چەند رێكخراوێك،بەناوى خێرخوازییەوە پارە لەبەرپرسان كۆدەكەنەوە
Friday, 23/12/2011, 12:00
بەپێی ئەو زانیارییانەى دەست رۆژنامەى هاوڵاتى كەوتووە،چەند رێكخراوێكى كۆمەڵی مەدەنى، بەناوى خێرخوازییەوە بۆ خەڵك، پارە لەبەرپرسان كۆدەكەنەوە،بەڵام پارەكە دابەش ناكەن، یەكێك لەدامەزرێنەرانى ئەو رێكخراوانەش رەتیدەكاتەوە.
سەرچاوەیەكى ئاگادار لەو رێكخراوانە كە نەویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، ئاشكرای دەكات شەش كەس چەند رێكخراوێكیان لەگەرمیان و سلێمانى بۆ ئەو مەبەستە دروست كردووە.
ئەو سەرچاوەیە،ناوى ئەو ڕێكخراوانەى ئاشكرا كرد كە ئەو كارە دەكەن (ناوى رێكخراوەكان لاى رۆژنامەكە پارێزراوە).
بەوتەى سەرچاوەكە،ئەو رێكخراوانە تا ئێستا" سەدان ملیۆن دیناریان لەبەرپرسان وەرگرتووەو بەشێك لەو پارانە بەناشەفافی دابەش كراوەو بەشێكى نادیارە". لەمبارەیەوە، بێستون ژاڵەیی چالاكوانى كۆمەڵی مەدەنى لەگەرمیان، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى وتى" چەند گروپێكى جیاجیا لەژێر ناوى جیاجیا بەناوى بەخێوكردنى منداڵ و دژایەتیكردنى گەندەڵییەوە،پارەیان لەبەرپرسان وەرگرتووەو كارى مەدەنییان ئیفلیج كردووە، هەموو ئەوانەش لەژێر سێبەرى دەسەڵاتدان".لاى خۆیەوە،ناسیا محەمەد یەكێك لەدامەزرێنەرانى ئەو رێكخراوانە، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى وتى" تائێستا پارەمان لەكەس وەرنەگرتووەو هەر كەسێكیش وا دەڵێ با ئاشكراى بكات".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست