شوباتیەكان لە ئۆپۆزیسیۆن و 13 نووسەرەكە ناچن
Tuesday, 15/03/2011, 12:00
8 شەهیدو 200 بریندار دواین دیاریی سەدەی بیستویەكە لە هەردوو ئەنجوومەنە تەشریعی وتەنفیزی ومەكتەبسیاسیەكانی حیزبە دەستەلاتدارەكانەوە بۆ خەلكی ڕاپەریوی كوردستان، ئەو دەستەلاتەی كە ئەمە یەكەمینجاری نیە بە ئاگر رووبەرووی خەلكی دەبێتەوە.
ئەی بیرتانچوو لە 2006 دا 13 كریكاری كارگەی چیمەنتۆی تاسلوجە و لە 2008 دا ژمارەیەك لە خۆپیشاندەرانی شۆرشگیری خەلیفان لە ناوچەی هەولیر، وە هەروەها هەلەبجەیەكی برینداریش، بەر گوللەكانی تالەبانی و بارزانی كەوتن؟ ئەی بیرتانچوو بە هەزار گفتی رەنگاورەنگ خۆپیشاندانەكانی دەیەی یەكەمی ئەم سەدەیە دامركێنرانەوە؟ ئەی ئەمانەی ئیستا سەنگەریان لە جەماوەر گرتووە هەر هەمان دەستەلات و دامودەزگای سیاسی نین؟
پارلەمان جومگەی سەرەكیی دەستەلاتە. جەماوەریش لە بێ برواییەوە بە دەستەلات بە هەردوو ئەنجوومەنە تەشریعی وتەنفیزیەكەیەوە، ڕژاونەتە سەرشەقامەكان وخۆپیشاندانیان هەلبژاردووە. بۆیە چ بیانوویەك نەماوە بۆ ئۆپۆزیسیۆن بۆ خۆلكاندن بە كورسیە بێ كەلكەكانی دەستەلاتەوە ئەگەر ئەوان بە سیاسەتبازیەوە خەریك نین!
شوباتیەكان، واتە راپەرینخوازانی 17 شوبات، بە فرێدانی یەكەمین بەرد بەرووی هیزەكانی دەستەلاتدا، هەموو شێوە خەباتێكی پارلەمانیان كۆن كرد. وە ئیتر لەوە بەدوا گەڕانەوە بۆ شێوە خەباتی دەیەی یەكەمی ئەم سەدەیە كە خەباتی سەر شەقامەكانە.
لە 17 شوبات بەدواوە، دەبوا، هەر هێزێك خۆی لە ریزی جەماوەر دەژمێرێت، وە یان جەماوەر بە ئاژاوەگێڕ نازانێت، هەر ئەو كاتە كورسیەكانی پارلەمان جێبهێڵن و بە رەسمی بڕژێنە ریزەكانی جەماوەرەوە.
ئۆپۆزیسیۆن داوای هەلوەشاندنەوەی حكومەت دەكات، بەلام خۆی دەست لە كورسیەكان و ئیمتیازاتەكانی پارلەمان بارنادات! ئۆپۆزیسیۆن لە سێڕێیانێكدا وەستاوەو بە دەستەلات دەڵێن ئامادەین لەگەڵتان بدوێین، بە جەماوەر دەڵێن لەگەڵتانین، خۆشیان سێ قۆڵی خەریكی چپەچپی سیاسین.
ئەمانە هیچیان ئالترناتیڤی جەماوەری راپەریو نین، تەنیا ریگایش بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خەباتی جەماوەریی، هاتنەناو ریزەكانی جەماوەرە بەرەسمی و هیچی تر. تائیستایش تەنها دوو هەنگاو بزووتنەوەی جەماوەری چوونە پیشەوەی بەخۆوە دیوە لە دوای 17 شوباتەوە: داخستنی دەرگای زانكۆ بەرووی دەستەلاتدا لە شۆرشگیرانی زانكۆوە، وە رێپێوانی كاسبكاران بۆ بەرگری لە خۆپیشاندەران.
بەبێ گەشەیەكی نوێ لەو بزووتنەوەیەدا، خۆخواردنەوەو پاشەكشە چارەنووسمانە.
جەماوەر خۆی پارلەمانی هەلبژارد، وە هەر خۆیشی، وەك دەرئەنجامی زنجیرەیەك لە دەرس و تاقیكردنەوەی مێژوویی، بڕوای خۆیی لە پارلەمان سەندەوە. ئۆپۆزیسیۆن جاریكی تریش ئەو باوەرە بۆ دەستەلات دەگێرێتەوە، هەروەك چۆن نامەی 13 نووسەرەكە بۆ تالەبانی، هەولێكە، هەولێكی فاشل، بۆ گێرانەوەی باوەری خەلكی بە دەستەلات، خەلكێك كە هەرگیز ئامادە نابن بۆ دروستكردنی پەیكەرێك بۆ تالەبانی، وەیان هەروەك پەیكەرەكانی ستالین و سەدام، لەگەل بارزانیدا، لە ئاسمان دایاندەگرنە خوارەوە ئەگەر ئەمجارە فریای ڕاونانیان نەكەن بە هۆی ئۆپۆزیسیۆنەوە.
نە ئۆپۆزیسیۆن و نە 13 نووسەرەكە كە هەر ئۆپۆزیسیۆن خۆیانن، لە شوباتیەكان ناچن. شوباتیەكان بەسەر شەپۆلێكەوەن لە 2006 وە دەست پیدەكات و تادێت لە هەلكشاندایە، چونكە ئەو شەپۆلە بەرهەمی كەمدەرامەتی وبیكاریە. وە ئەگەر ئەمجارەیش لە یاریە سیاسیەكاندا دابنیشێتەوە، هەلكشانی داهاتووی لە 17 شوبات بەرزتر دەبێت. وە ئەمجارە رووناكی راپەرین خۆی، رووخساری لێڵی هەموو لایەن وتاك و نووسەرێك، لە جەماوەر رووندەكاتەوە.
هەرگیز وا تێمەگەن دەتوانن یاری بە چارەنووسی جەماوەر بكەن، هەرگیز وا تێمەگەن ووشە رۆمانسیەكانتان گڕی راپەرین دادەمركێنێتەوە. نە شیعرو شانامەكانتان، نە دەستەمۆكردنی جەماوەر، مل بە خەلكی نادات، جەماوەرێك كە ئەمرۆ لە هەموو كات دەولەمەند ترە بە دەرس و تاقیكردنەوەكانی خۆی و راپەرینخوازانی تری ئەم دونیایە، جەماوەریك كە لەژیانی واقیعی خۆیەوە فێر دەبیت، میژوو قەتابخانەیەتی نەك كتێب و تیۆریە بێكەلەكەكانی ئێوە.
ئیوە جەماوەر بە گیلۆكەو خۆتان بە مامۆستای دەزانن، ئیوە جەماوەر بە نەخویدەوارو خۆتان بە زانا دەناسێنن، ئیوە جەماوەر بە دواكەوتوو دەزانن و شیعرەكانتان بە سەرچاوەی پیشكەوتن دەناسێنن. بەلام زۆر دڵنیا بن: مێژوو بەبێ ئەو جەماوەرە نیەو نابێت و لە جێی خۆیشی ناجوولێت، ناكۆیەكانی جەماوەر لەگەل دەستەلات سەرچاوەی گەشەی مێژووە نەك شیعرو شانامەكانی ئیوە. مێژوو یان نیە یان جەماوەر دروستی دەكات، مێژوو جووڵە بەخۆیەوە نابینێت بە بێ جووڵەی ئەو جەماوەرەی ئیوە بەبێ سەوادی دادەنێن. جەماوەر لە هەژاری و تاریكی مالەكانیان و بیكاری و كەمدەرامەتیی و بێ خانووبەرەیی خۆیانەوە فێر دەبن، ئیوە لە سەقفی ژوورەكانتانەوە كە چ پەیوەندیەكی بەدونیای واقیعی ئەوانەوە نیە. ئیوە بە عاتیفەو بەزەیی مامەڵەی جەماوەر دەكەن، جەماوەر بە رقێكی ئەستوورەوە مامەڵەی ژیان دەكات، ژیانێك كە بەشی ئەو تیایا كولەمەرگیەو بەس.
ئەوە سەرچاوەی هەموو راپەرینیكی جەماوەریە، وە هەر ئەو حالەتە میژوویەیش دەرئەنجامی راپەرینی شوباتیەكان دیاری دەكات نەك رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن و نامەی نووسەرە بێئاگاكان لە مێژوو، نامەی ئەوانەی دەیانەوێت جەماوەر لەژێر چاویلكەیەكی تاریكەوە بڕوانێتە دەستەلات، دەستەلاتیك ئەو نووسەرانە خۆیان لە سایەیدا سوودمەندن و ئێمەیش كەمدەرامەت و بێكار. بۆیە هەرگیز رێگەچارەی شوباتیەكان رێگەی چارەی ئەوان نیە.
با چاوەرێی وەلامی مێژوو بین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست