆ دەكرد وا دەر نەچوو چونكە لەبرى ئەوەى غەمەكان غەمى هەموو گەل بن كەچى بوونە غەمى دەستە بژێر . سەرجەم بەڵێنەكانیش بە قودرەتى قادر بوونە كەفى دەریاو بوكانەوە . هەر بۆیەش لە سادەیى و كەم ئەزموونى خۆیان ئێستا بەشەرمەوە بەشدارى خواردنى نانە ڕەق و خەوى ژێر دیوارە ڕوخاوەكانى شارمان لە گەڵ دەكەن و ئێمەش بۆدڵ دانەوەیان پێیان دەڵێین :-
هەڵەى چاوتان بوو یەكەم جـار*** وێنەى ئەوانى وا كێشــــا
ئەگینا دڵ چۆن ئەمێســــــــتا *** ئەو هەموو ئازارەى دەكێشــــا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە