کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێشمەرگەێکی لەبیر کراوو پشت گوێ خراو

Wednesday, 23/01/2013, 12:00


لە سەرەتای ئەم مانگە گەشتێکمان کرد بۆ ویلایەتی کالیفۆرنیا، لەو گەشتەدا سەردانی چەند خێزانێکی ڕەوەندی کوردیمان کرد، لە ڕێزی ئەو سەردانەماندا، چاومان بە پێشمەرگەێکی کۆنی پارتی دێموقڕاتی کوردستان کەوت، بەناوی جەلال تەها بناڤی. جەلال لە سالی ١٩٥٤ لە ناوچەی بەرواری بالا چاوی بە جیهان هەلهێناوە، لە تەمەنی گەنجیدا ژیانی هاوسەرگیری پێک هێناوە، خۆی و خێزانی بووینە خاوەنی چوار مندالی خنجیلانە، پاشان بەهۆی زولم و زۆرداری ڕژێمی بەعسی ڕەگەز پەرست بە سەرکردایەتی سەددام تکریتی دکتاتۆرەوە، هەر وەک هزاران کوردی یاخی لە داگیرکەرانی کوردستان، ئەویش ناچار بووە هاوسەرو چوار مندالی هوردو دایک و باوک و سەرجەم خانەوادەی بەجێ بهێلی و چەکی پێشمەرگایەتی لە شان کات و ڕو لە شاخەکان بکات و دژی ڕژێمی بەغدا بجەنگێت، لە پێشمەرگایەتی لەگەل پێشمەرگەێکیتر لە لجنەی ئامێدی بەناوی ئەحمەد پەیمانی برایەتی و گیان فیدایی بە یەکەوە دەبەستن و شان بە شان لە هەموو چالاکیەکانیان بەردەوام دەبن، ڕۆژی ١٩٨٣/١١/٢٠ لە ناکاو بنکەیان لە بێشیلێ تۆپ باران دەکرێ، تۆپێک بەناو بنکەیان دەکەوێ و ئەحمەد و جەلال هەردوکیان دەپێکێ و ئەحمەد هەر لەجێدا شەهید دەبێ،، هاواریان دەگاتە سەر، دەبینن هەردوکیان بێ گیان لەت و پەت و لە خوێن نقوم کەوتون، لە کاتی لاشە هەلگرتن دەبینن جەلال هەناسە دەدات و هێشتا دلی لە لێدان نەکەوتووە، بەلام بەهۆی سەختی برینەکانی، بڕوایان نەکردوە جەلال دەژیێتەوە، هەر چۆن بێت، خەربەر دەگاتە مال و خێزانی و ئەوانیش ناچار، بە قاچاخ دەست لە ڕوحی خۆیان دەنێن و خۆیان بە بێشیلێ ڕادەگەێنن و دەبینن جەلال لە لایەن برین پێچی پێشمەرگە، چارەسەرێکی کاتی بۆ کراوە، بەلام تەنها دلی لە لێدان نەکەوتووە، ئەگینا کەس لەو بڕوایەدا نەبوو کە بژیێتەوە. وە کاتێکی زۆر نالەبار بووە، ڕێگاو بان هەمووی قەپات بووە لەبەر بەفرو بەستەلەک، زۆر بەبێ چارەیی بەدیار لاشەی بێ گیانی جەلال،ەوە ئەو زستانەیان بەسەر بردووە، لەبۆ سالی پاشتر کە دلنیا بونە لە دل لەکار نەکەوتنی، ڕەوانەی ئێرانیان کردووە، دوای ئیشاعە گرتن و پشکنین، دکتۆرەکان دەبینن ساچمەێک لەسەر دەماغ لەناو سەری ماوەتەوە، دکتۆر بە کەس و کاری دەلێ، دەبێ نەشتەرگەری سەری بۆ بکرێ و ئەو ساچمە لەسەری دەربهێنرێ، ئەگینا مێشکی کار ناکات و بەهۆش ناهێتەوە، بەلام تەنها سەدا بیست هیوای سەرکەوتن و ژیانی هەیە، بەهەرحال لە مانگی ١٩٨٤/١٠ لە تەهران نەشتەرگەری بۆ ئەنجام دراوەو ساچمەی لەسەر دەرهێنراوە و دوای نەشتەرگەری هەتا مانگی ١٩٨٥/٦ هەر لەژێر چاودێری پزیشکیدا ماوەتەوە، لەپاش مانگی شەش، لەژێر چاودێری دەردەچێت و دەگەڕێتەوە بۆ ناو بنکەکەیان، وە یەکەم جار کە بەهۆش خۆی هاتیتەوە، یەکسەر پرسیاری ئەحمەدی ڕەفیقی کردووە، کە گەڕاوەتەوە بۆ بنکەیان، دیسان پرسیتی، کوا ئەحمەد؟ پێیان گۆتیە ئەحمەد نەقلی بنکەێکیتر بووە، بەلام پاش چەند ڕۆژێک پێشمەرگەێکی بێ ئاگا لە باری دەرونی جەلال، پێی دەلێت خۆزگە ئەحمەدیش وەک تۆ هەر بریندار بایە، بەلام شەهید نەبایە، ئیتر ئەو هەوالە ناخۆشە مێشکی جەلال دادەگرێ و هەتاکو ئێستاش ڕەنگ دانەوەی لەسەر دەرونی جەلال ماوەتەوە.

ئەو کاتەی جەلال چوەتە ڕێزی پێشمەگایەتی، مالیان لە کۆمەلگای زۆرە ملێی هیزاوا بووە، سەرجەم ئەندامانی خانەوادەیان لایەنگیرو ئەندامی پارتی دێموقڕاتی کوردستان بونە، هەر بۆیە نەیان توانیوە لەژێر حوکمی ڕژێمدا بمینێنەوە و ناچار بە مالەوە لە پاییزی ١٩٨٥ هیزاوایان بەجێ هێشتوە و چوینە بۆ ناوچەی چۆل کراو(محەڕەم) لە چەم سەییدا جێنشین بوینە هەتا سالی ١٩٨٨ بە خێزانەوە لە خزمەتی پێشمەرگەدا بوینە، لە مانگی ١٩٨٨/٩ بەبەر هێرشی ئەنفال کەوتونەو لەوێش تەنگیان پێ هەلچێنراوە و ئاوارە کراون و خۆیان داوەتە دەست دەولەتی داگیرکەری تورک، چوار سال لە خیوەتگای ماردین ژیانێکی سەخت و نالەباریان بەسەر بردوە، لە مانگی ١٩٩٢/٩ کۆچیان کردوە بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و لە دەورو بەری ساندیێگۆ، کالیفۆڕنیا خۆیان گرتۆتەوە.

جەلال بەهۆی کار تێکردنی برینی سەری هەردەم تەندروستی نالەبار بووە، هەرکاتێ ڕۆژ لەسەری دابێت، یان تۆزێک لەسەر پێیان ڕاوەستابێت، یان هیلاک بوبێت، یەکسەر تێک دەچێت و بەر دەبێتەوە، هەردەم دەبێ ئەندامانی خێزان چاودێری بن، ناتوانێ زیاتر لە کاژمێرێک خۆی لەسەر کورسی تڕمبێل یان هەر کورسیێکی تر ڕاگرێ، بەهۆی نالەباری تەندروستی، سەردانی کوردستانی پێ ناکرێ، وە شەوان هەتا بەیانی ناتوانێ بخەوێ، زۆر جاران هەولی خۆ کوشتنی داوە و ئێستاش تەنها بە دەرمانی سڕ کردن و بێ هۆش بون دەکەوێتە سەر جێگا، ئەوەی ژیانی جەلال و هیلاکی ئەندامانی خێزانی پێیەوە ببینێت، ناخی بۆیان ژان دەکات، سەرەڕای ژیانی نالەبارو پڕ ئازاری خۆی، دایک و باوکێکی پیرو پەک کەوتەشی هەیە، ئەوانیش بەبێی یارمەتی ئەندامانی خێزانیان، ناتوانن بژیێن...

ئەو پارتەی کە ئەویش ژیانی لەپێناودا لەدەست داوە، زۆر بێ وەفایانەو نامرۆڤانە هەر وەک سەدان پێشمەرگەیتر پاش گوێی خستووە و لەبیر کراوە و هیچ یارمەتیێکی مالی و دەرونیان بە جەلال نەگەیاندووە، ئەندامانی خێزانی جەلال سەردانی کوردستانیان کردوە بە مەبەستی یارمەتی وەرگرتن بۆ جەلال بۆ ئەوەی لانی کەم بتوانن بیبەنە لای دکتۆرێکی تایبەت و تۆزێک لە ئێش و ئازارەکانی کەم کاتەوە و هندێک لە باری دەرونیەوە بڕوای بە ژیان پەیدا ببێتەوە، بەلام لەوێش گوێیان لێ نەگیراوە و پێیان گۆتینە دەبێ جەلال بۆخۆی بێتەوە بۆ کوردستان، هەتا یارمەتی بدەین و پێشمەرگایەتی بۆ بە خزمەت ئەژمار بکەین. من زیاتر لە کاژمێرێک لەگەل جەلال گفتوگۆم کرد، بەلام لەو گفتوگۆدا دەربڕین و قسەی جەلال تەنها گێڕانەوەی ڕوداوەکان و لەدەست دانی ئەحمەدی ڕەفیقی و سەر هەژاندن و دامان و چاو بە گریان و بێ ئومێدی بون، خۆزگەم دەخواست بەو شێوە نەم دیتبایە...

لێرەدا دەپرسین و دەلێین ئەو پێشمەرگایەتی لە پێناو چی و بۆ چی؟ چ پارتێک لە جیهاندا هەیە پێشمەرگەو ئەندامانی خۆی بەو شێوە ئێهمال بکات و لە ئێش و ئازاردا بیان هێلێتەوە و بێباکانە ڕابردو لەبیر بکات؟ مەگەر ئەو کارو کردەوانە تەنها لەو پارتە بوەشێتەوە، ئەگینا لە هیچ کونجێکی جیهان شتی وا نییە و نەبووە. هەر چەندە من بڕوا ناکەم شەرم و شورەیی لە لای کاربەدەستانی ئەو پارتە مابێت، ئەگینا دەبێ شەرم لە کردەوەکانیان بکەن و زیاتر چاو پۆشی لە هەلەکانیان نەکەن و بزانن ئەوان بەو پێشمەرگەو گەلی خۆیانەوە دیارو خاوەن قەدرو قیمەتن. 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە