چەكدارەكانى گۆڕان و سیناریۆكانى پارتى و یەكێتى بۆ تەزویركردن
Thursday, 04/03/2010, 12:00
رۆژى پێنج شەممە 4/3 و دواى كۆتایى هاتنى دەنگدانى تایبەت كوردستان پۆست لەهەواڵێكدا بڵاویكردەوە كە سندوقەكانى دەنگدانى قەزاكانى سۆران و چۆمان و رەواندز و خەلیفان دزراون و پاراستنى پارتیش لەپشت ئەو كارەوەیە. لە هەمانكاتدا سایتە دەهۆڵ كوتەكەى یەكێتى (PUKmedia) بڵاویكردەوە كە چەكدارەكانى لیستى گۆڕان ویستویانە سندوقەكانى دەنگدانى قەزاى دەربەندیخان بفڕێنن. سیناریۆكە ئا لێرەوە دەستپێدەكات، یەكەم: پێش هەموشتێك لیستى گۆڕان چەكدارى نییەو خۆى دژى بەچەكداركردنى میللەت و دروستكردنى میلیشیایە. دووەم لیوا حسێن مەنسور بەڕێوەبەرى گشتى پۆلیسى گەرمیان كە خۆى لە كەلارە دەڵێت ئەوانەى تەقەیان كردووە چەكدارى گۆڕانن نازانم بەچى بەڵگەیەك ئەم قسەیە دەكات؟ ئەگەر خۆى كاسە لێسى یەكێتى نەبێت دەكرێت بە بەڕێوەبەر؟ دیارە لەپێناوى پۆستەكەیدا ئامادەیە درۆى زۆر لەوە گەورەتر بكات. هەر ئەو بەڕیوەبەرە دەڵێت پەیوەندیم كردووە بە ئاسایش و كۆمسیۆنى كفرى كەلە دەرەبندیخان بوون و ئەوان وتویانە كە ئەو چەكدارانە سەر بە گۆڕان بوون. مەسەلەیەكى كوردى هەیە دەڵێت (لە رێوى یان پرسى كێ شایەتتە، وتى كلكم) ئاخر ئێوە 18 ساڵە درۆ لەگەڵ خەڵك دەكەن ئێستا دەتانەوێت میللەت بەو ئاسانییە بڕواتان پێبكات. ئەگەر راستدەكەن چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسانى بێلایەن بكەن ئەگەر كەسێك لەگەڵ ئەو سندوقانەدا هاتووە بۆ سلێمانى و سەربە پارتى و یەكێتى نییە. هەرچەندە بڕواناكەم چونكە تەنانەت چاودێرى هەڵبژاردنەكانیش ئەو بەڕێوەبەرى قوتابخانانەن كە پێشتر هەمویان بە تەزكیەى حزبى پۆستەكانیان وەرگرتووە.
ئەم سیناریۆیە بۆ؟
دیارە لەو روداوەى كەلە ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى پارتى رویداوە سندوقەكان دزراون، ئەگەر بدۆزرێنەوە كێ زەمانەتى ئەوە دەكات كە بەسەدان فۆرمى تەزویر ناخرێتە ناو سندوقەكانەوە لەبەرژەوەندى كاندیدەكانى خۆیان. ئەگەر دەڵێن سندوقەكان كەپسكراوە ئەوا دەتوانرێت بكرێنەوە و جارێكى تریش كەپسبكرێنەوە و لایەنێكیش كە هەر لەسەرتاوە بەتەماى تەزویربووە هەموو ئامادەكارییەكى بۆ ئەو مەبەستە كردووە. ئەوەى دەربەندیخانیش بەهەمان شێوەیە. حسێن مەنسور دەڵێت لیوا خۆشەوى و پارێزگارى سلێمانى داوایان لێكردوین هێزێكى پۆلیس و ئاسایش لەگەڵ سندوقەكان بنێرن بۆ سلێمانى و ئەوانیش ئەوهێزەیان لە كەلارەوە ناردووە بۆ دەربەندیخان بۆ ئەوەى سندوقەكانى كەلاریش بەرن و لەوێشەوە سندوقەكانى دەربەندیخانیش لەگەڵ خۆیان بەرن. واتە تا ئەو هێزە دەگاتە ئەوجێگەیە دەبێت سندوقەكان لەوێ بن، دەوەرە خەڵكینە بەز بە پشیلە بسپێرە!! بێگومان ئەم كەینو بەینە چەند كاتژمێرێكى خایاندووە كە تەنها نیو كاتژمێریش بەسە بۆ مامۆستاكانى تەزویر كە سندوقەكان پڕبكەن لە دەنگى ساختە لەبەرژەوەندى پاڵیوراوەكانى خۆیان و دەرهێنانى دەنگە راستەقینەكان كە هەمووى دژى ئەوانن.
هەر یەك لە پارتى و یەكێتى ئەمكارەیان كردووە لەبەرژەوەندى پاڵێوراوەكانى خۆیان و دەیانەوێت لیستى گۆران تاوانبار بكەن، وە هەردوو لا باش یەكتر دەناسن. پارتى دەزانێت یەكێتى لەناوچەكانى خۆیدا تەزویر دەكات و یەكێتیش دڵنیایە لەوەى كە پارتى بەرگەى دۆڕان ناگرێت بۆیە تەزویر هەردەبێت بكات. ئەم كارەى ئەم دوو حزبە نیشانەى بێ باوەڕییانە بەیەكتر و بە كادرو لایەنگرەكانى خۆشیان چەنكە ئەگەر ئەوان دەزانن سەركەوتنیان مسۆگەرە ئەو كارانە بۆ دەكەن؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست