کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەدوادا چوونێك بۆ روونكردنەوەكەی سكرتاریەتی گشتی

Wednesday, 30/06/2010, 12:00


پێشەوا سالار لەكوردستانی نوێی رۆژی 25/6 و سایتی ئاوێنەی رۆژی 24/6 دا روونكردنەوەیەك لەلایەن سكرتاریەتی بەڕێز مام جەلال-ەوە، بڵاوكرایەوە، سەبارەت بە نووسینەكەی شوان ئەحمەدو چەند نووسینی تر كەڕۆژنامەو سایتەكانی تر لەسەر دەزگای سەردەم و بڵاویانكردەوە.
دوای خوێندنەوەو تاوتوێكردنی روونكردنەوەكە، خوێنەری بێلایەن ناچاردەبێ لەعاستی مەغزاو مەبەستی روونكردنەوەكەو پاشان ئاكامەكانیدا هەڵوێستەیەك بكات و ئەوجا بێتە سەر شرۆڤەكردنی لایەنی یاسایی و پیشەیی مەسەلەكەو بەناچاریش رۆشناییەك بخاتەسەر رەهەندەكانی دیاردەیەك، بۆتە مایەی مشتومڕو پانتاییەكی فراوانی لەبارودۆخی رۆشنبیریی كوردستاندا داگیركردووەو بەسەر زاری گەورەو بچووكی كۆمەڵگای كوردستانەوە.
نهێنییەك ئاشكرا ناكەین ئەگەر بڵێین: ئەو روونكردنەوەیە بەروبوومی چاوپێكەوتنەكەی ئەم دواییەی سەرۆكی دەزگای سەردەمە لەگەڵ بەڕێز سكرتێری گشتی ی.ن.ك، كەبەپێچەوانەی چاوپێكەوتنەكانی جارانەوە، نەڕاگەیاندن باسی كردو نەسەرۆكی دەزگای سەردەمیش وەك جارەكانی تر لەناو رۆشبیران و نووسەراندا خۆی پێوە هەڵكێشا، نەبا برادەرانی -گۆڕان- لێی بكەونە گومانەوە. گومانیش لەوەدا نییە كە-شێركۆ- زۆر لەمێژە لەهەوڵی ئەو چاوپێكەوتنەدایە بۆ خۆقوتاركردن لەو گەندەڵییانەی دیوانی چاودێری دارایی بەبەڵگەوە سەلماندونی، لەبەرامبەریشدا، گفتی كشانەوە لە-گۆڕان-ی بدا!! خاڵی سەرەكی لەڕوونكردنەوەكەی سكرتایەتی ی.ن.ك ئەوەیە، ئەیەوێ بەهەموو قورسایی خۆیەوە ئەستۆ پاكیی بە-شێركۆ- ببەخشێ و بەشێوەیەك لەشێوەكان رەددی ئیعتباری بۆ بكاتەوە.
بەڕێز سكرتێری گشتی بەدرێژایی 10ساڵ لەنێوان 1998-2008دا هەموو مانگێك 10000 دەهەزار دۆلاری وەك یارمەتی و پشتگیری داوە بەدەزگای سەردەم. ئەو بڕە پارەیە كەسەرجەم دەكاتە 1200000 یەك ملیۆن و دووسەد هەزار دۆلار لەبودجەی شەخسی بەڕێز مام جەلال-ەوە بەخشراوەتە ئەو دەزگایە بەمەبەستی هاندان و زیاتر راپەڕاندنی كارەكانی ئەو دەزگایە- وەك لەڕوونكردنەوەكەدا ئاماژەی پێدراوە بەڵام واقیعی حاڵ جۆرێكی ترە. پێدەچێ سكرتاریەتی گشتی ئاگاداری ئەوە نەبێ كەئەو كاتەی شێركۆ بێكەس- بەناوی یارمەتی مام جەلال-ەوە، 10000 دە هەزار دۆلار مانگانە بۆ دەزگاكەی بڕدرایەوەو گوایە تەرخانە بۆ یارمەتی و دەستگیرۆیی نووسەران و رۆشنبیران، بەیەك لیست 17 حەڤدە رۆشنبیرو نووسەری لەدەزگاكەی دەركرد بەبیانووی ئەوەی بودجە رەسمییەكەی سەردەم بەشی مووچەی ئەو هەموو كارمەندە ناكات. ئەوەبوو ئەو حەڤدە كەسە، بۆ بەرچاوی كاربەدەستان و دەزگا بەرپرسەكان و بەمەبەستی زیاتر رۆشنایی خستنە سەر هەلومەرجی ئیشكردنی ناو ئەو دەزگایە، بەیاننامەیەكیان دەركرد، بەو هیوایەی چارەسەرێكیان بۆ بكرێ، بەڵام ئەفسووس.
سكرتایەتی گشتی و شەخسی بەڕێز مام جەلال، چۆن چاوپۆشی لەشاعیری گەورەی گەلەكەی دەكات و چۆنیش لەشێوەی خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە چاو ئەپۆشێ كە لەبودجەی تایبەتی خۆی بەخشیویەتی، مافی خۆیەتی. بەڵام ئەم مافە شەخسییە مافی ئەوەی ناداتی ئەو بڕە پارەیە (1200000یەك ملیۆن و دووسەد هەزار دۆلار) بكات بەماڵ بەسەر گۆڕەپانی رۆشنبیریی كوردییەوەو بگوترێ بۆ هاندانی ئەو قەڵەمە دڵسۆزانە بووە كە لەبواری رۆشنبیریی كوردییدا كاریان كردووە، چونكە ئەو پارەیە تەنیاو تەنیا شێركۆو دارو دەستەكەی ئەزانن چۆنیان خەرجكردووەو بۆ كوێ چووە. كێن ئەوانەی لەماوەی 10 دە ساڵدا لرفیان لە یەك ملیۆن و دووسەد هەزار دۆلار داوە؟!!
كوا پسوڵەی خەرجی ئەو پارانەو كێ وەریگرتووە؟!! دەزگای چاودێری دارایی، كەدەزگایەكی فەرمییەو وردبینی و لێپێچینەوەی دارایی لە دام و دەزگا رەسمییەكانی حكومەت دەكا، وەڵامی ئەم پرسیارەمان ئەداتەوەو لەو راپۆرتەیدا كە لەسەر دەزگای سەردەم نووسیوویەتی بەڕاشكاوی رایدەگەیەنێ كەئەو بڕە پارەیە شێوەی سەرفكردنی دیار نییەو كەس نازانێ بەكێ دراوەو چۆن خەرج بووە؟!! وەكو تر ئەگەر مام جەلال ئەو بڕە پارەیەی بەشێوەی یارمەتییەكی بچووك بەشاعیری لێهاتوو (وەك لەڕوونكردنەوەكەدا هاتووە) بەخشیووە ئەوا دەكرێ ناوێكی دیكەی لێبنرێ و بخرێتە خانەی ئەو جۆرە بەخشینانەی خەلیفەو سوڵتانەكان بۆ شاعیرانی دەرباریان هەڵدەڕشت. بۆیە حەق وایە نازناوی شاعیری گەورەی گەلەكەمان كە لەبنەڕەتدا نازناوی ئەو نییەو ئەمیشی بەگەندەڵی دەسكەوتووە و هی شاعیری گەورەی عەرەب جەواهیری-ە، لێی وەربگیرێتەوەو دڵنیاشین لەئایندەیەكی نزیكدا جەماوەری بەئاگای كوردستانیش نازناوێكی نوێ بۆ خۆی و ناونیشانێكی پڕ بەپێستیش بۆ دەزگای گەندەڵستانی سەردەم دەدۆزێتەوە.
ئێستا دەبێ ئەو پرسیارەش بكرێ: مەبەست لەدامەزراندنی دیوانی چاودێری دارایی چییە؟!! دوای ئەم لێخۆشبوونە دەبێ بەچ دڵ و دەروونێكەوە كاربكا؟!! دەبێ لەمەو دوا هەڵوێستی لە گەندەڵییەكان چی و چۆن بێ؟! دەكرێ لەدوای ئەو هەموو ئەرك وماندووبوونەی دیوانی چاودێری دارایی و ئەو ستافەی پەردەیان لەسەر سەدان هەزار دۆلاری دزراو لادا، بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەكانی وردبینی و لێپێچینەوەیان بكرێ و راپۆرتە یاسایی و پیشەییەكەیان بەهەند وەرنەگیرێ؟! ئێمە پێمانوایە ئەو ستافە بەڕێزەی دەستی لەكەشفكردنی ئەو گەندەڵیانەدا هەبوو بە بەڕێز سەرۆكی دیوانی چاودێریشەوە دەبێ بۆ رێزگرتن لەئەرك و ماندووبوونی خۆیان و پیشەكەیان وەك ناڕەزایی دەربڕینێك، دەست لەكار بكێشنەوەو تاوەكو سەروەرییەكی تر بخەنە سەر هەڵوێستی جوامێرانەیان.
لەڕوویەكی ترەوە، ئایا ئەم لێخۆشبوونە كە بەڕێز سكرتایەتی گشتی ی.ن.ك بەسەرۆكی دەزگای گەندەڵستانی بەخشیووە، هیچ لەڕاستی و دروستی مەسەلەكە ئەگۆڕێ، بەتایبەتی كەدامودەزگایەكی فەرمی وەك دیوانی چاودێری ئاشكرای كردووە.
ئەم لێخۆشبوونەی سكرتاریەتی گشتی، ئەگەر دروستیش بێت، تەنها بەشێكی بچووكی ئەو گەندەڵییە دەگرێتەوە كە لەسەر دەزگای گەندەڵستانی سەردەم بووە بەماڵ!! سەرۆكی دەزگای گەندەڵستان بەبێ رەچاوكردنی رێنماییە یاساییەكان بەبێ دەرخستەو ئیعلانی رەسمیی لەڕێگای كوڕەكەی خۆی خۆیەوە(هەڵۆ) ماشێنێكی چاپی كۆنەی بەقیمەتی تازە كڕیووە. شێوەی كڕینەكەی بەدەرە لەهەموو ئەو رێنماییە حسابی و ماڵییانەی پێویستە بەپیێ یاسا پەیڕەو بكرێن. دیوانی چاوێری دارایی هەموو ئەو كەلەبەرە یاساییانەی ئاشكرا كردووەو حاڵ گەیشتۆتە گرتنی (هەڵۆ)ی كوڕی شێركۆ و دادگا داوای (شێركۆ) خۆیشی دەكاو تائێستا مەسەلەكە لەبەر ئیعتباراتی شەخسی و سیاسی بەهەڵواسراوی ماوەتەوە. ئەمە بێجگە لەو گەندەڵییانەی تر كەچ راپۆرتەكەی دیوانی چاودێری دارایی و چ وتارەكەی شوان ئەحمەدو ئەوانیتر ئاشكرایان كردوون.
جائەگەر مام جەلال بۆی هەبێت لەو (1200000) ملیۆن و دووسەد هەزار دۆلارەی لەبودجەی تایبەتی خۆی بەخشیویەتی خۆش ببێت بەڵام بۆی نییە لەسەدان هەزار دۆلاری موڵكی گشتیی خۆش ببێت كەراپۆرتەكەی دیوانی چاودێری دارایی گەیاندوێیتیە بەردەم دادگا دەبێ یاسا یەكلایی بكاتەوە. كاتێكیش مام جەلال دەستی لەم كارە وەرداو بۆ رازیكردنی دڵی شێركۆ و هاوەڵانی ویستی مەسەلەكەیان بۆ دیزەبەدەرخۆنە بكات ئەو كات بۆ مان ئاشكراتر دەبێت كەشتێك نییە لەم كوردستانەدا ناوی سەروەریی یاسا بێت و دروشمی دژایەتیكردنی گەندەڵییش بۆ هەزارهەمین جار دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.
دەبێ (شێركۆ)ش لەو راستییە تێبگات كەلێخۆشبوونەكەی سكرتایەتی گشتیی یەكسان نییە بەلێخۆشبوونی جەماوەرو مێژووی ئەدەبی كورردی!! یەكسان نییە بەلێخۆشبوونی مێژووی رۆشنبیری كوردی!! ئەوە لێخۆشبوونێكە بۆ چركەساتێك تەنها دڵی خۆی و شەریكەكانی خۆشدەكات و ئەوەی دەمێنێتەوەو حسابی وردی لەسەر دەكرێ حوكمی دڵڕەقی مێژووە كە لەهەموو حوكمێك قورس و گرانترە!!
لەكۆتایی ئەم چەند دێڕەشدا دەبێ ئەو پرسیارەش ئاراستەی بزووتنەوەی (گۆڕان) بكرێ كە بەحساب خاوەنی دروشمی دژە گەندەڵییەو بەردەوام دەزگاكانی راگەیاندنەكەی بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكردووە، بۆچی لەعاست ئەم فەزیحەتە مالی و رۆشنبیرییەدا بێدەنگە؟!! پێدەچێ (گۆڕان)یش هەر ئەوانە بەگەندەڵ بزانن كە سەربەخۆیان نەبن!! (نەوشیروان مستەفا)ش كەكاتی خۆی نازناوی شاعیری دەرباری بەباڵای (هەژار)دا، بڕی، لەدوای روونكردنەوەكەی سكرتاریەت، چۆن دەڕوانێتە (شێركۆ)، نازناوی گەندەڵ-ی بۆ هەڵئەبژێرێ، یان نازناوەكە لەهەژار دەسینێتەوەو لەبەر (شێركۆ) هەڵئەكێشێ؟!!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە