کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چەند کورتە چیرۆکی سەیروسەمەرە

Wednesday, 17/11/2021, 17:17


چەند کورتە چیرۆکی سەیروسەمەرەی پێوەندی‌دار و بە یەکەوە گرێدراو! لە شێوەی حیکایەتەکانی ڕابردوو 


【بەشی دووهەم】

 

حیکایەت بوو.. سەلەم بوو!.. ئاو لە گوڵان کەلەم بوو!
دیسان، خەڵکانێکی زۆر، لەم وڵاتە چەوساوە و زوڵم لێکراوە و هەر وەها، لەم سەر بۆ ئەم سەری چەرخی گەردوون، دەگێڕنەوە و دەڵێن:
٦ـ ڕۆژێک لە ڕۆژان، لە دەی مانگی ئۆکتوبەری ٢٠٢١، لەم بەشەی وڵات و گشت سەرزەمینی عەجاییباتی ئێڕاق، هەڵبژاردنی پێش وەختە بۆ خولی نوێ‌ی پاڕلەمانی ئێڕاق بەڕێوە چوو. خەڵکانی هەمە چەشن و هەمە ڕەنگی یەکگرتووی ئەم وڵاتە پێشکەوتوو و تێر و تەسەل و تەبا و ڕەبایە، بە کورد و عەڕەب و مەسیحی و سریانی، بە چەپ و ڕاست بە هەر بیر و بڕوایەک، بە موسڵمانی شیعە و سوننی، بە سوسیالیست، بە کۆمۆنیست، بە ناسیۆنالیست، بە دیمۆکڕات، بە ڕەگەز پەرست، بە سیخۆڕ و بە تێڕوڕیست، بە موستەشار و کۆنە بەعسی، ڕازی و خوای ناکردە ناڕازی ‌و..و.. ئەمەندە بە یەکگرتوویی و تامەزرۆیی و خۆشەویستی تەواو بۆ حوکمەتەکانی ناوچەیی هەرێم و ناوەندی بەغدا و هەروەها بە شەیدایی و سەوداسەری ڕێبەر و سەرکردەی وڵاتفرۆش و وڵات پارێزیان، بە یەکدڵ و یەک دەنگ هوروژمیان بردە بەر سندووقەکانی دەنگدان و بەشداری هەڵبژاردنیان کرد. ڕێژەی بەشداری بوونیان ئەوەندە بە هێز و بەرز بوو کە بە شانازێوە گەیشتە ژێر : ٢٧٪ی دەنگدەرانی کۆی ئێڕاق!
خەڵک ئەوەندە سەرقاڵی‌ هەڵبژاردن بوون کە لە جێیەکی وەک شنگاڵ بە هۆی بێ‌بڕوایی و متمانە نەبوونیان بە پاڕتی،  و ڕێگە نەدانیان بە هیچ کاندیدێکی پاڕتی  بۆ چوونی ناو شنگاڵ و سەرەڕای بەڕێوە بردنی حکۆمەتی خۆجێ‌یی خۆیان بە ڕێبەری "یەپەژە"،  بەڵام ـ بزانە کاری خودای ـ بۆخۆیان  بە خۆیان نەزانی کە هەر سێ کورسێکەی بەشی شنگال، ــ بە بێ هیچ فێڵ و دەستکارییەک لە لایەن پاتی و ئیماراتەوە ــ بە  بەژن و باڵای پاڕتی بڕا!
پڕشکۆتر، ئەمە بوو کە خەڵکی دڵشاد و بێغەمی ئەم وڵاتە، تەنانەت ڕەحمیان بە کاندیدە مردووەکەشیان نەکرد و بەسەر زیندووە بە هێز و ناسراوەکاندا بازدیان دا و شەڕەفی نوێنەرایەتییان پێ بەخشین و گۆڕەکەیان لەگەڵ هۆڵی ناو پاڕڵەمان جێگۆرکێ پێکرد!
٧ـ وەباڵی ئەستۆی هێندێک کەس و لایەن. دەگێڕنە و ئەڵێن:
سەرانی ئەنفال و بکووژان و زیندە بە چاڵ کەرەکانی ژن و منداڵی کورد، یانی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی کۆنە بەعسی داڵدەدراوی نیشتەجێی پایتەختەکەی هەرێم واتە هەولێری هۆلاکۆ بەزێن، بە نێوی کاندیدی پاڕتی، لە موسڵ و..  توانیان نزیک لە دە کەسیان بنێرنە پاڕڵەمان لە بەغدا!!؟
بەشانازێکی زۆرەوە، خەڵک ئەوەندە شەیدای ڕێباز و فەرمانی حیزبەکانیان بوون کە:
پاڕتی ٣٠٥٠٠٠ دەنگدەری کەم بۆوە و یەکێتی ٢١٤٠٠٠ دەنگی کەم کرد و گۆڕانی گردەکەش هیچی پێ نەما و پێ نەبڕا بێجگە لە ٢٢٠٠٠ دەنگ!
گەلێک بە خۆشی و شانازی باس و دەنگۆیەک هەیە کە بۆ پشتگری لە شانازێکانی بەرهەمی دەرەنجامی ڕێفڕاندۆم و سڕکردنی و بەدەستەوەدانی ٥١/٤٪ی وڵات و بیرەنەوتەکانی وێنەی بای‌حەسەن و هابانا و.. فڕۆکەخانەکان و سنوورەکان و.. لە ژێر فەرماندەیی خاوەن شکۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەڵاتنی کەماڵ کەرکوکێ‌کان و نەجمەدین کەریم‌کان و پڕۆ پارتی‌یەکان لە کەرکووکی دڵی کوردستان و.. وە هەروەها سەرکەوتنی گوماناوی و بە تامی دۆڕانی لایەنە کوردییەکان لە هەڵبژاردنی پێش وەختەی پاڕڵەمانی عێراق و نانەوەی ئاژاوە و تەقەی پاڕتی‌یەکان و لایەنگرانیان (بۆ جاری دووهەم) لە کەرکووکی قوربانی بەرژەووەندی‌یەکانی سەرانی دەسەڵاتداری هەرێم و... ، تورکیا بە تەواوی هێز و دەبابە و فڕۆکەی جەنگی و درۆن و سیخوڕ و تیڕوڕیستانی  جیهادی‌ ژێر فەرمانیان، هەر ڕۆژە و دەم و ساتێک ڵە ناکاو هیرش دەباتە سەر ناوچەیەکی هەرێمی ژێر ڕکێفی و بە ئیشتیا، دەکوژێ، دەبڕێ، کاول دەکا، ماڵوێرانی بار دێنێ و زەرەر و زیان بە گوند و لێڕەوار و مووچە و مەزرای خەڵک و چەم و شار و خەڵکی کوردستانی باشوور دەگەینێت و حکوومەتی هەرێمیش بە سەر سڵامەتی زۆرەوە بێدەنگ و سپاسگوزارە!؟
ئەم چیرۆکە تاڵ و بێ شکۆیە هەروا درێژەی هەیە و... هەر وا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە پێشوو، خۆری ئازادی بێ تین و بێ گڕتر و بێ ڕەنگتر لە ئاسمانی ژینی کوردەواری بەرەو ونبوون لە عەرد و ئاسمان دەخوشێ! 
با بزانین:چیمان بەسەر دێ؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە