کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی ئەمجارە بەزۆرینە پێوەرەكان لە بەرژەوەندی بزووتنەوەی گۆڕانە

Friday, 13/09/2013, 12:00



ئەگەر سەرنجێكی وورد و بابەتییانە لە ئەگەرەكانی ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە پەڕلەمانییەی كە بڕیارە لە 21ی ئەیلولدا بەڕیوەبچێت، زۆربەی پێوەرەكان ئاماژە بۆ سەركەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەن كە بە لیستى ژمارە 117 بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا دەكەن، لەوانە:
یەكەم/ جیابوونەوەی پارتى و یەكێتی و دابەزینیان بە لیستى سەربەخۆ .. ئەمە ئەو هەڵە گەورەیە بوو كە سەرانی ئەو دوو حیزبە لە غیابی مام جەلالدا كردیان كە لە بەرژەوەندی بزووتنەوەی گۆڕان كۆتایی دێت.. ئەگەر جەلال تاڵەبانی بیتوانیایە تاكە ووشەیەك لە زاری بێنێتە دەر ئەوە دەبوو كە بە برادەرانی یەكێتیی دەووت "هاوپەیمانی" .. بەڵام كەس نازانێت خێر لەچیدایە!! هاوپەیمانێتی پارتى و یەكێتى ئەگەر لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیان و لووشدانی نەوت و پارەدا نەبوایە هەرگیز ئەو دوو حیزبە دانوویان پێكەوە نەكوڵاوەو ناشكوڵێت.. پارتى بۆ زیاتر بچوككردنەوەی یەكێتى و یەكێتیش لە پێناوی مانەوەدا لەماوەی ڕبوردوودا ئەم هاوپەیمانێتییەیان قبوڵ بوو، جیابوونەوەیان هەروا لە هەوانتە نییە و مەحاڵە مام جەلالیش چیتر بواری ئەوەی هەبێت جارێكی تریش فەوجەكەی تەسلیمی پارتى بكاتەوە.. ڕاستە ئەو یەكێتییانەی لە دژی هاوپەیمانێتى لەگەڵ پارتیدا یەكێتییان وەلا ناو دەنگیان دا بە گۆڕان و لایەنەكانی تر، گەڕانەوەی ئەم دەنگانە جارێكی تر بۆ یەكێتى لە لایەكەوە لە زیانی پارتییەو لەلایەكی تریشەوە كاریگەرییەكی ئەوتۆی لە توانای كێبڕكێی یەكێتیدا نابێت، واتە لێرەدا هەم پارتى و هەم یەكێتی زیانیان لێ دەكەوێت.
دووەم/ بەشدارنەبوونی شاری كەركوك لەم هەڵبژاردنەدا دیسان لە زەرەر و زیانی ئەم دوو حیزبەیە كە بە ووتەی خۆیان هەواداری زۆریان لەم شارەدا هەیە، لەم زەرەرەشدا پشكی شێر بەر یەكێتی دەكەوێت.. لەبەرامبەریشدا هەڵكشانی ڕێژەی هەواداران و لایەنگرانی گۆڕان لە سێ شارەكەی كوردستان بوونی هەیە.
سێهەم/ بەشدار بوونی وەچەی نوێ لەم هەڵبژاردنەدا كاریگەرییەكی زۆری دەبێت لە گۆڕینی نەخشەی سیاسی هەرێم و هاوكێشەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردندا، هاتنە ناوەوەی گەنجانی لەدایكبووی ساڵەكانی 1992، 1993، 1994 و 1995، ئەوانەی كە لە هەڵبژاردنی پێشوودا بەهۆی كەمی تەمەنیانەوە مافی بەشداریكردنیان نەبوو، ئەمجارە ئەو جیلە نوێیە كە نەوەی فەیسبوكیان پێدەووترێت و جیلێكی نوێخواز و هوشیارن، دەنگ دەدەن و ڕۆڵێكی كاریگەر دەبینن لەگۆڕینی ئەنجامەكانی پێشوودا.
چوارەم/ ئەم هەڵبژاردنەی ئەمجارە یەكەم هەڵبژاردنە كە دوای ڕووداوەكانی 17ی شوباتی 2011 ئەنجام دەدرێت، خەڵكانێكی ئێجگار زۆر لەوانەی كە نزیكەی شەست و ئەوەندە ڕۆژ لە سەرای ئازادی سلێمانی بەجۆش و خرۆشەوەو بەگیرفانی بەتاڵەوە هوتافیان كێشاو دژی دەسەڵات وەستانەوە و لەكۆتاییدا بەبێ هیوایی و بەزەبری لیس و گوللە ڕاونرانەوە بۆ ماڵەوە، ئەمانە بەهیوان لەم هەلەدا گورزێكی كاریگەر لە دەسەڵات بوەشێنن.. هەروەها گەنجانی شارو شارۆچكەكانی تری وەكو دەڤەری گەرمیان، ڕانییەو پشدەر، هەڵەبجە و چەمچەماڵ و كۆیە ... هتد.. هەموو داخ لە دڵن بەرامبەر جەور و ستەمی دەسەڵات.. جگە لە جەماوەری شاری هەولێر كە لە هەمووان زیاتر تینووی ئازادین و بە درێژایی ئەو دوو مانگەی كە لە سلێمانی و شوێنەكانی تر خۆپیشاندان بوو، ئەمان خەفەكرابوون و دەسەڵات بەهەمووتوانایەوە كاری كرد بۆ كۆنترۆڵ كردنی شاری هەولێر كە بە كلیلی سەركەوتن دادەنرێت، وە بە هیچ شێوەیەك بواریان نەدرا بۆ تەنها دەقیقەیەك كەف و كوڵی دڵیان بڕەوێننەوە، هەروەها شاری دهۆكیش بەهەمان شێوەی شاری هەولێر لە ژێر كۆنترۆڵی ووردی پارتیدا بوو، لەو كاتەدا پارتی شانازی بەو زوڵم و ستەمەی خۆی دەكرد كە گوایە لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا بوار نادات خەڵك لێی ڕاپەڕێت، پارتی خۆشی ئەو راستییە باش دەزانێت كە خەڵكی ژێر دەسەڵاتى خۆی چەند تووڕەو داخ لە دڵن، هەر ئەم هۆیەش بوو كە پارتی و یەكێتى ئەیانویست هەڵبژاردن دوا بخرێت چونكە دڵنیان كە چیتر ئەو جەماوەرەیان بەدەستەوە نەماوە.
پێنجەم/ پڕو پاگەندەی بێ سەرو بەری پارتى و یەكێتى و ئەو سیناریۆ عەنتیكانەی كە بۆ ناشیرین كردنی لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن ئەنجامی ئەدەن و ئەو شپرزەییەی پێیانەوە دیارە بەڵگەی ڕوونن لە شكستهێنانی ئەم دوو حیزبەدا ، ئەگەر بشڕِوانینە كاندیدەكانیان ئەو ڕاستییە بەدی ئەكەین كە زۆر بە كەمی دەموچاوی دڵسۆز و خەڵكی ئاست بەرزیان تێدایە، ئەمانە كە بانگەشە بۆ خۆیان و حیزبەكانیان دەكەن ئەڵیی هەرگیز لەدەسەڵاتدا نەبوون و هیچیان بە دەست نەبوو، ئەڵێن ئەگەر دەرچین وا ئەكەین و وا ئەكەین، وەكو ئەوەی چەند ساڵە دەستیان بەسترابێت. لە بەرامبەردا جۆش و خرۆشی خۆڕسكی لایەنگرانی گۆڕان و رۆژ بە ڕۆژ زیادبوونی ڕووبەری نیلی بەڵگەی سەركەوتنی ئەم بزووتنەوەیەیە جگە لەوەی كە ژمارەیەكی زۆر لە كاندیدی ئاست بەرز و خاوەن ڕابوردووی پاك دەبینرێ.
شەشەم/ بەشێك لە لایەنگرانی لایەنە ئیسلامییەكان دڵنیان لەوەی تا یەكێتى و پارتى لەسەر تەختی دەسەڵات بن بارودۆخی ئیسلامەتی لە ئێستا باشتر نابێت، وە خەڵكانی مسوڵمان و ئیسلامییەكانیش وەكو یەكەم هەنگاو، ئەركی ئێستای خۆیان لە كۆتاییپێهێنانی حوكمی پارتى و یەكێتیدا دەبیننەوە چونكە دڵنیان لەوەی كە لابردنی ئەم دوو حیزبە تەنها بە دەنگەكانی كۆمەڵ و یەكگرتوو ناكرێت، لەبەر ئەوە ڕێژەیەكیان دەنگ بە گۆڕان دەدەن لە پێناوی ئەوەی كە بە چاوی خۆیان هەرەسی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا ببینن، پێشیان وایە بزووتنەوەی گۆڕانى لایەنێكی ئیسلام خوازو میانڕەوە.
حەوتەم/ خەڵكی بەگشتى لەو ڕاستییە تێگەیشتوون كە پێشكەوتن و بەرقەراربوونی دادپەروەری و یەكسانی بە پارتی و یەكێتى نەكراوە و تازە ناشكرێت، وە بەردەوام بوونیان لە دەسەڵات ڕۆژ بە ڕۆژ جیاوازی چینایەتی و دەوڵەمەند تر بوونی دەوڵەمەندەكان و هەژاربوونی كۆمەڵگای لێدەكەوێتەوە.. خەڵكی لەوە تێگەیشتوون ئەگەر هەر پێشكەوتنێك لە هەرێمی كوردستان ڕوویدابێت لە ژێر فشاری میللەتدا هاتۆتە دی و ئەوەی كە كراوە تا ئێستا لەسەدا یەكی ئەوە نییە كە دەبوایە بكرایە و دەتوانرا بكرێت، ئەوەی كە ئەم حكومەتە بۆ خەڵكی كردوویەتی لە چاو ئەوەی كە دەیتوانی بیكات وەكو بەراووردی نێوان ئەو دڵۆپە ئاوەیە كە بە سەری پەنجەتەوە دەنووسێت كاتێك هەڵیدەكێشیت لە بەحرێك ئاو، چونكە خێر و بێر و سامانی ئەم ووڵاتە ئەوەندە زۆرە لە بن نایەت، وە تاك بە تاكی ئەم میللەتە مافی خۆیەتی لە سایەیدا بحەسێتەوە نەك تەنها كۆمەلێك دەم و چاوی دزێو و ناشیرین بیدزێت و خەڵكیش زەقەی چاوی بێت.. كەواتە خەڵكی بەگشتى بەم ڕاستییانە ئاشنا بوون و چیتر دەنگ بەم دوو حیزبە نادەن و نادەنەوە.
هەشتەم/ خودی بزووتنەوەی گۆڕانیش لەماوەی ڕابوردوودا سەلماندوویانە كە شایەنی ڕابەرایەتیكردن و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتن.. ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لەم ماوە كەمەدا كردوویەتی، بە هەردوو حیزبەكەی تر و لە ماوەی چارەكە سەدەیەكدا نەیانكردووە.. گۆڕان لانی كەم توانیویەتی خەڵك هوشیار بكاتەوە كە چەندین ساڵە لەم هەرێمەدا چی دەگوزەرێت.
لێرەوە دەسخۆشی و پیرۆزبایی لە لیستى گۆڕان دەكەم، دڵنیام كە گۆڕیویانە.. لەهەمان كاتیشدا هیوادارم درێژە بە كارە باشەكانیان بدەن و باشتری بكەن وە بەڵێنەكانیان لەیاد بێت و بیبەنە سەر وە میللەت پشتگوێ نەخەن چونكە ئەوە ئیرادەی میللەتە یەكێتى و پارتی لادەبات و گۆڕان سەردەخات.. ئەی كاربەدەستانی گۆڕان .. نەكەن تەنها لە چوار ساڵی یەكەمدا باش بن بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەم سەركەوتوو بن و لە چوار ساڵی دووەمدا ئێوەش دەست بكەن بە یارییە پیسەكە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە