دەسەڵات نایەوێ ببیستێ، پەیامیك بۆ كاربەدەستانی هه رێم
Wednesday, 23/02/2011, 12:00
دەسەڵات نایەوێ ببیستێ، پەیامیك بۆ كاربەدەستانی هه رێم
فاتیح سەنگاوی
زۆر بێزار دەبم كاتێك لە گۆشەیەكی بچوك و تایبەتە وە بۆ رووداوەكانی هەنوكە دەروانرێت و لێكدانەوەی كەم و كورتی بۆ دەكرێت، ئەوەی ئێستە لە كوردستاندا روودەدا (سەرەرای كارتێكەرە ناوچەییەكانی تونس ومیسر و....هتد)،دەربڕی واقعێكی تاڵی ناوخۆی كوردستانە كە دەسەڵاتداران نایانەوێ بیبیستن، خۆ ئەگەر بە ناچاری بیستیشیان، لە چەند بەڵێنێكی سەر زارەكی زیاتر شتێكی وەهای كرداری و مەیدانییان پێ نییە بۆ چارەسەر، لە بەرچی؟ لەبەر ئەوەی گەندەڵ كارەكانی كوردستان كوڕو كچ و خزم و ئەندام و دۆست و لایەنگری خۆیانن، لە بەر ئەوەی ئەوانەی قۆرخی ئابوری كوردستانیان كردووە، كۆمپانیا كانی خۆیانن، یاخود ئەوانەنەن بە زۆری زۆرداری كراون بە هاوبەشی دەسەڵات لە كۆمپانیاكانیاندا، یاخود لە ترسی ئیفلاس بون و بۆند دەست نەكەوتن دەزگاو پیاوەكانی دەسەڵاتیان كردووەتە هاوبەشی كار وكارە ئابورییەكانیان، تەنانەت بەپێی هەندێ ئاماژە زۆرێك لە كۆمپانیا بیانییەكانیش پشك وبەشی ئەمانی تێدایە، دەسەڵات داران نایانەوێ ببیستن، ئەگین چەندین ساڵە لە كەناڵە جۆربەجۆرەكانەوە باس لە گەندەڵی و پیاوانی گەندەڵ كار دەكرێت، باس لە داگیركردنی زەوی و زاری كوردستان دەكرێ بۆ بەرژەوەندی حیزب وپیاوانی، دەبوو لە م میّژووەدا تەنها بەرپرسێ یا وەزیرێكیان بە چەند ساڵێك بەند بكردایە، یا سزا بدایە، تەنها كەسێكیان لە بەرچاوی جەماوەر سوك وریسوا بكردایە تاوەكو پەند بێت بۆ ئەوانیتر، بەڵام لە بەر ئەوەی گەندەڵیی بوەتە بەشێك لە جەستەی ئەوان بۆیە ناكرێ دەسكاری وچارەسەریكەن.
دەسەڵاتداران هەست بەتاڵاوو نەهامەتییەكانی خەلًكی وجەماوەر ناكەن، لە بەرئەوەی خۆیان تێرو پرن، لە كۆڕو كۆبونەوەكانیان بون و خۆشگوزەرانی رەنگدانەوەی هەیە، خانەوادەو مناڵەكانیان یان لە دەرەون یاخود لە خوێندنگەی تایبەتدان، ئەو خوێندنگانەی كە بەشێكیان لە پارەی گەل و خەڵكی كوردستان هاوكاریی دەكرێن بەناوی جۆراوجۆرەو كەچی دواجاریش موڵكی تاكەكەسە وكەسانی تایبەتیش نەبێت ناتوانێ مناڵەكانی بنێرێتە ئەو خوێندنگانە، چەندین ساڵە ئێمەو كۆمەڵێك رۆشنبیر داوایكردنەوەی دەزگای توێژینەوەو خزمەتگوزاری وكۆمەڵایەتی و دەرونی تایبەت دەكەین لە دەڤەری ئەنفال نشینان ، داوای قوتابخانەو خوێندنگای گەنجاو نەك نمونەیی دەكەین، لە بریی ئەوە دەسەڵات پشتگیریی ئەم كارانە بكات دێت ئاسانكاریی و پشتگیریی دەزگایەكی زەبەلاحی تەبشیری و بەمەسیحی كردن دەكا بۆ ئەوەی هەژاری و نەخۆشی و بێَ خزمەتگوزاریی خەڵكی بقۆزنەوە بۆ ئامانجە تەبشیریە كانیان، لەم رۆژانەی دەنگی نارەزایی كۆمەڵانی خەڵكی گرتوەتەوە، ئەوان كارتی بانگەشەی هاتن بۆ بارەگاكەیان بەنێو خەڵكیدا دابەش دەكەن!!
دەسەڵاتداران نایانەوێ ببیستن ئەگین دەبوو، كوردستانیان بگۆرایە بۆ دەسەڵاتێكی دەزگایی و ئاسایش وپۆلیس و دەزگاكانیتر لە موڵكی حیزب دەرچونایە و حەڵاڵ بوایە هەموو كەس بەبێ تەزكیەی حیزبیی ببوایەتە كارمەند تیایدا، بۆی هەبوایە بەرێوەبەری گشتی وكاربەدەست بێ، لە دەزگا جۆربەجۆرەكانی حكومەت بەبێ پشتگیریی حیزبی و بەپێی لێهاتنەكانی خۆی، بە بێ دەربڕینی وەلا بۆ ئەم و ئەو...
دەسەڵات نایەوێ ببیستێ، لەبەرئەوەی خەڵكی بە خزمەتگوزارو خزمەتكاری خۆی دەزانێ نەك بە پێچەوانەوە، حیزب بە ئامانج دەزانێ نەك هۆكارێك بۆ خزمەتی خەڵك و جەماوەر، ئەوەی بیرچوەتەوە كە داهاتە كەڵەكە بوەكانی لە خێروبێرەكانی ئەم وڵاتەن، كە بە هەزارەها لێی بێ بەشن، كاتێكیش هەند ێكی دەبەخشێ وادەزانێ سەدەقە بە سواڵكەر دەكات! ئاغایەو نۆكەری گرتوە، سەرچاوەی گرفتەكەش ئەوەیە وادەز انێ پێویستی بەكەس نییە چونكە دەوڵەمەند بوە(إن الانسان لیگغى أن رێه استغنى)، بڕیاری موقەدەسی خۆیی و بانگەشەی خوایەتی راگەیاندوە بەخۆی بزانێ یان نا!!
ئەگەر دەسەڵات نەبێتەوە مرۆڤ و بریاری هەڵەكاری و زیادەرەوییەكانی خۆی نەدات، ئەوا دەبێ چاوەروانی چارەنوسی بن عەلی و موبارەك بكات درەنگ بێ یا زوو، كاتی ئەوە هاتوە بە خۆیاندا بچنەوەو بچوكی خەڵك بكەن و ئازادی راستەقینەی مرۆڤ وبواری ئابوری ودام و دەزگاكان جۆرە بەجۆرە حكومییەكان رابگە یەنن، لە پلەی ئولوهیەت و حاكمیەتی خوایی تەنازولكەن و ببنەوە مرۆڤێكی ئاسایی كۆمەڵگەكەیان، تاوەكو نەبنە جێگەی نەفرەت و خەشمی خواوو گەلەكەیان.
كاتی ئەوە هاتوە دەسەڵات دەنگە نەیارو نارازییەكان ببیستێ، دواجار ئەمە لە سودی جەماوەر و خۆیشیاندایە، با ئیتر بیر لە زمانی گوللە وفیشەك نەكرێتەوە! بیر لەبەدۆزەخ كردنی كوردستان ئیتر بەس بیت! با ئەو قۆناغە بەعسییە تێپەرێنین كە یا دەبێ بۆ خۆم بێت یا نابێت بۆ كەس بێت، كارو سەركەشییەكانی ئێوە رقی جەماوەر ئەستوورتر دەكات، ئەمرۆش بۆی نەكرێ سبەی پێی هەڵ دەسێ، بەڵێ بۆ مرۆڤێتی دەسەڵات داران، نا بۆ زۆرداری وبانگەشەی خوایەتی، با دروشمی راستەقینە بریتی بێت لە (گەورەی خەڵك خزمەتگوزارێتی)(سید القوم خادمهم)، بە هیوای بیستن!!
(دەتوانرێت بڵاو بكرێتەوە لە لایەن سایت و رۆژنامەكانەوە)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست