تێبینییه‌کی کورت بۆ ئه‌وانه‌ی که مارکسیزمیان "چاره‌گران" کردووه!
Tuesday, 18/08/2009, 12:00
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی (چه‌پ کێیه! و کێ چه‌په له کوردستاندا؟) ، خوێنه‌رێک له سایتی کوردستاناندا سه‌رنجی خۆی نوسیوه و داکۆکیی له "دیکتاتۆریی" ئه‌کات و لای وایه که مارکس داهێنه‌ری زاراوه‌ی به‌دناوی دیکتاتۆریی پرولیتاریایه!
هه‌ندێک له دۆستانم داوایانکرد که ئه‌گه‌ر به کورتییش بێت ئه‌و باسه ڕونبکه‌مه‌وه ، سوپاس بۆ ئه‌وانیش و بۆ ئه‌و خوێنه‌رانه‌ش که به باش و به خراپ ڕای خۆیان له‌و ڕووه‌وه ده‌ربڕیوه.
جێی دڵخۆشییه که لاوانی ئه‌م سه‌رده‌مه به‌ته‌نگ کێشه سیاسی و ئایدیولۆجیاکانهوهن و له هه‌وڵی خۆڕۆشنبیرکردندان ، گرنگ نیه که ئه‌مڕۆ به ڕاده‌یه‌کی دیارییکراو له باسه‌کان تێئه‌گه‌ن ، گرنگ ئه‌وه‌یه که به‌رده‌وام هه‌وڵی لێکۆڵینه‌وه و زیادکردنی ڕۆشنبیرییان بده‌ن و کات و ته‌مه‌ن و تاقیکردنه‌وه‌ش ، فاکته‌ری گرنگن له گۆڕانی بیر و هۆش و بۆچوونه‌کانی مرۆڤدا.
کارڵ مارکس ، وه‌ک هه‌ر مرۆڤێکی تر مرۆڤ بووه ، له‌به‌رئه‌وه ، وه‌ک له وتاره‌که‌مدا وتوومه و ئه‌یڵێمه‌وه ، له‌وانه‌یه که‌می وتبێت ، یان زۆر ، باشی وتووه ، یان خراپ ، ئه‌وه شتێکی مرۆڤییه و ڕێژه‌ییه و که‌س نیه پێرفێکت بێت ، هه‌ر وه‌ک کوردیش ئه‌ڵێت: ئه‌وه‌ی که زۆری وت ، باشیش ئه‌ڵێت و خراپیش.
ئه‌و خوێنه‌ره هه‌ر وه‌ک هه‌نگوینی له داردا دۆزیبێته‌وه ، ئه‌ڵێت ئه‌ی ئه‌وه نیه مارکس له (ڕه‌خنه له به‌رنامه‌ی گۆته)دا ئه‌ڵێت دیکتاتۆریی شۆڕشگێڕیی پرولیتاریا!
بۆ زانیاریی خوێنه‌ران:
- ئه‌و نوسینه‌ی مارکس ، به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌کی یه‌که‌م بیری دروستکردنی "ده‌وڵه‌تی دیکتاتۆریی پرولیتاریا"یه.
- ئه‌و باسه‌ی کارڵ مارکس له ساڵی 1875 دا نوسراوه و بۆ یه‌که‌م جار له ساڵی 1891 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه! واته دوای 16 ساڵ له نوسینی بڵاوکراوه‌ته‌وه!
- مارکس له ساڵی 1883 دا کۆچی دوایی کردووه ، واته ئه‌و نوسینه 8 دانه ساڵ دوای مردنی بڵاوکراوه‌ته‌وه!
- زۆربه‌ی هه‌ره زۆری نوسراوه‌کانی له دوای مردنی خۆی و له لایه‌ن ده‌روێشه‌کانیه‌وه نوسراونه‌ته‌وه و بڵاوکراونه‌ته‌وه ، بۆیه وه‌ک هه‌زاران که‌سی تر ، منیش لام وایه به‌شێکی زۆری مارکسیزم شێوێنراوه و له گیانه مرۆڤایه‌تییه‌که‌ی ڕوتکراوه‌ته‌وه و له لایه‌ن ده‌روێشه‌کانیه‌وه وه‌ک ئایدیایه‌کی تۆقێنه‌ر ، دیکتاتۆر ، ملپه‌ڕێن و سه‌رکوتکه‌ر پێشانی خه‌ڵک ئه‌درێت و ئه‌وه‌ش تا ئێستا به زیانی مارکسیزم گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
- مارکس دژی چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ له لایه‌ن برای مرۆڤی خۆیه‌وه بووه ، ئیتر به چ لۆجیکێک باوه‌ڕی به‌وه هه‌بێت که چینێک چینێکی تر بچه‌وسێنێته‌وه!
- باوه‌ڕێکی بێپایانی به "گۆڕان" هه‌بووه که ئه‌وه‌ش کرۆکی مارکسیزمه و له‌سه‌ر کێلی گۆڕه‌که‌شی نوسراوه: گرنگ ئه‌وه‌یه که هه‌رچۆنێک بێت ، هه‌ر بیگۆڕیت.
- ئه‌گه‌ر له خراپترین حاڵه‌تیشدا ، مارکس له نوسراوێکیدا وشه‌ی به‌دناوی دیکتاتۆریی نوسیبێت ، ئه‌وا له سه‌رده‌مێکدا نوسیویه‌تی که سه‌رده‌می هه‌ڕه‌تی لاویی شۆڕشی پیشه‌سازیی ، سه‌رمایه‌داریی ، گۆڕانکارییه فه‌لسه‌فیی و سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و شۆڕشه‌کان بووه ، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر واش بێت ، ئه‌وا ته‌واو دژی بۆچوونه مرۆڤایه‌تییه‌کانی خۆی وه‌ستاوه‌ته‌وه که من پێم وا نیه ئه‌وه ڕاستبێت.
- ئه‌وه‌ی سه‌یره ئه‌وه‌یه که له‌م سه‌رده‌مه‌دا هه‌ندێک له زانایانی ئیسلام داوائه‌که‌ن که قورئانه‌که‌یان پاکبکه‌نه‌وه له‌و سوره‌ت و ئایه‌تانه‌ی که سوکایه‌تی به ئافره‌ت و مرۆڤ ئه‌که‌ن و هه‌ڕه‌شه‌کردن و تۆقاندنه‌کانی لێده‌ربهێنرێت! به‌ڵام تا ئێستاش ده‌روێشانی کۆمونیزم ئاماده نین وشه‌ی به‌دناوی (دیکتاتۆریی) له بیروباوه‌ڕه‌که‌یان فڕێبده‌ن!
- مێژووی دور و نزیک سه‌لماندی که دوامهنزلی دیکتاتۆر و دیکتاتۆریی هه‌ر زبڵدانی مێژووه! نمونه‌ی وڵاته کۆنه شیوعی و سۆشیالیستییه دیکتاتۆرییه هه‌مه‌جۆره پرولتیاریاکان هێشتا هه‌ر زیندووه و له‌به‌رچاوی هه‌موومانه.
- به هه‌ر حاڵ ، ئه‌گه‌ر له‌م هه‌زاره‌یه‌ی سێیه‌می مرۆڤایه‌تیدا ، مرۆڤ کوێرانه په‌یڕه‌ویی مارکسیزم و هه‌ر ئایدیۆلۆجیایه‌کی تر بکات ، ئه‌وا لام وایه که هیچ جیاوازییه‌ک نابێت له نێوان ئیسلامێکی سه‌له‌فیی و ده‌روێشێکی ئه‌و ئایدیۆلۆجیایانهدا.
- له‌به‌رئه‌وه‌ی که مارکسیزم زانسته ، ئه‌وا وه‌ک هه‌ر زانستێکی تر جێی لێکۆڵینه‌وه و بره‌وپێدان و گۆڕانکاریی و نوێکردنه‌وه‌یه ، ئه‌وه‌ش ڕاستییه‌که و ئه‌بێت که‌سانی ڕۆشنبیر و هۆشیار بۆیان قوتبدرێت ، ئه‌گه‌رنا ، ئه‌وا دورن له گیانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی مرۆڤایه‌تییه‌وه.
- تێبینی و پێشنیار و ئامۆژگارییم بۆ ئه‌و که‌سانه ئه‌وه‌یه که به گیانێکی زانستییانه‌وه بڕواننه هه‌موو دیارده‌یه‌ک و به‌رده‌وام به‌دواداچوون بکه‌ن و لێکۆڵینه‌وه بکه‌ن و بێژنگ بده‌ن له هه‌موو بیروبۆچوونێک ، ئه‌وه‌ی که به کهڵکهات بۆ کۆمه‌ڵگاکه‌مان ، وه‌ریبگرن و ئه‌وه‌ش که سودی بۆ مرۆڤ نه‌بوو ، پشتگوێی بخه‌ن و خۆتانی پێوه‌خه‌ریک مه‌که‌ن ، چونکه له‌م قۆناغه‌دا چه‌وساوان و به‌شمه‌ینه‌تانی کوردستان پێویستیان به کار و ئازادیی و پێویستییه ڕۆژانه‌ییه‌کانی بژێویان و خزمه‌تگوزارییه‌کان و سه‌روه‌رییه نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان هه‌یه ، نه‌ک دیکتاتۆریی پرولیتاریی و غه‌یری پرولیتاریی!
- جگه له‌وانه‌ش ، کۆمه‌ڵگای کوردستان هه‌زاران کێشه‌ی له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه هه‌یه و ئه‌مڕۆ کێشه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه که چۆن کۆمه‌ڵگاکه‌مان ئاسوده بکه‌ین و له‌و کێشانه ڕزگاری بکه‌ین و چۆن ڕیزه‌کانمان یه‌کبخه‌ین! کێشه‌ی ئێمه ئه‌وه نیه که خۆمان به‌و گێژاوه فیکرییانه‌وه خه‌ریکبکه‌ین! به‌رنامه‌ی کار و خزمه‌تکردنی جه‌ماوه‌ر سه‌نگی محه‌که ، نه‌ک ده‌مارگیریی و وشکایه‌تی و شه‌ڕه فه‌لسه‌فه ، ئه‌وه کاری ئێمه نیه و ساڵانێکه وازمان له‌و خۆخهریککردنههێناوه و ناشمانه‌وێت له‌مه‌ودوا به لایدا بچین. ئه‌م نوسینه‌ش له ڕاستییدا بۆ ڕونکردنه‌وه‌ی ئه‌و ههڵوێستهمانه.
- ئێمه وه‌ک پارتی چه‌پی کوردستان ، سود له هه‌موو بیروباوه‌ڕێکی پێشکه‌وتنخواز و مرۆڤایه‌تی وه‌رئه‌گرین و نه‌فره‌تیش له هه‌موو جۆره دیکتاتۆرییه‌ک ئه‌که‌ین و له پێش هه‌مووشیانه‌وه ، ئه‌وه‌ی که ده‌روێشان پێی ئه‌ڵێن "دیکتاتۆریی پرولیتاریا" ، چونکه لامان وایه که ئه‌وه سوکایه‌تی و ناوزڕاندنی گه‌وره‌ترین چینی کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تییه که ئه‌ویش کارگه‌رانه و تا ئێستاش که‌س له دنیادا کارگه‌رێکی داماوی نه‌بینیوه حوکمی وڵاتێک بکات و دیکتاتۆر بێت و چینه‌کانی تری کۆمه‌ڵگاکه‌ی بچه‌وسێنێته‌وه! له‌و بڕوایه‌شدام ئه‌وه هه‌رگیز له ئایینده‌ی مرۆڤایه‌تیدا ڕوونادات ، چونکه خوێنڕشتن و ملبڕین و سه‌رپانکردنه‌وه ، ئاواتی کارگه‌ران نه‌بووه و نیه و کارگه‌ران بێوه‌یترین چینی کۆمه‌ڵن.
کارگه‌رانی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش وه‌ک هه‌موو کارگه‌رانی دنیا ، کار و یاسای کار ، ده‌ستور و یاسا ، ئازادییه که‌سییه‌کان و سه‌ندیکاییه‌کان ، مافی مرۆڤ ، مافی ئافره‌تان و یه‌کسانیی ، پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی ، سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانیی و سه‌دان شتی مرۆڤایه‌تی تریان ئه‌وێت ، نه‌ک دیکتاتۆریی!
دوا جار ، به‌و خوێنه‌ره به‌ڕێزه ئه‌ڵێم: برا ، فێری ئادابی وتووێژ ببه و ئه‌وه‌ی که لات وایه ڕاسته و ئه‌ته‌وێت ده‌ریببڕیت ، به‌تایبه‌تیی بیروبۆچوونی سیاسی ، فه‌لسه‌فیی و ئایدیۆلۆجیی ، هه‌وڵبده به شێوه‌یه‌کی زانستییانه ده‌ریببڕیت و که‌س بێزار و بریندار مه‌که ، خوێنه‌ر ئازاده له‌وه‌ی چه‌ند بڕوا به بۆچوونه جۆراوجۆره‌کانی نوسه‌رانی سایته‌کان ئه‌کات. پێویستیش ناکات که‌س خۆی سه‌غڵه‌ت بکات و وه‌ک جه‌نابت ئه‌ڵێیت "تاقه‌تت نیه" بۆچوونه‌کان ڕاستبکه‌یته‌وه ، نا برای به‌ڕێزم ئه‌گه‌ر تاقه‌تیشت هه‌بوو پێویست به‌و زه‌حمه‌ته ناکات ، چاکی مه‌که با خراپ نه‌بێت!
پرسیاری ئه‌وه‌ت کردووه که ئایا زمان ئه‌زانم! به‌ڵێ برای به‌ڕێز به سایه‌ی سه‌ری تۆوه ، شه‌ش زمان ئه‌زانم و بۆ دڵنیاییشت ، تا ئێستا تاکه نوسراوێکم له‌سه‌ر مارکسیزم به کوردیی نه‌خوێندووه‌ته‌وه ، چونکه له‌و باوه‌ڕه‌دام که کوردییه‌که به سه‌قه‌تیی له فارسیی و عه‌ره‌بییه‌وه وه‌رگێڕاوه و ئه‌وانیش به سه‌قه‌تیی له ڕوسییه‌وه وه‌رگێڕاون که سه‌رچاوه‌ی شێواندنه‌کانی مارکسیزمن! له‌وانه‌یه تاکوته‌راش له ئه‌ڵمانیی و ئینگلیزییه‌وه وه‌رگێڕابن که تا ڕاده‌یه‌ک سه‌رچاوه‌که‌ن ، هیچ گه‌ره‌نتییه‌کیش نیه که سه‌رچاوه‌کانیش نه‌شێوێنرابن له کاتێکدا ساڵانێکی زۆر دوای مردنی مارکس ، بۆ یه‌که‌م جار بڵاوکراونه‌ته‌وه!
وه‌ک وتیشم ، ئه‌گه‌ر بیروباوه‌ڕی مارکسیزم له خراپترین حاڵه‌تیشدا ، نه‌شێوێنرابێت و وه‌ک ئه‌وه بێت که ده‌روێشانی ئه‌یانه‌وێت ، ئه‌وا ئێمه ده‌روێش نین و ئازادین له‌وه‌ی که ئه‌و به‌شه‌ی لێههڵببژێرین که سودی بۆ کۆمه‌ڵگاکه‌مان هه‌بێت و ئه‌وه‌ش که په‌یوه‌ندیی به دیکتاتۆرییه‌وه هه‌یه ، نه‌فره‌تی لێئه‌که‌ین و با پیرۆزی ئه‌و که‌سانه بێت که شانازیی پێهوهئهکهن.
جه‌نابتان ئه‌ڵێن بۆ واز له مارکسیزم ناهێنن! له‌و بڕوایه‌دام که هه‌موو جه‌ماوه‌ریش ئه‌و ڕاستییه ئه‌زانن که پارتی چه‌پی کوردستان پارتێکه له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه نوێیه و خۆی نابه‌ستێته‌وه به هیچ ئایدیۆلۆجیایهکهوه و ململانێی فیکریی له‌گه‌ڵ هیچ که‌س و لایه‌نێکدا ناکات و به‌رژه‌وه‌نده ئابوری ، نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانییه‌کانی گه‌له‌که‌مان له پێش هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندێکی تره‌وه دائه‌نێت. هیچ بیروباوه‌ڕێکیش موڵکی که‌س نیه و مرۆڤ ئازاده له‌وه‌ی سود له کام به‌شی ئه‌و بیروباوه‌ڕانه وه‌رئه‌گریت.
ئێمه‌ش بۆ ئاسوده‌کردنی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان ، سود له هه‌موو بیروباوه‌ڕێکی باش و پێشکه‌وتنخواز و مرۆڤپه‌روه‌رانه وه‌رئه‌گرین و دژی هه‌موو جۆره زۆرداریی و دیکتاتۆرییه‌کین و له‌و پێناوه‌شدا به شێوه‌یه‌کی شارستانییانه و سه‌رده‌مییانه و دیموکراتییانه خهباتئهکهین و جه‌ماوه‌ر له‌و حه‌وت ساڵه‌ی ڕابوردووشدا شاهیدی ئه‌و باسه‌ن.
17-08-2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست