بۆچی یەکێتییەکانی بادینان لە کاتی قەوماندا ریزەکانیان جێدەهێڵن
Sunday, 20/04/2014, 12:00
جەلال تاڵەبانی : کە سایەتییەک بوو هەمیشە بەدوای ژمارەوە بووە. ژیانی سیاسی ئەو پیاوە، پڕ بوو لە دووڕوویی و پەتپەتێن. ئەو کەسێک بوو تەنها بەدوای قەرە باڵغییەوە بوو، ئیتر گرنگ نەبوو ئەوانەی قەرەباڵغیەکەیان دروست دەکرد چ کەسایەتیەک بووبێتن و ڕابوردوو، یان داهاتویان چۆن بووبێت؟
لای تاڵەبانی ژمارە زۆر گرنگ بوو، ئەو هەستی بە ئامان دەکرد لە ناویاندا، ئەگەر سەیری مێژووی ئەو پیاوە بکەین دەبینین لەهەموو گردبونەوەیەکدا ئەو بەهاری هێنابووە چۆکان و دەنگی لێ هەڵدەبڕی، کە ئەوان خاوەنی هێزێکی لەبن نەهاتوون و لە سەرکەوتنەکان نزیک بوونەتەوە. دەشزانین مێژوو هەموو کاتێک لە شوێنێکەوە دەست پێ دەکات.
هەر کە پارتی و قیادە موەقەتە توانیان "برایم عەزۆ" شەهید بکەن، ئیتر توانیان جارێکی تر بادینان بخەنەوە ژێر فەرمانڕەوایی خۆیان. بەندە لە سەردەمێکدا پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە بووم و ماوەی دوو ساڵیش لە بادینان بووم، لە کەسایەتی خەڵکی ئەوێ جوان گەیشتووم، زۆرجارانیش لەگەڵ شەهید "ئازاد هەورامی"دا گفتوگۆمان لەو بارەیەوە کردووە و ڕاشکاوانە پێم ووتوە کە بادینان نابێتە موڵکی یەکێتی و کۆمەڵە چونکە لێرە خەڵکی چاویان شکاوە و پارتی لەم ناو چەیەدا ترسێکی سەیریان دروست کردووە. بۆ نمونە و بە داخەوە دەبێت بڵێم، کە کەسایەتی بادینانی لەگەڵ کەسایەتیی گەرمیانی، و سلێمانیی و هەولێریدا (یان راستترە بڵێین سۆرانی) زۆر جیاوازییان هەیە، بنەماڵەی بارزانی بەتەواوی بادینانییەکانی تێکشکاندووە.
بەڵێ: کاتێک بەرەی کوردستانی دروست بوو یەکێتیش مەڵبەندی بادینانی لەوێ دانا و شەهید "ئازاد هەورامی " بوو بە بەرپرسی مەڵبەند و دوای ئەوەی، کە نەیتوانی لەگەڵ بادینییەکاندا ڕێک بکەوێت ئەو گەڕایەوە و کاک "حاکم عومەر" بوو بە بەرپرسی بادینان تا ئەنفالی هەشت، کە پارتی گوللەیەکیان دژی بەعس و بۆ بەرگریکردن لە بادیناندا نەتەقاند. هەر دەیان ووت "هەڕن تەقەدومە"، چونکە ئەوان نێتی شەڕکردنیان نەبوو. ئەو هەموو چیا و دۆڵ و شاخەبەرزانە بەبێ تەقە لەلایەن حکومەتی بەعسەوە دەستی بەسەردا گیرا.
با بگەڕێنەوە بۆ کاتی گفتوگۆی یەکێتی لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا. ئەوکاتە لە سورداش هێزێکی ٧٠ تا ٨٠ کەسی وەک هێزی بادینان دروست کرا و لە ئامادە باشیدا بوون، بەرەو بادینان بچن، بەڵام کاتێک زانیان شەڕ دەبێتەوە، لە بەیانییەکدا هەموو چەکەکانیان داناو گەڕانەوە لای حوکمەتی نیشتمانی و ئەو هەموو خەرجیەی تیایاندا کرا بەهیچ چوو. کاتێکیش ئێمە گەیشتینە بادینان کاک ئازاد هەورامی پێی ووتین: "لە دهۆک و زاخۆ و ئامێدییەوە خەڵکانێکی زۆر بەتەمان بێن بۆ لامان و ببنە پێشمەرگە، ڕەنگە ماوەیەکی تر پێویست نەبێت ئێمە لێرە بمێنینەوە" بەڵام ئێمە ماوەیەکی زۆر ماینەوە و چاوەڕوان بووین، کەس نەهات.
ژمارەی پێشمەرگە بادینییەکان بە پەنجەی دەست لە ناو شۆڕش دەژمێردران لە ناویاندا "حاکم تلی و براکەی، مەلا سدیق و لەشکری و خزمێکی سەیدا برایم عەزۆ و چەند دانەیەکی دیکە بەڕاستی ژمارەیان لەپەنجەی دەست تێنەدەپەڕی. هەمووشیان بەرپرسیارێتیان وەرگرتبوو، کاتێکیش ئێمە جەولەمان بەناوچەکەدا دەکرد تفەنگمان دابەش کرد بەسەر چەند کەسێکدا. دوای ئێمە پارتی بۆ یەکەمین جار دوای ئاشبەتاڵ لەدوای جەولەکەی ئێمەوە گەڕابوون گوند بەگوند و ماڵ بەماڵ، هەڕەشەیان کردبوو پێیان ووتبوون ئەو جەلالیانە میوانن، هەر کەسێک دوایان بکەوێت ئۆباڵی خۆی لەسەر خۆیەتی. ئیتر پارتی بەئاشکرا دژایەتیان دەکردین، تا لە مەڵبەندی چوارەوە کۆسرەت ڕەسوڵ هێزێکی بەسەرکردایەتی "ڕائید جەلال" و کۆسرەت و شەهید حەسەن کوێستانی نارد، ووتیان گەر پێویست بکات لە زێی گەورە دەپەڕینەوە، ئیتر ئێمە نزیک بووینەوە لە ئەنفال و پارتی هەر لە سەنگەر گرتندا بوو لێمان، بۆ یەکەمین جاریش بوو "مەسعود بارزانی" لەڕێگەی گەڤەڕو لەژێر حیمایەی تورکیادا هاتە ناوچەی لقی یەک و دوای یەک دوو ڕۆژ گەڕایەوە. ئەو ڕۆژە ئێمەش لەگەڵ کاک ئازاد چووین بۆ لای، هەرچەندە ئێمە دەمانزانی کە پارتی، بەعس و داگیرکەرانی لە لا گرنگ نەبوو ئەوەی لای گرنگ بوو تەنها خۆی و نەهێشتنی ئێمە.
"فاتیح ڕەسوڵ" لە بیرەوەرییەکانیدا ئەویش ددان بەو ڕاستییەدا دەنێت، کە سیاسەت کردن لە بادیناندا واتە سیاسەت و ملکەچی بۆ پارتی، چونکە ئەمان قۆرخیان کردووە و بادینییەکان بە راستیی کەسایەتییان تێکشکاوە، ئەوتانێ لە سایەی پارتیی و بنەماڵەی بارزانیشەوە، کوردبوونەکەشیان کاڵبۆتەوە، تەنانەت ئەگەر نامەش لەگەڵ یەکتردا بگۆڕنەوە بە عەرەبی بۆ یەکتر دەنووسن، کە لە موسڵ نیشتەجێ دەبن باش نەوەیەک دەبن بە عەرەبی رەسەنی موسڵاوی، زۆربەی موسڵاوییەکان لە رەچەڵەکەوە بادینانین. دەبێت بڵێم بەداخەوە، رەنگە ئەمەش خەتای بنەماڵەی بارزانی تێدا بێت، کە ئەوانە لە ناچارییدا بادینان جێ دەهێڵن.
لەو کاتەدا "پارتی گەل" جگە لە سامی عەبدولڕەحمان، کە زۆر کەس دەزانێت چۆن کەسایەتییەک بوو؟ هەموو دەمانناسی، ڕۆژێک لە خواکورک دیمان و جنێوی زۆری بە ماڵی مەلامستەفا دا، کەچی دوایی هەر خۆی گەڕایەوە لایان. لەناو پارتی گەلدا کۆمەڵێک خەڵکی خوێندەوار و ئازا هەبوون نازانم کەوتنە کوێوە. شیوعییەکانیش هەر خەریکی ڕاوە ماسی بوون بەتایبەتی عەرەبەکانیان کە خەڵکی سەماوە و ناسریە بوون، سەری خۆیان کز کردبوو لەبن دارێکدا قولاپیان هەڵدەدا و ماسیان دەگرت. ڕۆژێک ڕژێمی بەعس بە کیمیاوی لێیداین هەوڕێیانی حیزبی شیوعی، کە بارەگاکانیان لە لامانەوە بوو، گاڵتەیان پێدەهات کاتێک وتمان کیمیاوییە. ئەوان دەیان ووت: ڕەفیق ئێمە هەموو ئەفسەری ئامادەکراوین ئەوە کیمیاوی نییە. دەبێ باڵندەکان لە ئاسمانەوە بەربنەوە و دارەکان گەڵای پێوە نەمێنێت، ئێمە چووینە چیاکە و ئەوان مانەوە، کاتێک گەڕاینەوە چەند بریندار و یەک دوو شەهیدیشیان هەبوو. مەسیحییەکان بە قسەیان کردین و لەگەڵماندا هاتن، هێزەکەی یەکێتی چەند تفەنگ و بیکەیسیەکیشمان بەمەسیحییەکان دا، بەڵام ئەوانیش هەر لەپارتییەوە نزیک بوون.
کاتێک دوای ئەنفال لە سەرەتادا بارەگای مەڵبەندی بادینان لە نۆکان بوو، چووینە شاری شنۆ، ئەوەی سەیر بوو لامان کە ئەندامە بادینییەکانی یەکێتی، هەموویان نا، زۆربەیان بۆ یادی مەلامستەفا لەڕیزی پێشيوە دادەنیشتن و قەت ئەو ئامادەیان تێدا نەبوو خۆیان بۆ یەکێتی هیلاک بکەن. عارف روسدی یەکێک بوو لەوانە، لەبادینان تاکە بادینەیەکم دیبێ، کە بەڕاستی سەنگەری لە پارتی گرتبێت. مەلا سدیق بوو، بەڵام سادق سندیش کەسێک بوو، ئێمە وەک موستەشارێکی بەعس گرتبوومان لە شەڕی کونەماسی، لەو شەڕەدا یەکێتی توانی موستەشارێک بکوژێت و دوانیش بگرێت "بایز و سادق سندی ". بایز کەسایەتیەکی ڕاڕا و ترسنۆک بوو، کاتێک بە پارە بەربوو، سادقیش دوایی، کە یەکێتی بەری دا لە ئەنفالی بادیناندا گەڕایەوە ناو ڕژێم، گەرچی دوو ڕۆژ بەر لەئەنفال باوکی سادق عومەر ئاغا بەخۆیی و فەوجەکەیەوە هاتنە ناو یەکێتی، خەریک بوو هاوکێشەکە بەلای یەکێتیدا بشکێتەوە، لەوێشدا پارتی وەک هەموو جارێک شانسیان هەبوو، چونکە ئەنفال ڕێگەی نەدا. تاڵەبانی خۆی گەیاندبووە بیقاع و بەتەمابوو هەموو هێزی یەکێتی لەبادیناندا جێگیر بکرێت، ئەگەر ئەوە ببوایە مێژوو بەشێوەیەکی تر دەنووسرایەوە. لە دوای راپەڕین بنەماڵەی بارزانی سادق سندیی و دوو ئاماۆزایان تیرۆرکرد.
ئەمڕۆش لای من شتێکی نامۆ نییە، کە ئێستا دەبینم عارف ڕوشدی و چەند کەسی تر ببن بە پارتی، ئەوان لە یەکەم ڕۆژەوە پارتی بوون، چونکە پارتی چاوی شکاندوون، هەروەها ئەوەی تاڵەبانی دەیکرد ئەنجامەکەی دیار بوو، ئەو چووە سەر گۆڕی مەلامستەفا و ٤٠٠٠٠٠دۆلاری بەخشییە زێوانەکەی مەلامستەفا، ئەمە لە کاتێکدا گەرمیان لانکی یەکێتی بوو، تالەبانی راوەدوی دەنان، بۆیە ئێستا هەر هێزێکی تر بیەوێت پێگەی هەبێت لەبادیناندا دەبێت هێزی هەبێت و بەرگری لە ئەندامەکانی بکات ئەگەر وانەکات، دڵنیابن چارەنووسی لە یەکێتی باشتر نابێت.
لێرەدا دەمەوێت دوو زامی تری وون بوو هەڵدەمەوە، کە کاتێک چووینە بادینان پێشمەرگەیەک بەناوی "ئەڵوەند"، خەڵکی کەرکوک بوو تەنها دەیویست بگەڕێتەوە، پارتی لە ماڵێکدا بەپشتێنەکەی خۆی خنکاندبوویان، حاکم تیلی چەند کەسێک دوای دۆسییەکە کەوتن، بەڵام ئەنجامی نەبوو، پێشمەرگەیەکی تریش، کە باشترین مەلەوان بوو هەموومانی فێری مەلەکرد ناوی هیوا بوو، ئەویش هەر خەڵکی کەرکوک بوو لەسەر زێ نیوەڕۆیەک وون بوو لاشيکەشیمان نەدۆزییەوە. لەوە بەدواوە ئێمە بڕیارمان دا بۆ هەموو شوێنێک بە کۆمەڵ دەڕۆشتین، چونکە گومانمان هەبوو، کە پارتیی بە تەنها فرەسەتی نامەردانە دەهێنێت. تاوانەکانی پارتی تاوانگەلێکن تەنها کورد دەتوانێ بەداوێنی هەڵی بگرێت.
بیرمە هاوڕێیەکەم وێنەی زیندانییەکانی لقی یەکی دەگرت، کە وەک زەمانی سپارتاکۆس وابوو، بەقامچی لە زیندانیی و خەڵکیان دەدا و داریان پێدەهێنان. لەشەوێکدا، کە ئەنفال دەستی پێکرد ٢٤ زیندانیان داینێ، بۆ ئەوەی ئاگامان لێیان بێت تا سنورە دەستکردەکە ئەوانە زیندانی بوون لە لقی گوڵان، من لە زۆریانم پرسی زۆربەیان خەڵکی ئەو گوندانەبوون و لە سەر هیچ شتێک گیرابوون.
ئەمڕۆش ببینن، کە ئەو کەڵەکە تڕێیەی تاڵەبانی دروستی کرد، ئیتر وەختی هەرەسێتی، چونکە دەمڕاستەکەی مەلا بەختیار و لاهوری هەرزە، شاڵاوی کۆسرەتی نەخوێندەوار و حامی حاجی غالی و سەعدی فایلدارە، بۆیە هەرەسی زیاتریش چاوەڕێی دەکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست