چەند کورتە چیرۆکی سەیروسەمەرە
Monday, 15/11/2021, 23:23
چەند کورتە چیرۆکی سەیروسەمەرەی پێوەندیدار و بە یەکەوە گرێدراو! لە شێوەی حیکایەتەکانی ڕابردوو
【بەشی یەکەم】
هەبوو نەبوو.. کەس لە خوا گەورەتر نەبوو و... کەسیش لە بەندەی خوا درۆزنتر نەبوو!
١ـ دەگێڕنەوە و دەڵێن لە وڵاتێکی نامۆ و غەریب، لە کاتێکی نادیار و نەگونجاو و مژاوی و دوور لە لۆژیک و هەڵسانگاندن و گەڵێک نەخوێندەوارانە و هاوشێوەی سەردەمی کۆیلایەتی، کابرایەک سەری خۆی هەڵگرت و سواری سەری خۆی بوو و گوێی کڕوکیپ کرد و حیساباتی پووشێکی بۆ ئەحەدێک ــ لەم دنیا پان و بەرینە دا ــ نەکرد و گاڵتەی بە ئاوات و هیوای گەلی غەدرلێکراوی، پەراوێز خراوی مێژوو کرد و.. لە ٢٥ی مانگی سیپتامبرێکی زەرد هەڵگەڕاوی ڕۆژانی پاییزێکی پڕ تەم و مژ و درۆ و خاپین [ساڵی ٢٠١٧ ز]، بە پێی پیلانێکی بە ئەنقەست پڕ غەدر و خەفەتباری ساڵێکی تەماوی، سەری خەڵکانی لە تەم و خم هەڵکێشا و شینی هەڵگێڕان و لەدۆستی زڵهێز و پاڵپشتی ناوچەیی و ناوخۆ و هەرچی کەرامەت و ڕێزە، دایماڵین و ڕووت و قووت و کاس لەبەر دەمی نەیاران دا، دایپاچین و.. و.. پیلان و چاوبەستێکەیشیان ناو نا: "ڕێفـڕاندۆم"!
٢ـ چیرۆکێکیتر، ئاوەها دەڵێ:
لەسەردەمی ئینتەرنێت و ساتەلایت و هەبوونی گشت تۆڕەکۆمەڵایەتێکان و ئامرازی ڕاگەیاندن، بە پێی پڕوپاگەندە و دەزگای ڕاگەیاندنی خاوەن "ڕێفڕاندۆم"ی ئەم وڵاتە غەریبە، ٧٢٪ی خەڵکانی خاوەن مافی دەنگدان، بەشداری ئەم ڕێفڕاندۆمە بوون و لە کۆی ئەم ٧٢٪ بەشدار بووانە، ٩٢٪ دەنگی ئەرینییان داوە و ئەوانیتر "نا"یان وتووە. یانی دەبێ بڵێن کە ٦٦/٢٤٪ کەسانێکی کە هەقی بەشدار بوونیان هەبووە دەنگی ئەرینیان داوە. بەڵام ئێستا، لە ساڵیادەکانی ئەم وڵات بە فیڕۆدانە دا، درۆ و چەواشەکارێکیتریان خستۆتە گەڕ. نە باسی ٧٢٪ی بەشدار بووانی خاوەن ماف دەکەن و نە ئەژماری ٦٦/٢٤٪ی دەنگە ئەرینێکان دێتە ئاراوە! تەنیا و تەنیا دەڵێن: ٩٢٪ی خەڵک بەشداری ئەرێنی ڕێفڕاندۆمیان کردووە و ئیتر هیچ!؟
٣ـ دەگێڕنەوە و دەڵێن: لە وڵاتێکی غەریب، هەموو سەری ساڵێک لە یادەوەری ڕێفراندۆمێکی گەلێک ماڵکاولکەر، جوانەمەرگ و سڕکراو ـ لە لایەن خاوەنەکەی ـ کە بوو بەهۆی لە دەست دانی زیاتر لە ٥١/٤٪ خاکی هەرێمی باشووری ئەم وڵاتە و هەروەها ٥٤٥ حەڵقە بیری نەوت و بەدەستەوەدانی فڕۆکەخانەکان و سنوورەکانی هەرێم بە چاو ترووکانێک، خەڵکانی خۆش خەیاڵ و خۆشباوەڕی وڵاتی پێشێلکراو و خاپوور بە دەست دەسەڵاتدارانی خۆسەپێنی بەناو خانەخوێ ـ تاوانبارتر لە دوژمنانی داگیرکەر و دەرەکی ـ دەگێڕن گۆوەند و دیلانێ!...
پێویست بە هیچ ئاماژەیەک نێ کە بڵێین: لە هەر کوێ و جێگەیەکی سەر گۆی زەوی باس بکەی و بڵێی بە هۆی ڕێبەری هەڵە و ڕێفڕاندۆمێکی سڕکراو، نەتەوەکەمان تووشی چ زەرەر و زیانێک هاتووە و لە ساڵیادی ئەم نەهامەتێ قێزەوون و نگریسەدا خەڵکی خۆش خەیاڵی ئێمە بە چ حەماسەت و شکۆیەک شایی و گۆوەند دەگێڕن، بێ هیچ گومان و یەک و دوو کردنێک، دەتگرن و ڕاپێچی نەخۆشخانەیەکی دەروونیت دەکەن کە وا خەریکی وڕێنە دەکەی و شێت بووی و تەواو!
٤ـ بەڵام حیکایەتی چوارەم:
لە ڕۆژانی پڕوپاگەندە کردنی بەر لە ڕێفڕاندۆم، سەرانی ڕیفڕاندۆم "بەغدا"یان موفلیس کرد و هەرێمیان بە "دۆبە"ی دەکرد، هەر وەها "بەغدا"یان تەڵاق دا و کردیانە جیرانێکی سواڵکەری برسی. بەڵام هەر لە بەیانی ڕۆژی دوای ڕیفڕاندۆم پاڕانەوە بۆ دانەخستنی دەرگای حیوار لەلایەن بەرپرسانی بەغداوە لەلایەن سەرۆک و بنۆک و تیئۆریسێن و پلانگێڕی ڕێفراندۆمەوە دەستی پێکرد و هەتا ئێستا، کێبەرکێیانە و دەپاڕێنەوە بۆ ڕێگاپێدان بۆ چونەوە باوەشی "بەغدا"!
تاماوەیەکی زۆرکورتی پێش ئەم ڕۆژە پڕ سەروەرییە، هەر کەس ناوی "مالیکی" یا "سەدر"یان هێنابا، یا جاش بوو یا سیخوڕی وڵاتان ، بەڵام ئێستا شەڕە لەسەر زیارەتی بەردەرکی ماڵی مالیکی و سەدر و.. هەر وەها سەرکردەکانی ریفڕاندۆم لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێڕاق کێشەیەکی قورسیانە!!
٥ـ گەلی دە برادەرینە!
ئەمەش دەگێڕنەوە و دەڵێن:
ڕۆژگارێک لە زێواری مێژوویەکی ون بوو، لە وڵاتێکی ئازا و دەلال، کابرایەک سەری خۆی هەڵگرتووە و سواری سەری خۆی بووە و گوتوویە: حازرە سەری خۆی لەسەری ئەو نەهامەتییە دابنێ کە تووشی گەلی خۆی کردووە...
... ئێستێ ئەم کابرایە بە تاوانی ئەو ڵاڕێیی و خوڵقاندنی ئەم ڕۆژە ڕەش و ئەم نەهامەتییە مەزنە، و هەر وەها دەست لە دەست نانی گشت داگیرکەران و گشت خەیانەتیتر.. مەحکووم بووە بە ئەوەی کە بارەگای تایبەتی و هەتاهەتایی بۆ سەرۆکایەتی و ڕێبەری گەلەکەی دابمەزرێنێ و ببێتە مەرجەع و سەرۆک تا دوایین هەناسەی ژینی، لەسەر سەری گەلەکەی بمێنێ و پەرستش بکرێت!؟
چەند چیرۆکی کورتی پڕ سەیروسەمەری پێوەندی دار و بە یەکەوە گرێدراو!
حیکایەت بوو.. سەلەم بوو!.. ئاو لە گوڵان کەلەم بوو!
دیسان، خەڵکانێکی زۆر، لەم وڵاتە چەوساوە و زوڵم لێکراوە و هەر وەها، لەم سەر بۆ ئەم سەری چەرخی گەردوون، دەگێڕنەوە و دەڵێن:
٦ـ ڕۆژێک لە ڕۆژان، لە دەی مانگی ئۆکتوبەری ٢٠٢١، لەم بەشەی وڵات و گشت سەرزەمینی عەجاییباتی ئێڕاق، هەڵبژاردنی پێش وەختە بۆ خولی نوێی پاڕلەمانی ئێڕاق بەڕێوە چوو. خەڵکانی هەمە چەشن و هەمە ڕەنگی یەکگرتووی ئەم وڵاتە پێشکەوتوو و تێر و تەسەل و تەبا و ڕەبایە، بە کورد و عەڕەب و مەسیحی و سریانی، بە چەپ و ڕاست بە هەر بیر و بڕوایەک، بە موسڵمانی شیعە و سوننی، بە سوسیالیست، بە کۆمۆنیست، بە ناسیۆنالیست، بە دیمۆکڕات، بە ڕەگەز پەرست، بە سیخۆڕ و بە تێڕوڕیست، بە موستەشار و کۆنە بەعسی، ڕازی و خوای ناکردە ناڕازی و..و.. ئەمەندە بە یەکگرتوویی و تامەزرۆیی و خۆشەویستی تەواو بۆ حوکمەتەکانی ناوچەیی هەرێم و ناوەندی بەغدا و هەروەها بە شەیدایی و سەوداسەری ڕێبەر و سەرکردەی وڵاتفرۆش و وڵات پارێزیان، بە یەکدڵ و یەک دەنگ هوروژمیان بردە بەر سندووقەکانی دەنگدان و بەشداری هەڵبژاردنیان کرد. ڕێژەی بەشداری بوونیان ئەوەندە بە هێز و بەرز بوو کە بە شانازێوە گەیشتە ژێر : ٢٧٪ی دەنگدەرانی کۆی ئێڕاق!
خەڵک ئەوەندە سەرقاڵی هەڵبژاردن بوون کە لە جێیەکی وەک شنگاڵ بە هۆی بێبڕوایی و متمانە نەبوونیان بە پاڕتی، و ڕێگە نەدانیان بە هیچ کاندیدێکی پاڕتی بۆ چوونی ناو شنگاڵ و سەرەڕای بەڕێوە بردنی حکۆمەتی خۆجێیی خۆیان بە ڕێبەری "یەپەژە"، بەڵام ـ بزانە کاری خودای ـ بۆخۆیان بە خۆیان نەزانی کە هەر سێ کورسێکەی بەشی شنگال، ــ بە بێ هیچ فێڵ و دەستکارییەک لە لایەن پاتی و ئیماراتەوە ــ بە بەژن و باڵای پاڕتی بڕا!
پڕشکۆتر، ئەمە بوو کە خەڵکی دڵشاد و بێغەمی ئەم وڵاتە، تەنانەت ڕەحمیان بە کاندیدە مردووەکەشیان نەکرد و بەسەر زیندووە بە هێز و ناسراوەکاندا بازدیان دا و شەڕەفی نوێنەرایەتییان پێ بەخشین و گۆڕەکەیان لەگەڵ هۆڵی ناو پاڕڵەمان جێگۆرکێ پێکرد!
٧ـ وەباڵی ئەستۆی هێندێک کەس و لایەن. دەگێڕنە و ئەڵێن:
سەرانی ئەنفال و بکووژان و زیندە بە چاڵ کەرەکانی ژن و منداڵی کورد، یانی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی کۆنە بەعسی داڵدەدراوی نیشتەجێی پایتەختەکەی هەرێم واتە هەولێری هۆلاکۆ بەزێن، بە نێوی کاندیدی پاڕتی، لە موسڵ و.. توانیان نزیک لە دە کەسیان بنێرنە پاڕڵەمان لە بەغدا!!؟
بەشانازێکی زۆرەوە، خەڵک ئەوەندە شەیدای ڕێباز و فەرمانی حیزبەکانیان بوون کە:
پاڕتی ٣٠٥٠٠٠ دەنگدەری کەم بۆوە و یەکێتی ٢١٤٠٠٠ دەنگی کەم کرد و گۆڕانی گردەکەش هیچی پێ نەما و پێ نەبڕا بێجگە لە ٢٢٠٠٠ دەنگ!
گەلێک بە خۆشی و شانازی باس و دەنگۆیەک هەیە کە بۆ پشتگری لە شانازێکانی بەرهەمی دەرەنجامی ڕێفڕاندۆم و سڕکردنی و بەدەستەوەدانی ٥١/٤٪ی وڵات و بیرەنەوتەکانی وێنەی بایحەسەن و هابانا و.. فڕۆکەخانەکان و سنوورەکان و.. لە ژێر فەرماندەیی خاوەن شکۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەڵاتنی کەماڵ کەرکوکێکان و نەجمەدین کەریمکان و پڕۆ پارتییەکان لە کەرکووکی دڵی کوردستان و.. وە هەروەها سەرکەوتنی گوماناوی و بە تامی دۆڕانی لایەنە کوردییەکان لە هەڵبژاردنی پێش وەختەی پاڕڵەمانی عێراق و نانەوەی ئاژاوە و تەقەی پاڕتییەکان و لایەنگرانیان (بۆ جاری دووهەم) لە کەرکووکی قوربانی بەرژەووەندییەکانی سەرانی دەسەڵاتداری هەرێم و... ، تورکیا بە تەواوی هێز و دەبابە و فڕۆکەی جەنگی و درۆن و سیخوڕ و تیڕوڕیستانی جیهادی ژێر فەرمانیان، هەر ڕۆژە و دەم و ساتێک ڵە ناکاو هیرش دەباتە سەر ناوچەیەکی هەرێمی ژێر ڕکێفی و بە ئیشتیا، دەکوژێ، دەبڕێ، کاول دەکا، ماڵوێرانی بار دێنێ و زەرەر و زیان بە گوند و لێڕەوار و مووچە و مەزرای خەڵک و چەم و شار و خەڵکی کوردستانی باشوور دەگەینێت و حکوومەتی هەرێمیش بە سەر سڵامەتی زۆرەوە بێدەنگ و سپاسگوزارە!؟
ئەم چیرۆکە تاڵ و بێ شکۆیە هەروا درێژەی هەیە و... هەر وا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە پێشوو، خۆری ئازادی بێ تین و بێ گڕتر و بێ ڕەنگتر لە ئاسمانی ژینی کوردەواری بەرەو ونبوون لە عەرد و ئاسمان دەخوشێ!
با بزانین:چیمان بەسەر دێ؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست