هه‌ر له کوردستان: سفره‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌بێ چۆن سفره‌یه‌ک بێت؟!
Sunday, 12/08/2012, 12:00
له که‌ر گه‌ڕێن قهڕسیل زۆره با یاریکا
ڕۆژێ دێت خاوه‌ن قهڕسیل دار کاریکا
نوسینێکه هه‌ر جاره‌و باسی شتیک یا له سه‌ر شتێک قسه ده‌که‌ین به زمانێکی زۆر ساده‌و ساکار ، به‌ینی خۆمان بێت باشتره له وه‌ی زه‌می خه‌ڵک بکه‌ین ، ئێمه ته‌نها عه‌یب و عاره‌کان باس ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بزانن که‌وا خه‌ڵک به ئاگایه نه خه‌وتوه.
ئه‌گه‌ر که‌مێک چاوه‌کانمان داخه‌ین و بۆ چه‌ند چرکه‌ێک به خه‌یاڵ بگه‌ڕینه‌وه بۆ ئاهه‌نگێک له‌و ئاهه‌نگه تایبه‌تیانه, وه‌ک ئاهه‌نگی سه‌یران و بوک گواستنه‌وه که به‌شداریمان تێدا کردبوو دێته به‌ر چاومان سفرهێکی پان و به‌رینی دوور‌و درێژ پڕ له خواردنی هه‌مه جۆر، نانی تیری به‌ده‌ستی ئه‌و کیژۆڵانه‌ی مه‌مک خڕ‌و پرچ ئاوریشم و به‌ژن وباڵا به‌قه‌د داری ئه‌سپیندار، سینی پڕ له برنجی کوردی سه‌ر داپۆشراو به گۆشت و کشمیش و باوی، شۆرباو ترش ومهرهگهی فاسوڵیاو باینجان و بامیه‌ی ناسک ناسک، به سه‌تڵ ماستاوی شیری مه‌ڕه کوێر، باسی قتوی ساردی بیبسی و کۆکاکۆلا و ... هه‌ر ناکه‌ین. خاوه‌ن سفره‌که‌ش ناوه ناوه دێت و ده‌ڕوات ده‌ڵێت: کاکه گیان ده‌بیخۆن ده‌ی یا خوا نۆشی گیانتان بێت، زۆر بخۆن تا باش هه‌ڵپه‌ڕن و ..... .
هه‌ر که خواردن خوراو ته‌واو بوو ده‌ستبه‌جێ گه‌نجان به‌ره‌و ههڵپهرهکێ و شایی و زه‌ماوه‌ند ده‌ڕۆن و پیاوه به‌ته‌مه‌نه‌کانیش یاغر یاغر به‌ره‌و ڕووی باوکی زاوا یا برا گه‌وره‌ی بۆ پیرۆزبایی و خوا حافیزی، دوای چه‌ند کاتژمێرێک کۆتایی به ئاهه‌نگه‌که دێت و خه‌ڵکی په‌رت و بڵاوه‌ی لێدکات و به هیوای دووباره بونه‌وه‌ی له‌شێوه‌ی ئه‌م جۆره ئاهه‌نگانه و کاتێکی خۆشیش بۆ یه‌کتر خوازیارن و ده‌ڵێن دۆڵ دڕا ته‌قه‌ی بڕا.
ئینجا با بێینه سه‌رباسه‌که‌مان که سفره‌ی ده‌سه‌ڵاته:ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له سه‌ر یه‌ک سفره کۆبونه‌ته‌وه، پان و به‌رینی و دوور‌و درێژیه‌که‌ی بێ هه‌ژماره، هیچ که‌س و لایه‌نێکیش میوانداری نه‌کراوه یه‌عنی ده‌عوه‌ت نه‌کراوه بۆ سه‌ر ئه‌م سفره‌یه، خۆیان هاتون قیت قیت له ڕیزی پێشه‌وه‌ش چوار چمکیان داوه‌و لێی پان بونه‌ته‌وه و له ده‌وری سفره‌که کۆبونتهوه و هێدی هێدی لێی ده‌خۆن و ناوه ناوه‌ش هه‌ندێکیان به‌دزی ئه‌وانی تر قاپی سه‌فه‌ری لێ پرده‌که‌ن و ئاودیوی ده‌که‌ن (ئه‌رێ بۆ کوێ ئه‌و قاپه سه‌فه‌ریانه ئاودیو ده‌که‌ن... براکه‌م من نایزانم خۆت باشتر ده‌یزانی، وا نیه ... یان ده‌ته‌وێ هه‌موو قسه‌کان هه‌ر من بیکه‌م، نه خێر)، ماستاو چیش جڕت و فڕتیانه به ده‌وریانه‌وه، ڕێگاش به خاوه‌ن ماڵ ناده‌ن به هیچ شێوه‌ێک هه‌ر نزیک بێته‌وه له و سفره‌یه‌ی که خۆی خاوه‌نیه‌تی، به‌ڵام پیاو ده‌بێ تۆزه‌ک خاوه‌ن ویژدان بێت ئه‌و میوانانه ناوه ناوه به گوێی خاوه‌ن ماڵ ده‌چرپێنن و پێی ده‌ڵێن : هیچ خه‌م مه‌خۆ به‌م زووانه چاومان لیت ده‌بێت و خه‌میکت بۆ ده‌خۆین و سه‌د قاتیش تۆڵه‌ت بۆ ده‌کینه‌وه.
خوێنه‌ری به‌رێز...
له‌سه‌ر ئه‌م سفریهش سێ جۆر خواردنی زۆر به‌هاو به نرخ دانراوه که به ملیۆن که‌س له پێناوی له ناو چوون، چه‌ندین خیزان و ماڵ له‌سه‌ری کاول بوون، چه‌ندین وولات نه‌خشه گۆر بوون ، چه‌ندین خاوه‌ن شکۆو سه‌رۆک کۆمار‌و وه‌زیرو وه‌زاره‌ت له پێناوی ته‌فرو تونا بوون.
با چیتر سه‌رتان گێژ نه‌که‌م به‌م نووسینه، خواردنه‌کانی سه‌ر سفره‌که بریتیه له هه‌موو گومرگه‌کانی سنوری هه‌رێم، بودجه‌ی ته‌رخان کراو بۆ خه‌ڵکی هه‌رێم، خواردنه هه‌ره خۆشه‌که‌ش نه‌وتی کوردستانه، به تانکه‌ر تێر نه‌بوون بۆڕی ڕاکێشانه به‌ره‌و تورکیا‌و ئێرانه.
ڕۆژێک دیت خاوه‌نی ئه‌م سفره‌یه دارکاریان بکات، ئه‌و دوو دێره شعره‌ش
(به‌داخه‌وه نایته بیرم هی کام شاعیری به‌ڕێزه) پێم وابێت پیره‌مێردی شاعیری مه‌زن ئه‌مه‌ی وتبێت، که له‌کاتی مێردمنداڵیدا خوێندومتهوه و هاته‌وه بیرم پێشکه‌شی ده‌که‌م به میوانانی سه‌ر ئه‌م سفریه و خوازیاریشم زۆر به باشی بیخوێننه‌وه‌و لێی تێبگه‌ن و بۆ هاوڕێ نهخوێندهوارهکانیشان بگێڕنه‌وه، ئه‌گینا رۆژی قیامه‌ت قه‌ت گه‌ردنتان ئازاد ناکه‌ین.
له که‌ر گه‌ڕێن قهڕسیل زۆره با یاریکا
ڕۆژێک دێ خاوه‌ن قهڕسیل دار کاریکا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست