لە نیوان ئیمەو فاروق رفیقدا: بۆ میژوو
Sunday, 03/04/2011, 12:00
بۆ میژوو:
چەندانجار لە ئەنجوومەنی سەرادا دووپاتمان كردەوە: ئەم بزووتنەوەیە پیویستی بە پەلهاویشتنێكی بەر فراوانە، دەنا زۆر بە زوویی خۆی دەخواتەوەو لەناوخۆیدا لەتوپەت دەبیت و پارسەنگی هیز بە لای دەستەلاتدا رادەكێشێت. وە چەندان پێشنیاری بە كردەوەیشمان خستەروو بۆ بە واقیعی كردنی ئەو پەلهاویشتنە.
تەنها 3 رۆژیش بەر لە یادی نەورۆز، لە ئەنجوومەنی سەرادا، لە وەلامی (كاك فاروق رفیق) دا كە گووتی: "من نایەلم ئەم بزووتنەوەیە بە هیچ ئاقاریكی تردا بروات"، رامانگەیاند: ریكخستنیكی لەم جۆرەی ئیستای سەرا، خوێنرشتنێكی بێهودەی بە دوادا دێت. چونكە ئیوە خەلكتان راگرتووەو تەنیا قسەیان بۆ دەكەن. خەلكی لەو سنوورەدا نامێنێتەوە كە بۆی دیاری كراوە.
ئەی ئیستا بەرەو كوێ؟
بەرەو ئەو جیگایەی راپەرین لە پیناویدا خولقا. بەرەو ئەو جیگایەی میژوو دەیبات. میژوو بە قاچە تەلیسمایەكانی ئیمەوە نەبەستراوە تا بلێین ناهیلین بە هیچ ئاقاریكی تردا بروات. خەلكی خۆرسكانە رژاوەتە شەقامەكانەوەو مفاوەزەی حیزبایەتی قبول ناكات. مفاوەزەچیەكان هیچ حسابیك بۆ جەماوەر ناكەن، بەلكو بە پاشكۆیەكی بێ بایەخی خۆیانیان دەزانن. ئەنجوومەنی سەرایش لە هەمان مەداری ئەواندا دەخولیتەوە. بۆیە چاوەرێی خوینیكی گەورە بن. بەلام بیهودە، بێ ئامانج.
ئامانج هیچ نیە بەبێ خۆریكخستنی جەماوەریی. ئەو خۆریكخستنە بووە قوربانی خواستە شەخسی و سیاسیەكان. پارسەنگی هیزی بەلای دەستەلاتدا لار كردەوە. ئەگەر جەماوەر بەفریای خۆی نەكەوێت، ئەگەر جەماوەر خۆریكخستینیكی چالاكی نوێ وەبەر نەهێنێت، تیشكانمان مسۆگەرە.
ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی چەندانجار فەشەلی خۆیی راگەیاندو واز ناهێنێت. ئیستا جەماوەر لە سەریەتی لە دەرەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی خۆیان ریكبحەن، رێكخستنێك كە نوینەرە هەلبژیردراوە سەربەخۆكانی جەماوەر دەكاتە ریكخەری بزووتنەوەیەكی جەماوەریی كە هیچ مساوەمەیەك قبول ناكات.
ئەنجوومەنی سەرا، سەرای گۆری بە جیگای تەهلیلەو خواپەرستی و قورئان خویندن. بەلام پیدەزانن یاننا، مەوقیع ومەقامی مەلاكان ناو محرابی مزگەوتەكانە. خەلكی بۆ تەهلیلە نەهاتۆتە سەر شەقامەكان، ئەوان بۆ خواپەرستی روو لە مزگەوتەكان دەكەن نەك سەرای ئازادی، ئەو سەرایەی بۆ لیدوان لە چۆنیەتی پەرەپیدانی بزووتنەوەی جەماوەری پیكهات نەك بۆ نویژی هەینی و شیعرو گۆرانی و شیرینی دابەشكردن.
وە هەر لیرەوە بۆ میژوو بە خەلكی دەڵێین: هەموو شتیك لە نیوان مفاوەزەچیەكان و دەستەلاتدا حەل و فەسل كراوە، سەرا دەمیكە تەواو بووە، بەلام ئۆپۆزیسیۆن لە ترسی خۆیان بلاوە پیكردنی خەلك راناگەیەنن. ئەوان باش دەزانن شەقامەكان چۆل ناكرێت.
سەركەتوو بیت خەباتی جەماوەریی!
تیبینی: بۆ زیاتر تیگەیشتن لە تیروانینەكانی ئیمە، تكایە برواننە ئەم لینكە لە كوردستانپۆستدا:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=7cc5
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست