كەناڵى كوردسات و سەلام عەبدوڵا
Wednesday, 23/09/2009, 12:00
خانەقینیەك
لە كەناڵى ئاسمانى كوردسات و سایتى "پى یو كەى" میدیا ، باس لەوە دەكرێت ئاوى ئەڵوەن لە خانەقین بەردراوەتەوە كە ئەو ڕووبارە لە لایەن كۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە ووشك كرابوو .
ئەوەى جێگەى گرنگى و بایەخ و باسكردنە ئەوەیە كە باس لە هەوڵ و ماندوو بوون و شەونخونى نوسەر و ڕۆژنامەنوس و "سەلام عەبدوڵا" ناكرێت ، بە ڕاستى ناتوانین كارەكانى ئەو باس نەكەین كاتێك باسى بەردانەوەى ئاوى ئەڵوەن دەكەین لە لایەن ڕژێمى كۆمارى ئیسلامى ئێرانیەوە و بە هاوكارى محەلى خانەقینى حزبى شیوعى كوردستان .
لاى هەموان ئاشكرایە كەناڵەكانى دەسەڵات چۆن ڕوپۆشى هەواڵ دەكەن و درۆ و دەلەسە و چەواشەكارى بڵاو دەكەنەوە ئاخر ئەوەى تەماشاى سایتەكان بكات دەزانێ كێ یەكەم جار لە خانەقینەوە هاوارى خانەقینیەكانى بەرز كردەوە و داواى بەردانەوەى ئاوى ئەڵوەنى كرد و هەڕەشەكانى ووشك بوونى خستە ڕوو .
جگە لە سەلام عەبدوڵا كام بەرپرسى یەكێتى و پارتى وێرایان ووشك كردنى ئاوى ئەڵوەن بكەنە بابەت و پێشانگا و ڕێپێوان و خۆپیشاندان و واز نەهێنان تاوەكو ئەو ڕووبارەى لە ووشك بوون ڕزگار كرد .
قایمقامى خانەقین شەوى 22/2392009 بۆ كەناڵى كوردسات لێدوانى دا و فشەكانى بە ئاراستەیەك بوو كە ئەوەى ئاوى ئەڵوەندى بەردایەوە یەكێتى بوو نەك تەنها كەسێك وەك سەلام عەبدوڵا ، دەمێكە كورد دەڵێ پەتى درۆ كورتە .
سڵاو بۆ سەلام عەبدوڵا كە سەرپەرشتى كۆكردنەوە هەزاران ئیمزاى كرد لەگەڵ محەلى حزبى شیوعى كوردستان خانەقین بۆ بەردانەوەى ئاوى ئەڵوەن .
دەست خۆشى بۆ ئەو گروپ و ڕێكخراوانەى پشتگیرى كاكە سەلام و پێشانگا و خۆپیشاندان و چالاكیەكانى ئەو كەڵە پیاوەیان كرد و هەموو ئەوانەى بەشداربوون لە بەردانەوەى ئاوى ئەڵوەن .
بە بێ ناو هێنانى سەلام عەبدوڵا ناكرێت باس لە بەردانەوەى ئاوى ئەڵوەن بكرێت .
دەبێت كوردسات و سایتى یەكێتى داواى لێبوردن لە نوسەر و ڕۆژنامەنوس "سەلام عەبدوڵا" بكەن كە ماندوێتى و شەو نخونى و دڵسۆزى ئەو ئەڵوەندى لە وشك بوون ڕزگار كرد ، ئهوان ناوی ناهێنن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست