کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەمرۆ سلێمانی خرۆشایەوە

Saturday, 02/04/2011, 12:00






سەرەتا:

ئەمرۆ سەر لەنوێ شاری سلێمانی خرۆشایەوە. سەرای شار هەروەك خۆی هاواری دەكرد: "بە ئاشتی! بە ئاشتی!". لە گەرەكی كانیسكانیش ریزی دەستریژ دەنگی دەدایەوە. لاوە یاخی بووەكانی سەرا، هەروەك شارەزەردەواڵە وورووژان و بە ئاراستەی دەنگی دەسترێژ، بە لێشاو شەپۆلیان دەدا. هیزە پۆلیسیەكان لە نیوان سەراو مزگەوتی گەورەدا، بەربەستێكی گەورەیان دروست كردبوو بۆ رێگرتن لەو هیرشە. دیمەنی هەرە كۆمیدی ئەم خرۆشانەیش، شلەژان و شپرزەبوونی ئۆپۆزیسیۆن و نوینەرانی سەرا بوون كە بە هەڵەداوان بەدووی لاوان كەوتبوون و داوایان لێدەكردن بگەرینەوە بۆ سەرا.

كێن ئەوانەی لە سەرادا كۆدەبنەوە؟

پێكهاتەی سەرا تەنیا لەو شۆرشگیرانە نیە كە 17 ی شوباتیان خستە میژووەوە. ژمارەیەك نووسەر تەنیا بۆ چەپلە كرین روو لە سەرا دەكەن، ژمارەیەك خۆدەخەر بۆ خۆنواندن و ژمارەیەك وتاربیژ بۆ پلەو پایەی سیاسی و ژمارەیەك هەلپەرست لە ترسی گۆرانكاریە چاوەروانكراوەكان، هەموویان پیكەوە، چوار دەوری سەرایان تەنیوەو بە ووشە بێ پیت و بێ بەرەكەتەكانیان هەرچی رۆحی شۆرشگیریە لە مەیدانی ئازادیان داماڵیوە. ئەوان پیكەوە، وەك پەنجەی لاشەیەك، هاوبەشی دەكەن لە پاراستنی عەرشی خوایی دەستەلاتدا. ئەنجوومەنی سەرایش ئەوانە لە دەوری ئەو مەیدانە كۆدەكاتەوە.

ئەنجوومەنی سەرا جەماوەر بەرەو كوێ دەبات؟

ئەنجوومەنی سەرا بە دەستەمۆكردنی جەماوەرەوە خەریكە. ئەوان بە جەماوەر دەلین: ئەبێت تاوانكاران دادگایی بكرێن، ئەو تاوانكارانەی بە كردەوە پاریزەری ئەم سیستمەن، پاسەوانی گەورە سیاسیەكانن، ئەو تاوانكارانەی تەنیا یەك جیگا هەیە بۆ دادگایی كردنیان: دادگای هەژارانی ئەم كۆمەلگایە.

ئەنجوومەنی سەرا، بە پشت بەستن بە ئۆپۆزیسیۆن، راپەرینی جەماوەریی گۆڕی بە خۆپیشاندانیكی هێمنانە، وە بە ناوی پاراستنی گیانی هاونیشتمانیانەوە، پێچكە لەقەكانی كورسیەكانی دەستەلاتداران توند دەكەنەوە.

هەر دوێنێ لاوان هاواریان دەكرد: "هەتا كەی لە سووڕی مت بووندا بمێنینەوە؟". ئەنجوومەنی سەرایش هاواریان دەكرد: ئەمانە لە ئیمە نین، ئیمە شیوازی شارستانی دەگرینە بەر. ئەمە لەكاتیكا كە هیزەكانی دەستەلات تا ئەمرۆیش شیوازی توندوتیژیی خۆیان واز لێنەهێناوە.

عەرشی دەستەلات بە شیعروشانامەو بە دروشمی "بە ئاشتی! بە ئاشتی!" و شیوازی شارستانی نالەقێت. لاوانی شار چاك لەوە گەیشتوون:"شیوازی مەدەنی" و "ئاشتی كۆمەلایەتی" پاراستنی سەروەریتی سیستمی پۆلیسیە، دروستكردنی هەوێنی شیعرە نەك شۆرش، ئەوان برینەكانی دەستەلات ساریژ دەكەن. ئەمەیش بۆ وەدی هینانی ئەم مەبەستی شەخسی و ئەو ئامانجی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن.

ئۆپۆزیسیۆن جەماوەر بەرەو كوێ دەبات؟

دەمیكە دەستەلات، ریكخستنی ئەمنیی سەرای، رووبەرووی (گۆران) كردۆتەوە. ئەمرۆ شار دیمەنیكی ئاشكرای لەو شانۆگەریە كۆمیدیە پیشكەش كرد.
سەرا بە ئەنجوومەنی سەراو گۆران كۆنترۆل نەكرا. دوا بەدوای هیرشی لاوان، هیزە عەسكەریەكان بە شاردا بلاوەیان كردوو یاخی بووەكانیان دەگیرایەوە بۆ بەر سیبەری ئۆپۆزیسیۆن و میكرۆفۆنەكەی سەرا، بۆ باوەشی ئاشتی.

دەرئەنجام:

نە نووسەرو رۆژنامەو گۆڤار، نە رادیۆو تەلەفزیۆن و سایتەكان، نەئۆپۆزیسیۆن و نە ئەنجوومەنی سەرایش، هیرشیی جەماوەریان پێڕانەگیرا، جەماوەریك كە بۆ گوێ گرتن لە شیعر نەهاتۆتە سەرشەقامەكان، وە تێدەگات كۆتری ئاشتی هیچ لە باری ژیانی ئەو ناگۆریت. ئەمە جەنگێكی كۆمەلایەتیە، هەژاری و بیكاری سەرچاوە میژووییەكەیەتی. ئەمە جەنگیكی كۆمەلایەتیە، جەنگی چەند ئەفەنیەك نیە كە چاویان بریوەتە پلەو پایەی سیاسی و ئیمتیازاتی شەخسی.
بۆیە زۆر بە دلنیاییەوە، هیز نیە رێ لەم بزووتنەوەیە بگرێت تا تەواوی جومگەكانی دەستەلات تێكوپێك دەشكێنێت. خەلكی لە ماوەی زیاتر لە 40 رۆژی سەرشەقامەكانی شارو شارۆچكەكاندا، كەم رۆژ دەدۆزیتەوە رووبەرووی دەسترێژ نەبووبیتەوە. وە ئەگەر حال بەم جۆرە بروات، ئەوا دەستەلات خۆی بە دەستی خۆی چەك دەخاتە دەستی راپەرینخوازان، ئەو راپەرینخوازانەی دەیانەویست سەرا بكەنە جیگای راویژو لیدوان بۆ برەودان بە بزووتنەوەكەیان نەك بە جیگای نوێژو ئیتاعەت، ئەوان دەیانەویست سەرا دریژەدان بیت بە خەباتی شۆرشگیری نەك گویگرتن بۆ وەعزی دینی. بۆیە ناچار ئەو سنوورە شكینراو جەماوەر دەریخست چیتر سەرا بە بە نوینەری خۆی نازانیت، هەروەك چۆن لە 17 ی شوباتدا دەریخست چیتر پارلەمان بە نوینەری خۆی نازانیت.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە