کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی‌ به‌ ''كوشتنی‌'' پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ دێرین تۆمه‌تبار ده‌كرێت به‌رپرسێكی‌ پارتی‌: شتێكی‌ خراپیان كردووه‌ سكاڵایان تۆماركردووه‌ .

Monday, 12/07/2010, 12:00


ئارا ئیبراهیم خانه‌واده‌ی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ پارتی‌، به‌تۆمه‌تی‌ كوشتنی‌ كوڕه‌كه‌یان سكاڵای‌ یاسایی‌ له‌سه‌ر ئه‌و حیزبه‌ تۆمارده‌كه‌ن، به‌رپرسێكی‌ پارتیش له‌سلێمانی‌ تۆماركردنی‌ ئه‌و سكاڵایه‌ به‌خراپ ناوده‌بات.
خالید ئه‌حمه‌د خدر، له‌دایكبووی‌ ساڵی‌ 1978، وه‌كو خانه‌واده‌كه‌ی‌ باسی‌ ده‌كه‌ن له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵه‌كانی‌ نه‌وه‌ده‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ پارتی‌ بووه‌ تاكاتی‌ ئازادكردنی‌ عێراق.
باوكی‌ خالید، ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو كه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ پێدانی‌ مووچه‌ وه‌كو پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ پارتی‌، كوڕه‌كه‌ی‌ چه‌ندجارێك هه‌وڵیداوه‌‌و سه‌ردانی‌ هه‌ولێری‌ كردووه‌، دوا سه‌ردانیشی‌ رۆژی‌ پێنج شه‌ممه‌ 24/6/2010 بووه‌ بۆ لقی‌ چواری‌ پارتی‌ له‌سلێمانی‌‌و دواتر له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ فێركاری‌ به‌نیووه‌ مردوویی‌ بینیمانه‌وه‌.
به‌هار ساڵح خێزانی‌ خالید، باس له‌سه‌ردانی‌ مێرده‌كه‌ی‌ ده‌كات بۆ لقی‌ چواری‌ پارتی‌‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌بووه‌ وه‌ڵامی‌ نو‌وسراوێكی‌ وه‌ربگرێته‌وه‌ ده‌رباره‌ی‌ بڕینه‌وه‌ی‌ مووچه‌ی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌.
به‌هار ساڵح ده‌ڵێت له‌لقی‌ چوار دراوه‌ به‌زه‌ویدا‌و لێیدراوه‌‌و براوه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌، دوو كه‌س بردوویانه‌ كه‌ یه‌كێكیان شۆفێری‌ لقی‌ چوار بووه‌.
به‌وته‌ی‌ خێزانه‌كه‌ی‌، خالید دوای‌ 12 رۆژ مانه‌وه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌‌و پزیشكه‌كان وتیان هێزێكی‌ زۆر به‌ر سه‌ری‌ كه‌وتووه‌‌و تووشی‌ (نه‌زیفی‌ داخلی‌) خوێنبه‌ربوونی‌ ناوخۆیی‌ كردووه‌.
خالید ئه‌حمه‌د ماوه‌ی‌ سێ ساڵه‌ پرۆسه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ پێكهێناوه‌‌و ئێستا خێزانه‌كه‌ی‌ دووگیانه‌.
به‌هار ساڵح هێما بۆ ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ له‌رۆژی‌ رووداوه‌كه‌ هیچ كه‌سێك له‌لقی‌ چواری‌ پارتییه‌وه‌ سه‌ردانی‌ نه‌كردوون‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ سه‌را سكاڵای‌ یاساییان له‌سه‌ر ئه‌و لقه‌ تۆماركردووه‌.
به‌وته‌ی‌ ئه‌حمه‌د مارف باوكی‌ خالید، پێش سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بۆ لقی‌ چواری‌ پارتی‌، پێیوتم ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ مووچه‌م بۆ نه‌بڕنه‌وه‌ قسه‌ی‌ خۆم ده‌كه‌م.
هه‌روه‌ها وتی‌ بینیم مێشكی‌ قلیشابوو، لامله‌كانی‌ شین بووبوونه‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت بردوویانه‌ته‌ شوێنێكه‌وه‌‌و ده‌سته‌كانیان كه‌له‌پچه‌ كردووه‌‌و به‌ستوویانه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ردوو ده‌ستی‌ خوێنی‌ تێزابوو. به‌ڵام بنه‌ماڵه‌ی‌ خالید تائێستا راپۆرتی‌ پزیشكییان نییه‌ بۆ سه‌لماندنی‌ وته‌كانیان.
ناوبراو، ده‌ڵێت كوڕه‌كه‌م نه‌خۆش نه‌بووه‌‌و به‌زیندوویی‌ رۆیشتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌‌و به‌مردوویی‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ براوه‌، بۆیه‌ پێیوایه‌ ده‌بێت ئه‌و دوو كه‌سه‌ی‌ بردوویانه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ ده‌ستگیربكرانایه‌.
باوكی‌ خالید، هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ساڵی‌ 1961ه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ پارتی‌ بووه‌‌و خزمه‌تی‌ پارتییان كردووه‌، سێ جاریش له‌سه‌ر پارتی‌ ماڵه‌كه‌ی‌ تاڵان كراوه‌.
هه‌روه‌ها وتی‌ پارتی‌ پیاوه‌تییان پێنه‌كرا به‌رانبه‌رمان، هاتن كوڕێكیان كوشتم، لێیان خۆش نابین.
سه‌باره‌ت به‌رووداوه‌كه‌، به‌رپرسێك له‌لقی‌ چواری‌ پارتی‌ له‌سلێمانی‌، نه‌خۆشی‌ په‌ركه‌م ده‌خاته‌ پاڵ خالید ئه‌حمه‌د‌و پێیوایه‌ خانه‌واده‌كه‌ی‌ شتێكی‌ خراپیان كردووه‌ كه‌سكاڵایان له‌سه‌رمان تۆمار كردووه‌.
سه‌روه‌ر فه‌تاح، كارگێڕی‌ لقی‌ چواری‌ پارتی‌، به‌ هاوڵاتی‌ وت ئه‌و براده‌ره‌ نه‌خۆشی‌ په‌ركه‌می‌ هه‌بووه‌، هاتووه‌ته‌ ژووری‌ قه‌ڵه‌م بۆ ئه‌نجامی‌ نو‌وسراوه‌كه‌ی‌ له‌وێ‌ په‌ركه‌مه‌كه‌ی‌ بۆ هاتووه‌‌و بردوویانه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌‌و تووشی‌ جه‌ڵده‌ی‌ ده‌ماغی‌ كردووه‌.
ئه‌و ده‌ڵێت له‌لقی‌ چوار له‌هیچ كه‌سێك نادرێت‌و قسه‌ی‌ كاڵی پێنه‌وتراوه‌.
ئه‌و كارگێڕ لقه‌ی‌ پارتی‌، ئاماده‌یی‌ خۆیان به‌رانبه‌ر سكاڵای‌ خانه‌واده‌ی‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ نیشانده‌ده‌ن‌و به‌ ملكه‌چییه‌وه‌ له‌به‌رده‌م دادگادا ده‌بین.
هه‌ر له‌باره‌ی‌ ئه‌و رووداوه‌وه‌، هیوا ئه‌حمه‌د، به‌رپرسی‌ لقی‌ چواری‌ پارتی‌ له‌سلێمانی‌، له‌لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی‌ وتی‌ ده‌بێت به‌دیاریكراوی كه‌سێك تۆمه‌تبار بكه‌ن، ئه‌و كوڕه‌ نه‌خۆشی‌ په‌ركه‌می‌ له‌گه‌ڵدابووه‌‌و شوێنی‌ كه‌وتنه‌كه‌ی‌ خراپ بووه‌، به‌ڵام كه‌س ئاگاداری‌ ئه‌و رووداوه‌ نه‌بووه‌ تا باسیان كردووه‌.
به‌رپرسی‌ لقی‌ چوار، سكاڵاكه‌ی‌ ئه‌و ماڵه‌ به‌شتێكی‌ خراپ ده‌زانێت‌و ده‌ڵێت به‌داخه‌وه‌ ده‌بوو نه‌گه‌یشتایه‌ته‌ ئه‌وه‌ تا لێكۆڵینه‌وه‌مان ده‌كرد.
به‌ڵام، خێزانی‌ خالید ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ مێرده‌كه‌ی‌ به‌هۆی‌ نه‌خۆشی‌ په‌ركه‌مه‌وه‌ ئه‌و رووداوه‌ی‌ به‌سه‌ردا هاتبێت، چونكه‌ په‌ركه‌مه‌كه‌ی‌ حاڵه‌تێكی‌ ئاسایی‌ بووه‌‌و نه‌بووه‌ته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ شتی‌ وا رووبدات، ئه‌و لێیدراوه‌‌و هه‌ندێك شوێنی‌ جه‌سته‌ی‌ شین بووه‌ته‌وه‌.
له‌ سایتی هاولاتی وه‌رگیراوه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە