پۆستەرەكەى سەعدى پیرە و بەڵگەكانى كوردستانپۆست
Saturday, 06/03/2010, 12:00
كوردستانپۆست چەند بەڵگەیەكى حاشا هەڵنەگرى لەسەر سەعدى پیرە بڵاوكردەوە كە چەندین ساڵ سیخوڕى بۆ رژێمى لەناوچوى عێراق كردووە و چەندین زانیارى داوە بە پیاوەكانى رژێم، رەنگە سەدان بەڵگەى گرنگتریش هەبن بەڵام مشتێك نمونەى خەرمانێكە. ئەوەى لێرەدا دەمەوێت باسى بكەم ئەو نوسینەى سەر پۆستەرەكەى سەعدى پیرەیە كە وەك ریكلامى هەڵبژاردن بۆ لیستى هاوپەیمانى بڵاوكراوەتەوە. نوسینەكە دەڵێت (رابردووت لەبیرنەچێ و بیر لە ئایندە بكەرەوە)، ئەو نوسینە تایبەت نییە بە تاكە كەسێك بەڵًكو گوزارشت لە بەرنامەى حزبێكى سیاسى دەكات و دواتریش دەگوێزرێتەوە بۆناو ئەو قەوارەیەى كە ئەو حزبە ئەندامە تیایدا كە ئەویش لیستى هاوپەیمانییە. پێش هەمووشتێك دەستخۆشى لەو كەسە دەكەم كە ئەو نوسینەى لەگەڵ وێنەكەى سەعدى پیرە داناوە چونكە بەراستى ناوەرۆكى یەكێتى و هاوپەیمانەكەى دەردەخات.
لێرەدا پێویستە ئاوڕێك لە رابردووى دوو حزبە سەرەكییەكەى ئەو هاوپەیمانیە بدەینەوە بزانین ئەو سەروەریانە!! چییە كە تۆماریانكردووە و ئەمڕۆ شانازى پێوەدەكەن:
1- جاشایەتى 66ى بەكرەجۆ.
2- ئاشبەتاڵى 74.
3- كارەساتى هەكارى.
4- دانوستانەكانى 83 لەگەڵ رژێم كە تەنها بۆ ئەوەبوو رژێم ماوەیەك لەشەڕى پێشمەرگە دوربكەوێتەوە و خەرێكبێت بە شەڕى ئێرانەوە ئەمەش پێى دەوترێت سیاسەتى خۆرێكخستنەوەو خۆ بەهێزكردن.
5- هێنانى پاسدارى ئێران بۆ كوردستان كە بووە هۆى شاڵاوى ئەنفال و كیمیابارانى هەڵەبجە.
6- شەڕى براكوژى كە چەندین ساڵى خایاند و هەزاران رۆڵەى كوردى تیابەكوشتدرا تەنها لەبەر بەرژەوەندى و دەوڵەمەندبونى بەرپرسەكانى هەردوولا.
7- دزینى سەروەت و سامانى كور دستان هەر لە داهاتى گومرگەكانەوە بیگرە تا ملیۆنەها دۆلارى داهاتى نەوت.
8- كاولكردنى كوردستان و ناچاركردنى لاوانى كورد بۆ ئەوەى سەرى خۆیان هەڵگرن و روبكەنە وڵاتانى دەرەوە.
9- هێنانى سوپاى توركیا و ئێران بۆ لێدانى پێشمەرگەكانى باكور و خۆرهەڵاتى كوردستان و داخستنى بارەگاكانى ئەو حزبانە لە شارەكانى باشورى كوردستان.
10- لوتكەى سەروەرییەكان، 31ى ئاب.
خوێنەرى بەڕێز بەراستى بێزاربووم لە هەژماركردنى ئەو هەموو سەروەرییە!! و ئەوانى تر بەجێدەهێڵم بۆخۆتان.ئەمە چەند نمونەیەك بوو لە رابردووى ئەو دوو حزبە.
نوسینەكە پێمان دەڵێت (بیر لە ئایندە بكەرەوە). هەمومان باش دەزانین سەعدى پیرەو مچە چاوڕەش و سەركردەكانى شاڵاوى ئەنفال و جاش و موستەشارەكان ئەمڕۆ لەچى خۆشییەكدا دەژین و تەنانەت هەندێكێشیان وەك تەحسین شاوەیەس كران بە كوڕى بارزانى ئیتر نازانم لەبەرى كام دایكەیان. ئەوەى خاوەنى رابردوویەكى لەوجۆرەبێت ئەوا لەناو پارتى و یەكێتیدا شایەنى ئەوەیە ملیۆنەها دۆلارى ئەم میللەتە بدزێت و شەوى سورى پێرۆژبكاتەوە چونكە بەرنامەى ئەو دوو حزبە تەنها بۆ خۆ دەوڵەمەندكردن بووە ئەگەر وانییە ئەوا من هەندێك لە سەروەرییەكانیانم باسكرد!! باخۆشیان باسى چەند خروقاتێك بكەن. تێناگەم ئەم دوو حزبە بەچییەوە دەنازن! ئاخرچیتان بۆ میللەت كردووە؟ جگە لەچەند دروشمێكى بریقەدارى بێناوەرۆك چیتان پێشكەش بەم گەلەكردووە؟ ماوەى هەژدەساڵە دزى لەمیللەت دەكەن و میللەت هەڵدەخڵەتێنن.
لە كۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بەبیر خوێنەرانى بەڕێز بێنمەوە كەلە كاتى راپەرین و تەنانەت بۆ هاندان و بەكوشتدانى پێشمەرگەكان لەشەڕى براكوژیدا، ئیزگەى دەنگى گەلى كوردستان پەخشانە شیعرى (من یەكێتیم)ى رۆژانە وەك قەوان لێدەدایەوە. لەیەكێك لەدێڕەكاندا دەڵێت (یەكەم جاسوس بوو بەعیبرەت لە بەغداى پایتەختى تاوان، مولازم جوامێرەكەى من كوشتى) بەڵام ئەمرۆ هەر ئەو حزبە نەك جاسوسەكان ناكوژێت بەڵكو خۆشترین ژیانیان بۆ دابین دەكات و بەلێدان و نانبڕینكردن و زیندانى كردن وا لە (مولازم جوامێر)ەكان دەكات كە دەنگ بدەن بە كۆنە جاسوس و بەعسییەكان و بۆ ئەوەى جارێكى تر بیاننێرنەوە بۆ بەغداد. تۆ بڵێى یەكێتى بیەوێت سەعدى پیرەى جاسوس بنێرێتەوە بۆ بەغداد بۆ ئەوەى لەوێ بەدەستى ملازم جوامێرێك بەكوشتى بدا؟ هەرچەندە بڕواناكەم بەڵام ئەو پیاوەپیرە پێویستە ئاگاى لەخۆى بێت!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست