کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ناڕه‌زایی ده‌ربڕینی گۆڕان خوازان له‌ ئه‌مه‌ریکا ده‌رباره‌ی داخستنی پارتی کۆمه‌لگای دێموکراتی.

Monday, 21/12/2009, 12:00


بڕیاری داخستنی پارتی کۆمه‌لگای دێموکڕاتی (ده‌ ته‌ په‌) له‌لایه‌ن دادگای بنه‌ڕه‌تی تورکیاوه‌ کارێکی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ و دووڕوانه‌ی ئه‌و ده‌وله‌ته‌ بوو، سه‌ره‌ڕای بانگه‌شه‌ی به‌دێموکراسی کردنی ده‌وله‌تی تورکیا، دادگای ناوبراو به‌و کاره‌ سه‌لماندی که‌ عه‌قلی شۆڤێنی و نه‌ژادپه‌رستی به‌رده‌وامه‌ و تاوه‌کو بۆیان بکرێ ڕێگا ناده‌ن ده‌وله‌تی تورک وه‌ک ده‌وله‌تێکی ئاشتی خوازانه‌ و دێموکڕاسی هه‌لس و که‌وت بکات و ڕێز له‌و نه‌ته‌وانه‌ بگریت که‌ به‌بێ ویستی خۆیان که‌وتونه‌ته‌ ژێر کۆنتڕۆلی ئه‌وان و ده‌یان ساله‌ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ سه‌رجه‌م مافه‌کانیان زه‌وت کراون له‌لایه‌ن ده‌وله‌تی تورکیاوه‌ و چه‌ندین جار ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ که‌وتونه‌ته‌ به‌ر شالاوی بێ ویژدانانه‌‌ و دوور له‌ نه‌ریتی مرۆڤایه‌تی، کۆمه‌ل کوژ کراون به‌ده‌ستی هێزی سه‌ربازی ده‌وله‌تی تورک به‌تایبه‌ت (کورد... ئه‌رمه‌نی).

ئه‌وه‌ زیاتر له‌ هه‌شتا ساله‌ حوکمی ناسیۆنالیستی تورک ده‌ستی له‌ قوڕگی ملیۆنان ده‌نگی ئازادی گه‌ڵی کورد ناوه‌و هه‌رده‌م ئه‌و گه‌ڵه‌ له‌ هه‌ولی ئاشتی خوازانه‌ دابوه‌ بۆ چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌کان و به‌ده‌ست هێنانی مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان و گونجان له‌گه‌ل سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌کانیتری تورکیا.

به‌لام له‌و ڕۆژه‌ی مسته‌فا که‌مال ئه‌تاتورک حیزبی کۆماری گه‌لی تورکی پێک هینا که‌ هێشتا بڕیاری دامه‌زرانی کۆماری تورکیا نه‌درابو، زیاتر له‌ بیست و چوار ساڵ ئه‌و حیزبه‌ خۆی به‌‌تاکه‌ سواری مه‌یدان و تاکه‌ بڕیارده‌رو حوکوم گێڕ دانا و ئه‌وه‌نده‌ دکتاتۆرانه‌ و بێ ویژدانانه‌ مافی مرۆڤه‌کانی پێشێل کردوه‌ که‌ هیچ ده‌نگێکی ئازادی خواز نه‌یتوانیوه‌ له‌ژێر ڕکێفی ئه‌ودا به‌رز ببیته‌وه‌، هه‌ر به‌و شێوه‌ هه‌ر گروپێک و کۆمه‌لێک و چینێک یان گه‌لێک داوای مافه‌ ڕه‌واکانی کردبیت له‌ژێر ئه‌و حوکمه‌ تاکڕه‌ویه‌دا‌ کۆمه‌ل کوژو قه‌تل وعام کراون و به‌تایبه‌ت هه‌ولی زۆر جددی دراوه‌ که‌ کورد و ئه‌رمه‌نیه‌کان به‌ته‌واوه‌تی له‌سه‌ر زه‌وی بستڕنه‌وه‌ وله‌ناویان ببه‌ن و نه‌یان هێلن.

هه‌روه‌ها که‌ به‌سر ڕابردوو زولم و زۆرداری خۆیان داده‌چنه‌وه‌، ده‌بینن که‌ چ کاره‌ساتێکیان به‌سه‌ر گه‌لانی ناو هێلی تورکیادا هێناوه‌، له‌به‌ر ئه‌و ڕابردوه‌ ناپاک و دڕوندانه‌ له‌هه‌موو ده‌نگه‌ ئازادی خوازه‌کان ده‌ترسن و وا هه‌ست ده‌که‌ن تۆله‌ی ڕابردویان لێ ده‌کرێته‌وه‌ و ده‌وله‌تی تورک تێک ده‌شکینن ، بۆیه‌ بڕوایان به‌ ئازادی و مافی گه‌لانیتر نیه‌.

هه‌رچه‌نده‌ بانگه‌شه‌ی به‌ دێموکراتی بونی ده‌وله‌تی تورکیا له‌ میدیاکان به‌رده‌وامه‌، به‌لام هه‌ر وه‌ک کوده‌تای سه‌ربازی سالی 1961 که‌ به‌سه‌ر ده‌وله‌تی تورکیایان داهیناو سه‌رۆک وه‌زیران عه‌دنان مونده‌ریس وته‌واوی دارو ده‌سته‌ی سه‌رکردایه‌تیان گرتن و زۆربه‌یان له‌سێداره‌ دران، نه‌ژادپه‌رسته‌کانی تورک هه‌ر‌ده‌م له‌ هه‌ولی تێکدانی دێموکراسی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌وله‌تی تورکیان بۆ سه‌ر بناغه‌ی تاکڕه‌وی ناسیۆنالیستی.

ئێستاش با ده‌وله‌تی تورک دلنیا بیت که‌ ئه‌و دووڕوییه‌ له‌ تورکیا سه‌ر ناگری، یان ده‌بی واز له‌ ئه‌ندامه‌تی یه‌ک گرتوی ئه‌وڕوپا بهێنن و باسی دێموکراسی نه‌که‌ن، یان ده‌بی خۆیان بۆ ئه‌وه‌ ئاماده‌ بکه‌ن که‌ له‌ جیهانی عه‌وله‌مه‌ی ئێستادا ناتوانن زیاتر حوکمی تاکڕه‌وی و دکتاتۆری و نه‌ژادپه‌رستی و پێشێلکاری مافی گه‌لان به‌رده‌وام بکه‌ن.

تورکیا به‌ داخستنی ده‌ته‌په‌ و کوشتنی مندالان و گه‌نجان و تیرۆر کردنی ده‌نگه‌ ئازاو بوێره‌کانی گه‌لی کورد، ناتوانیت ئه‌و گه‌له‌ بێده‌نگ بکات و زیاتر ته‌په‌سه‌ری بکات، به‌لکو به‌و کارانه‌ی ئێستا تورکیا ده‌یکات، درێژه‌ دان به‌ نه‌ژادپه‌رستی، ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ له ‌وه‌زنی دێموکراسی و هێزی ده‌وله‌تی تورک خۆی که‌م ده‌کاته‌وه‌.

وه‌ک هه‌مو جیهان ئاگاداره‌ که‌ کورد له‌ باکوری کوردستان زۆر هۆشیارانه‌ و چالاکانه‌ هه‌ولیان دایه‌ و ده‌یده‌ن بۆ تێگه‌یاندنی ده‌وله‌تی تورک که‌ به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافه‌ زه‌وت کراوه‌کانی گه‌لی کورد تورکیا ناڕوخێت، به‌لکو به‌هێزتر ده‌بیت، له‌باری ئابوری و سه‌ربازی و دێموکراسی، به‌لام مێشکی ناسیۆنالیست و نه‌ژادپه‌رستی تورک له‌ ده‌نگی ئازادی خوازان ده‌تۆقێ و ناتوانن ئارام گرانه‌ بێنه‌ مه‌یدانی گفتوگۆو لێکدانه‌وه‌ی قازانج و زه‌ره‌رمه‌ندیه‌کان بکه‌ن.

ده‌یان ساله‌ کورد یه‌ک لایه‌نانه‌ هه‌ولی ئاشتی و ته‌بایی و پێکه‌وه‌ ژیان و به‌‌هێز کردن و دامه‌زراندنی ده‌وله‌تێکی بته‌وو به‌توانا له‌ هه‌مو ڕووێکه‌وه‌ ده‌دات، به‌لام ده‌وله‌تی تورک له‌ژێر فشاری نه‌ژادپه‌رستان ئه‌و هه‌مو دلسۆزی و بانگه‌وازی گه‌لی کورد نه‌ک هه‌ر وه‌لام ناداته‌وه‌، به‌لکو هه‌رده‌م به‌ هێزی سه‌ربازی و گرتن و تیرۆرو تۆقاندن و ناوو ناتۆره‌ی ناشرین وه‌لام ده‌داته‌وه‌..

بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌نگی ئاشتی و ئازادی خۆمان ده‌خه‌ینه‌ پال ده‌نگه‌کانی ده‌ته‌په‌ و هه‌مو ئازادی خوازان و به‌تایبه‌ت گه‌لی کورد. تاوه‌کو ده‌ست هه‌لات دارانی تورک له‌و بڕیاره‌ نادروسته‌ی خۆیان باشگه‌ز ببنه‌وه‌ و باوه‌ڕی ته‌وا‌و به‌ دێموکراتیه‌ت بهێنن و مافی سه‌رجه‌م گه‌لانی تورکیا دابین بکرێت و گیانی ته‌بایی و پێکه‌وه‌ ژیان دروست بکرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە