گەندەڵییەكانى كەرتى تەندروستى لە سلێمانى- بەشى دووەم
Sunday, 08/01/2012, 12:00
بروانامەى دكتورەكانى یەكێتى، بە بەرد رەبایەیان گرتوە، یان لەیزەر لە چاویان ڕوواوە؟
دەربارەى گەندەڵییەكانى كەرتى تەندروستى، لە بەشى یەكەمى وتارەكەمدا باسى ئەوەم كرد، كە یەكێتى نیشتمانى كوردستان، كەرتى تەندورستى بۆ كۆكردنەوەى سەرمایە بە كارهێناوە، لە بەشى دووەمى وتارەكەمدا باسى یەكێتى نیشتمانى دەكەم، چۆن لە سەر حسابى ژیانى خەڵك و پیشەى پزیشكان، لە رێگەى عیادەى (دوكانى لاكۆڵان)ى هەندێك كارمەندانى تەندروستی و لە رێگەى فاڵچیەكانییەوە، پیشەى پزیشك و دەرمانسازان داگیر دەكات و دەیداتە دەستى كەسانێك كە نەك هەر لە پیشەى پزیشكى و خزمەتگوزاریى تەندروستییەوە دورن، خوێندن و نووسینیش نازانن.
پێش راپەرین لە سەردەمى رژێمە یەك لە دواى یەكەكانى عراقدا، سیستەمى تەندروستى بە گوێرەى یاسا و بە پێوانەى سیستەمى سۆسیالیستى، خزمەتى پێشكەش بە هاوڵاتى نەخۆش دەكرد، كەرتى تەندروستى یەك لەو كەرتانە بوو، كە رژێمى بەعس نەیتوانی بە باشى گەراى تێدا دابنێت و بیخاتە خزمەتى خۆیەوە. لە دواى راپەرین كاتێك دەسەڵاتى هەریمى كوردستان كەوتە دەستى حزب، بۆ تەواوكردنى ئەو كارەى بەعس بناغەى دانابوو، هەر حیزبە لە لاى خۆیەوە لە چوارچێوەى بە حیزبیكردنى كۆمەڵگادا، هەوڵیدا كەرتى تەندروستیش بخاتە ژێر هەژمونى خۆى و داگیرى بكات، كاتێك حزب بینى پزیشكەكان غروریان هەیە و وەك باقى پێكهاتەكانى ترى كۆمەڵگا ئامادە نین ببنە كۆیلەى حیزب، ئیتر شاڵاوى حزب بۆ پەراوێزكردن و بێ كاریگەركردنى پزیشكانى كوردستان بە شێوازى جیاجیا دەستیپێكرد.
1. لە دواى راپەرین، حزبە دەسەڵاتدارەكان پشتگیرى كۆمەڵەى كارمەندانى تەندروستی و سەندیكاى كارمەندانى تەندروستى كوردستانیان كرد، بۆ ئەوەى لە ناو نەخۆشخانەكان و لە دەرەوەى نەخۆشخانە، لە عیادەكان، لە هەموو روویەكەوە بەربەركانێى پزیشكەکان بكەن، سەندیكاى كارمەندانیش بە پاڵپشتى حزب، لە پێناوى بەرژەوەندى دەستەى باڵاى سەندیكادا، هانى كارمەندانیان دا، بۆ نمونە ئێواران عیادەى نەخۆش بینین و دەرمان فرۆشتن دابنێن، بە خۆرایى نەخۆش ببینن و بە هەرزان دەرمان بفرۆشن، ئەم دیاردەیە واى لێهاتوە، داهاتى مانگانەى كارمەندێك لە داهاتى مانگانەى پزیشكێك زیاتر بێت، لە ژێر فشارى پزیشكاندا، لە ماوەى رابردوودا وەزارەتى تەندروستى بریارى دا، کە 400 چوارسەد دوكانى دەرمان فرۆشى دابخات.
ئەم دیاردەیە كاریگەرى زۆر خراپى لێدەكەوێتەوە، یەكەمیان ئەوەیە لە سەردەمى جیهانگیریدا دەسەڵاتى هەرێم هانى خەڵك دەدات سەردانى كەسانێك بكەن بۆ چارەسەرى نەخۆشیەكەیان نەپزیشكن و نە دەرمانساز، نە شارەزاشن لە دەستنیشانكردنى نەخۆشیدا، نە شارەزان لە نواندنى دەرماندا، بەو شێوەیە خەڵكى كوردستان لە رووى ژیان و تەندروستیەوە زیانێكى گەوەرى لێدەكەوێت، ئەمەش یەك لەو هۆكارانەیە كە ژمارەیەكى زۆر لە نەخۆشیە مەترسیدارەكانى هەرێم لە قۆناغى كۆتاییدا دەچنە لاى پزیشك، بەو شێوەیە رێژەى سەقەت بوون و مردنى نەخۆشەكانى هەرێم لە چاو وڵاتانى تردا تا دێت بەرزدەبێتەوە.
ئەم دیاردەیە پێشێلكردنى زەقى یاسایە، لەبەر ئەوەى لە هیچ وڵاتێكدا كارمەندى تەندروستى بۆى نییە عیادە بكاتەوە و نەخۆش ببینێت و دەرمان بۆ نەخۆش بنوسێت و دەرمان بفرۆشێت، بەڵکو ئەوە تەنها دکتۆرە دەبێت بەو کارە هەڵبستێت، کەچی كارمەندى تەندروستى بۆى هەیە هاوكارى پزیشك بێت و بە گوێرەى رێنمایى پزیشك و دەرمانساز كار بكات و دەرمان بەكاربهێنێت.
لە لایەكى ترەوە،لە سایەى دەسەڵاتى هەرێمدا، زوڵمێكى گەورە لە پزیشكان و دەرمانسازان دەكرێت ، كە دوو توێژى هەرە گرنگى كۆمەڵگان و سەرمایەى زانستى هەر وڵاتێكن، بەوەى دەسەڵات رێگە دەدات لە لایەن توێژێكى ترەوە پیشەكەیان داگیربكرێت و بە هەڵە بەكاربهێنرێت. لە هەمو حاڵەتەكاندا بە پلەى یەكەم نەخۆش و بریندارانى كوردستان زیان دەكەن، بە پلەى دوەمیش پزیشكان و دەرمانسازانى كوردستان زیان دەكەن و گەندەڵى زیاتر تەشەنە دەكات.
2- شێوازێكى ترى شەرى دەسەڵات بەرامبەر بە پزیشكان، هاندان و پشتیوانى دەسەڵاتە بۆ كەسانى نەخوێندەوار و فاڵچى، بۆ ئەوەى عیادەى پزیشكى دابنێن و نەخۆش ببینن، هەندێكى تر هاندەدەن دوكانى كەڵەشاخ بكەنەوە و بكەونە خوێنگرتنى خەڵكى كوردستان، ئەم جۆرە كەسانە دوور و نزیك هیچ پێوەندییەكیان بە زانستى پزیشكى و خزمەتگوزارى پزیشكیەوە نییە، زۆربەی ئەوانە ئەلف و بێ نازانن، بەڵام نەك هەر لە لایەن حزب و ئاسایشى شارەوە پشتگیرى دەكرێن بۆ ئەوەى لە شوێنى پزیشكان نەخۆش ببینن و چارەسەرى نەخۆشەكان بكەن، گۆڤار و رۆژنامە و كەناڵەكانى تەلەفزیۆن، پرۆپاگەندەیان بۆ بڵاودەكەنەوە و هانى خەڵك دەدن سەردانیان بكەن. بەرامبەر ئەم دیاردە نازانستى و نایاساییە، لە راپەرینەوە تا ئەمرۆ، بەرپرسانى وەزارەتى تەندروستى هیچ هەڵوێستێكى جدیان نیشان نەداوە.
ئەو كارمەندەى كە هاوكارمە بۆ دەستنیشانكردنى گەندەڵیەكانى كەرتى تەندروستى، وتى جارێكیان یەك لە بەرپرسەكانى تەندروستى سلێمانى ویستویەتى لێكۆڵینەوە لەگەڵ یەكێك لەو دوكاندارانە بكات، كە لە گەرەكى كارێزەوشكەى شارى سلێمانى عیادەى كردۆتەوە ناوى خۆى ناوە عەبدولرەحمانى باورەدار، كاتێك بەرپرسەكە پرسیارى دەربارەى كار و پیشەى عەبدولرەحمان و پلەى خوێندەوارى كردوەە، دەبینێت ئەم پیاوە هیچ پێوەندى بە پیشەى پزیشكیەوە نییە و خوێندەواریشى نییە، دواى لێكۆَڵینەوە كە بەرپرسەكەى تەندروستى بە عەبدولرەحمانى وتوە: ئەى تۆ پێوەندیت بە پیشەى پزیشكیەوە نییە و خوێندەواریت نییە، چۆن ئەو كارە مەترسیدارە دەكەیت؟ عەبولرەحمانى باورەدار وەڵامى داوەتەوە و وتویەتى: من پێشمەرگە بووم لە نزیك گوندى شارستێنەى ناحیەى مەرگە، بە بەرد رەبایەم گرتووە، بەڵام دواى لێكۆڵینەوە دەركەوتوە كە عەبدولرەحمان نە پێشمەرگە بووە، نە پێشمەرگەش بە بەرد رەبایەى گرتووە.
نمونەیەكى ترى خەڵك فریودان و پزیشك پەراوێزخستن و نەخۆش كوشتنى كوردستان بە دەستى بەرپرسانى یەكێتى، لە رێگەى ساختەچیەكانەوەیە، عیادەكەى شێخ لەیزەرە لە گەرەكى راپەرینى شارى سلێمانى نمونەیەكە، ماوەى چەند ساڵێكە كەسێك بە ناوى شێخ نەجمەدین، رایگەیاندوە كە تیشكى لەیزەر لە چاوەكانیدا روواوە، بەو تیشكە هەمو نەخۆشیەكانى مرۆڤ دەستنیشان دەكات و چارەسەریان دەكات، شانبەشانى دعایەكانى شیخ بۆ خۆى، كەنالەكانى راگەیاندنى یەكێتى و رێكخستنە نهێنی و ئاشكراكانى یەكێتى ، پرۆپاگەندە بۆ ئەم كابرایە دەكەن، گوایە لەیزەر لە چاویدا رواوە و تواناى هەیە هەموو جۆرە نەخۆشێك چاك بكاتە، ئەم پرۆپاگەندەیەى یەكێتى بۆ شێخ لەیزەر، هیچ بنەمایەكى زانستى نییە و دوورە لە فەلسەفەى سۆسیاڵ دیموكراتى ئەو حزبەوە، تیشكى لەیزەر جۆرە تیشكێكى تایبەتە تەنها لە كانزاوە دروستدەبێت و لەشى مرۆڤ ئەو تیشكە دروست ناكات، بەو شێوەیە رۆژانە سەدان نەخۆشى بەستەزمان سەردانى شێخ دەكەن و كەسیش چاك نابێتەوە، ئەوانەشى گوێ لە ئامۆژگاریەكانى دەگرن نەخۆشیەكەیان تەشەنە دەكات و لە مەرگ نزیك دەبنەوە. ئەم برادەرە كە ئێستە لاى پزیشكان بە شێخ لەیزەر ناوى دەركردوە و لاى دەسەڵاتیش بە شێخ نەجمەدینى موعجیزە ناسراوە، پێشمەرگە نەبووە، لە دواى راپەرین پێوەندى بە یەكێتیەوە كردووە، لە ناوەراستى نەوەدەكاندا تاوانبار كراوە كە پێوەندى سیخورى لەگەڵ وڵاتێكى دراوسێ دروستكردوە، لەگەڵ برایەكیدا ماوەى 2 دو ساڵ زیاتر لاى یەكێتى زیندان كراون.
بەو شێوەیە دەبینین دەسەڵاتدارانى یەكێتى و نوێنەراكانیان لە كەرتى تەندروستى، رێگە دەدەن سەدان كەسى وەك ئەمانە كە هیچ جۆرە پێوەندییەكیان بە پیشەى پزیشكیەوە نییە، خۆیان بكەنە پزیشك و دەستدرێژى بكەنە سەر ژیان و تەندروستى خەڵكى كوردستان، لە پێناوى ئەوەدا ئەم كەسە تاوانبارانە دژى پزیشكان كار بكەن و هەواڵى سیخوری بۆ حیزب بنێرن.
3. شێوازێكى ترى دژایەتیكردنى پزیشكانى كوردستان لە لایەن دەسەڵاتەوەئەوەیە ، لە دواى راپەرینەوە تا روخانى رژێمى سەدام، لە دواى روخانى رژێمى سەدامیش تا ئیمرۆ، دەسەڵاتى هەرێم، وەك چۆن پشتگیرى لە بەرهەمهێنانى كشتوكاڵى جوتیاران ناكات، پشتگیرى لە كەرتى پیشەسازى هەرێمى كوردستان ناكات، بازارەكانى هەرێمى بۆ بەرهەمى بێگانە واڵاكردووە، ئاستى زانستى پزیشكان و نەخۆشخانەكان لە كوردستان بەرز ناكاتەوە و دەرگاى خزمەتگوزارى پزیشكى بۆ پزیشكانى بێگانە خستۆتە سەر پشت، پزیشكى عەرەبى عراق، پزیشكى ئێرانى، پزیشكى ئوردونى و توركى، بە ئارەزوى خۆیان بە بێ ئەوەى حساب بۆ پسپۆریان بكرێت، دێنە كوردستان و بە برێكى زۆر پارە نەخۆش دەبینن و كارى نەشتەرگەرى بۆ نەخۆشەكانى هەرێم دەكەن، بە گوێرەى یاساى سەندیكاى پزیشكان، لە هیچ وڵاتێكدا بە عراق و كوردستانیشەوە، رێگە نادرێت پزیشك لە كەنالەكانى راگەیاندنەوە پرۆپاگەندە بۆ خۆیان و بۆ پیشەكەیان بكەن، بەڵام لە هەرێمى كوردستاندا، كاتێك سەیرى ریكلامى كەناڵەكانى راگەیاندن دەكەین، پریەتى لە ریكلام بۆ پزیشكى توركى و ئێرانى و ئوردونى، بەرامبەر بەو سەرپێچیە یاسایى و پیشەییە، نە سەندیكاى پزیشكان و نە بەرپرسانى وەزارەتى تەندروستى هەڵوێستیان نییە. ئا لێرەدا جارێكى تر دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان شەرى پزیشكانى كوردستان دەكەن و سنورى كار و ئاستى پێشكەوتنى زانستیان تەسك دەكەنەوە.
برادەرەكەم بۆى گێرامەوە، كە پزیشكان بەرامبەر بەو هەڵوێستانەى دەسەڵاتى هەرێم زۆر نارازین، بەڵام لەبەر ئەوەى سەرقاڵى پیشەكەیانن و باش خۆیان رێكنەخستوە، نازانن چۆن وەڵامى تاوانەكانى دەسەڵات بدەنەوە، نازانن چۆن نەخۆشەكان و خەڵكى كوردستان لەم تاوانە گەورانەى دەسەڵات بە ئاگا بێنن و رۆژێك پێكەوە نەخۆش و بریندار و پزیشك ، بەرامبەر دەسەڵات هەستنە سەرپێ ، وەك ئەوەى ساڵى 1985 سەندیكاى پزیشكانى سودان پێشەنگى راپەرینى سودانیان كرد و رژێمى جەعفەر نومێریان روخاند ، ئەمانیش رۆژێك پێشەنگایەتى راپەرینێك بكەن و دەسەڵاتى تاڵەبانى و بەرزانى بروخێنن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست