بیرەروەریە خەیاڵییەكانم لەسەردەمى مەلیك فەیسەڵدا
Saturday, 16/04/2011, 12:00
((ئەمە وەڵامێكە بۆ نووسینێكى لاوەند نەزاد بەناوى بیرەروەریە خەیاڵییەكانم لەسەردەمى مەلیك فەیسەڵدا)) .
ئەوسا لەسەردەمى مەلیكدا هەزار ڕەحمەتى لێبێت ، ئێمە زۆر بەئاسوودەیى ئەژیاین ، ئەوسا نەڕەتڵە مۆنیكاى بەرپرسان هەبوو ، نەهێزى میلیشیایى دزى و گەندەڵى هەبوو ، كارەباى هەمووان وەك یەك بوو زۆریشمان لێ زیاد بوو وەك ئێستا نەبوو هەر بەرپرسە و مۆلیدەیەكى زەخمى هەزار ئەمپێرى حكومەتى لەبەر دەرگا بێ ، یان هەر بەرپرسە و دەیان پاسەوان و سەدان حیمایەیى بندیوارى هەبێ ، بەرپرس تەنها یەك پۆلیسى هەبوو .
خەڵك بەگشتى دڵى خۆش بوو ، وەك ئێستا نەبوو خەڵك دڵى تەنگ بێ و بڵێ .. برادەرى خۆشەویستى خۆم بوو ئێستا چۆتە پشت مێز و بەدە پرسگە پێیى ناگەم ، چونكە ئەوسا ئەخلاق هەبوو .
ئەرێ وەڵلا ، كەس نەبوو لەسەرووى یاسا بێت و بەئارەزووى خۆى بەبەرچاوى هەموو دونیا تەقە لەخەڵك و میللەت بكا ، ئەوسا ئەگەر كەسێك بیویستایە هەواڵێك بەماڵێكى دراوسێى بگەیەنێت ، مناڵێكى ئەنارد و مەبەستەكەى پێ ئەوتن ،وەك ئێستا نەبوو وەرەقەى موختار بێنى ، پرسینى هەواڵى ئەو خزمانەش كەلەشارێكى تر ئەژیان تەنها لەڕێیى نامەوە بوو ، هەموو نامەكانیش بەیەك شێواز ئەنووسران وەك ئێستا نەبوو بڵێ تەزكیەیى حزب یان (ئەگەر ئێوە وەك ئاسایشى گشتى زەرد وەریان ناگرن ئەوا ئێمەش وەك ئاسایشى سەوز پشتگیریان ناكەین ئەگەر هاتیشن بۆ بازگەكانتان ئەوا ڕێگەیان مەدەن و تەقەیان بەسەردا بكەن تا ناچار ئەبن ئەگەڕێنەوە) .
ئەوسا بەس مەلیك دەسەڵاتدار بوو ، كوڕە ئەویش زۆر داماوبوو ، لەهاتوچۆكردنیدا یەك ئوتومبێلى پێ بوو ، كەچى ئێستا ئەفسەرێكى نەخوێندەوارى تۆزوباى میلیشیایى پارتى و یەكێتى دوو سەیارەى وەنەوشە و چوار قەسر و مەزرەعە و كۆمپانیایى هەیە ... سەرۆكیش هەر هیچ ئەوە هەموو كوردستانى داگیركردوە و ئەیخوات ..
خۆ پەرلەمانى عیراق وەك ئێستا نەبوو ، جارى وا هەبوو لەسەر حەوسەد و پەنجا فلسى زیادە مەسرەف وەزیریان دەكرد بەفلیمى هیندى ..
نەهى نەهى بۆ زیادە مەسرەف .
ئێستاش لەنزیكەى 50 پەرلەمانتارى لیستى كوردستانى یەك ئەندام پەرلەمان ئیمزاى بۆ دادگایى كردنى سەرۆك جاشەكان كردوە .
ئەرێ وەڵلا ، هەموومان زۆر دڵخۆش بووین بەو سەردەمە ، وەك ئێستا نەبوو بەرپرسەكان لەسەر حساب و بوجەى ئەو میللەتە سێ جەمە كەباب بخۆن و دەیان كچ و ژنى فلیپینى و بەنگلادیشى بكەن بەكارەكەر و خزمەتكارى خۆیان و وەفایان بۆ خێزانەكانى خۆیان نەبێ كەلەڕۆژە سەختەكان لەگەڵیان بوون ، یان كاتێك ژن بۆ كوڕەكانیان دێنن تاڕۆژى بووك گواستنەوە دەیان سەفەرى لوبنان و دوبەیى و لەندەنیان پێ بكەن لەسەر حسابى ئەو میللەتە !
من باسى ساڵانى پەنجاكانتان بۆ ئەكەم ، خۆ ئەوسا وەك ئێستا نەبوو بەرپرسەكان بچنە لاى دكتۆرى تەجمیل و لەسەر كەتەلۆك شێوەى لووتى خۆیان هەڵبژێرن !
ئەوسا بیرم نایەت وەك ئێستا سەدان كۆمپانیا و شتى وا لەكوردستان بووبن و شەریكى بەرپرسان بن و كوردستانیان دۆشى بێ بۆ خۆیان و خوێنى میللەتیان هەڵًمژى بێ ، ئەوسا بەس جار جار هیندیمان ئەبینى كەلەگەڵ سوپاى ئینگلیز هاتبوون بۆ كوردستان .
زەمانێكى زۆر خۆش بوو ، ئێوە لەخۆشیەكانى ئەو سەردەمە تێ ناگەن ، چونكە ئێوە یەكسەر كەوتن بەسەر حوكمى دوو بنەماڵەى گەندەڵ و مافیادا !
قڕە و بڕە و باسى سەركوتكردنى خۆپیشاندان و چەواشەكردنى میللەت نەبوو ، ئێستا ئۆپۆزسیۆن باسى گەندەڵى دەكا ، ئەوسا نەمان دەزانى گەندەڵى هەر چیە ، ئێستا باشە میدیایى ئەهلى و كەناڵى سەربەخۆى وەك كوردستانپۆست پەیدابوون و جەماوەریان هۆشیاركردۆتەوە و پێیان ووتن .. ئەگەر ئەو ڕژێمە دواكەوتووەى پارتى و یەكێتى بڕوخێ ، نەك سەدا حەڤدەكە ، هەر داهاتى ناوخۆى خۆمان زیادە ، یەكسەر میللەت هەمووى ڕژایە بەردەركى سەرا و داواى هەڵوەشاندنەوەى هەر سێ سەرۆكایەتیەكەیان كرد و ووتیان ..
بڕوخێ حوكمى بنەماڵە .. .. تاكەى ئەم ژیانە تاڵە !!
ئەوسا دوو بنەماڵە نەبوون ، تاداواى حوكمى بنەماڵەیى بكەن ، حكومەتیش بەم شێوە گەندەڵ نەبوو كەئەو بوجەیەیى بۆ سێ كەناڵى ڕاگەیاندنى حزبى تەرخان دەكا هێندى بوجەى چوار ساڵى وەزارەتى پەروەردە بێ ، دوایى هەر لەڕێیى ئەو كەناڵە چەواشەكاریەكانەوە بڵێن .. بوجە كورتى هێنا .. تەسكى هێنا ... سفرى هێنا ..
ئەوساش بەردەركى سەرا هەر ڕەمزى كوردایەتى و ئازایەتى بوو ، ئێمە كەڕۆژانە لەوێوە ڕەت ئەبووین ، هێزى دەمامكدارمان نەئەبینى تا لەجیاتى دادوەر سنگ دەرپەڕێنێ و بڵێ فڵاًن مامۆستاى بەڕێزى ئایینى زیندانى بكەن ، گومانمان لەعەقڵى هەیە .
لەسەردەمى مەلیكدا كەباب بە پێنج فلس بوو ، بەڵام دڵنیام ئەگەر ئەوسا پارتى و یەكێتى هەبوونایە كۆبوونەوەى مەكتەبى سیاسیان ئەكرد بۆ گفتوگۆكردن لەبارەى ئەو كەبابەو ئەیانووت با كۆمپانیاكانى حزب كەباب ئامادەكەن و ڕەچاوى ڕێكەوتنامە ستراتیجیەكەش بكەن ، ئینجا وێنەى كەبابێكیان ئەهێنا و ئەیانكردە فاسیلەى تەلەفزیۆنى و لەژێرەوە ئەیاننوسى ...
بەرهەمى حزبە .... داهێنانى خۆمانە !!
دواتر چوار زوڕناژەنى بەكرێ گیراو و پێنج كادیرى سیاسى دۆڕاویان ئەهێنا تالەگەلى كوردستان و زاگرۆس باس لەوە بكەن ، سەیرە بەهۆى خراپ بەكارهێنانى دەسەڵاتەوە لەلایەن فیرعەونەكانى حزب و بنەماڵەوە میللەت لەوپەڕى ناخۆشى و سەرگەردانى دایە كەچى سەرۆكەكان مێشیشیان میوان نیە و هیچیشیان ئامادەنین دەست لەكار بكێشنەوە .
ئەگەر پارتى و یەكێتى لەسەردەمى مەلیك هەبوونایە ، ئەو زۆڕناژەنە بەكرێ گیراوە حزبیانە ئەهاتنە سەر شاشەى تەلەفزیۆن و ئەیانووت .. گوزەرانى میللەت زۆر باشە .. میللەت لەسایەیى دەسەڵاتى ئێمە لەوپەڕى خۆشیدایە .. ئەوە ئۆپۆزسیۆنە ئەیەوێت ژیانمان تێك بدا و حوكمى بنەماڵەیى هەڵوەشێنێتەوە ، ئەیەوێ حكومەتێك دروست بكا لەمیللەت و دەستى حزب ببڕێتەوە و لەلایەن گەلەوە وەزیرەكان دابنرێن ..
ئەگەر پارتى و یەكێتى لەسەردەمى مەلیك هەبوونایە و ئەو كار و كردەوە ناشیرن و قێزەون و دژە مرۆڤایەتیە سەیر و سەمەرانەیان بكردایە ، مەلیك لەداخى ئەوان هەر زوو گیانى لەدەست ئەدا و ئەوەندە لەژیان نەئەمایەوە ، ئەوسا میللەتیش زووتر ئەهاتنە سەر شەقام و بەردەركى سەراو ئەو دروشمەیان ئەوتەوە ..
زۆرت ووت كردار شەرتە ......... پێت وەداین وەك دووپشكە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست