کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەیادى 31 ساڵەى شەهیدبوونى خالد گەرمیانیدا، بنەماڵەكەى چییان بە یەكێتی وت؟

Sunday, 15/01/2012, 12:00




خوشكان برایان میوانە بەڕێزەكان كەسایەتى و لایەنە سیاسیەكان بە گەرمى بەخێرهاتنتان ئەكەین بۆ ئامادەبوونتان لەیادى (31) ساڵەى شەهید بوونى سەركردەو مامۆستاى جەنگى پارتیزانى شەهید خالد گەرمیانیدا، ئامادەبووانى بەڕێز ئەمرۆ (31) ساڵ و یەك ڕۆژ تێدەپەڕێت بە سەر شەهید بوونى ئەم سەركردەیەدا، ئێوە بۆ خۆتان ئاگادارى ئەوەن كە حزبەكەیى و هاوسەنگەرەكانى بۆ تەنها جارێكیش لەم ماوە درێژەدا ئەم یادەیان نەكردووەتەوە لەكاتێكدا بۆ خەڵكانى تر ئەم یادەیان بە گەرمى و بە فەرمى كردووەتەوە, ئەم ڕەفتارە بۆ خۆى لاى ئێمە و زۆرینەى خەڵكیش گوماندروست دەكات یان ڕەنگە هۆكارەكەش ئەوە بێت لە خۆبایى بوون و فەردە دۆلار و كورسى دەسەڵات و هەندێ شتى تر بەرچاویانى گرتبێت.
ئامادەبوونى بەڕێز ئێوە بۆخۆتان شایەتحاڵى ئەوەن كە لەچ كات و سات و سەردەمێكدا و لە لایەن كێوە شۆڕشى نوێ هەڵگیرسایەوە بۆ ئەوەى گۆڕانكارى بەسەر كۆمەڵگادا بێنن و میللەتى كورد لە كوێرەوەرى و ژێر دەستەیى نەتەوەیى چینایەتى ڕزگار بكەن، لە كاتێكدا بوو كە میللەتى كورد لێقەوماوو سەركزۆڵە و ژێر دەست بوو، خەڵكى لە سێبەرى خۆى دەترسا بە جۆرێك كار گەیشتبووە ئەوەى خەڵكانێك تابووریان بەستبوو بۆ خۆ نووسین لە ڕیزەكانى دام و دەزگاكانى ئەمن و ئیستخباراتى دوژمن تەنانەت گۆڕینى ناسنامەى نەتەوایەتیشیان.
ئالەم كاتە ناسكەدا كە شەوەزەنگ باڵى بەسەر كوردستاندا كێشابوو رێگاكان دڕك و داڵ باریك و تولە ڕێ بوون, كاك خالد وەك سەركردەیەك لەناوەوەى كوردستان لەگەڵ هاوڕێكانیدا دەستیان دایە چەك بۆ بەرپەرچدانەوەى ئەو زوڵم و زۆرانەى كە میللەتى كورد ڕۆژانە تووشى دەبوو لەبەرامبەردا دوژمنى داگیركەر لە لوتكەى بەهێزیدا بوو، خاوەن (12) هەزار دەبابە و زرێپۆشو زیاتر لە (2) هەزار تەیارە و سوپایەكى مەشق پێكراوى بێ شوومار بوو, ئەم نابەرامبەریەش بووە هۆى ئەوەى خەڵكى هەژارو زەحمەتكێشى كورد باجێكى گەورەو گران بدەن وەك شەهید و ئەنفال و ماڵوێرانى و لە ناوچوونى سەروەت و سامانیان، بە پێچەوانەوە بخۆربەگەكانى ئەمرۆ كە سەركردەكانى دەرەوەى ووڵاتن لە كاتى تەنگانەدا میللەت بەجێ دەهێڵن و لە هۆتێلەكانى ئەوروپاو ووڵاتانى تر لێى ئەكەوتن و لەسەر سەروەت و سامانى ئەم میللەتە دەژیان كە پێشتر بەناحەق كۆیان كردۆتەوە یان ووڵاتانێك وەك یارمەتى بۆ میللەتى كوردیان دەناردو لە كاتى شێنەییدا دێنەوە بۆ كوردستان و بەدەستى دەرەكى و بۆ تەوازناتى سیاسى و خزمەتكردنى بەرژەوەندییەكان ڕۆژئاواو گۆڕینى ئاراستەى شۆڕشەكە بۆ بەرژەوەندى بنەماڵەیى خۆیان و ڕێگە گرتن لە هەر گۆڕانكاریەكى كۆمەڵایەتى, سیاسى و ئابوورى كە پێویستە بەسەر ئەم كۆمەڵگایەدا بێت.
ئامادەبووانى بەڕێز گومانى تێدا نیە كە ئێوە چەندە نیگەرانن كە ئەمڕۆ پەیكەرى ئەم سەركردەیە بەم شێوەیە بە پەرپووتى و بێ خزمەتى دەیبینن كە پشت گوێ خراوەو سوكایەتى پێكراوە لە لایەن حزبەكەیەوە، لە كاتێكدا لاى هەمووان ڕوون و ئاشكرایە كە دارایى حزبەكەى گەیشتووەتە ئاستێك كە بتوانێت پەیكەرێكى زێڕین بۆ ئەم سەركردەیە دروست بكات وەك ڕێزلێنانێك بۆ خەبات و تێكۆشانى ئەم سەركردەیە كە هەقى خۆیەتى چونكە ئەوو نموونەكانی وەك بوو نەیهێشت دوژمنانى كورد لە فەرهەنگى خۆیاندا بنوسن كورد میللەتێكى ترسنۆكە، بەڵام ئەوەى كە ئەمڕۆ بە بەرچاوى خۆتانەوە دەیبینن باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەى بزانن كە ئەم پەراوێزى و پشتگوێخستنى ئەم سەركردەیەو خەڵكانى تێكۆشەر و كەسوكارى شەهیدو ئەنفال و سەرجەم پیرۆزیەكانى ئەم میللەتە و زیندانە سیاسیەكان و ماندووبوونى پێشمەرگە بەڕێكەوت نەبوو، بەڵكو بەرنامەیەكى داڕێژراوى دەسەڵاتى بنەماڵەیى بوو كەسەرەتاكانى لە دامەزراندنى یەكەم كابینەى حكومەتى هەرێمەوە دەستى پێكرد كە بەدروشمى مرۆڤى شیاو بۆ شوێنى شیاو بەڕەكەیان لە ژێر پێى خەڵكانى ماندو و شۆڕش گێڕ دەرهێنا كە خاوەنى شەرعێت بوون، لەم وڵاتەدا لەجێگاى ئەوان كابینەكانى حكومەتیان بە خەڵكانى خۆفرۆش و كونە بەعسى و فایل دارو كوڕە ئاغاو خەڵكانێك كە بەدرێژایى مێژووى شۆڕشەكانى كورد دەستیان بەسەر كڵاوەكانیانەوە گرتبوو دامەزراند, بۆ ئەم مەبەستەش كۆلیجێكى ئێوارانى علوجیان بۆ خەڵكانى خۆیان دامەزراند و بڕوانامەى علوجیان پێ بەخشین، هەموو پۆستە بەرزەكانى حزب و حكومەتیان پێ بەخشین هەتاوەكو بەڕێوەبەرە گشتییەكان و بەڕێوەبەرى فەرمانگەكانى گرتەوە، لەهەمانكاتدا ئامادەنەبوون پلەیەكیش بە كەس و كارى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و خەڵكە ماندووەكە ببەخشن، باشترین بەڵگەیش كاندیدكردنى ڕەفیق حزبیەك بوو بۆ پەرلەمانى عێراق لەسەر لیستى هاوپەیمانى كوردستان كە دەستى هەبوو لە زیندانیكردنى فەرمانبەرێكى هاوڕێى خۆى بۆ ماوەى (7) ساڵ بە تۆمەتى هاوكاریكردنى هێزى پێشمەرگە و ناردنى یارمەتى بۆ شۆڕش، بەڵگەشمان ڕاپۆرتەكانى ئەم دواییەى ویكیلیكسە، هەروەها نوسراوى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقە بۆ حكومەتى هەرێم كە تایبەتە بە ڕیشەكێشكردنى بەعس، هاوكات شاردنەوەى ئەو نوسراوەو حفزكردنى باشترین بەڵگەى زیندوون بۆ ئەوەى جەماوەرى كوردستان ئەوە بزانن كەئەم دەسەڵاتە چەندە رقى لە كەسوكارى شەهیدو ئەنفال و خەڵكى شۆڕشگێڕە وە چەندە دڵسۆزى خەڵكى بەعسى و خۆفرۆش و فایلدارە، بە جۆرێك شارەكانى سلێمانى و دوكان و هەولێریان كردووەتە حەشارگەى ئەم خەڵكە پیسەو باشترین ڤێلا و دەسەڵاتیان پێ بەخشیون، ئەوەتا بە بەرچاوى خۆتانەوە گەرمیان دەبینن تاوەكو ئێستا بۆنى خوێنى لێدێت بە جۆرێك كار گەیشتە ئەوەى بكوژەكانى ئەم میللەتە لە ڕیزى پێشەوەى كۆمەڵگا دابنرێن و باشترین مووچەو ژیانیان بۆ دابینبكرێت، كەچی كەسوكارى شەهید و ئەنفال و پێشمەرگە دێرینەكان و زیندانیە سیاسیەكان و خەڵكە تێكۆشەرەكە پەراوێز دەخرێت و لەدامودەزگاكانى حكومەتدا سوكایەتیان پێ بكریت بەتایبەتى لە لایەن دادگا ناسەروەرەكانیانەوە جارێك تاقانەى ئەنفال حوكم دەدەن و جارێك بێ شەرمانە پۆلیس دەنێرنە سەر ماڵ و خانەوادەى سەركردەو لەلایەن كۆمەڵێك حاكمى دایك و باوك بەعسى كە لە وەزعى كوردستان ئاگادارنین و تا دوێنێ پیاوى دوژمن بوونەو ئەمڕۆش هاتونەتە كوردستان لەسەر سفرە و خوانى ئەم میللەتە ستەم دیدەیە دەلەوەڕێن و خزمەت بە خەڵكانێك دەكەن نە بایان دیوە نە باران.
ئامادەبووانى بەڕێز ئەمانەن هەموو كردەوەكانى ئەو سەركردانەى كە لە ڕابردوودا شتى شاراوەیان بۆ بنەماڵەكانى خۆیان دانابوو بۆ ئەوەى وەك قیرو زفت بە كورسى دەسەڵاتەوە بنوسێن و ببنە عائیلە مالیكە لە كوردستاندا، گرنگیش نیە لەسەر حسابى هەركەسێ بێت، بۆیە ئێمەیش لەم یادەدا ئەلێین ئیتر ڕێگە نادەین ئێوە لە ئاسمان و لاى عەرش و كورسى و ئێمە لە ووڵات پێ پەتى و برسى, بۆیە پێیان ئەڵێین كاتى ئەوە هاتووە سەیرێكى دەوروبەرى خۆیان بكەن و ئیتر ئەم جۆرە دەسەڵاتە باوى نەماوە و لە جیهانى تازەدا جێگاى نابێتەوە، هیچ نەبێ عیبرەت لە مێژوو وەربگرت بزانن كوانێ (سەدام و بن على و قەزافى و حوسنى نا موبارەك و على عەبدوڵڵا سالەح) و سەرجەم دیكتاتۆرەكانى جیهان كە بە بەرچاوتانەوە بەر پەتاى ئەنفلونزاى بنەماڵە كەوتن و وەك گەڵاى دار هەڵوەرین، پێویستە ئەوە باش بزانن كە چارەنووسى ئێوە لە وان باشتر نابێت.
ئامادەبووانى بەڕێز لە كۆتایشدا دەڵێین ئێمەى كەسوكارى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و پێشمەرگە دێرینەكان و زیندانە سیاسى و سەرجەم ئەوانەى كە زەرەرمەند بوونە بە درێژایى شۆڕشەكانى كورد داوا دەكەین سنورێك بۆ كۆتایى هاتن بە دەسەڵاتى تاكڕەوى بنەماڵەیى لە كوردستاندا دابنرێت و لە جێگاى ئەو دەسەڵاتێكى دەستە جەمعى دیموكراتى دابنرێت و بەڕاستى یاسا تێیدا سەروەر بێت و كۆمەڵگایەكى مۆدێرن و پێشكەوت و تەندروست دابمەزرێت بە شێوەیەك دووربێت لە خزم خزمێنەو تەوازوناتى عەشایەرى هەروەها داوادەكەین بە دادگاییكردنى بكوژانى شەهیدان و ئەنفال كراوەكان و دورخستنەوەیان لە هەموو پۆستێك.
هەروەها داوادەكەین بە هەڵوەشاندنەوەى ئەو دامەزراندنە ناشەرعیانەى كە لەم دوایەدا لە لایەن كابینەى ڕەشەوە دامەزراون لەسەر بنەماى تەوازوناتى عەشایەرى و خزم خزمێنەو تەكەتولاتى نامەشروع كە هۆكارى سەرەكى گەندەڵیەكانن لەم ووڵاتەدا، هەروەها داوادەكەین بە گۆڕینى ئەو بەڕێوەبەرە گشتیانەو بەڕێوەبەرى فەرمانگەكان و بەڕێوەبەرى ناحیەكان و قایمقامەكان كە لەسەر ئەو بنەمایە هاتوون كە تیایاندا هەیە لە پۆستێك زیاترى هەیە.
تێبینی// لەدواى 31 ساڵ شەهیدبوونی بۆ یەكەمجار لەتەنیشت پەیكەرەكەى ئەم وتارە خوێندرایەوە.. پاش ماوه‌یه‌ک كۆمیتەى كفری پەیكەرەكەى لابرد.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە