منیش لە سەر وەڵامەکەی کاک موسەنا ئەمین قسەی دیکەم هەیە
Monday, 19/12/2011, 12:00
دەربارەى رووداوكانى زاخۆ، دوو ووتارم نووسى، لەبەر ئەوەى رووداوى لەو جۆرە بە تەنها پێوەندیى بە پارتى و یەكگرتوەوە نییە، پێوەندى بە هەموو تاكێكى هەرێمى كوردستان و سەرتاپاى كۆمەڵگاى كوردستانیشەوە هەیە، منیش وەك تاكێكى كۆمەڵگاى كوردستان، بۆچوون و هەڵوێستى خۆمم دەربارەى رووداوەكان نیشاندا. وتارى دووەمم رەخنە بوو لە سەر گفتوگۆكانى کاک موسەنا ئەمین، كە لە كەناڵەكانى تەلەفزیۆنى ئێن ئار تى، كەى ئێن ئێن و گەلى كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك كادرى پارتى ئەنجامى دا، بە شێوەیەكى گشتى بە لێكدانەوە و هەڵوێستەكانى کاک موسەنا و بەرپرسەكانى ترى یەكگرتوو لە سەر رووداوەكانى زاخۆ رازى نەبووم، لەبەر ئەوەى ئەو جۆرە هەڵوێستانە نابنە هۆى ئاشكراكردنى بكەرى رووداوەكان، سوتێنەرانى مەساج و دوكان و ئۆتێل و بارەگاكانى یەكگرتوو ئاشكرا ناكەن، زەمینە بۆ رێكەوتنێكى عەشایرى لە نێوان یەكگرتوو و پارتیدا خۆشدەكەن و راستییەكان دەشارنەوە. لە دواى راپەڕینەوە تا ئەمرۆ، لە هەرێمى كوردستاندا خەڵك دەكوژرێت، بارەگا دەستونێرێت، كەناڵى تەلەفزیۆن و رادیۆ و خەیمە دەستوتێنرێت، تا ئێستا بكەرى ئەو تاوانانە نەدۆزراوەتەوە، راى گشتى دەڵێن ئەو تاوانانە لە لایەن پارتى و یەكێتییەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام ئەو لایەنەى لە رووداوەكاندا قوربانى دەدەن، بە هاوكارى مادیى و پۆستى ئیدارى و چاوسووركردنەوەى دەسەڵات، دەسبەردارى مافەكانیان دەبن و زەمینە خۆشدەكەن بۆ ئەوەى جارێكى تر زوڵمیان لێبكرێت و تاوانەكان بەردەوامبن و ببنە دیاردە و دەسەڵاتى كوردى ببێتە مافیایەكى ئەبەدى، ئەرێ كێ رەوف ئاكرێى و مامۆستا ئەمین و عوسمان دزەیى و كەمال كوردى و حەمە توزى و سورانى مامە حەمە و سەردەشت عوسمانى كوشت؟ كێ بارەگاكانى یەكگرتوو و بزوتنەوەى گۆرانى سوتاندا، كێ كەناڵى تەلەفزیۆنى نالیا و رادیۆى كەلار و خەیمەكانى مەیدانى ئازادى سوتاند؟ من پێموایبە ئەگەر لە رابوردودا لەسەر ئەو رووداوانە بە هەڵوێست بووینایە، رووداوەكەى ئەمجارەى زاخۆ نەدەقەوما.
من واى بۆ دەچووم لەسەر رووداوەكانى ئەمجارەى بادینان، خەڵكى كوردستان و یەكگرتووى ئیسلامى كوردستان، هێندە بە ئیرادە دژى ئەو جۆرە رووداوانە دەوەستانەوە، بنج و بنەوانى تاوانبارانیان لە بنەوە دەردەهێنا، نووسەرانى كوردستانپۆست لە پێش هەموو پێكهاتەكانى كۆمەڵى كوردستانەوە هاتنە مەیدان و تاوانەكەیان خستە ئەستۆى پارتی، بەڵام ئەوەى لە برادەرانى یەكگرتوو بینرا، خەڵكى كوردستان و زۆرێك لە نووسەرانى بێ ئۆمێد كرد، بۆ نمونە كاتێك مەسعود بەرزانى وەك سەرۆكى هەرێم سەردانى زاخۆ و دهۆكى كرد،لە باتى ئەوەى سەردانى قوربانیەكان بكات،بچێتە بارەگا سوتاوەكانى یەكگرتو و دوكان و ئۆتێلە سووتاوەكان بەسەربكاتەوە،سەردانى بارەگاى لقى زاخۆى پارتى كرد،واتە سەردانى جەلادەكەى كرد، سەردانى قوربانییەكەى نەكرد،یەكگرتو نەك هەر بەرامبەر بەو هەڵوێستەى مەسعود بەرزانى چاویان هەڵنەبڕى و رەخنەیان لێی نەگرت،ئامادەى كۆبونەوەكەى دهۆكى مەسعود بەرزانى بون،نەك هەر ئەوەش، ئەندامێكى پلەبەرزى یەكگرتو بە ناوى سامى ئەتروشى كەوتە ماستاو كردن بۆ مەسعود بەرزانى و لە لێدوانێكدا رایگەیاند كە كاك مەسعود نەك دادوەرى دهۆك، چەند ئەندامێكى یەكگرتوى لە زیندان ئازاد كردووە.
لە نووسینى دوەممدا رەخنەم لە گفتوگۆكانى كاك موسەنا ئەمینم گرت و وتم ئەو لێكدانەوە و هەڵسەنگاندنەى کاک موسەنا خزمەتى سیاسەتى پارتى دەكەن و نابنە هاوكار بۆ دۆزینەوە و سزادانى تاوانباران. ئەویش وەڵامی دامەوە و رەخنەكانى منى قبوڵ نەكرد، لەبەر ئەوەى سایتى كوردستانپۆست داواى كردوە من وەڵامى نووسینەكەى کاک موسەنا بدەمەوە، منیش پاش تێفكرین بە پێویستم زانى لە سەر نووسینەكەى کاک موسەنا ئەم راستیانە بخەمەروو:
کاک موسەنا هەر لە سەرەتاوە لە سەر بنەماى چەمكى رەش و سپى هەموو بۆچوونەكانى منى رەتكردۆتەوە و بە كەسێكى نەزانى وەسفكردوم و مەسەلەى حەسەن و حسەین و كەربەلا و نەجەف و یەزیدى، بەسەردا سەپاندوم ، کاک موسەنا من موعجبى عەقڵ و كڵتورى بیابان نیم. دواتر کاک موسەنا لە چەند خاڵێكدا وەڵامى نووسینەكەى منى داوەتەوە، بۆیە منیش بە باشمزانى خاڵ بەخاڵ بكەومە شوێن هزرى کاک موسەنا و بە خۆى و بە خوێنەرانى كوردستانپۆستى بناسێنم.
1.لە زمانى كوردیدا وشەى موسەنا لە وشەى موسەننا ئاسانتر دەبێژرێت، بۆ من زۆر قورسە دوو نون بەسەریەكەوە ببێژم ، بۆیە نووسیومە موسەنا، واتە ناوەكەى موسەنا م كورداندووە، بەڵام وا دیارە کاک موسەنا هێندە لە ژێر كاریگەرى زمان و كڵتورى كوردییدا ناژی، دژى عەقڵیەتى شاخە، لە ژێر كاریگەرى عەقڵیەتى بیاباندایە، بۆیە حەز دەكات هەر بە موسەننا بانگى بكەین.
2. کاک موسەنا ئەندامى مەكتەبى سیاسیی بێت، یان ئەندامى سەركردایەتى، هێندە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە تۆ بەرپرسێكى باڵاى ئەو حزبەیت و ئەندامانى كۆنگرە بروایان پێتبوە، وەك سەركردەى خۆیان هەڵیانبژاردویت، دەبێت تۆش شایستەى ئەو متمانەیەى ئەندامانى حیزب بیت و لە كاتى خۆشى و ناخۆشیدا لەگەڵیاندا بیت. من خۆم بە هەڵە نازانم كاتێك نووسیومە کاک موسەنا ئەندامى مەكتەبى سیاسى یەكگرتوە، لە باتى ئەوەى بنووسم ئەندامى سەركردایەتییە.
3. سەبارەت بە شەهادەى كاك موسەنا، ئەو كولێژەى لە زانكۆى سلێمانى كە مامۆستا وانەى تێدا دەڵێتەوە، بە تەنها حسابیان بۆ ماستەرەكەى كردوە، كە لە بوارى سیاسییدایە، بەڵام نازانم کاک موسەنا ئەو هەموو شەهادەیەى بۆچییە وا بۆ منى ریزكردووە، یەك دیبۆلمى باڵا، دوو ماستەر و دكتۆرایەكى هەیە و لە هەوڵى بەدەستهێنانى دكتۆرایەكى تردایە، شەهادەكانیش لەسەر یەك بابەت نین، لە سەر چەندین بابەتى ناكۆك و نا پێویستن. بە ریزكردنى ئەو شەهادانە. هەوڵدانى كەسێك بۆ ئەوەى چەندین شەهادەى هەبێت لە بوارى جیاوازدا، نیشانەى ئەوەیە كە ناتوانێت بابەتێك بۆ خوێندن هەڵبژێرێت و لەسەرى قاڵ ببێتەوە و ببێتە پرۆفیشناڵ، لەوێشەوە ناتوانێـت خزمەت بە گەلەكەى بكات، لەبەر ئەوەى سەردەم سەردەمى پسپۆریە لە بوراێكى تایبەتدا، نەك بە دەستەوە گرتنى چەند بابەتێكى دوور لە یەكتر و چەند شەهادەیەكى جیاواز بە یەك.
4. کاک موسەنا لە یەك كاتدا ئەندامى سەركردایەتى یەكگرتوە و مامۆستاى زانكۆشە، بە گوێرەى یاسا و رێساى حیزبایەتى لە هەرێمى كوردستاندا، دەبێت هەر ئەندامێكى سەركردایەتى، پۆستێكى حیزبى وەرگرێت و بەرپرسى دەزگایەك بێت، من لە کاک موسەنا دەپرسم بەرپرسى چ دەزگایەكى حزبیت لە ناو یەكگرتودا؟ یەكگرتو نزیكەى 13 مەڵبەندى رێكخستنى هەیە، چەندین كەناڵى راگەیاندن و نووسینگەى پێوەندى و رێكخراوى جەماوەرى هەیە، چۆن تۆ بە تەنها مامۆستاى زانكۆ و ئەندامى سەركردایەتى ئەو حزبەیت؟ من واى بۆ دەچم تۆ بەرپرسى دەزگایەكى یەكگرتوو بیت لە ناو زانكۆكانى سلێمانیدا، وەك چۆن مامۆستاكانى پارتى و یەكێتى بەرپرسى كۆمیتە و ناوچەى خوێندكارانى زانكۆن، دیسان من واى بۆ دەچم بەرپرسى خوێندكارانى یەكگرتو بێت لە زانكۆكانى سلێمانى.
5.کاک موسەنا زۆر شانازى بەوە دەكات كە مامۆستاى زانكۆیە، دەڵێت تۆ لە چەمكى بابەت بوونى زانكۆ تێناگەیت، دواتر پرسیار دەكات و دەڵێت تۆ چیت؟ کاک موسەنا گیان من رەخنەم لە تۆ گرتووە، كە لە چەمكى مامۆستاى زانكۆ لاتداوە، هەڵسەنگاندن و لێكدانەوەى مامۆستاى زانكۆ، دەبێت زانستى و لۆژیكى بێت، حیزبى نەبێت، ئەو قسانەى تۆ لە كەناڵەكانى راگەیاندنەوە بە ناوى مامۆستاى زانكۆوە دەتكرد، قسەى حیزبى بوون، قسەى زانستیى و لێكدانەوەى زانستیى و یاسایى نەبوون. من هەركەسێك بم، بەرژەوەندى گەلەكەمم لە سەروى بەرژەوەندى خۆمەوە داناوە، هەركاتێك ببینم ئێوەى ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، دژى بەرژەوەندى باڵاى گەلەكەم سیاسەت دەكەن، دێمە مەیدان، لە كاتى سەركەوتنیشدا خۆمت پێدەناسێنم.
6. کاک موسەنا نەك هەر حساب بۆ هەڵسەنگاندنەكانى من ناكات و گوێ لە رەخنەكانم ناگرێت، منەتى بە حیزبەكەشى نییە، دەڵێت كە چوم بۆ نالیا، بە تەلەفۆنیش ئاگادارم نەكردون، ئەنجا کاک موسەنا خۆ ئەگەر ئەو قسەیەى تۆ راستبێت، لە رووى سیاسیەوە زۆر هەڵەیت، لەبەر ئەوەى لە رووداوێكى وادا، كە بەسەر حیزبەكەى ئێوە و خەڵكى كوردستان و دەسەڵاتى هەرێمدا هاتووە، وەك حیزبى یەكگرتوو باشترە هەڵوێستێكى یەكگرتوتان هەبێت و ئاگاتان لە پێشكەوتنەكان بێت، لێدوان و هەڵوێستى قسەكەرەكانتان لە یەكەوە نزیك بێت لەگەڵ یەكتردا ناكۆك نەبێـت.
7.کاک موسەنا دێت و وانەى من دادەدات و فێرى دبلۆماسیەتم دەكات، من وەك چاودێرێكى سیاسیى زۆر تەنگاو بووم كاتێك بینیم نوێنەرەكەى پارتى بەیانەكەى ئێوەى خوێندەوە و بەیانەكەى خۆشیانى خوێندەوە، وتى لە بەیانەكەى یەكگرتودا تەنها ئیدانەى سوتاندنى بارەگاكانى یەكگرتو كراوە، بەڵام لە بەیانەكەى پارتییدا ئیدانەى سوتاندنى بارەگاى یەكگرتو و بیناى مەساج و دوكانى مەیفرۆشى و ئۆتێلەكان كراوە، دبلۆماسییەتى تۆ لەوەدایە، كە بە دوكانى مەساج بڵیێت شوێنى لەشفرۆشى.
8. کاک موسەنا دەڵێت خۆپیشاندان بە بێ توند و تیژیی مافێكى مەدەنى و دیموكراتییە، منیش لەگەڵتام ، بەڵام ئەى ماف لە لاى ئێوە كەى بەركاردەهێنرێـت؟ ئەوە دووجار بارەگاتان سوتا خۆپیشاندانى ئێوەمان نەبینى، لە رووداوەكانى حەڤدەى شوبات و رۆژانى دوایى تكا و رجاى دنیاتان لێكرا لە هەولێر و بادینان چالاكى خۆپیشاندان دەستپێبكەن وەڵامتان نەبوو، رۆژى 17-4-2011 لە شارى هەولێر لایەنگرانى بزووتنەوەى گۆران و كۆمەڵى ئیسلامى خۆپیشاندانیان كرد، ئێوە بەشداریتان نەكرد؟
9. لە كۆتاییدا کاک موسەناخۆى وەک گەورەیەک و منیش لە بەر پێى خۆیدا بە بچوكى دەبینێتەوە، پرسیار دەكات و دەڵێت تۆ كێیت؟ ئەم تۆ كێیەى كاك موسەنا، یەكسانە بەو قسەیەى مەسرور بەرزانى، كە لە سەر رووداوەكانى زاخۆ وتى :ئەوانە، واتە یەكگرتو، هاتوونەتە سەر حازرى، سەیر بكەن چۆن عەقڵیەتى پارتى و عەقڵیەتى یەكگرتو لە كاتە ناسكەکاندا ئاشكرا و یەكسان دەبن بە یەكتر، هەردو لا ئەو كەس و لایەنانەیە بە بچوك و نامۆ دەبینن كە رەخنەیان لێدەگرن و بەرەنگاریان دەبنەوە.
10. کاک موسەنا من راستەوخۆ نەموتوە تۆ درۆ دەكەیت، بەڵام بە گوێرەى ئەو هەڵسەنگانەى بۆ تۆم كردووە، وتومە موسەناش تۆوى گەندەڵى هەڵگرتووە، تەنها كارى من رەخنە گرتن نییە لە دەسەڵات بەڵكو رەخنەگرتنە لەو كەسانەش كە ئەگەریى ئەوەیان لێدەکرێت، لە ئایندەدا ببن بە دەسەڵات، باسكردنى درۆ و گەندەڵى لە كەسێتى تۆ و هەركەسێكى تردا ئاساییە، لەو باوەڕەدام هەموو كەس بە من و تۆشەوە رووبەرووى گەندەڵیى و درۆكردن و كۆمەڵى سیفاتى خراپى تر دەبێتەوە، هیچ مرۆڤێك كامل ئەوساف نییە، تا رۆژى مردن مرۆڤ هەر فێردەبێت و ئەزمون وەردەگرێت، بەڵام دەبێت هەوڵبدەین ئەو سفەتە خراپانە لە كەسێتى خۆمان و كۆمەڵگەكەماندا كەم بكەینەوە، ئەگەر تۆ خۆت بە مەعسوم و كامل ئەوساف بزانیت، ئەوە زۆر هەڵەیت، بۆ نمونە لەو نووسینەدا كە وەڵامى منت داوەتەوە، دوو بابەتت وروژاندووە، بە لاى منەوە راست نیین، یەكەم ئەوەیە كە تۆ دەڵێیت بە بێ تسدیقى حكومەتى عراق حكومەتى سودان شهادەى كولێژى دهۆكى منى قبوڵكردوە و رێگەیان داوم لە زانكۆى خەرتوم و ئۆمدەرمان بخوێنم، ئەمە لە كاتێكدا بووە، كە لە سودان سەفارەتى حكومەتى عێراق هەبووە، ئەو كاتە و ئێستاش هێ نوێنەرایەتیەكى حكومەتى هەرێم لە سودان نەبووە، لە لایەکی تر دیسان دەڵیێت بە بێ ئاگادارى حیزبەكەم بەشدارى بەرنامەكانى تەلەفزیۆنى نالیام كردووە، هەركەسێك رۆژێ لە رۆژان حیزبایەتى كردبێت گومان لەو قسەیەى تۆ دەكات.
بە داوای لێبوردنەوە کوردستانپۆست سانسۆری بەشێک لەو نووسینەی کرد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست