کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خانه‌واده‌كه‌ی‌، پاراستنی‌ پارتی‌ تۆمه‌تبار ده‌كات ماوه‌ی‌ 11 ساڵه‌ نه‌قیبێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ بێسه‌روشوێنه‌

Thursday, 02/12/2010, 12:00


ئارا ئیبراهیم ئه‌فسه‌رێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌پله‌ی‌ نه‌قیب ماوه‌ی‌ 11 ساڵه‌ بێسه‌روشوێنه‌‌و هیچ هه‌واڵێكی‌ نییه‌، برایه‌كی‌ ئه‌و نه‌قیبه‌ش ده‌زگای‌ پاراستنی‌ پارتی‌ تۆمه‌تبارده‌كات‌و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ په‌نا بردنه‌ به‌ر دادگای‌ لاهای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و دادگای‌ فیدڕاڵی‌ عێراق ده‌كات.
نه‌وزاد عارف له‌دایكبووی‌ 1965، پله‌ی‌ نه‌قیبی‌ هه‌بووه‌ له‌ناو وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌‌و به‌وته‌ی‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ ساڵی‌ 1999 له‌كاتی‌ ده‌وامی‌ فه‌رمی‌ له‌مه‌سیف بووه‌‌و له‌وكاته‌وه‌ هیچ هه‌واڵێكی‌ نازانن.
گه‌لاوێژ عارف خوشكی‌ نه‌قیبه‌كه‌، باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ براكه‌ی‌ له‌ساڵی‌ 1993ه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتیدا بووه‌‌و له‌27/10/1999ه‌وه‌ له‌لایه‌ن پاراستنی‌ پارتییه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌‌و تائێستا بێسه‌ر‌وشوێنه‌.
گه‌لاوێژ به‌ هاوڵاتی‌ راگه‌یاند كه‌ چه‌ند جارێك هه‌وڵیانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ چاره‌نووسی‌ براكه‌ی‌ بزانن‌و دوا هه‌وڵیش له‌ساڵی‌ 2006دا بووه‌ كاتێك بارزانی‌ سه‌ردانی‌ قه‌ڵاچوالانی‌ كردووه‌، نو‌وسراوێكیان ئاڕاسته‌ی‌ كردووه‌.
گه‌لاوێژ وتی‌ خۆم‌و دایكم له‌ساڵی‌ 2006دا كاتێك مه‌سعود بارزانی‌ هات بۆ قه‌ڵاچوالان، له‌وێ‌ نو‌وسراوێكم پێدا كه‌ چاره‌نووسی‌ براكه‌م بۆ بدۆزێته‌وه‌، بارزانی‌ وه‌عدی‌ پێداین به‌دواداچو‌ونمان بۆ بكات، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌نجامی‌ نه‌بووه‌.
عومه‌ر عارف برا گه‌وره‌ی‌ بێسه‌روشوێنكراوه‌كه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ براكه‌ی‌ پێشتر به‌رپرسی‌ به‌شی‌ ئه‌ندازه‌ بووه‌ له‌هه‌یئه‌ی‌ ئه‌ركانی‌ یه‌كێتی‌‌و توانیویه‌تی‌ نه‌وتی‌ شیواشۆك ده‌ربهێنێت، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ براكه‌م بێسه‌ر‌وشوێنكراوه‌.
ناوبراو به‌ هاوڵاتی‌ وت ئه‌و كاته‌ی‌ نه‌وتی‌ شیواشۆكمان ده‌رهێنا، پارتی‌ گاڵته‌یان به‌توانای‌ یه‌كێتی‌ ده‌كرد، كه‌ زانیان نه‌وزاد برای‌ منه‌ ته‌جمیدیان كردبوو له‌وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ پێشمه‌رگه‌‌و دواتر سه‌رنگومیان كرد، دڵنیایین پاراستن گرتوویه‌تی‌ ئیتر نازانین ماوه‌ یان نا.
عومه‌ر عارف، ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ سێ لیژنه‌ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ له‌سه‌ر بێسه‌ر‌وشوێنكردنی‌ براكه‌ی‌ پێكهێنراوه‌، به‌ڵام تائێستا هیچ ده‌رئه‌نجامێكی‌ نه‌بووه‌.
هه‌روه‌ها رو‌ونیكرده‌وه‌ كه‌ ناوی براكه‌ی‌ كردووه‌ته‌وه‌ لیستێكه‌وه‌ له‌دادگای‌ لاهای‌ له‌هۆڵه‌ندا‌و له‌رێگه‌ی‌ رێكخراوی‌ ئه‌منستی‌ ئه‌نته‌رناشناڵه‌وه‌ باسی‌ براكه‌ی‌ بۆ كۆمه‌ڵێك رێكخراو كردووه‌.
وتی‌ ئه‌گه‌ر پارتی‌ له‌زووترین كاتدا وه‌ڵاممان نه‌داته‌وه‌ له‌دادگای‌ لاهای‌ له‌هۆڵه‌ندا‌و دادگای‌ فیدڕاڵی‌ عێراق سكاڵا له‌سه‌ر پاراستنی‌ پارتی‌ تۆمار ده‌كه‌ین، چونكه‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌زانێت له‌كوردستاندا زیندانی‌ نهێنی‌‌و سیاسی‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر كوژراوه‌ مه‌یته‌كه‌مان بده‌نه‌وه‌‌و هۆكاره‌كه‌ی‌ بڵێن، ئه‌گه‌ر ماوه‌ با دادگایی‌ بكه‌ن‌و حوكمی‌ بده‌ن.
برا گه‌وره‌ی‌ بێسه‌روشوێنكراوه‌كه‌، هێما بۆ ده‌رئه‌نجامی‌ ونكردنی‌ براكه‌ی‌ ده‌كات‌و باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ دایكی‌ چاوی‌ كوێر بووه‌‌و به‌رده‌وام فرمێسك ده‌ڕژێت.
هه‌روه‌ها وتی‌ پارتی‌‌و پاراستنی‌ پارتی‌ غه‌درێكی‌ زۆر گه‌وره‌یان له‌ئێمه‌‌و بنه‌ماڵه‌كه‌مان كردووه‌، ئێستا هه‌موومان وه‌ك مردوو واین له‌هه‌ر شوێنێكه‌وه‌ هه‌واڵێك هه‌بێت ئێمه‌ به‌دوایدا ده‌چین.
ناوبراو ره‌خنه‌ی‌ له‌پارتی‌ ده‌گرێت‌و پێیوایه‌ له‌كاتێكدا به‌ناوی‌ دیموكراتییه‌وه‌، بۆ خزمه‌تی‌ خه‌ڵك هاتوون، براكه‌یان بێسه‌ر‌وشوێنكردووه‌.
عومه‌ر عارف ئاشكرای‌ كرد كه‌ چه‌ند جارێك بانگیان كردوون بۆ سه‌ری‌ ره‌ش‌و له‌وێ‌ براده‌رێكی‌ پارتی‌ ته‌هدیدی‌ كردین‌و پێیوتین شه‌ره‌فتان ده‌شكێنین.
برا گه‌وره‌ی‌ ئه‌و نه‌قیبه‌ بێسه‌روشوێنه‌، به‌ناوی‌ خانه‌واده‌كه‌یه‌وه‌ هیوای‌ خوازه‌ پارتی‌ وه‌ڵامی‌ داواكارییه‌كانیان بداته‌وه‌‌و چاره‌نووسی‌ براكه‌یان به‌راشكاوی‌ پێڕابگه‌یه‌نێت.
سه‌رچاوه‌: سایتی هاوڵاتی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە