جەنابى كاك كۆسرەت ئایا ئەزانى دووسەد خانوەكەى شەهیدان دران بە كێ ؟ بفەرموو بزانە لیژنەكان چ دادپەروەرێ بوون !
Thursday, 03/12/2009, 12:00
لە پێشدا ئەمەوێ ئەوە بڵێم كەكەسوكارى شەهیدان هەموو دنیاشیان بدەیتێ ، دایكانى شەهید هەر حەسرەتى ئەوەن جارێكى تر كۆرپەكانیان بگرنەوە باوەش ، وە كچ و كوڕى شەهیدانیش هەر هاوارى باوەشى باوكیانیانە و لە بێ باوكى هەر نازى غەریبیانە ....ئیتر با زۆرتر نەڕۆینە ناو غەریبایەتى بێكەسى و ئەوەندەى تر ناخمان پڕ نەكەین لە گریان .
ئەم نوسینەم بۆ جەنابى كاك كۆسرت و دكتۆر بەرهەم بە تایبەتى ، دواتریش بۆ ئەو لیژنەى كە خوا هەڵناگرێت زۆر دادپەروەرانە هەستان بە دابەشكردنى ئەم خانوانە .
جەنابى كاك كۆسرەت خۆت باش ئەزانى بودجەى ئەم خانوانە پێنج ملیۆن دۆلارە و لە لایەن مالكى لەسەر بودجەى گشتیەوە هاتووە ، كەواتە موڵكى هەموو كەس و كارى شەهیدانە ، دیارە لە ژێر ڕۆشناى ئەو خاڵ و مەرجانەى خۆتان داتان نابوو ، ویستان ئەم خانوانە بە كەس و كارى شەهیدان بدرێت ، مەرجەكانی سەرەكیش بریتى بوون لە .... شەهیدى سەنگەرى پێش ڕاپەڕین بیت و خێزاندار بێ و موستەفید نەبووبێت لە هیچ ئیمتیازێكى وەك و زەوى و خانوو پارە و هتد .. وێراى دەست خۆشیمان بۆ ئەو هەوڵانەى كە بۆ كەس و كارى شەهیدان ئەیدەن ، بەڵام بەداخەوە بەو كارەى كە لیژنەكانتان كردیان زووخاوتان كردە هەناوى هەزاران كەسوكارى شەهیدى ترو جارێكى تر دڵى هەزارانى ترتان بریندار كردەوە و وامان لێ ئەكەن لە یەكێتی بڕەنجێین ، وە ڕەشبینیەكى لە ڕادەبەدەرتان توشى كەسوكارى شەهیدان كردەوە ، بە ڕادەیەك كە وا هەست ناكەن یەكێتى بن و حزبەكەیان بە موڵكى خۆیان بزانن ، وە ئەوەندەى تریش یەكێتیمان بە بێزراو خستەوە بەرچاوى كەسو كارى شەهیدان .. چونكە زۆر ڕوونە كە چ نادادپەروەرى و واسیتە و خز خزمێنەیەك بەكار هاتووە لە دابەشكردنى خانوەكان ، ئەمەوێ لێرەوە زۆر بە ورردى دیقەت بدەیتە قسەكانم و لە دڵسۆزێك زیاتر بە دوژمنى ماڵە شەهید و یەكێتیم نەزانى ، چونكە خۆیشم كوڕى شەهیدم ، لیژنەكانتان لە جێگرى مەڵبەندى سێ و جێگرى یەكەمى مەڵبەندى ڕۆژهەڵات و جێگرى یەكەمى مەڵبەندى ڕۆژئاوا و كۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەكان و دەزگاى شەهیدان پێكهاتبوو ، بە گوێرەى ڕاپۆرتێكى كوردستانى نوێش لە دەمى بەكرمستەفاى بەرپرسى مەڵبەندى سێ ، وا هاتووە " گوایە 30 جار كۆبوونەتەوە و پرس و ڕا و تەلەفونیان بۆ مەسئولەكانى ناوچەكان كردووە بۆ ئەوەى بە ووردى بزانن ئاخۆ ئەو زانیاریانەى لە بارەى ئەو شەهیدانەى ئەیانەوێ خانوو وەربگرن تا چەندە ڕاستە و سوودمەند بونە یان نا ، واش بڕیار بووە ، ئەگەر شەهیدانى پێش ڕاپەڕینیش كەم بوون ئەوا ئینجا شەهیدى سەنگەرى دواى ڕاپەڕین ، كاك بەكر مستەفا ، ئەشڵێت لیژنەكان بە ویژدانەوە كارەكانیان كردووە و گوێان بە واستە و خزمى نزیكى بەرپرسان نەداوە .
ئنجا با پرسین ئایا جەنابتان ئاگادارن چ دادپەروەریەك هەبووە و كێ و چۆن خانوەكان دابەشكراون ؟ جارێ ئەو شەهیدانەى دوو جارو سێ جار خانوویان وەرگرتووە ، لە خوارەوە ناوەكانیان بۆت ئەنووسم ، بەڵام با جارێ باسى لیژنەكە بكەین ، وەك ئەڵێن 30 جار لیژنەكەتان دانیشتنى بۆ كردووە ، بەڕاستى ئەم وتەیە (مایەى گاڵتە و پێكەنیەنە ، هەمیش برینداركردنى جارێكى ترى شعورى هەزاران كەسوكارى ترى شەهیدانە ) چونكە وەزارەتى شەهیدانمان هەیە و هەموو داتاو وردەكاریەكان لە فایلى هەموو شەهیدێك هەیە ، لەبەر ئەوەى ئەو خانوانەش درانە شەهیدى یەكێتى و دەزگاى شەهیدانیش بێگومان هى سلێمانى بەشداربوونە كە بەڕێوەبەرەكەى یەكێتیە ، ئەوە پێویستى نەدەكرد ئەو هەمووە دانیشتنە بكەن چونكە خۆى باش ئەزانێت كێ و كێى لە شەهیدان سوود مەند بوونە یان نا ! وە ئەو مەسئولانەى كە تەلەفونیان بۆ كراوە و پرس و ڕایان پێكراوە لە ناوچەكان ، وا بزانم دەمێكە كەس و كارى شەهیدان لێان بێبەرینە و بە نوێنەرى خۆیان نازانن ، چونكە خۆیان ئێستا هەر یەكە و خاوەنى سێ خانوو چوارخانوون و بۆ ساتێك بیریان لە ماڵەشەهیدێك نەكردۆتەوە ، نەخوازا ئەمڕۆ بە قسەى ئەوان خانوومان پێبدرێت و عەدالەتى بنوێنن لە دابەشكردنى خانووەكان ، بۆیە ئەوەش بزانە كە شەهیدەكان نەك خزم و كەس و كارى مەسئول نەبوون سەدا سەد نزیكترین كەسیان بوون كە خانویان وەرگرت ، (یاخوود لە شوێنیكى ترى قسەكانى لیژنەكە واهاتووە و ئەڵێن ئەوانەى داوایان پێشكەش كردبوو بۆ خانووەكان) بۆیە دیسان ئەیڵێمەوە ئەى دەزگاى شەهیدان ئەو هەموو زانیاریانەى لەسەر شەهیدەكان كۆى ئەكەنەوە ئەى نابێ بیزانین بۆچیە و چى بەسەر هاتووە ؟ بۆچى ئەبێ داوا پێشكەش بكەین ؟ ئەى نابێ خۆیان چاو گوێ و ویژدانیان كار بكات و دوو بارە و سێ بارە خانوو بە شەهیدێك نەدەنەوە ؟ كەواتە قسەكانى خۆیان (لیژنەكە) لێرەوە مایە پووچە كە بڵێن واستە و خزمایەتى نەكراوە ، لەبەر ئەوەى ئەگەر سەیرى فایلى هەر شەهیدێك بكەى هەموو زانیاریەكى تێدا تۆمار كراوە ، كەواتە چ پێویستە داوا پێشكەش بكەین ؟ یانى ئەوانەى داوا ناكەن پێویست نین یا نایانەوێ ؟ نەخێر تەنانەت واستەیان نیە و خزمى بەرپرسان نین ئەوە هۆكارەكەیە !!
بۆیەلە سەرەتاى نوسینەكەشم ، ناوى دكتۆر بەرهەمم كردە تایبەتى ئەم نووسینەم ، لەبەر ئەوەى وا بڕیار بوو كاكە بەرهەم ئێمەى كەس وكارى شەهیدان لە بن چنگى مەسئولەكان دەربهێنیت و ڕاستەوخۆ لە هەر ناوچەیەك چەند كەس و كارێكى شەهید نوینەرى نزیكى ئەو بن و چیتر لە مەسئولە نامەسئولەكانمان نەپاڕێینەوە بمانگەیەننە لاى جەنابیان و جەنابتان هەموو ئەوانى تر ، كە كۆبوونەوەكە سەدان كوروكچى شەهیدى تر بەشدار بوون ، داواشمان لە دكتۆر بەرهەم كردبوو لە لیژنەكانى پەیوەست بە ئیش و كارى شەهیدان با كەس و كارى شەهیدان خۆیان بن ، چونكە باشتر و زیاتر زانیارى لەسەر شەهیدەكان ئەزانن ، بەڵام بەداخەوە ، ئەوە نەك هەر نەكرا ! بەڵكو كاتێك لە تیڤیەكان زانیمان و بینیمان كە خانوو بۆ كەس و كارى شەهیدان دروستكراون و دەیان كەسمان بینى كە دووبارە و سێ بارە خانووى وەرگرت ، ئەمەش چەند شەهیدێكى دیارن بوونەتە وێردى سەرزمانى هەموو دڵسۆزوكەسوكارى شەهیدان كە چەند بارە خانوو و زەویان وەرگرتووە لەوناویشیاندا .. (شەهید ڕەسول براى شەهید خالید وەرتى) كە شەهیدى هاوڵاتیە و موچەكەیشى (130) هەزارە كە نە شەهیدى سەنگەرە و نەخێزاندارە ئەم جارە خانووتان پێدا (شەهید ملا محمود ) ئەمە دووەم جارە خانوو وەرگرن لە دووسێ ساڵى ڕابردووش خانوویەكى تریان لە ڕانیە وەرگرت ، ئەمیشیان زیندانى شەڕى ناوخۆیە و تا ئێستا شوێن بزرە لە لایەن پارتیەوە كە چەند جارێك ناوى هاتووە لە ڕۆژنامەكان (محمود سەیدە) تا ئێستا لە ڕانیە خانوویان وەرگرتووە و لە چوارقوڕنە زەویان وەرگرتووە ئەم جارەش خانوتان پێدان لە هەولێر (شەهید ابراهیم حاجى كوێخا) لە شارى كۆیە چەند ساڵى پێشوو خانویەكیان وەرگرت لە خانوەكانى شەهیدان ئەوانەى لاى زانكۆى كۆیە و دواتر فرۆشتیان ، زەویان لە هەولێر پێشتر وەرگرتووە ، زەویان لە سلێمانى وەرگرتووە ، ئەمجارەش خانوتان پێدان ،من هیوادارم زیاتریان بۆ بكرێت ، بەڵام با شەهێدێكى تریش جارێك خانوویەك وەرگرێت ، كە سەدان شەهید هەیە زەویان بە دە وەرەقە و بیست وەرەقە فرۆشتووە لەبەر نەبوونى ، بەلام پێ ئەچێت هەر ئەوانە یەكێتى بن و شەهیدەكانى تر لە جیاتى خوێن ئاویان ڕشتبێت و لە شەڕەشەقدا مردبن .
جەنابى كاك كۆسرەت وا بزانم ئەوە بەسەو نمونەی زۆرتریش هەن بەڵام زەقترینیان ئەمانە بوون ، هیواداریشم یان من بێم و باشترین دادگایم كەن و سزام بدەن ئەگەر ئەم زانیاریانە ڕاست نەبوون ، یان لێكۆڵینەوە بكەن بزانن ئایا ئەم زانیاریانە ڕاستە یان نا ، ئینجا باسى دادپەروەرى یەكێتى و لیژنەكانمان بۆ بكەن ، ئەگەر لە داهاتووشدا ئەتانەوێت با پێشتان بكەوم و یەكەبەكە ماڵە شەهیدەكانى سەنگەرى پێش ڕاپەڕینى خێزاندارتان پیشان بدەم ، كە یان لە خانووى خۆڵدان یان كەلاوەكانیان چاوەڕێى ڕەحمى خوا ئەكەن ئاخۆ كەى ڕەحمەتێك دێت و بۆیان چاك ئەكات !! ئەوەى ماویشە بوترێت زیاترە ، بەڵام ئەوەندە بەسە ، تاكاشم وایە وەك چۆن كوڕە بەرپرسەكان لاف و گەزافى خانوو و سەیارەى جوان و دەوڵمەندیمان لەسەر لێئەدەن و ڕۆژانە یارى بە موقەدەساتى شەهیدانمان ئەكەن، با كوڕوكچە هاوخەمەكانمانیشى نەیەتە سەرو ئەوانیش لەوە زیاتر نەبنە شەهیدە خواپێداوەكان و ئەو شانازیەى بە شەهیدەكانیشمانەوە ئەى كەین ، لەبەر ئەم و لەبەر ئەو ، دواتر نەعلەتى لێنەكەین و بە یەكجاریش ماڵئاوایى لە یەكێتى نەكەین .
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست